فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گێژاوی ململانێی دەسەڵاتدا
سێشەممە ۱۵-۰۲-۱۴۰۵   |  05-05-2026

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ٦ مانگ بەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراق و ململانێ و کێشمەکێشی نێوان پارت و ڕەوتە شیعەکانی نێو “چوارچێوەی هەماهەنگی”، ڕۆژی ٧ی گوڵان گەیشتنە ئەو ڕێککەوتنەی کە “عەلی زەیدی” وەک کاندیدی خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە “نزار ئامێدی” سەرکۆماری عێراق بناسێنن، تاوەکوو ئەویش ئەرکی پێکهێنانی کابینەکەی پێ بسپێرێت. عەلی زەیدی ئەرکدار کراوە کە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا کابینەکەی بۆ وەرگرتنی متمانە بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بناسێنێت. بەپێی دەستووری عێراق کە پەیڕەوی لە سیستەمی حکومەتی پەرلەمانیی “موحاسەسە” یان دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان گرووپە ئایینی و نەتەوەییەکان دەکات، پۆستی سەرۆکوەزیران پشکی گرووپە شیعەکانە و بەر گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیی ئەوان دەکەوێت. سەرەڕای ئەوەش، پۆستی سەرکۆمار بە کوردەکان و سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش بە عەرەبە سوننەکانی عێراق دەدرێت.

لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا، کەسانێک لەوانە نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی، خۆیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران کاندید کردبوو. بەڵام کاندیدبوونی نووری مالیکی، سەرەڕای ئەوەی لە مانگی ژانوییەدا لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پەسەند کرابوو، بەهۆی گرێدراوەیی زۆری بە کۆماری ئیسلامییەوە، ڕووبەڕووی دژایەتیی ئەمریکا بووەوە. پاش ئەوە و سەرەڕای پێداگریی زۆری مالیکی بۆ مانەوەی وەک کاندیدی سەرۆکوەزیران، ڕەوتەکانی دیکەی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشەکانی ئەمریکا، دژی بەردەوامبوونی کاندیداتۆرییەکەی وەستانەوە. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە مالیکی لە دوای دژایەتییەکەی ترامپ، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئیدیعای ئەوەی کردبوو کە: “گەلی عێراق هەر جۆرە دەستێوەردانێکی ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆیی خۆیاندا بە توندی ڕەت دەکەنەوە”. تێکشکانی نووری مالیکی لەم بوارەدا، لە ڕاستیدا شکستێکی دیکەیە بۆ کۆماری ئیسلامی و دەریدەخات کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە عێراقیشدا نفووز و پێگەی پێشووی لەدەست داوە. سەردانە نهێنییەکەی سەرپاسدار قائانی، فەرماندەی سوپای قودس بۆ بەغدا بە مەبەستی هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزی و ناکۆکیی نێوان گرووپە گرێدراوەکانی کۆماری ئیسلامیش نەیتوانی هیچ کاریگەرییەکی هەبێت و هیچی پێ نەکرا و دەستی بەتاڵ گەڕایەوە.

عەلی زەیدی کە بازرگان و سەرمایەدارێکی گەورەیە، خوێندنی لە بواری بانکی و شارەزایی یاسایی و کاروباری دارایی تەواو کردووە. ناوبراو بەرپرسی کۆمپانیای نیشتمانیی هۆڵدینگە کە چەندین کۆمپانیا لەخۆ دەگرێت. هەروەها چەند ساڵێکیش وەک سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی بانکی تایبەتیی “باشووری ئیسلامی” کاری کردووە. بەڵام هیچ پۆست و پلەیەکی حکومیی نەبووە و تا ئێستاش لە نێو ناوەندە سیاسییەکانی عێراقدا وەک کەسایەتییەکی سیاسی دەرنەکەوتووە. سەرەڕای ئەمانە، عەلی زەیدی وەک کەسێکی “بێلایەن” لە پۆلێنبەندیی سیاسیی تا ئێستادا، جێگەی پشتگیری و ڕەزامەندیی ئەمریکاش بوو و ترامپیش دەستبەجێ بۆ دیدارێک بانگهێشتی ئەمریکای کرد. پرۆسەی هەڵبژاردنی عەلی زەیدی، کە دەرهاویشتەی ناکۆکییەکانی نێو گرووپەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، سەرەڕای پیرۆزباییە ڕواڵەتییەکانیان بۆ زەیدی، بووەتە هۆی نیگەرانی و ناڕەزایەتیی سەرکردەی ئەم گرووپانە لەوانە مالیکی و شیاع سوودانی و ژمارەیەکی دیکە. هەر بەم هۆیەوە ئەگەری دژایەتی و کارشکێنییان لە پراکتیکدا و تەنانەت لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەکەشدا زۆرە. سەرچاوە ئاگادارە عێراقییەکان بە لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر بەرژەوەندییەکانیان، لێکترازان و تەنانەت هەڵوەشانەوەی ئەو هاوپەیمانێتییەش بە دوور نازانن.

بە سەرنجدان بە بارودۆخی شێواو و نالەباری عێراق و بوونی پارتە سیاسی-ئایینییەکان کە خاوەنی هێزی میلیشیای چەکدارن و بە ئاستی جیاواز گرێدراوی کۆماری ئیسلامین، ئەم گرووپانە لە حکومەتەکانی ڕابردووشدا دەستیان لە تیرۆر و کۆمەڵکوژیی نەیارانی سیاسی و بەتایبەت چالاکانی چەپ و سۆسیالیستدا هەبووە. ئەم گرووپانە ئیمکاناتی دارایی و چەکەمەنییەکی زۆر لە حکومەتی عێراق وەردەگرن؛ میلیشیا چەکدارەکانیان وەک بەشێک لە مافیای دەسەڵات لە عێراقدا هۆکارێکی گرنگن بۆ قووڵبوونەوەی قەیرانی سیاسی و ئابووریی عێراق و ئامادەش نین دەستبەرداری بەرژەوەندییە گەورە و گرووپییەکانی خۆیان ببن. پشتیوانیی پارت و گرووپەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کە ئامادە نین لە نێو دامەزراوەکانی حکومەتدا تێکەڵ ببن، ناسەقامگیری و نائەمنیی لە عێراق و ناوچەکەدا پەرە پێداوە و ئەمەش ئەو ناتەباییەیە کە پارت و گرووپەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ خۆیاندا هەڵیانگرتووە. لە دوای دیاریکردنی عەلی زەیدی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق، ناکۆکیی نێوان ئەم پارتانە لەسەر دابەشکردنی پۆستە حکومییەکان زیاتر لە جاران پەرەی سەندووە.

بۆیە عەلی زەیدی سەرەڕای کێشە ئاڵۆزە ناوخۆییەکان لە سەرانسەری عێراقدا، لە گۆڕەپانی دەرەکیشدا لەگەڵ کێشەکانی ڕێکخستنی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان و دروستکردنی باڵانس و هاوسەنگی لە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ئەورووپی و کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی عەرەبیدا بەرەوڕوو دەبێتەوە. عەلی زەیدی لە هەلومەرجی هەنووکەییدا ڕووبەڕووی دۆسیەگەلێکی ئاڵۆز بووەتەوە، لەوانە داواکاری و گوشارەکانی ئەمریکا بۆ چەککردنی گرووپە شیعەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و قەیرانی سەختی ئابووری. چونکە لە ڕەوتی ململانێ و شەڕی نێوان دەوڵەتی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە ڕێگەی هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل، وڵاتانی کەنداو و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لە پێناو بەرگریکردن لە کۆماری ئیسلامی هەوڵیان داوە عێراق بکەنە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.

لە نێوان ئەم شەڕە دەسەڵاتەی پارت و گرووپە سیاسییەکان لە سەرانسەری عێراقدا، چینی کرێکار و توێژە هەژار و زەحمەتکێشەکان سەرەڕای ئەو داهاتە زەبەلاحەی لە فرۆشتنی نەوتەوە دەست دەکەوێت، لە دۆخێکی پڕ لە نەهامەتی و کارەساتباردا دەژین. لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، لە کاتێکدا کەمینەیەکی بچووک بە قۆستنەوەی ئیمتیازاتە حکومییەکان بوونەتە خاوەنی سەروەت و سامانێکی خەیاڵی، بەڵام کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش بەدەست بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و بژێوییەکانەوە دەناڵێنن. ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ٢٠١٩ لە عێراق کە بە شۆڕشی ئۆکتۆبەر ناوزەد کرا، بەهۆی نەبوونی ڕێکخراوە چینایەتییەکانی کرێکارانەوە، لەلایەن هەر ئەم پارتانە و دەوڵەتەکەیانەوە خەڵتانی خوێن کرا و دابمرکێندرا. بۆ ڕزگاربوون لە مافیای دەسەڵات لە عێراق و ئەو بارودۆخە کارەساتبارەی کە پارتە بۆرژوا ئیسلامی، لیبراڵ و ناسیۆنالیستەکان بۆ خەڵکیان خوڵقاندووە، کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە جگە لە هەوڵدان بۆ یەکگرتوویی و دروستکردنی ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکانی خۆیان، و هەروەها پێکهێنانی ڕێبەرایەتییەک بە ئاسۆیەکی ڕوونی سۆسیالیستییەوە بۆ ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پارتانە و چینی دەسەڵاتدار.