
ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەروا بەردەوام دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی و تاوانەکانی خۆی لەژێر پاساوی “پاراستنی ئاسایشی گشتی لە بەرامبەر دزەکردنی دوژمنانی دەرەکی”، و لەسێدارەدانی زیندانییان و تاوانبارانی ئاسایی لەژێر پەردەی “پێشگرتن لە تاوان و دابینکردنی مافی هاووڵاتییان”دا ئەنجام دەدات. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەزموونی سەرجەم وڵاتانی جیهان سەلماندوویەتی کە بوونی ئەم سزایە نەک هەر پێشگر نەبووە، بەڵکوو بە پەرەپێدانی ڕۆحی توندوتیژی لەناو کۆمەڵگە و پێشێلکردنی حورمەتی مرۆڤەکان، تاوان و جەنایەتی زیاتر کردووە. ڕوون و ئاشکرایە ئەو سیستەمەی کە ئامرازی بەرگرییەکەی جەلاد بێت، هیچ بەهایەک بۆ کەرامەتی مرۆڤ دانانێت و لەناوبردنی فیزیکیی نەیارانی سیاسیش وەک شتێکی ئاسایی و بەناوی پاراستنی کەرامەت و ماف و ئاسایشی هاووڵاتییان دەخاتە ڕوو.
زیندان، ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی نەیارانی سیاسی هەر لە سەرەتای بەدەسەڵاتگەیشتنی حکوومەتی ئیسلامییەوە تا ئێستا، یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی ئەم ڕژێمە جەنایەتکارە بووە. بەڵام ئەمڕۆ لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی دەستەویەخەی قەیرانی شەڕ و قەیرانی مەرگە، زیندان و ئەشکەنجە و سێدارە بووەتە ڕەمزی مانەوەی ئەم ڕژێمە. تەنانەت کاتێکیش تاوانبارانی ئاسایی لەسێدارە دەدات، ئامانجی تۆقاندنی کۆمەڵگە و چاوترسێنکردنی نەیارانی سیاسییە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو دڕندەیی و وەحشیگەرییەی ڕژێم لە خۆی نیشان دەدات، ئەوەی ئاشکرایە و حاشای لێ ناکرێت ئەم ڕاستییەیە کە شەپۆلی سێدارە و سەرکوت نەیتوانیوە کۆمەڵگە چاوترسێن بکات و، خەبات دژی سزای سێدارە و بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسی بەردەوامە. ژنان و پیاوانی زیندانیی سیاسی، ئەم مرۆڤە ئازا و ئازادیخوازانە، بە ڕێکخستنی کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە» لەپشت میلەکانی زیندانەوە، دەمێکە ئاڵای خەبات دژی سزای سێدارەیان شەکاندووەتەوە.
کەمپەینی «سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە» کە لە ٥٦ زیندانی ئێراندا بەردەوامە، لە سەد و نۆزدەیەمین هەفتەی مانگرتن لە خواردندا، لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە بە ڕێکەوتی سێشەممە ١٥ی گوڵانی ١٤٠٥، جارێکی دیکە بانگەوازی ئاراستەی سەرجەم ویژدانە وەخەبەرەکان، نەیارانی سێدارە، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە بۆ ڕزگارکردنی گیانی زیندانییانی سیاسی و ناسیاسی لە ئێران، هەنگاوی خێرا و کاریگەر هەڵبگرن. لە دەقی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە:
«دیکتاتۆریی دەسەڵاتدار بەسەر ئێراندا، لە هەفتەی ڕابردوودا ‘ساسان ئازادوار’، زیندانیی سیاسیی تەمەن ٢١ ساڵ و پاڵەوانی کاراتێ، لەگەڵ سێ زیندانیی دیکەی ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤ی لە مەشهەد بە ناوەکانی ‘مەهدی ڕەسووڵی’، ‘محەممەدڕەزا میری’، ‘ئیبراهیم دەوڵەتئابادی’، وە لە ورمێش ‘میحراب عەبدوڵڵازادە’ لە زیندانییانی ڕاپەڕینی ١٤٠١ی، بەوپەڕی دڕندەیییەوە لەسێدارە دا. هەروەها دوو زیندانیی کوردیشی بە ناوەکانی ‘ناسر بەکرزادە’ و ‘یەعقووب کەریمپوور’ لەژێر بیانووی سیخوڕیدا بە پەتی سێدارەدا هەڵواسی. لەسێدارەدانی زیندانییان تەنیا لە زیندانییانی سیاسیدا کورت نابێتەوە و لە هەفتەی ڕابردوودا، لەسێدارەدانی زیندانییان بە تۆمەتی دیکەش ڕووی لە زیادبوون کردووە. زۆرێک لە زیندانییان و دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە، هێشتا لە مەترسیی لەسێدارەداندان. بەتایبەتی زیندانییانێک وەکوو عیرفان ئەمێری، مەتین محەممەدی، ئیحسان حوسێنیپوور حەسارلوو، مەریەم هوداوەندمیری، محەممەد عەباسی، سەعید زارعی کوردشولی، حەمیدڕەزا فەتحی، عەبدولڕەزا فەتحی، حەمیدڕەزا سابیتڕەئی و محەممەدڕەزا تەبەری کە ئەم دواییانە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە. دەزگای دادوەریی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهـ لە هەنگاوێکی دیکەدا، داواکاریی پێداچوونەوەی دۆسیەی ‘پەیمان فەرەحئاوەر’، زیندانیی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی لاکانی ڕەشتی ڕەت کردووەتەوە و گیانی ئەم زیندانییە لە مەترسییەکی جیددیدایە.»
لە بەشێکی دیکەی ئەم بەیاننامەیەدا، ئاماژە کراوە بە «خۆڕاگرییەکان لە بەرامبەر حوکمە سەدەی ناوەڕاستییەکانی سێدارە و بێبەشکردن لە چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتنی ژمارەیەک لە چالاکانی کەمپەینی ‘سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە’ لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین، کە سێشەممەی ڕابردوو لە کاتی هەواگۆڕکێی بەندەکەدا دروشمی ‘نا بۆ سێدارە’ و ‘مەرگ بۆ دیکتاتۆر’یان بەرز کردبووەوە» و جەخت لەوە کراوەتەوە کە «زیندان و سێدارە ناتوانێت ببێتە کۆسپ لەبەردەم ڕاپەڕین و ئاخێزی جەماوەر دژبە دەسەڵات».
لە هەلومەرجی ئێستادا کە ئاگربەستێکی لەرزۆک بەبێ دیاریکردنی خشتەیەکی کاتی لە نێوان دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا لە ئارادایە و ئاسۆی ڕوون بۆ کۆتاییهاتنی یەکجاریی شەڕ بەدی ناکرێت، توندبوونەوەی سەرکوت و لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییە دەبێت لە پەیوەند لەگەڵ مەترسیی داڕمانی ئابووری، پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی، قووڵبوونەوەی قەیرانی ڕەوایەتیی سیاسی، کەلێن و فرەباڵی لەناوخۆی دەسەڵات، و بێتوانایی ئایدیۆلۆژیک لە ڕەوایەتیدان بە دۆخی هەنووکەیی لێک بدرێتەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا، توندترکردنی سەرکوت هەم وەک ستراتیژیی مانەوە و هەم وەک تاکتیک، بووەتە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان. ئەم لەسێدارەدانە بەرنامەبۆداڕێژراوانە، زیاتر لەوەی نیشانەی هێز و توانای ڕژێم بن، دەربڕی لوتکەی قەیرانی ڕەوایەتیی ڕژێمی ئیسلامی و بێتوانایی لە وەڵامدانەوە بە داواکارییەکانی کۆمەڵگەن. ئێستاکە و لە کاتێکدا زیندانییان لەگەڵ نەبوونی جێگە، خۆراک و کەرەستەی ژیان و تەندروستیدا بەرەوڕوون، هێشتا هەزاران کەس لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی سەرتاسەریی بەفرانباری ١٤٠٤ لە زیندانەکاندان. ڕژێمی جەنایەتکاری ئیسلامی بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگە، ئەم زیندانییانەی وەک بارمتە گرتووە، داسی مەرگی لەسەر سەریان هەڵواسیوە و هەموو هەفتەیەک ژمارەیەکیان لێ لەسێدارە دەدات.
لە دۆخی ئێستادا، پەرەپێدانی بزووتنەوەی هاودڵی و هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی لە ناوخۆی ئێران و، پشتیوانی لە «کەمپەینی نا بۆ سێدارە» کە ئاڵاکەی لەپشت میلەکانی زیندانەوە شەکاوەتەوە، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە زەروورەتی پەیدا کردووە. لە دەرەوەی وڵاتیش پێویستە سەرجەم هێزەکان و مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان، دەست لەناو دەست و بە ڕێکخستن و وەڕێخستنی هەڵمەتی سیاسی، ڕژێمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بۆ کۆتاییهێنان بە سێدارەکان و ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی بخەنە ژێر گوشارەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە