
ڕاپۆرتە نوێیەکانی بانکی جیهانی و ئۆکسفام، وێنەیەکی ڕوون لە قووڵبوونەوەی قەیرانی سەرمایەداریی جیهانی دەخەنە ڕوو؛ قەیرانێک کە لە لایەکەوە سامانی لە دەستی کەمینەیەکی بچووکی سەرمایەداراندا زیاتر چڕ کردووەتەوە، و لە لایەکی تریشەوە هەژاری و ناسەقامگیری و نائەمنیی بژێویی بۆ زۆرینەی خەڵکی جیهان لێ کەوتووەتەوە. ئۆکسفام لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٥ی خۆیدا پیشانی دەدات کە سامانی ملیاردێرەکانی جیهان گەیشتووەتە نزیکەی ١٨.٣ تریلیۆن دۆلار و بە خێراییەکی بێوێنە لە حاڵی زیادبووندایە، لە کاتێکدا کە نزیکەی نیوەی دانیشتووانی جیهان هێشتاش لە هەژاریدا دەژین. ئەم کەلێنە گەورەیە، دەربڕی لۆژیکی نێوخۆیی سەرمایەداریی ئەمپریالیستییە؛ سیستەمێک کە تێیدا کەڵەکەبوونی بێوێنەی سامان لە جەمسەرێکدا، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی بێبەریبوون و هەژاری لە جەمسەرەکەی تردا بەرەوپێش دەچێت. ئەم ڕەوتە دەکرێت لە چوارچێوەی «کەڵەکەبوونی بەربڵاوی سەرمایە»دا ببینرێت؛ پرۆسەیەک کە تێیدا زێدەبایی (ارزش اضافە) و قازانج سەرلەنوێ دەگۆڕێنەوە بۆ سەرمایە و قەبارەی پرۆسەکان بۆ چڕترکردنەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران پەرە دەستێنێت. ڕوون و ئاشکرایە کە بەشێک لە سامانەکەش لە ڕێگەی تایبەتسازیی سەرچاوە گشتییەکان، پاوانخوازییەکان، ڕانت و دەستڕاگەیشتنی نایەکسان بە دەسەڵاتی ئابووری و سیاسییەوە پێک دێت.
ئابووریی سەرمایەداریی ئێرانیش دەبێت هەر لەم زەمینە جیهانییەدا تێبگەین؛ ئابوورییەک کە هاوکات لەژێر گوشاری ناکۆکییەکان و پێکهاتە سیاسی و ئایدۆلۆژییە ئیسلامییەکان و یاسا کارگێڕییە زاڵەکان و بەربەستە پێکهاتەییەکانی سیستەمی جیهانیدایە. نوێترین ڕاپۆرتی بانکی جیهانی سەبارەت بە ئابووریی ئێران لە ئاپریلی ٢٠٢٦دا، وێنەیەکی چڕی ئەم دۆخە دەخاتە ڕوو؛ دۆخێک کە تێیدا سستیی ئابووری (رکود)، هەڵاوسان، دابەزینی توانای کڕین و پەرەسەندنی هەژاری بە شێوەیەکی هاوکات کار دەکەن. یەکەمین دەرکەوتەی قەیرانەکە دەکرێت لە هەڵاوساندا ببینرێت؛ دیاردەیەک کە لە سەرمایەداریی ئیسلامیدا، یەکێکە لە ڕووتترین و ئاشکراترین شێوازەکانی گواستنەوەی باری قەیرانەکە بۆ سەر شانی چینی کرێکار. بەپێی ڕاپۆرتی بانکی جیهانی، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی ئێران لە فێوریەی ٢٠٢٦دا گەیشتووەتە ٦٢.٢ لەسەد و هەڵاوسانی ماددە خۆراکییەکانیش لە سنووری ٩٩ لەسەد نزیک بووەتەوە. بە واتایەکی تر، تێچووی دابینکردنی خۆراک لە ماوەی یەک ساڵدا نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە. ئەم ئامارانە تەنیا پێوەرێکی ئابووری نین؛ بەڵکوو دەربڕی تێکچوونێکی جددیین لە پرۆسەی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی هێزی کاردا، واتە لە توانای چینی کرێکاردا بۆ دابینکردنی کەمترین پێداویستییە ژیانییەکانی خۆی. دابەزینی بەردەوامی بەهای ڕاستەقینەی حەقدەستەکان هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی لەڕادەبەدەری خەرجییەکانی ژیان، لە کردەوەدا بە واتای چڕبوونەوەی چەوساندنەوەی هێزی کارە.
بەڵام قەیرانی ئێستا تەنیا لە هەڵاوساندا کورت نابێتەوە. ئابووریی ئێران لە سەروبەندی مارسی ٢٠٢٦دا، بەرەوڕووی کەمبوونەوەی ٢.٧ لەسەدیی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بووەتەوە. هاوکات، وەبەرهێنانی جێگیری ناوخۆیی بە ڕێژەی ١١.٩ لەسەد دابەزیوە؛ ئەوەش نیشانەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە سەرمایە، چ لە فۆرمی دەوڵەتی و چ لە فۆرمی تایبەتدا، ئاسۆی قازانجهێنان بە ناسەقامگیر و نائارام هەڵدەسەنگێنێت و لە وەبەرهێنانی بەرهەمهێنەرانە پاشەکشە دەکات. هەر لەم ماوەیەدا، هەناردەکردن ٥.٣ لەسەد و هاوردەکردن ١٤.٨ لەسەد دابەزیوە. کەمبوونەوەی هاوردەکردن، نیشانەی بەرتەسکبوونەوەی دەستڕاگەیشتنە بە کەرەستەی خاو، کاڵا واستەکان و ئامێرەکانی بەرهەمهێنان؛ ڕەوتێک کە سستیی ئابووری، داخرانی یەکە بەرهەمهێنەرەکان و بێکارسازییەکان چڕتر دەکاتەوە. تێکەڵبوونی هاوکاتی سستیی ئابووری و هەڵاوسانی بەرز ــ ئەوەی کە پێی دەگوترێت «چەقبەستوویی هەڵاوسان» ــ یەکێکە لە وێرانکەرترین فۆرمەکانی قەیرانی سەرمایەداری. لە دۆخێکی وەهادا، نەک تەنیا بەرهەمهێنان کەمدەبێتەوە، بەڵکوو تێچووی ژیانیش بە شێوەیەکی بەردەوام بەرز دەبێتەوە. دەرئەنجامەکەی، قووڵبوونەوەی بۆشایی نێوان هەژاری و سامان و توندبوونەوەی ناکۆکییە چینایەتییەکانە.
ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم قەیرانە لە پێوەرەکانی هەژاریدا ئاشکراتر دەبێت. خەمڵاندنی بانکی جیهانی نیشانی دەدات کە ٣٦ لەسەدی دانیشتووانی ئێران لە ساڵانی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٤دا لەژێر هێڵی هەژاریی ٨.٣٠ دۆلار لە ڕۆژێکدا ــ پێوەری وڵاتانی خاوەن داهاتی مامناوەندی بەرەو ژوور ــ ژیاون و ئەم ڕێژەیە لە ٢٠٢٥ تا ٢٠٢٦ دەگاتە ٣٦.٢ لەسەد. ئەمە بەو واتایە دێت کە نزیکەی ٣٢.٧ ملیۆن کەس لە دۆخی هەژاریی ڕەهادان. تەنانەت ئەم پێوەرەش وێنەیەکی کەمینەیی لە بێبەریبوون دەخاتە ڕوو و ناتوانێت ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی نائەمنیی بژێوی، پەراوێزنشینی و دابەزینی ئاستی ژیان بەتەواوی نیشان بدات.
لە بازاڕی کاریشدا نیشانەکانی قەیرانەکە بەڕوونی دەبینرێن. ڕێژەی هەبوونی کار بۆ ئەو دانیشتووانەی لە تەمەنی کارکردندان لە ٣٧.٩ لەسەدەوە بۆ ٣٧.٥ لەسەد دابەزیوە؛ واتە کەمتر لە چوار کەس لە هەر دە کەسێکی لە تەمەنی کارکردندا، خاوەن کارن. ئەم ڕێژەیە بۆ ژنان زۆر لەوەش نزمترە و نزیکەی ١.٢ کەس لە هەر دە کەسدایە. کەلێنێکی قووڵی لەم شێوەیە نەک تەنیا دەربڕی هەڵاواردنی ڕەگەزییە، بەڵکوو پیشانی دەدات کە بەشێکی گەورە لە هێزی کاری شاراوە، لە بنەڕەتدا لە سووڕی بەرهەمهێنانی فەرمی خراوەتە دەر. ئەم دۆخە بریتییە لە پەرەسەندنی لەشکری پاشکەوتی کار؛ ئەو ئاپۆرە لە بێکاران و نیمچەبێکارانەی کە بوونیان دەبێتە ئامرازێکی گوشار بۆ سەر ئاستی کرێیەکان و بارودۆخی کارکردن. قەیرانی دراو و داراییش ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە لە توندترکردنی ئەم دۆخەدا. کەمبوونەوەی داهاتە دراوییەکان و سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە یەدەگی دراوی، بووەتە هۆی دابەزینی ٤٤ لەسەدی بەهای ڕیاڵ لە سەرەتای مارسی ٢٠٢٦دا. دابەزینی بەهای دراوی ئێران ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا هاوردەکراوەکان و هەڵکشانی هەڵاوسان. هاوکات، کورتهێنانی بودجەی دەوڵەت گەیشتووەتە ٤.٤ لەسەدی بەرهەمی نەتەوەییی ناوخۆیی و قەرزی گشتی تا ٣١.٣ لەسەد بەرز بووەتەوە. ئەم پێوەرانە نیشانی دەدەن کە دەسەڵاتیش لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانەکەدا بەربەستی جددیی لەبەردەمدایە و بۆ دابینکردنی سەرچاوەکان، باری قەیرانەکە دەخاتە سەر شانی کۆمەڵگا؛ چ لە ڕێگەی کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە بێت، چ لە ڕێگەی زیادکردنی باجە ناڕاستەوخۆکانەوە یان لە ڕێگەی چاپکردنی دراو و توندترکردنی هەڵاوسانەوە. دەرئەنجامی ئەم تێکئاڵانە، گواستنەوەی باری سەرەکیی قەیرانەکەیە بۆ سەر شانی چینی کرێکار و توێژە زەحمەتکێشەکان؛ لە کاتێکدا کە بەشگەلێک لە چینە دەسەڵاتدارەکان، لە ڕێگەی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە دراوییەکان، پاوانخوازییەکان و تۆڕەکانی دەسەڵاتەوە، هێشتاش لە کەڵەکەکردنی سامان بەردەوامن. ئەمە هەمان ئەو مۆدێلەیە کە لە ئاستی جیهانیشدا دەبینرێت: چڕبوونەوەی سامان و دەسەڵات لە سەرەوە، و پەرەسەندنی هەژاری و ناسەقامگیری لە خوارەوە. لە دۆخێکی وەهادا، ئەو شیکارییانەی کە قەیرانەکە تەنیا کورت دەکەنەوە بۆ خراپبەڕێوەبردن یان هەڵەکانی داڕشتنی سیاسەتەکان، لە ڕەگ و ڕیشە پێکهاتەییەکانی قەیرانەکە تێناگەن. مەسەلەکە تەنیا شێوازی بەڕێوەبردنی ئابووری نییە، بەڵکوو خودی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنە. تا ئەو کاتەی کە ڕێکخستنی ئابووری لەسەر بنەمای لۆژیکی قازانج و کەڵەکەبوونی سەرمایە بمێنێتەوە، سووڕی قەیران، نایەکسانی و هەژاریش سەرلەنوێ بەرهەم دەهێنرێتەوە. هەر لەبەر ئەمەش، مەسەلەکە تەنیا گەڕانەوە بۆ «هاوسەنگی» لە سیستەمی سەرمایەداریی ژێر دەسەڵاتێکی نائایینی و سێکولاردا نییە؛ هاوسەنگییەک کە خۆی لە هەموو شوێنێک لەسەر بنەمای هەڵاواردن و نایەکسانی و بێبەریبوون بونیاد نراوە. ئەوەی کە دەبێتە زەروورەت، سیستەمێکە کە تێیدا بەرهەمهێنان لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی کۆمەڵگا ڕێک بخرێت، نەک لەپێناو قازانجی کەمینەی سەرمایەداران. وەدیهاتنی ئاسۆیەكی لەم چەشنە، بەبێ خۆڕێکخستنی سەربەخۆ و هۆشیارانەی چینی کرێکار لەنێو جەرگەی خەباتدا مەحاڵ دەبێت. قەیرانی ئێستا، شانبەشانی ئەو ڕەنج و نائەمنییە بەربڵاوەی کە سەپاندوویەتی، زەمینە بابەتییەکانی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییەکان و پێکهاتنی ڕێکخراوبوونێکی لەم شێوەیەشی ڕەخساندووە. بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران، لە جەرگەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران لە دوو دەیەی ڕابردوودا، نەوەیەک لە ڕێبەران و هەڵسووراوانی لێهاتوو و بەئەزموونی لەناو ڕیزەکانی خۆیدا پەروەردە کردووە کە پۆتانسیەلی خۆڕێکخستنی خەباتە کرێکارییەکانیان لەژێر شمشێری سەرکوتدا سەلماندووە. بزووتنەوەی کرێکاری بە ڕۆڵگێڕانی ئەم ڕێبەرانە، لەم قۆناغەی ئێستا تێپەڕ دەبێت.
داتا و ئامارەکانی بانکی جیهانی و ئۆکسفام، ئەگەر قووڵتر لە داتا ئامارییەکان بخوێندرێنەوە، تەنیا هۆشدارییەک نین سەبارەت بە قەیرانێکی ئابووری؛ بەڵکوو ئەوانە نیشانەکانی داڕمانی سیستەمێکی جیهانین کە تێیدا سەروەت و سامانی بێوێنە لە پاڵ هەژاریی بەربڵاودا، بەشێکە لە میکانیزمی کەڵەکەبوونی سەرمایە. لە بەرامبەر سیستەمێکی وەهادا، پرسیاری سەرەکی ئیتر زەروورەتی گۆڕانکاری نییە، بەڵکوو چۆنیەتیی وەدیهاتنی ئەو گۆڕانکارییە و ئەو هێزە کۆمەڵایەتییانەیە کە هەڵگری ئەم وەرچەرخانەن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە