فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەرەسەندنی گرژییەکان لەسەر بەستێنی بەردەوامیی شەڕانگێزییەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیدا
دوشەممە ۲۱-۰۲-۱۴۰۵   |  11-05-2026

ئاگربەستی ١٥ ڕۆژەی نێوان دەوڵەتانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی، لەسەر داوای پاکستان و لە لایەن ترامپەوە، لە ڕۆژی دووەمی گوڵانی ١٤٠٥ بەبێ دیاریکردنی خشتەیەکی کاتی درێژکرایەوە. لەم ماوەیەدا هەردوو لایەنی شەڕەکە بە پڕوپاگەندە و شەڕەقسەی هاندەرانە، خۆیان بە براوەی شەڕ و باڵادەستی گەرووی هورمز دەناسێنن، بۆ درێژەدان بە باڵادەستیی خۆیان بەسەر ئەو ناوچەیەدا خەتونیشان دەکێشن و گرژییەکانیان پەرە پێداوە. لە هەمان کاتدا دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوانیان بە نێوەندگیریی دەوڵەتی پاکستان بەردەوام بووە و ئەمریکا مەرجە ١٤ خاڵییەکانی خۆی بە کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندووە. ڕژێمی کۆماری ئیسلامیش ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی گوڵان وەڵامی مەرجەکانی ئەمریکای داوەتەوە. هێشتا سەبارەت بە ناوەڕۆکی وەڵامەکەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هیچ ڕاپۆرتێکی ورد بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام دۆناڵد ترامپ وەڵامەکەی حکومەتی ئیسلامیی بە “تەواو قبووڵنەکراو” وەسف کردووە. هەموو ئەمانە لە هەلومەرجێکدان کە زۆرینەی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ئێران، کە لەژێر باری قورسی هەلومەرجی شەڕدا ئاسایش و کار و ژیانیان کەوتووەتە مەترسییەوە، لە درێژەکێشانی ئەم دۆخە وەزاڵە هاتوون و خوازیاری کۆتاییهاتنی یەکجاریی شەڕن.

لە ڕەوتی پەرەسەندنی ئەم گرژییانەدا، ئێوارەی پێنجشەممە ١٧ی گوڵانی ١٤٠٥، لە بەندەرعەباس، لەنگەرگەی بەهمەنی دوورگەی قشم، میناب و گەڕەکگەلێک لە ڕۆژئاوای تاران لەوانە چیتگەر، ئێکباتان، شەهران، گۆڕەپانی ئۆلۆمپیک، ئیسلامشار و دەوروبەری مەیدانی ئازادی و چەندین شوێنی دیکە، دەنگی تەقینەوەی گەورە و سامناک بیسترا و تەقەی یەک لەدوای یەک بووە هۆی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی. لەم تێکهەڵچوونانەدا هەر یەک لە لایەنەکانی شەڕ، پاساو بۆ هەنگاوە هاندەرانە و هێرشە سەربازییەکانی خۆیان دەهێننەوە. کەناڵی هەواڵی تەلەڤیزیۆنی ڕژێم و ئاژانسی هەواڵدەریی میهر-یش، ڕاپۆرتیان لەسەر ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان هەردوو لایەن لە کاتژمێرەکانی کۆتایی شەوی پێنجشەممە و بیسترانی دەنگی گەورە و بەردەوام بڵاو کردەوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی فۆکسی ئەمریکی ڕایگەیاند: “ئەو هێرشانەی کە ئەمریکا کردیە سەر لەنگەرگەی بەهمەنی بەندەری قشم و شاری بەندەرعەباس، دوو ڕۆژ دوای ئەوە هات کە کۆماری ئیسلامی ١٥ مووشەکی بالیستیک و کروزی ئاراستەی بەندەری فوجەیرەی ئیمارات کرد و بووە هۆی ئەوەی سەرجەم دەوڵەتە عەرەبییەکان، تەنانەت عەرەبستانی سعوودیش کە پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لەگەڵ ئیماراتدا هەیە، سەرکۆنەی بکەن.” لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەم هێرش و تەقینەوانە بە واتای کۆتاییهاتنی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی شەڕ نییە. وتەبێژی بارەگای خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدارانی ڕژێمیش، ئەمریکای بە بەئامانجگرتنی نەوتهەڵگرێکی ئێرانی تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند: “هێزە چەکدارەکانی ئەم بارەگایە کە بەرپرسیارێتیی شەڕ لە ناوچەکەیان لە ئەستۆیە، هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی گەرووی هورمز و باشووری بەندەری چابەهار.”

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە ناکۆکییەکانی نێوان ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری جۆراوجۆر پەرەی سەندووە، هێزەکانی ڕژێم ژێرخانە سەربازی و مەدەنییەکانی ئیماراتیشیان داوەتە بەر هێرشی سەربازی. ئەمە لە حاڵێکدایە کە گەرووی گرنگ و ستراتیژیی هورمز، هەم لەلایەن ئەمریکاوە و هەم لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە گەمارۆ دراوە و هاتوچۆی کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان تێیدا ڕاگیراوە و پەکخراوە. لە هەلومەرجێکی ئاوادا، گەرووی هورمز بووەتە بەهێزترین ئامرازی فشاری لایەنەکانی شەڕ لە دژی یەکتر.

گوشاری گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی باشووری ئێران، هەناردەی نەوتی کۆماری ئیسلامیی ڕووبەڕووی پەککەوتنی جدی کردووەتەوە و سەرانی ڕژێمی بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ سازش لەگەڵ ئەمریکا خستووەتە ژێر گوشارەوە. چونکە ئەگەر کۆماری ئیسلامی تا ئێستا لەو ڕێگەیەوە گەمارۆکانی دەبەزاند و ڕۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد، ئێستا بەهۆی گەمارۆدانی گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە، ڕەوتی هەناردەی نەوت و هاوردەکردنی کاڵا پێویستەکان ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە. لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی گوڵان ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە “بەهۆی گەمارۆ توندەکانی ئەمریکاوە، توانای پاشەکەوتکردنی کۆماری ئیسلامی زۆر کەم بووەتەوە و داهاتی نەوتییەکەشی بەتەواوی دابەزیوە.” ئەمە لە کاتێکدایە کە پێش گەمارۆدانی گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە، لەسەدا ٩٨ی هەناردەی نەوتی ئێران بەم گەرووەدا تێدەپەڕی.

هاوکات لەگەڵ ئەم گەمارۆیە و بە مەبەستی خستنەژێر گوشاری زیاتری کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی گوڵان، ئەمریکا و بەحرەین هاوڕێ لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، کووەیت و قەتەر، ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکیان سەبارەت بە پێویستیی کردنەوەی گەرووی هورمز و ئازادیی کەشتیوانی تێیدا، پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد. سەرجەمی ئەم پێشهات و ڕەوتانە دەریدەخەن کە لە غیابی بزووتنەوەیەکی بەهێزی جیهانی لە دژی ئەم شەڕە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەیە، ئەوە بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیک و ئابوورییەکانی زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکانن کە بوونەتە ئامرازێکی فشاری سیاسی بۆ کۆتاییهێنانێکی یەکجاری بەم شەڕە.

کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجێکدا درێژە بە سیاسەتی شەڕانگێزانەی خۆی دەدات، کە ئابووریی ئێران بەهۆی قەیرانی پێکهاتەیی و لەژێر کاریگەریی توندبوونەوەی سزاکان و گەندەڵیی سیستەماتیکدا بەرەو داڕمان دەچێت، تا ئەو جێگەیەی کە دەوڵەت توانای پێدانی مووچەی بەشێکی زۆری کارمەندانیشی نەماوە. گرانی و بێکاری، هەڵاوسانی بێ‌هەوسار و دابەزینی بەهای ڕیاڵ ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەستێنێت؛ ملیۆنان هەلی کار لەناو چوون؛ پچڕانی ئینتەرنێت و داخرانی کارگە و دامەزراوە پیشەسازییەکان بووەتە هۆی بێکارکردنی بەرفراوانی کرێکاران. لە دۆخێکی ئاوادا حکومەتی ئیسلامی بێجگە لە توندکردنەوەی کەشوهەوای ئەمنی و سەرکوتگەری، هیچ وەڵامێکی بۆ داواکاری و خواستە کەڵەکەبووەکانی کرێکاران و چینە چەوساوەکان نییە. کۆماری ئیسلامی بە بیانووی شەڕێکی کۆنەپەرستانەوە، هەر جۆرە بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی دەداتە پاڵ بەکرێگیراوانی ئیسرائیل و ئەمریکا. بەڵام دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەم فشارانەش، نەیتوانیوە خەڵکی ناڕازی چاوترسێن بکات و ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ بکات. لە هەلومەرجێکی ئاوادا، تەنیا بە هەوڵی شێلگیرانە بۆ وەڕێخستنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی یەکگرتووانە و سەرتاسەریی کرێکاران و ناڕەزایەتیی جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و پەرەدان بە بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانە، کە دەکرێت بزووتنەوەی خەبات بۆ ڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بەرەو پێشەوە ببرێت.