فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی؛ نا بۆ دەسەڵاتداریەتیی حیزبەکان لە سەرووی خەڵکەوە؛ بژی دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی خەڵک لە کوردستان
هەینی ۲۵-۰۲-۱۴۰۵   |  15-05-2026

کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان لە هەلومەرجێکدا کار و ژیان و خەباتی خۆیان دەبەنە پێشەوە، کە کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی بەحیزبی‌کراوە. حیزب و هێزە ناسیۆنالیستەکان و هەروەها حیزبە سۆسیالیست و چەپەکان لە کوردستان لەسەر بەستێنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگەدا ئامادەییان هەیە و چالاکی دەکەن و هەر لە ئێستاوە وێنای خۆیان بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوەی هەقخوازانەی خەڵکی کوردستان دەخەنە بەردەم کۆمەڵگە. حیزب و ڕێکخراوە ناسیۆنالیستەکان دەیانەوێت حاکمییەتی حیزبەکان لە سەرووی خەڵکەوە لە قۆناغی ڕاگوزەر و جێگیرکردنی حکوومەتێکی پەرلەمانیی فیدراڵ لەدوای ئەم قۆناغە، وەک فۆرم و ناوەڕۆکی سەرکەوتن بەسەر خەڵکدا بسەپێنن. ئەوانە بە خەڵک دەڵێن کە حکوومەتێکی فیدراڵی پشت‌ئەستوور بە سیستەمی پەرلەمانی، ئەو شێوەیە لە دەسەڵاتە کە بە باشترین شێوە دەخاڵەتی خەڵک لە کاروباری سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە دابین دەکات. دەڵێن لە سایەی دەسەڵاتداریەتیی حکوومەتی فیدراڵیی پەرلەمانیدا خەڵک بە خواستەکانیان دەگەن. لە بەرامبەر ئەم چەواشەکاری و پڕوپاگەندانەی هێزە بۆرژواییەکاندا، کۆمەڵە، شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان و سۆسیالیستەکانی تر ڕاستییەکان بە خەڵک دەڵێن و ئاڵتەرناتیڤی حاکمییەتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان وەکوو ئاسۆی بەرەوپێشچوون و سەرکەوتن، دەخەنە بەردەم کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵک.

حکوومەتی فیدراڵیی پەرلەمانی کە حیزبە ناسیۆنالیستەکان بەڵێنی دەدەن، هەروەک چۆن ئەزموونی حکوومەتی فیدراڵی لە کوردستانی عێراق بە ڕوونی نیشانی داوە، جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگە لە دەزگای بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگە و حاکمییەت بەسەر چارەنووسی خۆیاندا دوور دەخاتەوە. لە سیستەمی پەرلەمانیدا، مافی دەسەڵاتداریەتیی سیاسی لە جەماوەری خەڵک زەوت دەکرێت و دەدرێتە دەست نوێنەرانی هەڵبژێردراوی ناو پەرلەمان. لەم شێوەیە لە حاکمییەتدا، دەنگدەران هیچ کۆنترۆڵێکیان بەسەر کارکردی نوێنەرەکاندا نییە. لە سیستەمە پەرلەمانییەکاندا، دەنگدەران چەند ساڵ جارێک دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ ئەوەی بە خستنەناو سندووقی دەنگەکانیان، بە کردەوە لە گێڕانی ڕۆڵی ڕاستەوخۆ لە بەڕێوەبردن و حاکمییەتی سیاسیی کۆمەڵگەدا خۆیان بەدوور بگرن. لە سیستەمی پەرلەمانیدا ئەگەر دەنگدەران هیچ کۆنترۆڵێکیان بەسەر پەرلەماندا نییە، نوێنەرانی پەرلەمانیش هیچ کۆنترۆڵێکیان بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکار و چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەدا نییە کە پەسەندی دەکەن. پەرلەمان دەسەڵاتێکی سنوورداری هەیە و دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دەستی ئۆرگانەکانی جێبەجێکردن، وەزارەتەکان، ئەرتەش، پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکاندایە. لەم دیموکراسییە سەرمایەدارییەدا، پەرلەمان دەبێتە گۆڕەپانی ململانێ و مانۆڕی سیاسیی حیزبە بۆرژواییەکان و ئۆرگانەکانی جێبەجێکردنیش دەسەڵات و حاکمییەتی بۆرژوایی پەیڕەو دەکەن. لە سیستەمی پەرلەمانیدا کە هێزە ناسیۆنالیستەکان بەڵێنی دەدەن، چەند ساڵ جارێک نوێنەرانی پەرلەمان دەگۆڕێن، کابینەی وەزیرانی حکوومەت دەگۆڕدرێت، بەڵام پێکهاتە و پایە سەرەکییەکانی دەسەڵات لە دەستی ئەرتەش، پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکاندا دەمێننەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە سادانەیە کە کرێکاران و زەحمەتکێشان و جەماوەری خەڵک ناتوانن لە ڕێڕەوی پەرلەمانەوە خواست و داواکارییەکانیان بسەپێنن. بۆیە هیچ گومانێک لەوەدا نییە، ئەگەر ئەو وێنایەی هێزە ناسیۆنالیستەکان بۆ ئاسۆی سەرکەوتن لە کوردستان دەیخەنە ڕوو بێتە دی و حکوومەتی فیدراڵی کوردستان کە حکوومەتێکی بۆرژواییە بێتە سەر کار، ڕوونە کە هەر لە ڕۆژی دوای “سەرکەوتن”ـەوە، خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان تووشی چ چارەنووسێک دەبن.

کرێکاران، ژنانی چەوساوە، هەژاران و بێبەشانی کۆمەڵگە نەک هەر پشکیان لە حکوومەتی فیدراڵی کوردستاندا نابێت، بەڵکوو ئەمجارەیان هێزە بۆرژواییەکان لە قاڵبی حکوومەتی کوردستانی فیدراڵدا، ئاڵای نەتەوەیی، ئەفسانە نەتەوەییەکان و سروودی نەتەوەیی وەک ئامرازێک بۆ هەڵخەڵەتاندن و فریودانی کرێکاران و خەڵکی هەژار و بێبەشی کۆمەڵگە بەکار دەهێنن. ئەمجارە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەشی کۆمەڵگە دەبێت زیاتر بۆ نیشتمانەکەیان کار بکەن، باجی زیاتر بدەن، کەمتر مەسرەف بکەن و مانگرتن و خۆپیشاندان وەڕێ نەخەن. حکوومەتی فیدراڵی و پەرلەمانیی کوردستان، حکوومەتی کەمینەی کۆمەڵگە بەسەر زۆرینەدا دەبێت، حکوومەتێک دەبێت کە تەنیا بۆرژواکان، نوخبەکانی کۆمەڵگە و سەرانی حیزبە بۆرژواییەکان دەتوانن پێگە هەستیارەکانی بگرنە دەست.

ئەگەر خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان نایانەوێت دوچاری ئەم چارەنووسە ببن، دەبێت هەر لە ئێستاوە لەبیری دامەزراندنی حاکمییەتی شۆرایی خۆیاندا بن. کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان دەبێت لە بیری پایەڕێژی و دامەزراندنی دەوڵەتێکدا بن کە تێیدا هەر مرۆڤێک و هەر ژن و پیاوێکی کرێکاری سادە، سەربەخۆ لە هەر نەتەوە، ئایین و ڕەگەزێک کە هەیەتی، بتوانێت جومگەکانی دەسەڵات بگرێتە دەست و ڕاستەوخۆ لە ژیانی سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا ڕۆڵ بگێڕێت. بەرنامەی کۆمەڵە و شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ دەسەڵاتداریەتیی خەڵک لە کوردستان دەیەوێت شیمانەی دامەزراندنی حاکمییەتێکی وا، واتە حاکمییەتی شۆرایی، بە خەڵک نیشان بدات و بیکاتە بەشێک لە هۆشیاریی گشتیی خەڵکی کوردستان، تا بە کەمتر لەوەش قایل نەبن و وەکوو سەرکەوتن چاوی لێ نەکەن. بەرنامەی کۆمەڵە بۆ حاکمییەتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان دەیەوێت بە خەڵک بڵێت کە پرسی حاکمییەت لە کوردستانی ئازادکراودا، مافی حاشاهەڵنەگری کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانە و کۆمەڵە ئامادە نییە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لە داهاتوودا لەگەڵ هیچ حیزب و گرووپێک بکەوێتە دانوستان و گفتوگۆوە. بەرنامەی کۆمەڵە بۆ حاکمییەتی خەڵک لە کوردستان دەیەوێت نیشانی بدات کە بە تێکشکاندنی بیساتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و ماشێنی سەرکوتگەرییەکەی لە کوردستان، کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیدە دەتوانن و توانای ئەوەیان هەیە دەسەڵات بگرنە دەست. دەیەوێت نیشانی بدات کە ئەم پێکهاتە شۆراییەیە کە دەرفەتی بەشداری و دەخاڵەتی بەرینترین جەماوەر لە پرسی دەسەڵاتدا دەڕەخسێنێت. لە حکوومەتی شۆراییدا، هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە بە ئەندامی دەوڵەت ئەژمار دەکرێن و لە ڕێکخستنی دەوڵەتدا جێگەیان هەیە.

لەو حاکمییەتەی کە پشت‌ئەستوورە بە شۆراکان و بەرنامەی کۆمەڵە جەختی لێ دەکاتەوە، خەڵک لە شۆرا خۆجێییەکاندا ڕێکخراون و دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان بەدەستەوەیە و هەر کاتێک ئیرادە بکەن دەتوانن نوێنەرەکانیان بانگ بکەنەوە و لەسەر کار لایانبەرن، بەم شێوەیەش هەموو ڕێوشوێن و کۆتوبەندە بیڕۆکراتییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکان بنەبڕ دەبن. لەبەر ئەوەی حکوومەتی شۆرایی مافی ئازادانەی لەکارخستن و لابردنی هەڵبژێردراوان لە هەر کاتێکدا دەداتە دەست خەڵک، تا ئەو کاتەی ئەم میکانیزمە کار بکات، گەندەڵی هەڵناگرێت. بەم شێوەیەش، گەندەڵیی ئیداری کە نەخۆشییەکی درێژخایەنی حکوومەتە بۆرژواییەکانە، بەهۆی ئەوەی لەوێدا هیچ کەناڵێک بۆ دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا بوونی نییە، بۆ هەمیشە کۆتایی پێ دێت. لە حکوومەتی شۆراییدا، سەرجەم پۆستە کارگێڕی، سیاسی و دادوەرییەکان لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن و هەر کاتێک زۆرینەی دەنگدەران بیانەوێت، لە هەر کاتێکدا بن دەتوانرێت لە پۆستەکانیان لاببرێن. بەرپرسان لە بەرزترین ئاستەکانی حکوومەتی شۆراییدا وەک خزمەتکاری خەڵک کار دەکەن و مووچەیەک هاوتا بە مووچەی کرێکارێکی لێهاتوو وەردەگرن. بەم جۆرە، ئەو خەڵکەی لە سیستەمی شۆراییدا ڕێکخراون، خۆیان هەم یاسادانەر و هەم جێبەجێکاری یاسان.

ئەوەی لە بەرنامەی کۆمەڵە و شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ دەسەڵاتداریەتیی خەڵک لە کوردستان جەختی لەسەر دەکرێتەوە، حاکمییەتێکی شۆراییە کە کۆنگرەی سەرتاسەریی نوێنەرانی شۆراکان لە لووتکەیدا و شۆرا ناوچەییەکانی شار و گوند لە خوارترین ئاستیدا جێگر دەبن و لە ڕێگەی سیستەمی شۆراییەوە ڕاستەوخۆ وەک ئەندامێکی دەوڵەت لە پرسی حاکمییەتدا ڕۆڵی چالاک دەگێڕن و لە ڕێگەی نوێنەرانیانەوە لە ئاستە جیاجیاکان؛ وەک کۆنگرە ناحیەیی، ئەیالەتی، ناوچەیی و سەرتاسەرییەکان، دەخاڵەت لە هەموو بوارەکانی چالاکیی کۆمەڵایەتیدا دەکەن. هێزی چەکداری ناوچەیی لەژێر فەرماندەیی کۆنگرەی سەرتاسەریی شۆراکاندا، ئەرکی بەرگریکردن لە دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانی لە بەرامبەر پەلاماری دەوڵەتی ناوەندی یان هەر هێزێکی تر پێ دەسپێردرێت. ئەم هێزە مافی هیچ جۆرە دەخاڵەتێکی لە کاروباری ناوخۆیی کوردستاندا نابێت.

کۆمەڵە و شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان هەر لە ئێستاوە بەرنامەی سیاسیی خۆیان بۆ حاکمییەتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان خستووەتە ڕوو و تێدەکۆشن لە کاتی گونجاودا لەلایەن شۆرای نوێنەرانی سەرتاسەریی خەڵکی کوردستانەوە پەسەند بکرێت بۆ ئەوەی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. سەرجەم ماف و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، داواکارییە خۆشگوزەرانی و فەرهەنگییەکان، ماف و خواستەکانی ژنان لە بواری یەکسانیی تەواو لەگەڵ پیاوان، کۆتاییهێنان بە هەر جۆرە هەڵاواردن و ستەمێکی ڕەگەزی، مافەکانی منداڵان و هەنگاوەکان بۆ پاراستنی ژینگە، لەپاڵ بڕگەکانی یاسایەکی کاری دیموکراتیک لە کوردستانی ئازادکراودا دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە کوردستانی ئازادکراودا، مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان بە دەستی خودی خەڵک، بە واتای ئازادیی جیابوونەوە لە ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ دابین دەکرێت و هەلومەرجی پێویست بۆ کەڵکوەرگرتنی هۆشیارانە لەم مافە دەڕەخسێندرێت. دانیشتووانی کوردستان دەتوانن بە دابینکردنی کردەیی یان فەرمیی ئەو مەرجانەی لە بەرنامەی سەرەوەدا هاتوون، لە چوارچێوەی ئێراندا بمێننەوە یان دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان پێکبهێنن و لە ئێران جیا ببنەوە. لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەگەر خەڵکی کوردستان بڕیار بدەن لە بارودۆخی بەرقەراربوونی حکوومەتێکی کرێکاری وە یان لە بارودۆخێکی دیموکراتیک و شۆڕشگێڕانە لە چوارچێوەی ئێراندا بمێننەوە، بە دابینکردنی بارودۆخی سەرەوە و بە گرتنەبەری سیاسەتی هوشیارانەی ئابووری، بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و فەرهەنگییەکان، هەموو جۆرەکانی نابەرابەری و ناهەماهەنگی لە نێوان نەتەوە جۆراوجۆرەکان لەوانە نەتەوەی کورد و غەیرە کورد کۆتایی دێت و پێناسی ئینسانی تاکەکانی سەر بە نەتەوە جۆراوجۆرەکان و ڕێگای پێکەوەژیانیان وەک ئینسانی ئازاد و یەکسان هەموارتر دەبێت. بێگومان وەها کۆمەڵگایەک لەگەڵ دیاردەی ستەمی نەتەوایەتی نامۆ دەبێت.