
کۆبوونەوەی گشتیی ساڵانەی وەزیرانی دەرەوەی دەوڵەتانی ئەندام لە گرووپی بریکس، لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی ٢٤ و ٢٥ی گوڵان، لە نیودەلهیی پایتەختی هیندستان بەڕێوە چوو. ئەندامە کۆنەکانی ئەم ڕێکخراوەیە واتا “بەرازیل، ڕووسیا، هیندستان، چین و باشووری ئەفریقا” و ئەندامە نوێیەکانی وەک “میسر، ئێتیۆپی، ئەندۆنێزی، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئێران” لەم دانیشتنەدا بەشدار بوون. لەم کۆبوونەوەیەدا، خاڵە ناکۆکەکان بە ڕادەیەکی بەرچاو زیاتر لە خاڵە هاوبەشەکان بوون، بە جۆرێک کە لە کۆتایی دانیشتنەکەدا نەیانتوانی بەیاننامەیەکی هاوبەش بڵاو بکەنەوە. پەرەسەندنی قەیرانە سیاسی، ئابووری و ژئۆپۆلیتیکییەکانی نێوان جەمسەرەکان و دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان و دژایەتیی بەرژەوەندییەکان لە نێوانیاندا، بووەتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتانی ئەندام لەم هاوپەیمانییەدا، لەسەر زۆرێک لە پرس و پێشهاتە هەنووکەییەکان تووشی ناکۆکی ببن و تەنانەت بایکۆتی دانیشتنەکانیش بکەن. هەروەک چۆن بەشداریکردنی چین لەم کۆبوونەوەیەدا نەک لە ئاستی وەزیری دەرەوە، بەڵکوو لە ئاستی باڵیۆزی ئەم وڵاتە لە هیندستان، نیشاندەری بوونی ناسازگارییەکی لەم شێوەیەیە. کێشمەکێشی نێوان هیندستان و چین لەسەر پەرەپێدانی هەژموون لە وڵاتانی ناوچەکە و سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و زلهێزەکانی دیکەی ڕۆژئاوا، بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی کەلێنی نێوانیان وەک دوو ئەندامی گرنگی گرووپی بریکس. لە لایەکی دیکەوە، هەڵوێستی جیاوازی وڵاتانی ئەندامی بریکس لە هەمبەر شەڕی ڕووسیا (وەک ئەندامێکی بەهێزی بریکس) لەگەڵ ئۆکراین، بەشێکی دیکە لەم درز و کەلێنانەی پێک دەهێنا.
بەڵام جیاوازیی هەڵوێستە سیاسییەکان لە نێوان دەوڵەتانی ئەندامی بریکس لە هەمبەر شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کە ڕەوتی هەناردنی نەوتی بۆ وڵاتانی دیکەش پەک خستووە، بابەتێک بوو کە کەشی ئەم دانیشتنەی بە توندی خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، تا ئەو جێگەیەی نەیانتوانی لەم ڕووەوە بگەنە هیچ ڕێککەوتنێک. گرژییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە تەنانەت پێکدادانی سەربازیشی لێ کەوتووەتەوە، هەروەها پەلاماری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانیی هەڵگری ئاڵای هیندستان لە نزیک ئاوەکانی عومان (تەنیا ڕۆژێک پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی دەلهی) کە بووە هۆی ئاگرتێبەربوون و نوقمبوونی، و لە پاڵ ئەمانەشدا ڕفاندنی کەشتییەکی دیکە لە ئاوەکانی نزیک فوجەیرەی ئیمارات لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، وای کرد کە ئەم دانیشتنە نەتوانێت سەبارەت بە شەڕ و پرسە گرنگەکانی ناوچەکە، لەوانە داخستنی گەرووی هورمز، هیچ هەڵوێستێکی هاوبەش بگرێتە بەر. بێگومان لە سەرەتای ململانێکانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکاوە لە گەرووی هورمز و دەریای عومان، تا ئێستا چەندین کەشتیی دیکەش بوونەتە ئامانجی پەلامارە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕژێمی ئیسلامی، چاوەڕێی ئەوە بوو کە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ببێتە گرنگترین تەوەری گفتوگۆکانی بریکس. ئەو داوای لە وڵاتانی ئەندامی بریکس کرد لەم کێشەیەدا دەستێوەردان بکەن، بێ پێچوپەنا پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی بکەن و “پێشێلکردنی مافە نێودەوڵەتییەکان لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە مەحکووم بکەن.” ناوبراو وتی: “هێرش بۆ سەر خەڵکەکەم بە بانگەشەی درۆینە پاساو دراوە. ئێران وەک زۆرێک لە وڵاتانی سەربەخۆی دیکە، بووەتە قوربانیی پاوانخوازی و شەڕانگێزی.” عێراقچی لە درێژەی قسەکانیدا، وێڕای هەڕەشەکردن لە ئیمارات، لە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆدا بۆ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە، دانی بەوەدا نا کە کۆماری ئیسلامی هێرشی سەربازیی کردووەتە سەر ئیمارات و وتی: “هاوپەیمانیی ئێوە لەگەڵ ئیسرائیلیش نەیتوانی بتانپارێزێت. کەواتە پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆتاندا بکەن لە بەرامبەر کۆماری ئێراندا.” ئەو سەبارەت بە گەرووی هورمز لە چاوپێکەوتنێکدا چەواشەکارانە بانگەشەی ئەوەی کرد کە: “لە ڕوانگەی ئێمەوە گەرووی هورمز بە ڕووی سەرجەم کەشتییە بازرگانییەکاندا کراوەیە، بەڵام دەبێت ئەوان هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی ئێمەدا بکەن”. ناوبراو ئیماراتی بە هاودەستی لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند کە ئەم هاوکارییە لێخۆشبوونی بۆ نییە و دەبێت ئیمارات باجەکەی بدات.
ئەم چاوەڕوانییانەی عێراقچی لە کاتێکدایە کە هاوپەیمانیی بریکس توانای کارێکی لەم چەشنەی نییە و زۆرێک لە بەشداربووانی ئەو دانیشتنەش، هیچ مەیلیان بەلای گرتنەبەری هەڵوێستێک دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیلدا نییە. وەزیری دەرەوەی هیندستان لە یەکەم ڕۆژی دانیشتنی بریکس و لە وتاری دەستپێکدا ڕایگەیاند: “ئێمە لە سەردەمێکدا کۆ بووینەتەوە کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گۆڕانکاریی بەرفراوانیان بەسەردا هاتووە. ململانێ هەنووکەییەکان، ناسەقامگیریی دۆخی ئابووری و ئاستەنگەکانی بەردەم بازرگانی، تەکنەلۆژیا و ژینگە، خەریکە نەخشەی ئاسۆی جیهانی دادەڕێژن.” ئەو، ئەرکی بریکس و یارمەتیدانی وڵاتانی “لەحاڵی گەشەکردن”ـی لەم قۆناغەدا، بە دۆزینەوەی وەڵامێکی کاریگەر بۆ قەیرانە دارایی و تەندروستییەکان، و بەرزبوونەوەی نرخی وزە و خۆراک و کوودە کیمیاییەکان پێناسە کرد. ناوبراو بە گرتنەبەری هەڵوێستێکی پارێزکارانەوە، ڕایگەیاند کە هاتوچۆی بێکێشە و ئازادی کەشتییەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان و لەوانەش لە گەرووی هورمز، بۆ خۆشگوزەرانیی ئابووریی جیهان پرسێکی چارەنووسسازە، و هێرشکردنە سەر کەشتیی هیندستان لە ئاوەکانی عومانی بە کارێکی قبووڵنەکراو وەسف کرد. وەزیری دەرەوەی هیندستان وتی: “پێویستە بریکس هەڵوێست لە بەرامبەر پەرەسەندنی ڕێکاری زۆرەملێ و سەپاندنی گەمارۆی یەکلایەنە بگرێت کە پێچەوانەی مافە نێودەوڵەتییەکانە، و لەم ڕووەوە ڕۆڵێکی بنیاتنەر بگێڕێت. چونکە هەنگاوی لەم چەشنە ناتوانن جێگرەوەی دیالۆگ بن و شوێنی دیپلۆماسی بگرنەوە.”
ژماردنی ئەم ئەرک و هەڵوێستانە لە لایەن سەرۆکی ئەم دانیشتنەوە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتانی پێکهێنەری هاوپەیمانیی بریکس، لەوانەش چین و ڕووسیا لە کاتی دامەزراندنی لە ساڵی ٢٠٠٩دا، ڕایانگەیاندبوو کە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی گێڕانی ڕۆڵێکی گەورەوە، ئەو نەزمە جیهانییە بگۆڕن کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەژێر ڕکێف و هەژموونی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیدا بووە. بەڵام خێرایی پێشهاتە جیهانی و ناوچەییەکان و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووریی سەرمایەداری، بەرژەوەندی و قازانجی زلهێزە سەرمایەدارییەکانیشی خستووەتە مەترسییەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە