فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەرەسەندنی هەژاری و گرانی لەسەر بەستێنی بەردەوامیی کەشوهەوای جەنگیدا
شەممە ۰۲-۰۳-۱۴۰۵   |  23-05-2026

لەگەڵ بەردەوامیی دۆخی “نە شەڕ و نە ئاشتی” لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و کۆماری ئیسلامی لە لایەکی دیکەوە، دەرهاوێشتە و لێکەوتەکانی ئەم دۆخە لەسەر ژیان و بژێویی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی هەژار و دەستکورت، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر خۆی دەردەخات. دەرکردنی کرێکارانی لەسەرکار لەژێر ناوی “کەمکردنەوەی هێزی کار”، بە بیانووی بۆردومانی ناوەندە پیشەسازییەکان و لەکارکەوتنیان، یان بەهۆی نەبوون و کەمیی کەرەستەی خاوەوە، هەموو ڕۆژێک ژمارەیەکی زیاتر لە کرێکاران بێ هیچ جۆرە بیمە و قەرەبوویەک، بەرەو ڕیزی ملیۆنیی بێکاران پاڵ پێوەدەنێت. بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە پارێزگاکانی تاران، ئەلبورز، قەزوین، فارس و شوێنەکانی دیکەوە بڵاو کراونەتەوە، زۆرێک لە خاوەنکارەکان، بەتایبەتی دوای پشووەکانی نەورۆز، دەستیان داوەتە دەرکردنی کرێکاران. هەروەها بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە وەک یەکێک لە ژێرخانە ئابوورییەکان، سەدان هەزار هەلی کار لەناو چوون. لەم جۆرە هەلومەرجەدا، وەک چۆن پسپۆڕانی ئابووری خەمڵاندوویانە، هەڵاوسانی بێسنوور و داڕمانی بەهای ڕیاڵ بەهۆی شەڕەوە لە دوو مانگی ڕابردوودا، تێچووی سەبەتەی بژێویی ژیانی کە شۆرای باڵای کاری ڕژێم لە ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوودا بە ٤٥ ملیۆن تمەن دیاری کردبوو، گەیاندووەتە سەرووی ٧١ ملیۆن تمەن. بەم پێیە، تێچووی سەبەتەی بژێوی تەنیا لە ماوەی دوو مانگدا بە ڕێژەی ٧٨ لەسەد بەرز بووەتەوە و بە هەمان ڕێژەش هەژاری و برسیەتی پەرەی سەندووە.

ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە پاساوی بارودۆخی جەنگی، هەژارییەکی لەم شێوەیەی بەسەر ژیانی ملیۆنان بنەماڵەی کرێکاریدا سەپاندووە کە تا ئێستا شانسی ئەوەیان هەبووە کارەکەیان لەدەست نەدەن. سەرانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و سەرکردایەتیی سوپای پاسداران لە ناوەندی ئەم دەسەڵاتەدا، بە بەردەوامیدان بە سیاسەتی شەڕخوازانە، سامانی کۆمەڵگە کە بەرهەمی ڕەنج و ئارەقەی نێوچەوانی کرێکارانە، دەخەنە خزمەت درێژەدان بەم شەڕە کۆنەپەرستانە و تاوانکارانەیەوە، تاوەکوو خۆیان و دارودەستەکانیان لە سێبەریدا درێژە بە دەسەڵاتە دژەمرۆییەکەیان بدەن و ملیۆنان دۆلار بخەنە گیرفانیانەوە. سەرەڕای ئەمانەش، سەران و کاربەدەستانی ڕژێم، لەگەڵ بوونی هەڵاوسانی سێ‌ژمارەیی کاڵا و پێداویستییە ڕۆژانەکان، ئامۆژگاریی کرێکاران و جەماوەری خەڵک دەکەن کە پتر بەرگەی ئەم ڕیازەتکێشییە ئابوورییە بگرن و لە خواردن و بەکارهێنانی ئاو و کارەبا و گازدا دەستپێوە بگرن.

لەم پەیوەندییەدا، حەفتەی ڕابردوو، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ڕژێم، داوای لە خەڵکی ئێران کرد “بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتە ئابوورییەکانی شەڕ، لە خەرجییەکانیاندا دەستپێوە بگرن و یارمەتیی یەکتر بدەن”. موجتەبا خامنەییش لە حەشارگەکەی خۆیەوە و لەو پەیامانەی کە دەخرێنە پاڵی، قۆناغی ئێستای شەڕەکەی بە “شەڕی ئابووری” وەسف کردووە و داوای لە خاوەنکارەکان کردووە لە ئەگەری گونجاودا خۆ لە دەرکردنی هێزی کار بپارێزن. مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری بێ‌ئیرادە و بێ‌دەسەڵاتی حکومەتی ئیسلامیش، کە بەرەوڕووی کێشە و گرفتێکی بێشومار لە داخوازییەکانی خەڵک بووەتەوە، بە ئاماژەدان بە کورتهێنانی ڕۆژانەی ٥٠ ملیۆن لیتر بەنزین بەهۆی وێرانبوونی بەرفراوانی ژێرخانەکانی وزە لە ڕەوتی شەڕەکەدا و دژوارییەکانی هەناردەی نەوت و گرانی، داوای لە خەڵکی ئێران کرد “چاوەڕوانییەکانیان بهێننە خوارەوە و ڕاستییەکان قبووڵ بکەن”، بۆ ئەوەی بە قسەی خۆی “وڵات بتوانێت لە بەرامبەر دوژمندا خۆراگر بێت”. ئەم “ئامۆژگاری و ڕێنماییانەی” دەسەڵاتدارانی ڕژێم بۆ کرێکاران و خەڵکی هەژار لە کاتێکدایە کە خۆیان باش دەزانن ڕژێم لەنێو چ قەیرانێکی قووڵدا دەست و پێ لێدەدات و کرێکاران و جەماوەری دەستکورتی ئێران لە چ بارودۆخێکی پڕ لە هەژاری و گرانیدا دەژین.

لە وەها هەلومەرجێکدا گرژی و ناکۆکیی نێوان باڵەکانی نێو دەسەڵاتیش پتر ئاشکرا دەبن. مەسعود پزیشکیان باس لە وێرانبوونی بەرفراوانی ژێرخانەکانی وزە، کۆسپەکانی بەردەم هەناردەی نەوت بەهۆی شەڕەوە، و بێتوانایی حکومەت لە دابینکردنی تێچووەکان و دانی مووچە و حەقدەست دەکات، و چارەسەرەکەش لە سازش و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکادا دەبینێتەوە. ئەم هەڵوێستە ئاشکرایەی “سەرۆککۆماری ئیسلامی”، لەلایەن ناوەندی سەرەکیی دەسەڵات لە نێو سوپای پاسدارانەوە کە بە هەڵیت و پڵیت و درۆودەلەسە خۆیان بە براوەی جەنگ وەسف دەکەن و ساختەکارانە ڕاستییەکان چەواشە دەکەن، بەرپەرچ درایەوە و دەستبەجێ لە ماڵپەڕە حکومییەکان سڕدرایەوە. پزیشکیان ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی گوڵان، لە گردبوونەوەی پەیوەندییە گشتییەکانی دەزگا جێبەجێکارەکان لەژێر ناوی “ڕاویانی ئێران”، بەرگریی لە گێڕانەوەی ڕاستگۆیانە کرد و گێڕانەوەی فەرمیی ڕژێمی سەبارەت بە بێ‌کاریگەربوونی هێرشە سەربازییەکانی بە درۆ خستەوە و گوتی “ئەوەی ڕەوایەت و گێڕانەوەی درۆ بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت، شەیتانی بەسەردا زاڵ بووە”. پزیشکیان دانی بەوە دانا کە: “٢٣٠ ملیۆن مەتری سێجا گازی ئێمەیان پێکاوە، وێستگەی پترۆکیمیایی و فۆڵادی موبارەکەیان پێکاوە و خەریکە لەناو دەچن، ڕۆژانە ٥٠ ملیۆن لیتر بەنزینمان کورتهێناوە و بۆ دابینکردنی دەبێت دۆلار بدەین. ئایا هەر لە بنەڕەتدا دۆلارمان هەیە تا بیدەین؟ کەواتە ناتوانرێت ئیدیعا بکرێت کە دوژمن لە حاڵی لەناوچووندایە و ئێمەش لە گەشەسەندنداین. ئەگەر لەگەڵ ئەمریکادا گفتوگۆ نەکەین، دەبێت چی بکەین؟”

بەڵام پزیشکیان و کابینەکەی کە لە بەرامبەر ناوەندی دەسەڵاتی سوپای پاسداراندا هیچ ئیرادە و دەسەڵاتێکیان نییە، لە ئاست کرێکاران و جەماوەری خەڵک و پرسی هەژاری و گرانی و ژیان و بژێوییشیاندا، بەرپرسیارێتی لە کۆڵی خۆیان دەکەنەوە و لە خەڵک دەخوازن کە چاوەڕوانییەکانیان کەم بکەنەوە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا، ڕژێمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی هیچ کاتێک بەرپرسیارێتییەکی لە بەرامبەر ژیان و بژێویی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێش نەگرتووەتە ئەستۆ و مانەوەی حکومەتە ئیسلامییەکەی بە “واجبترین واجبات” زانیوە. دەسەڵاتدارانی ڕژێم بۆ مانەوەی خۆیان، تێچوویەکی خەیاڵییان بۆ شەڕهەڵگیرساندن لە ناوچەکە و ڕێکخستن و دابینکردنی پێداویستییەکانی گرووپە تیرۆریستییەکانی ناسراو بە “میحوەری موقاوەمە” تەرخان کردووە.

لە وەها هەلومەرجێکدا، ئەوەی بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە گرنگییەکی چارەنووسسازی هەیە، هۆشیارییە بەم زەروورەتەی کە ئەمجارە بە وەرگرتنی دەرس لە ئەزموونی شەڕ و وانە وەرگرتن لە ئەزموونی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکانی هەشت ساڵی ڕابردوو، بە شێوەیەکی هۆشیارانەتر و ڕێکخراوتر لە جاران، خەبات و تێکۆشان دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی درێژە پێبدەن و پەرەی پێبدەن. پێچەوانەی ستراتیژیی پاشایەتیخوازە فاشیستەکان و هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژوازییەکان، شەڕی دوازدە ڕۆژە و شەڕی چل ڕۆژە سەلماندیان کە خەون و خەیاڵی گەیشتن بە ئازادی و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری لە ڕێگەی دەستتێوەردان و هێرشی سەربازیی زلهێزە ئیمپریالیستییەکانەوە، تا چ ڕادەیەک بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران زیانبەخش و کوشندەیە. ئەزموونی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکانی هەشت ساڵی ڕابردوو و نیوەگیانکردنی کۆماری ئیسلامی، لە هەمان کاتدا کە سەلماندی ڕزگاریی کرێکاران و خەڵکی ئێران لە چنگ ئەم ڕژێمە تەنیا بە دەستی خودی خۆیان بەدی دێت، هاوکات ئەم حەقیقەتەشی وەبیر هێنایەوە کە حکومەتی ئیسلامی بەو پێکهاتەیەی هەیەتی، بە ناڕەزایەتییە خۆڕسکەکانی سەر شەقام و ڕاپەڕینە خۆبەخۆ و بێ‌ڕێکخراوەکان ناڕووخێت، بەڵکوو دەبێت پێداویستییەکانی ڕووخاندنی، بە واتای خۆڕێکخستن، پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری و وێناکردنێکی ڕوون لە مانای سەرکەوتن، دەستەبەر بکرێت. ئەم ئەزموونانە، هاوشێوەی تەواوی ئەزموونەکانی سەدەی بیستەم و سەدەی بیست‌ویەکەم، جارێکی دیکە ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی ئامادەیی ڕێکخراوەیی چینی کرێکار و بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئەم چینە لە گۆڕەپانی سیاسیی کۆمەڵگەدا، و هەروەها گرنگیی گرێدانی کارخانە و شەقام بۆ خولقاندنی هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییان پشتڕاست کردەوە.

alternative-shorai.tv