فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لۆژیکی سەرکوت لە گەمارۆی غەززە و ڕووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوەی هاوپشتیدا
دوشەممە ۰۴-۰۳-۱۴۰۵   |  25-05-2026

دەبێ «کەشتیگەلی گلۆباڵ سوموود» وەک نوێترین ئەڵقە لە زنجیرەی هەوڵە نێونەتەوەییەکان بۆ تێکشکاندنی گەمارۆی غەززە چاوی لێ بکرێت؛ هەوڵێک کە لە درێژەی بزووتنەوەی هاوپشتی لەگەڵ گەلی فەلەستیندایە و سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ «کەشتیگەلی ئازادی» لە ساڵی ٢٠١٠دا و لە ساڵانی دواتریشدا لە فۆرمی کەمپەینی هاوشێوەدا چەندین جار دووپات بووەتەوە. ئەم کەشتیگەلە لە بەهاری ٢٠٢٦دا، بە بەشداریی چالاکانی سیاسی، پزیشکان، هەڵسووراوانی دژەجەنگ و تۆڕەکانی هاوپشتیی وڵاتانی جۆراوجۆر ڕێکخرا. ئامانجی ئەم هەنگاوە، گەیاندنی کۆمەکە مرۆییەکان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو گەمارۆیە بوو کە دەوڵەتی ئاپارتایدی ئیسرائیل کردوویەتییە میکانیزمێکی هەمیشەیی بۆ کۆنترۆڵکردنی دانیشتووان و سەپاندنی سزای بەکۆمەڵ. گرنگیی ئەم دەستپێشخەرییە تەنیا لە لایەنە ڕەمزییەکەیدا کورت نابێتەوە؛ بەڵکوو دەریدەخات کە پرسی غەززە بووەتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی ململانێ لەسەر نەزمی سیاسی و یاسایی لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا. هەر لەم سۆنگەیەشەوە، کاردانەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل بەرامبەر بەم کەشتیگەلە مانای خۆی پەیدا دەکات. هێرشکردنە سەر کەشتییەکان، دەستبەسەرکردن و ڕفاندنی تیمەکانیان و ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە ئازار و ئەشکەنجەی هەڵسووراوان دەکەن، درێژەدەری هەمان ئەو لۆژیکەن کە هەر چەشنە هاوپشتییەکی سەربەخۆ لەگەڵ فەلەستین، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر نەزمی باڵادەست چاو لێ دەکات. لە وەها چوارچێوەیەکدا، تەنانەت ئەو کاروچالاکییانەش کە ماهییەتێکی تەواو ناچەکدارانە و مرۆڤدۆستانەیان هەیە، بە زمانی ئەمنی، هەڕەشە و سەرکوت وەڵام دەدرێنەوە. بڵاوبوونەوەی وێنەی هەڵسوکەوتی سووکایەتیپێکارانە لەگەڵ هەڵسووراوە دەستبەسەرکراوەکانیش نیشانی دەدات کە مەسەلەکە تەنیا ڕێگریکردن لە گەیشتنی کەشتییەکان بۆ غەززە نییە؛ بەڵکوو پیشاندانی ئەو «مستە ئاسنینە»یە کە هەوڵ دەدات هەر جۆرە دەنگێکی هەقخوازانە و هاوپشتییەک لەگەڵ گەلی فەلەستین، بە توندترین شێوە سەرکوت و کپ بکات.

ئەم ڕووداوە ناکرێت بەدەر لە ڕاپۆرتە نوێیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە زیندانەکانی ئیسرائیل شیکاریی بۆ بکرێت. لەم ڕاپۆرتەدا، جارێکی دیکە باس لە ئەشکەنجەدان، ئازاردانی سیستماتیک، توندوتیژیی سێکسی دژ بە زیندانییەکانی فەلەستین و لەسێدارەدان کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم تاوانانە بەشێکن لە میکانیزمێکی بەردەوام. هاوکات، هەزاران فەلەستینی لە هەلومەرجێکی دژەمرۆییدا و لەژێر ناوی «دەستبەسەرکردنی ئیداری»دا ڕاگیراون؛ میکانیزمێک کە ڕێگە بە دەوڵەتی ئیسرائیل دەدات تاوەکوو مرۆڤەکان بەبێ دادگاییکردن و تەنانەت زۆرجار بەبێ هیچ تۆمەتێکی ڕوون، بۆ ماوەیەکی نادیار لە کونجی زیندانەکاندا بهێڵێتەوە. لە وەها دۆخێکدا، زیندان دەبێتە ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی سیاسیی خاک و نەتەوەی داگیرکراو. یاساش، لێرەدا تەنیا وەک پۆشاکێکی دامەزراوەیی بۆ جێبەجێکردنی ئەو سەرکوتە کار دەکات. دەبێت ئەم هەلومەرجە لە گرێدراویی لەگەڵ ماهییەتی دەوڵەتی فاشیستیی ئیسرائیل و کارکردی توندوتیژی لە دۆخی داگیرکاری و پاوانخوازیدا تێبگەین. توندوتیژی لێرەدا لادان نییە لە سیستەمە باوەکە؛ بەڵکوو بەشێکە لە خودی نەزمەکە. کاتێک مانەوەی پێکهاتەیەکی سیاسی لەسەر کۆنترۆڵکردنی وڵات، مەهارکردنی جەماوەر و سەرکوتی ڕێکخراو دامەزرابێت، زیندان دەبێتە یەکێک لە بنەڕەتیترین ئامرازەکانی. ئەشکەنجەش، کارکردێکی فراوانتری هەیە بۆ بەرهەمهێنانی ترس، سووکایەتیی بەکۆمەڵ و تێکشکاندنی تۆڕەکانی بەرخۆدان لە دژی بارودۆخە زاڵەکە.

هەر بۆیە، دەبێ ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە ئەشکەنجەی سێکسی و ئازاردانی سیستماتیک وەک نیشانەکانی مۆدێلێکی حوکمڕانی چاویان لێ بکرێت. گرنگیی مەسەلەکە لەوەدایە کە ئەم مۆدێلە لە سەرکوتکردن، تەنیا لەنێو چواردیواریی زیندانەکاندا قەتیس نامێنێت. هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ تیمی کەشتیگەلی گلۆباڵ سوموود سەلماندی کە لۆژیکی توندوتیژی دەتوانێت بۆ نێو دەریا، بۆ کەمپەینەکانی فریاگوزاری و تەنانەت بۆ چالاکییە نێونەتەوەییەکانیش پەل بکێشێت. ئەم پەیوەندییەی نێوان سەرکوت لە زیندان و سەرکوت لە دەریادا ڕێکەوت نییە؛ هەردووکیان بەشێکن لە یەک سیاسەتی هاوبەش: پاراستنی گەمارۆکە، ڕێگریکردن لە دروستبوونی هاوپشتییەکی کاریگەر و کۆنترۆڵکردنی نەرەتیڤی (گێڕانەوەی) سیاسی. ئەگەر زیندان فەزایەک بێت بۆ هەڵپەساردنی مافەکان، ئەوا دەریاش بووەتە گۆڕەپانێک بۆ هەڵپەساردنی ئاسایش و پارێزبەندیی هەڵسووراوە نێونەتەوەییەکان. کاردانەوەی دەوڵەتانی ئەورووپی، هەرچەندە لە هەندێک حاڵەتدا تۆنێکی ڕەخنەگرانەی پێوە دیار بووە، بەڵام هێشتا لە ئاستی ناڕەزایەتییەکی ڕەمزی تێپەڕی نەکردووە. داواکاری بۆ سزادانی هەندێک لە بەرپرسانی ئیسرائیلی تەنیا کاتێک مانای دەبێت کە ببێتە هۆی ڕاگرتنی پشتیوانییە سیاسی، ئابووری و سەربازییەکان لەم سیاسەتانە. ئەگەرنا، هەڵوێستگرتنی لەم چەشنە زیاتر لەوەی ماهییەتێکی سیاسیی هەبێت، کارکردێکی دیپلۆماتیک و میدیایی دەبێت. ناکۆکی و پارادۆکسی سەرەکیش ڕێک لێرەدایە: ئەو دەوڵەتانەی کە لەوپەڕی دووڕووییدا خۆیان وەک پارێزەری مافەکانی مرۆڤ پێناسە دەکەن، لە پراکتیکدا ئامادە نین لە بەرامبەر پێکهاتەیەکدا کە ئەشکەنجە، گەمارۆ و دەستبەسەرکردنی دەرەوەی یاسای کردووەتە دامەزراوەیی، سنووری بەرژەوەندییە ژئۆپۆلەتیکییەکانیان ببەزێنن.

لەم ڕوانگەیەوە، دەبێ هەوڵدان بۆ تێکشکاندنی گەمارۆکە و کردنەوەی ڕێگەیەک بەرەو غەززە، لەگەڵ ئاشکراکردنی ئەو میکانیزمەی کە ئەم گەمارۆیەی بە زیندان و ئەشکەنجە و ڕشبگیرییە بەربڵاوەکان گرێ داوە، وەک دوو دیوی یەک قەیرانی هاوبەش چاو لێ بکرێن. دانانی ئەم دووانە لە تەنیشت یەکتر، وێنەیەکی ڕوونتر لە نەزمی باڵادەست دەخاتە ڕوو؛ نەزمێک کە تێیدا کۆنترۆڵکردنی جەستەکان، خاکەکان و هاتوچۆکان بەشێوەیەکی هاوکات جێبەجێ دەکرێت. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە شیکاریی پەتیی «مافی مرۆڤ» لە ڕوونکردنەوەیدا دەستەوەستان دەمێنێتەوە، بەڵام «شیکاریی سیاسی ـ چینایەتی» دەتوانێت لۆژیکە ناوەکییەکەی ئاشکرا بکات. گرنگیی ئەم پرسە لەوەدایە کە دەریدەخات فەلەستین تەنیا کێشەی نەتەوەیەکی ژێردەستە و داگیرکراو نییە، بەڵکوو یەکێکە لە گۆڕەپانە عەینییەکانی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی نەزمی نایەکسانی جیهانی. گەمارۆی غەززە، زیندانەکانی ئیسرائیل و سەرکوتکردنی هەڵسووراوە نێونەتەوەییەکان، هەموویان لەنێو تۆڕێک لە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکاندا کار دەکەن کە بەبێ پشتیوانیی ئیمپریالیزمی ئەمریکا و بێ‌هەڵوێستیی دامەزراوە نێونەتەوەییەکان، نەیاندەتوانی بەردەوام بن. هەر بۆیە، بەرگریکردن لە گەلی فەلەستین تەنیا بەرگریکردن نییە لە قوربانییانی داگیرکارییەکی سەربازی، بەڵکوو بەرگریکردنە لە گەلێک کە لە بەرامبەر لۆژیکی هەژمۆنی و سەرکوت لە نەزمی جیهانیی هاوچەرخدا، بۆ مافە مرۆییەکانی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی خەبات دەکات. لە کۆتاییدا، ئەوەی ئەمڕۆ هەم لە دەریادا و هەم لە زینداندا ڕوو دەدات، دوو ڕوخسارن لە یەک میکانیزمی هاوبەش؛ میکانیزمێک کە مانەوەی خۆی لە داگیرکاری، جینۆساید، ئەشکەنجە، کوشتار، سەپاندنی توندوتیژی و سووکایەتیکردن بە مرۆڤدا دەبینێتەوە. کەواتە، هاوپشتی لەگەڵ کەشتیگەلەکانی تێکشکاندنی گەمارۆی غەززە و لەقاودانی ئەشکەنجە لە زیندانەکاندا، بەشێکە لە هەڵوێستێکی سیاسیی ڕوون لە دژی سیستەمێک کە داگیرکاری، جینۆساید و سەرکوتی کردووەتە بنەمای حوکمڕانی.