
دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی بە نێوەندگیریی پاکستان بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر چوارچێوەی “یادداشتێکی لێکتێگەیشتن” بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی شەڕ، بەهۆی لێدوانە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی هەردوو دەوڵەتەوە کەوتووەتە ناو تەمومژەوە. ئەم یادداشتە درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ لەخۆ دەگرێت و بڕیارە لەم ماوەیەدا شەڕ لە سەرجەم بەرەکاندا بوەستێت و هەردوولا وێڕای ئەنجامدانی کۆمەڵێک هەنگاو، هەوڵ بدەن لەسەر پرسەکانی دیکەی وەک بەرنامەی ناوکی، مووشەکی و هێزە بەوەکالەتەکان بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی و شەڕ بە یەکجاری کۆتایی پێ بهێنن. بەپێی ڕاپۆرتی واشینگتۆن پۆست، هەنگاوە سەرەتاییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا بریتییە لە کردنەوەی گەرووی هورمز و ئاساییکردنەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان بۆ دۆخی پێش شەڕ. لەم یادداشتەدا مەرج دانراوە کە کۆماری ئیسلامی بەڵێن دەدات دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێنراو ببێت و چەکی ناوکیی نەبێت. لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە بڕیارە ئەمریکا ١٢ ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانە دەستبەسەرکراوەکانی ئێران ئازاد بکات. بەڵام ئاژانسی هەواڵی فارس، سەر بە باڵی بناژۆخوازان و سوپای پاسداران، ڕۆژی یەکشەممە نووسی کە ئەمریکا لە ئازادکردنی سامانە دەستبەسەرکراوەکانی ئێراندا “پاشگەز بووەتەوە و هەوڵ دەدات ئەم سەرچاوانە بکاتە قەرز و بۆ داهاتووی هەڵگرێت. ئەمە هێڵی سوورە و بەرپرسان لێی پاشەکشە ناکەن”.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئێوارەی یەکشەممە سێی جۆزەردان، ترامپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیدا نووسی کە ڕێککەوتنەکە بەتەواوی نەکراوە و هیچ کەس نەیبینیوە. هەروەها بە نوێنەرە دیپلۆماتیکەکانی خۆی لە دانوستانەکاندا فەرمانی داوە کە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران پەلە نەکەن و گوتوویەتی “کات لە قازانجی ئێمەیە و گەمارۆدانی کۆماری ئیسلامی لە گەرووی هورمز تا دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەش بەردەوام دەبێت. من تەنیا ڕێککەوتنێک واژۆ دەکەم کە تێیدا بگەینە هەموو ئەو شتانەی کە دەمانەوێت”. ئەمە لە کاتێکدابوو کە هەمان ڕۆژ مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە ئەمڕۆ یان سبەی هەواڵی پەیوەندیدار بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بڵاو دەبێتەوە. سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاند کە بڕیارەکەی ترامپ بۆ ڕاگرتنی نوێنەرەکانی لە واژۆکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ناتانیاهۆ دراوە. ناتانیاهۆ لەم بارەیەوە جەختی کردەوە کە لەگەڵ دۆناڵد ترامپ هاوڕان لەسەر ئەوەی هەر جۆرە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەبێت ببێتە هۆی بنەبڕکردنی تەواوەتی هەڕەشەی ناوکی. بەم مانایە، هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی پیتاندنی ناوکی و بردنەدەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران، دەبێت مەرجی سەرەتایی هەر ڕێککەوتنێک بێت. بەم جۆرەش ئەمریکا لە ڕەوتی ڕێککەوتنێکی لەم چەشنەدا دژایەتی دەکات و کۆسپ دەخاتە سەر ڕێگەکەی.
بەڵام لە لایەکی دیکەوە، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و میدیاکانی سەر بە ڕەوتە بناژۆخوازەکانیش، بە پێداگری لەسەر درێژەدان بە سیاسەتەکانی تا ئێستایان، هەوڵ دەدەن ڕێگری بکەن لە گەیشتن بە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ. ڕۆژی شەممە دووی جۆزەردان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕژێم، ڕایگەیاند کە: “پشتیوانیکردن لە حیزبوڵڵای لوبنان هەروا بەردەوامە و یەکێک لە مەرجەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، دامەزراندنی ئاگربەست دەبێت لە لوبنان. ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەش لەم هەلومەرجەدا لە پەیامێکدا بۆ نەعیم قاسم، ڕێبەری حیزبوڵڵا، جەختی کردەوە کە یارمەتی و پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ حیزبوڵڵا درێژەی دەبێت”. ئاژانسی هەواڵی فارس، سەر بە سوپای پاسداران، لە بابەتێکدا پێداگری لەسەر کۆنترۆڵی تەواوەتیی کۆماری ئیسلامی بەسەر گەرووی هورمز و وەرگرتنی باج لە کەشتییەکان کرد و گوتی تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لەم گەرووەوە وەک پێشوو نابێت.
لەم پەیوەندییەشدا فەرماندەکانی سوپای پاسداران بە هەڵیت و پڵیت و هەڕەشەی بێبنەما و پاوانخوازییەکانیانەوە، هەوڵ دەدەن دژی هەر ڕێککەوتنێک بوەستنەوە کە ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئاستەنگی بۆ دروست بکەن. ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، ڕۆژی یەکشەممە سێی جۆزەردان ئیدیعای کرد کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان و هەر چەشنە دەستدرێژییەکی دووبارەی دوژمن بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، ڕووبەڕووی وەڵامێکی کاولکەر و جەهەننەمی لە قەبارەی دەرەوەی ناوچەکەدا دەبێتەوە. فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیاش کە بەرپرسیارێتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەم شەڕەی ئێستادا لەئەستۆیە، بە هەڕەشەکردن لە ئەمریکا و ئیسرائیل و بە مەدح و سەنای ئەوەی پێی دەڵێن “مۆدێلی نوێی شەڕ”، ڕایگەیاند کە لەسەر بنەمای “ستراتیژییەکانی ڕێبەر بۆ بەڕێوەبردنی کەنداوی فارس و گەرووی هورمز”، بەرنامەیان هەیە و ئیتر ڕێگە نادەن ئەزموونە تاڵە مێژووییەکە دووبارە ببێتەوە و ئامادەی وەڵامێکی قورس و جەهەننەمین بۆ هەر جۆرە دەستدرێژییەک.
ناوبراو ئەم مۆدێلەی بە ئەزموونێکی ئیلهامبەخش بۆ هێزەکانی “میحوەری موقاوەمەت” و سەرجەم موسڵمانانی جیهان ناوبرد. هەڵبەتە ئەم مۆدێلە تا ئێستا جگە لە شەڕانگێزی و هێرشی درۆن و مووشەکبارانکردنی وڵاتانی دراوسێ و دروستکردنی کۆسپ بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان لە ڕێڕەوی ئاوی گەرووی هورمز و شوێنەکانی دیکە لەلایەن گرووپە ئیسلامییەکانی جێی پشتیوانیی کۆماری ئیسلامییەوە، هیچ شتێکی دیکە نەبووە. سوپای قودسی پاسداران تا ئێستا لە ئێران و لوبنان و سووریا و شوێنەکانی تر، ئەم “مۆدێلە ئیلهامبەخشە”ی بە سەپاندنی تێچووی زەبەلاح بەسەر سفره و بژێویی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی ئێراندا بردووەتە پێشەوە و بووەتە هۆی زیانێکی بێشوماری گیانی و دارایی و وێرانی و ئاوارەیی، و هەژاری و بێکاریی لە ئاستی ناوچەکەدا قوڵتر کردووەتەوە.
ئەگەرچی ئەم ئاگربەستە لەرزۆکە و ئەم دۆخەی نە شەڕ و نە ئاشتییە، بە هۆکاری واقیعی و بابەتی ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوام بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەرئەنجامی ئەم جۆرە سیاسەت و هەڵوێستگیرییانە لەلایەن هەردوو جەمسەری ئەم شەڕە تاوانكارانەیەوە، هێشتا ئاسۆی گەیشتن بە ڕێککەوتن و کۆتاییهاتنی یەکجاریی شەڕی لەناو تەمومژدا هێشتووەتەوە. ئەگەر مافیای دەسەڵات لەناو پێکهاتەی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامیدا قازانج لە درێژەکێشانی شەڕ دەبات، بێگومان دەرهاوێشتە وێرانکەرەکانی شەڕ بەتایبەتی لە ئێران و وڵاتانی ناوچەی کەنداو، کار و ژیان و بژێویی کرێکاران و توێژە چەوساوە و بێبەشەکانی کۆمەڵگا ڕووبەڕووی مەینەتی و سەختیی زیاتر دەکاتەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا، کرێکاران، زەحمەتکێشان و توێژە ژێردەستەکانی کۆمەڵگا، بۆ سەنگەربەندی لە بەرامبەر پەلاماری ڕژێم بۆ سەر کار و ژیان و گوزەرانیان، هیچ ڕێگەیەکیان لەبەردەمدا نییە جگە لە پەرەپێدان و فراوانکردنی خەباتە یەکگرتووەکانیان.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە