
ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەروا بەردەوامە لە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ بەندکراوانی سیاسی و، تاوانەکانی خۆی لەژێر پاساوی ‘بەرگری لە ئاسایشی گشتی لە بەرامبەر دزەکردنی دوژمنانی دەرەکی’، هەروەها ئێعدامی زیندانییان و تاوانبارانی ئاسایی لەژێر پەردەی ‘ڕێگریکردن لە تاوانکاری و دابینکردنی مافی هاووڵاتییان’دا ئەنجام دەدات. زیندان و ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی نەیارانی سیاسی، هەر لە سەرەتای بەدەسەڵاتگەیشتنی حکوومەتی ئیسلامییەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات، یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدارییەتیی ئەم ڕژێمە تاوانکارە بووە. بەڵام ئەمڕۆکە، لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی شەڕ و قەیرانی مەرگ و نەماندا دەستەویەخەیە، زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام بووەتە ڕەمزی مانەوە و درێژەکێشانی تەمەنی ئەم ڕژێمە. تەنانەت کاتێک تاوانبارە ئاساییەکانیش لەسێدارە دەدات، ئامانجی تۆقاندنی کۆمەڵگە و چاوترسێنکردنی نەیارانی سیاسییە. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو دڕندەیی و وەحشیگەرییەی کە ڕژێم لە خۆی نیشانی دەدات، ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ئەم ڕاستییەیە کە شەپۆلی ئێعدام و سەرکوت نەیتوانیوە کۆمەڵگە چاوترسێن بکات و، خەبات دژی سزای لەسێدارەدان و بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی بەردەوامە. ژنان و پیاوانی بەندکراوی سیاسی، ئەم مرۆڤە ئازا و ئازادیخوازانە، بە ڕێکخستنی هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە” لەپشت شیشەکانی زیندانەوە، دەمێکەئاڵای خەبات دژی سزای لەسێدارەدانیان شەکاندووەتەوە.
هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە” کە لە ٥٦ زیندانی ئێراندا درێژەی هەیە، لە سەد و بیست و دووەمین هەفتەی مانگرتن لە خواردندا، لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە لە ڕێکەوتی سێشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥، جارێکی دیکە بانگەوازی ئاراستەی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە لە خەبات دژی تراژیدیای ئێعدام، لە تەنیشت خەڵکی ئێران و خواستی ئەوان بۆ ئازادی و دادپەروەری و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەداندا بوەستن. لە دەقی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە:
«شەپۆلی ئێعدامە سیاسییەکان هەروا بەردەوامە. لە هەفتەی ڕابردووەوە تا ئێستا، دوو بەندکراوی سیاسی و هاووڵاتیی کورد، “ڕامین زەلە” و “کەریم یەعقووبپوور” و گەنجێکی دیکە بە ناوی “عەباس ئەکبەری فەیزئابادی” کە لە خۆپیشاندەرانی مانگی بەفرانبار بوو، بێبەزەییانە بە پەتی سێدارەوەکران. زیندانییەکی دیکەش بە ناوی “موجتەبا کیان” بە تۆمەتی سیخوڕی ئێعدام کرا. تۆمەتێک کە وەک هەمیشە بە بێ بوونی مافی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە، بووە هۆی لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتییانە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لانیکەم ٧٢ کەس ئێعدام کراون، کە زیاتر لە ٢٥ کەسیان بەندکراوی سیاسی – ئەمنییەتی بوون. سەرەڕای ئەم حاڵەتانەی ئاماژەیان پێ درا، دەیان و سەدان زیندانیی بێناوونیشانی دیکە لە زیندانە جیاوازەکاندا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە و چاوەڕێی مەرگن. لەم هەفتەیەی دواییدا، سزای ئێعدامی بەندکراوی سیاسی “مەنووچێهر فەلاح” لە زیندانی لاکانی ڕەشت پاش ئەوەی پێشتر هەڵوەشابووەوە، دووبارە پشتڕاست کرایەوە. هەروەها سزای ئێعدامی “ڕووحوڵڵا کەرکی” لە زیندانی شەیبانی ئەهواز و سزای ئێعدامی بەندکراوانی سیاسی: میلاد ئارموون، نەوید نەجاڕان، مەهدی ئیمانی و سەید محەممەدمەهدیحوسێنی، تۆمەتبارانی دۆسیەی ناسراو بە “شارۆچکەی ئێکباتان”، پشتڕاست کراوەتەوە و گیانیان بەتوندی لە مەترسیدایە.
لە بەرامبەر ئەم ئێعدامانەدا، هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە” سەد و بیست و دوو هەفتەیە لە زیندانەکاندا خۆڕاگرییان کردووە. لەوانەش بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین، کە هەموو سێشەممەیەک وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەم ئێعدامانە دروشم دەدەن و، هەر بەم هۆیەوە لەلایەن ئیدارەی زیندانەوە مافی چاوپێکەوتنیان لێ زەوت کراوە و لە پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون. مێژووی هاوچەرخی ئێران پڕە لە سیمای خۆڕاگر و خەباتکاری ئەو ژنانەی کە بۆ گۆڕانکاری، تەنانەت گیانی خۆشیان لەپێناو ڕێگەی ئازادی و یەکسانیدا بەخت کردووە و بوونەتە نەمر و هەرمان. بەتایبەتی لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا و لە ڕاپەڕینەکانی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨، شۆڕشی ژینا لە ١٤٠١ و ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤، ژنان یەکێک بوون لە هێزە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکانی نێو ڕیزی پێشەوەی خەبات. بزووتنەوەی دادخوازی، پڕە لە ناوی ئەو ژنانەی کە دژی ئێعدام ڕاپەڕیوون و لە بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی “نابۆ سێدارە” ڕۆڵی جدییان گێڕاوە.»
لە بەیاننامەی هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە”دا جەخت لەوە کراوەتەوە کە «ژنانی خۆڕاگر لە زیندانە جیاوازەکاندا، هەمیشە هاواری ئازادی و مافی ژیانیان بەرز کردووەتەوە، هەر بۆیە دەسەڵات تەنانەت ناتوانێت دەنگی ژنانیش تەحەمول بکات، چونکە دژایەتیکردنی ژنان هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە یەکێکبووە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی حوکمڕانیی ئەم ڕژێمە.»
لە هەلومەرجی هەنووکەییدا کە هیچ ئاسۆی ڕوونێک بۆ کۆتاییهاتنی یەکجاریی شەڕی نێوان دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بەدی ناکرێت، توندتربوونەوەی سەرکوت و ئێعدامەکانی ئەم دواییە دەبێت لە گرێدراوی لەگەڵ مەترسیی داڕمانی ئابووری، پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، قووڵبوونەوەی قەیرانی ڕەوایی سیاسی، درز و لێکترازانی نێو باڵەکانی دەسەڵات، هەروەها داماوی و بێتوانایی ئایدیۆلۆژیک بۆ پێدانی ڕەوایی بە دۆخی ئێستا، لێک بدرێتەوە. لە وەها بارودۆخێکدا، پەرەپێدانی سەرکوت، هەم وەک ستراتیژیی مانەوە و هەم وەک تاکتیکێک، بووەتە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان. ئەم ئێعدامە بەرنامەبۆداڕێژراوانە، زیاتر لەوەی نیشانەی هێز بن، دەربڕی لوتکەی قەیرانی ڕەوایی ڕژێمی ئیسلامی و داماوییەلەئاستوەڵامدانەوە بە داواکارییەکانی کۆمەڵگە. ئێستا و لە کاتێکدا کە بەندکراوان ڕووبەڕووی نەبوونی جێگە، کەمبوونی خۆراک و خزمەتگوزارییە سەرەتایی و تەندروستییەکان بوونەتەوە، هێشتاکە هەزاران کەس لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی بەفرانباری ١٤٠٤ لە زیندانەکاندان. ڕژێمی تاوانکاری ئیسلامی بۆ چاوترسێنکردن و تۆقاندنی کۆمەڵگە، ئەم زیندانییانەی وەک بارمتە گرتووە، داسی مەرگی بەسەر سەریاندا هەڵواسیوە و هەفتانە ژمارەیەکیان لەسێدارە دەدات.
لە بارودۆخی ئێستادا، پەرەپێدانی بزووتنەوەی هاودڵی و هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵەی بەندکراوانی سیاسی لە نێوخۆی ئێران و، پشتیوانی و هاوپشتی لەگەڵ “هەڵمەتی نابۆ سێدارە” کە ئاڵاکەی لەپشت شیشەکانی زیندانەوە هەڵدراوە، زیاتر لە جاران پێویستییەکی هەنووکەیییە. لە دەرەوەی وڵاتیش، پێویستە سەرجەم هێزەکان و مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان، دەست لەناو دەست و بە ڕێکخستن و وەڕێخستنی هەڵمەتیسیاسی، ڕژێمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی بۆ کۆتاییهێنان بە سێدارەکان و ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی بخەنە ژێر گوشارەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە