فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕێکخراوی جیهانیی کار، هاودەستی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران لە دژی کرێکاران
شەممە ۰۹-۰۳-۱۴۰۵   |  30-05-2026

سەد و چواردەیەمین کۆنفرانسی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە ڕۆژانی ١ تا ١٢ی ژوئەنی ٢٠٢٦ لە شاری ژنێڤی سویس بەڕێوە دەچێت. کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی ئەم ڕێکخراوەیە لە هەلومەرجێکدا بەڕێوە دەچێت کە لێکەوتەکانی شەڕی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ئاسایش، کار، ژیان و بژێوی و خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆرینەی خەڵکی ئێران و وڵاتانی ناوچەی کەنداوی خستووەتە دۆخێکی یەکجار دژوارترەوە. حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران کە بەرەیەکی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەیە، بە بیانووی ئەم شەڕەشەوە، کار و ژیان و مان‌ونەمان و خەباتی ئەم چینە و زۆرینەی خەڵکی ئێرانی زیاتر لە جاران خستووەتە نێو مەنگەنەوە. ئەم شەڕە بە کۆمەڵکوژیی هەزاران کەس و ئاوارەیی و وێرانکردنی ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، پچڕاندنی ئینتەرنێت و بێکارکردنی زیاتر لە سێ ملیۆن کرێکار و پەرەپێدانی شەپۆلی سەرکوت و لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی، نەک هەر بنەماکانی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتیی خستووەتە بەر پەلامار، بەڵکوو بە پەراوێزخستنی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی دیکە، ڕەوتی گەشەسەندنی ئەم بزووتنەوانەی لە بواری خۆڕێکخستن و سازمانیابیدا تووشی وەستان کردووە.

ڕێکخراوی جیهانیی کار هەموو ساڵێک شاندێک لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە وەک نوێنەری کرێکارانی ئێران لە کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆیدا وەردەگرێت، کە نەک هەر نوێنەری کرێکاران و پارێزەری مافەکانی چینی کرێکار نین لەم کۆبوونەوەیەدا، بەڵکوو لەو مۆرە و کارگێڕە حکوومییانەن کە هەوڵ دەدەن حەقدەستی چەندین هێندە خوارتر لە هێڵی هەژاری، بێبەشبوونی چینی کرێکار لە مافە سەرەتاییەکانی خۆی وەک مافی پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری و مافی مانگرتن، هەروەها ڕاوەدوونان و گرتن و بەندکردنی هەڵسووڕاوانی کرێکاری پەردەپۆش بکەن و حاشای لێ بکەن. ئەوان هەروەک لە ڕابردووشدا نیشانیان داوە، نەک هەر سەبارەت بە یاسا دژەکرێکارییەکانی کۆماری ئیسلامی و شەپۆلی بێکارکردنەکان و ئەو نەهامەتییانەی کە ئەم ڕژیمە بە بیانووی شەڕەوە بەسەر چینی کرێکاری ئێرانی سەپاندووە هیچ قسەیەک ناکەن، بەڵکوو ئەگەر لەلایەن شاندەکانی دیکەشەوە پرسیارێک لەم بارەیەوە بێتە ئاراوە، پاساو بۆ بێمافییەکان دەهێننەوە و ڕاستییەکان دەشارنەوە. ڕێکخراوی جیهانیی کار لە کاتێکدا نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لەم کۆبوونەوەیەدا وەردەگرێت کە زۆر باش دەزانێت ئەم ڕژیمە پابەند نییە بە هیچ یەک لە بڕیارنامەکانی ئەم ڕێکخراوەیە، وە لە ئێراندا هەڵسووڕاوە ناسراوەکانی بەرگریکار لە مافە سەرەتایی و پەسەندکراوەکانی کرێکاران (کە لەلایەن خودی ئەم ڕێکخراوەوە پەسەند کراون)، دەخرێنە ژێر چاوەدێرییەوە، لە زیندانەکاندان و ئەشکەنجە دەدرێن.

سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک لە ڕێکخراوە کرێکارییە جیهانییەکان، کۆماری ئیسلامی لەپای ئەو زەخت و زۆردارییە سەپێندراوانەی کە بەرانبەر بە کرێکاران دەیکات، مەحکووم دەکەن، بەڵام لە بەرانبەردا، ڕێکخراوی جیهانیی کار بێباکانە لە ئاست ئەم هەموو ناڕەزایەتییە نێونەتەوەییە، وەک باوی هەموو ساڵێک، چەند مۆرەیەکی حکوومەتی لەگەڵ ژمارەیەک خاوەنکاری سەرمایەدار و چەند کەسێک لە دارودەستە و نۆکەرانی “خانەی کرێکار” و “شۆرا ئیسلامییەکانی کار”، بە ناوی “نوێنەری کرێکاران” لە کۆبوونەوەی خۆیدا وەردەگرێت بۆ ئەوەی لە داڕشتنی بڕیار و بڕیارنامەکانی ئەم ڕێکخراوەیەدا دەوریان هەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هیچ قۆناغێکدا نەک هەر لە پێناو وەدیهێنانی پەیماننامە و گرێبەستەکانی ئەم ڕێکخراوەیەدا هیچ هەنگاوێکی هەڵنەگرتووە، بەڵکوو سەرەتاییترین مافەکانی کرێکارانیشی پێشێل کردووە.

لە ساڵانی دواییدا، بۆشایی ئامادەنەبوونی نوێنەرانی ڕاستەقینەی کرێکاران لەم کۆنفرانسەدا، لەلایەن بەرگریکارانی بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران بە ئامادەبوونی پڕجۆش و خرۆشیان لە بەردەم بینای شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە و بە سازدانی میتینگە ناڕەزایەتییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی شوێنی بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفرانسە پڕ کراوەتەوە. ئەمساڵیش لە ئاکامی هەوڵەکانی (کۆمیتەی سەرتاسەریی بەڕێوەبردنی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ژنێڤ) و بەدوای داواکاری لە سەندیکا و یەکێتییە کرێکارییەکان بۆ ڕاگەیاندنی هاوپشتی لەگەڵ خەباتی کرێکاران لە ئێران و پشتیوانیکردن لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی ٥ی ژوئەن، کە هاوکات لەگەڵ کۆنفرانسی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە بەردەم بارەگای ئەم ڕێکخراوەیە لە ژنێڤ بەڕێوە دەچێت، تا ئێستا ژمارەیەک لە یەکێتی و سەندیکا کرێکارییەکان لە ئەورووپا کە خاوەنی ملیۆنان ئەندامن، بەدەم ئەم بانگەوازەوە چوون و پشتیوانیی خۆیان بۆ کرێکارانی ئێران و گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکە دەربڕیوە، چ بە ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ بەشداریکردن لە میتینگەکەدا و چ لە ڕێگەی ناردنی پەیامی نووسراو و دەنگییەوە.

لە کاتێکدا کەمپەینی نێونەتەوەیی ناڕەزایەتی دەربڕین دژی بەشداریکردنی شاندە نێردراوەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ نێو ئەم کۆنفرانسە بەردەوامە، ژمارەیەک لە ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە ئێران، لەوانە سەندیکای کرێکارانی نەی‌شەکەری حەوت تەپە، گرووپی یەکگرتوویی خانەنشینان، کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، و کرێکارانی خانەنشینکراوی خوزستان، لە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لە پەیامێکدا بۆ کرێکاران و یەکێتییەکان و ڕێکخراوە کرێکارییەکانی هەموو وڵاتان ڕایانگەیاند:
«کۆماری ئیسلامی وەکوو یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی جیهانیی کار، هەرگیز بڕیارەکانی کۆنڤانسیۆنەکان، پەیماننامەکان و یاسا بنچینەییەکانی کاری ڕەچاو نەکردووە و بچووکترین ڕێز و پێبەندییەکی بۆیان نەبووە. سەرەڕای هۆشداریدان و وشیارکردنەوەکانی هەڵسووڕاوان و ڕێکخراوە کرێکارییە سەربەخۆکانی ئێران و جیهان، دامەزراوەکانی سەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک “کانوونی باڵای شۆرای ئیسلامیی کار” لە بری نوێنەرانی سەربەخۆ و ڕاستەقینەی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، نوێنەرانی خۆیان دەنێرنە کۆنفرانسی ساڵانەی ڕێکخراوی جیهانیی کار. جێگای داخە کە ئەم مۆرە و کەسانەی سەر بە ڕژیم و پێشێلکارانی مافەکانی کرێکاران تەنانەت توانیویانە پلەیان بەرز ببێتەوە بۆ ئەندامێتی لە دەستەی بەڕێوەبەری و کۆمیتەکانی دیکەشدا. هەر بۆیە ئێمە، وەکوو بەشێک لە کرێکاران و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران و خانەنشینان، خوازیاری دەرکردنی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامین لە ڕێکخراوی جیهانیی کار و داواکارین نوێنەرانی ڕاستەقینە و سەربەخۆی کرێکاران لەم ڕێکخراوەیەدا بەشدار بن».

سەرەڕای هەموو ئەم ناڕەزایەتییانە، لەبەر ئەوەی ڕێکخراوی جیهانیی کار لە بنەڕەتدا بەدوای دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانی ئەندامی ئەم ڕێکخراوەیەدایە، بە باوەشی ئاوەڵاوە پێشوازی لە شاندەکانی کۆماری ئیسلامی دەکات لە کۆبوونەوەی ساڵانەی خۆیدا. ئەم ڕێکخراوە جیهانییە، ڕێگە دەدات نوێنەرانی ڕژیمی دژەکرێکاری کۆماری ئیسلامی و دامەزراوەکانی سەر بەو ڕژیمە، وەک نوێنەری کرێکاران تێکەڵ بە باس و گفتوگۆکان ببن و لە بڕیارەکانی کۆبوونەوەکەدا بەشدارییان پێ دەکات و بەم شێوەیە، ئەم ڕێکخراوەیە لە کرداردا بۆ پێشێلکردنی مافەکانی چینی کرێکاری ئێران لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەبێتە هاودەست.