
لەگەڵ دەستپێکی شەڕی ٤٠ ڕۆژەی دەوڵەتانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ڕژیم لەپێناو درێژەدان بە تەمەنی خۆیدا، جارێکی دیکە ڕەوتی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزاکانی سێدارەی خێراتر کردووەتەوە. حکوومەتی ئیسلامی لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، هەزاران کەسی دەستبەسەر کردووە؛ زیاتر لە ٤٠ زیندانیی بێدەرەتانی بە مەبەستی زاڵکردنی کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگەدا لەسێدارە داوە؛ سزای مەرگیشی بۆ دەیان کەسی دیکە دەرکردووە، ئەویش بە تۆمەتی بێبنەما و سواوی وەک “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل”، “هەوڵدان دژی ئاسایشی ناوخۆ”، “هاوکاریکردنی دوژمن لە ڕێگەی ناردنی وێنە و زانیاری بۆ میدیا بەناو دژبەرەکان”، “موحارەبە”، “بەغی”، “ئەندامێتی یان هاوکاریکردنی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان”، “جیاخوازی” و هتد.
ئەم ڕژیمە گەندەڵە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، لە بەرامبەر هەر ڕاپەڕینێکی ناڕەزایەتیی جەماوەری و چینایەتیدا دژی حکوومەت، هەروەها دوای هەر شکست و ناکامییەک لە شەڕەکاندا، پەلاماری گیانی زیندانییان بەگشتی و زیندانییانی سیاسی بەتایبەتی داوە؛ تاوەکوو بە خەیاڵی خاوی خۆی لە ڕێگەی دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا، ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ناڕازی بۆ بەدیهێنانی ویست و داواکارییەکانیان بە چۆکدا بهێنێت. بەم جۆرە، کۆماری ئیسلامی سەرکوت و سێدارە هەم وەک ستراتیژی و هەم وەک تاکتیکێک بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتەکەی بەکار دەهێنێت. لەم ڕوانگەیەوە، دەزگای قەزایی ڕژیم بە سەرۆکایەتیی جەللاد “غولامحوسێن موحسینی ئەژەیی”، لە میانەی دادگاییکردنە نمایشییە چەند خولەکییەکاندا، تەنانەت بێ ڕەچاوکردنی یاسا درۆینەکانی خودی کۆماری ئیسلامی و بێ ئەوەی مافی بەرگریکردن بداتە تۆمەتبار یان پارێزەرەکەی، تەنیا بە پشتبەستن بە وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە کە لەژێر ئەشکەنجەی هاوشێوەی سەدەکانی ناوەڕاستدا وەرگیراون، سزای قورسی زیندان و سێدارە دەسەپێنێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە حوکمەکانی سێدارە لە دادگا داخراو و نائاشکراکاندا، لەلایەن دادوەرەکانی مەرگی لە چەشنی “سەڵەواتی” و لە هەلومەرجی بڕینی ئینتەرنێتدا دەردەکرێن و خاوەنی هیچ جۆرە ڕەوایەتییەکی یاسایی و قەزایی نین، بەڵکوو ئەمانە حوکمی سیاسین.
قووڵبوونەوە و پەرەسەندنی قەیرانەکان و ململانێ ناوخۆییەکان، بەتایبەتی قەیرانی ئابووری، بێکاری، گرانی، هەڵاوسان، دابەزینی بەهای ڕیاڵ و کەمبوونەوەی توانای کڕینی کرێکاران و توێژە هەژار و چەوساوەکانی کۆمەڵگە، لەپاڵ ئاسۆی تاریک و لێڵی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل، نیگەرانییەکانی ڕێبەران و ناوەندی بڕیاردانی فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی لە سەرهەڵدانی تەقینەوەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی دوو هێندە کردووە. هەر بۆیە لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت ئەو زیندانییانەشی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا دەستبەسەر کرابوون و سزای زیندانیان بەسەردا سەپابوو، سەرلەنوێ لە دادگای بەناو “شۆڕش”ـدا دادگایی کراون و حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.
بێگومان دیاردەیەکی لەم چەشنە کە نیشانی دەدات سزاکانی دادگا فەرمایشییەکانی ڕژیم نەک حوکمی قەزایی و یاسایی، بەڵکوو حوکمی سیاسین، شتێکی تازە نییە. لەسێدارەدانی هەزاران زیندانیی نەیاری حکوومەتی ئیسلامی لە ساڵانی ٦٠ و ٦٧ی هەتاوی (دەیەی هەشتاکانی زایینی) کە ماوەی سزاکانیان لە زیندان تێدەپەڕاند، هەنگاوێکی سیاسی و ئامرازێک بوو بۆ دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا بە مەبەستی هێشتنەوەی ڕژیمی ئیسلامی. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە “لە کاتی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە نۆی ڕەشەمەوە، حکوومەتی ئێران زیاتر لە شەش هەزار کەسی لە خۆپیشاندەران، ڕۆژنامەنووسان، پارێزەران، چالاکانی مافی مرۆڤ، نەیارانی سیاسی و ئەندامانی کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەستبەسەر کردووە و گەورە بەرپرسانی قەزایی، فەرمانی بەدواداچوون و دادگاییکردنی خێرای دەستبەسەرکراوانیان دەرکردووە، بەتایبەتی لەو دۆسییانەی کە تۆمەتەکانیان تا ئاستی سزای سێدارەن”. ئەم ڕێکخراوە هۆشداریی داوە کە “لانیکەم ٧٨ خۆپیشاندەر، زیندانیی سیاسی و ئەو کەسانەی کە بە پەیوەندیی ڕاستەقینە یان بانگەشەبۆکراو لەگەڵ گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان تۆمەتبار کراون، حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و مەترسیی جددیی جێبەجێکردنی سزاکەیان لەسەرە”. ڕێکخراوەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە دووبارەبوونەوەی تۆمەتەکانی وەک سیخوڕی، هاوکاریکردنی دوژمن، بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان و ئەندامبوون لە گرووپە نەیارەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ سەرجەم زیندانییانی سیاسی، دەریدەخات کە ئەم حوکمانەی سێدارە، پێش ئەوەی نیشانەی جێبەجێکردنی دادپەروەری بن، ئامرازێکن بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان و دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا.
سەرەڕای ئەمانەش، سێدارە وەک “کوشتنی بەئەنقەستی حکوومەتی” و وەک تاوان و سەرکوتی ڕێکخراو، لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بۆ حکوومەتی کۆماری ئیسلامی، جگە لە پەرەپێدان و بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی و ڕقوکینە و بێزاری، هیچ دەستکەوتێکی دیکەی نەبووە؛ هاوکات شایەدی گەشە و بەرفراوانبوونی بازنەی ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی هەژار و چەوساوەش بووە. ویستی ئازادیی زیندانییانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە، یان دروشمی “نا بۆ سێدارە”، تەنیا کاتێک ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ناچار بە پاشەکشە دەکات کە هاوشێوەی بزووتنەوەی “نا بۆ حیجابی زۆرەملێ”، ببێتە داخوازی و دروشمێکی گشتگیر و بەردەوامی سەرتاسەری لەنێو سەرجەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا. تەنیا لەو کاتەدا دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئیسلامی ناتوانن بە پاساوی گرێدراویی تۆمەتباران بە دوژمنی دەرەکی و سیخوڕی و هەڕەشەی ئەمنی و بیانووەکانی دیکەوە، پەلاماری گیانی مرۆڤەکان بدەن؛ تەنیا لەم کاتەدا تێدەگەن کە کردەوەی قێزەونی سێدارە و زەوتکردنی مافی ژیان لە مرۆڤەکان، باجی زۆر قورسی بۆیان بەدواوە دەبێت. کەواتە لە وەها هەلومەرجێکدا، سەرەڕای بوونی کەشی ئەمنی و سەرکوت، یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی چالاکانی چەپ و سۆسیالیست لەنێو بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا، و هەروەها ئەرکی ئەخلاقی و مرۆیی سەرجەم مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، بریتییە لە تەبلیغ و ترویجی شێلگیرانەی دژایەتیکردنی سێدارە، و وەڕێخستن و بەشداریی چالاکانە لە کەمپەینەکانی “نا بۆ سێدارە”دا. لە وەها دۆخێکدا، خەبات دژی لەسێدارەدانی زیندانییان دەبێتە بزووتنەوەیەکی بەهێز بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی بێسنووری سێدارەکان و پاشەکشەپێکردن بە حکوومەتی ئیسلامی، و دەبێتە هەنگاوێکی دیکە بەرەو ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە