
لە پلێنۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی چواردەیەم، کە لە ڕۆژی شەممە ٩ی جۆزەردانی ١٤٠٥ بەرامبەر بە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٦ بەڕێوە چوو، بەیاننامەیەکی سیاسی پەسەند کرا. لەم بەیاننامەیەدا وێڕای شیکردنەوەی لێکەوتەکانی شەڕی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی دەوڵەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لەسەر کار، ژیان، مانەوە و خەباتی چینی کرێکار و زۆرینەی خەڵکی ئێران، هەروەها تیشک خستنە سەر ئاسۆی بارودۆخی سیاسیی ئێران و ئاڕاستە و ئەرکەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەم قۆناغەدا، جەخت لەسەر گرنگیی چارەنووسسازی یەکگرتوویی هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە دەوری ستراتیژییەکی سۆسیالیستی کرایەوە. لەم بەشەدا بنەما سەرەکییەکانی ئەم ستراتیژییە دەدەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ستراتیژیی سۆسیالیستی کە پێویستە هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری لە دەوری یەکبگرن، پەرەدانە بە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان لەسەر بنەمای داواکارییە هەنووکەییەکانی کرێکاران. ئەم بنەما ستراتیژییە لە چەند ڕوویەکەوە گرنگیی هەیە: مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان گرنگترین سەنگەربەندیی چینی کرێکارن لە بەرامبەر پەلاماری دەوڵەت و سەرمایەداران بۆ سەر کار، ژیان و بژێویی کرێکاران. مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران کاریگەرترین میکانیزمی خۆڕێکخستنن، ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە بۆشاییدا دروست نابن، بەڵکوو لە ڕەوتی ناڕەزایەتی و مانگرتندایە کە کرێکاران لە ئاستی جەماوەریدا لە پێویستیی خۆڕێکخستن تێدەگەن. سۆسیالیستەکان بە پەرەپێدان و بەشداریی چالاکانە لەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییانەدا، لە کردەوەدا نیشانی دەدەن کە نەک تەنیا سەبارەت بە داهاتووی چینی کرێکار، بەڵکوو سەبارەت بە دۆخی کار، ژیان و بژێویی ڕۆژانەی کرێکارانیش خۆیان بە خەمخۆر و بەرپرسیار دەزانن و بۆیان گرنگە کە نانێک بخەنە سەر سفرهی بنەماڵە کرێکارییەکان. لە جەرگەی ئەم ناڕەزایەتییانەدایە کە سۆسیالیستەکان و ڕادیکاڵەکانی بزووتنەوەی کرێکاری دەتوانن ئەم هۆشیارییە ببەنە ناو ڕیزەکانی کرێکاران کە بۆ کۆتاییهێنان بە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و بێمافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا، و بۆ گەیشتن بە ئازادی و خۆشگوزەرانی، نەک تەنیا دەبێ دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو دەبێ دژی پەیوەندییە سەرمایەدارییە زاڵەکانیش ڕاپەڕن.
بنەمایەکی دیکەی ستراتیژیی سۆسیالیستی، بەرزکردنەوەی ئاستی خۆڕێکخستنی چینی کرێکار و پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکانی کرێکارانە لە جەرگەی خەباتە هەنووکەییەکاندا. لەم بوارەدا پێش هەر شتێک پێویستە دەستکەوتەکانی تا ئێستای بزووتنەوەی کرێکاری بە فەرمی بناسرێن. کۆمیتەکانی کارگە، کۆمیتەکانی مانگرتن، کۆبوونەوە گشتییەکان، ڕێکخراوەکانی مامۆستایان، خانەنشینان، پەرستاران و شۆفێرانی بارهەڵگر… کە چرۆی شورا کرێکارییەکان و سەندیکا و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی دیکەی کرێکارانن، بەرهەمی هەمان ڕەوتی خەباتەکانی تا ئێستان. پێویستە سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی کرێکاری بە پشتبەستن بە ئەزموونەکانی تا ئێستا و بە لەبەرچاوگرتنی بوونی کادری بەئەزموون لەم بوارەدا، پڕۆژەیان بۆ دروستکردنی ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییەکانی کرێکاران لە کەرتە جیاوازەکاندا هەبێت، تاوەکوو لە ڕێگەی باشتربوونی هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی چینی کرێکاردا، ئەم هەوڵانە بەرهەم بهێنن.
بنەمایەکی دیکەی ستراتیژیی سۆسیالیستی لە هەلومەرجی ئێستادا، هەوڵدانە بۆ سەرتاسەری کردنی مانگرتنە کرێکارییەکان. لە هەلومەرجی ئێستادا کە نەبوونی ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییە سەرتاسەرییەکانی کرێکاران وەک کۆسپێکی جدی لە بەردەم سەرتاسەری بوونی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان لە کۆمەڵگە پیشەسازییەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا دێتە ئەژمار، پێکهێنانی دامەزراوەیەک کە پێکهاتبێت لە نوێنەرانی ڕێکخراوە و ناوەندە ڕیشەدار و سەربەخۆ کرێکارییەکان، هەروەها ئەو ڕێبەر و هەڵسووڕاوانەی کە لە ناوەندە گەرمەکانی خەباتی کرێکاراندا ئامادەییان هەیە و خاوەنی پەیوەندییەکی زیندوو و ئۆرگانیکن لەگەڵ کرێکاراندا، دەتوانێت تا ڕادەیەک ئەم بۆشاییە پڕ بکاتەوە. دروستکردنی دامەزراوەیەکی لەم شێوەیە دەتوانێت ڕۆڵی خۆی لە پێوەنددان و سەرتاسەری کردنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکاندا بگێڕێت.
بۆ سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، دیاریکردنی وردی دروشمە تاکتیکی و ستراتیژییەکان گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە. چونکە جەماوەری کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگە لە دەوری ئەو دروشمانە یەکدەگرن کە گوزارشت لە پێداویستییە ڕاستەقینە و دەستبەجێیەکانیان دەکەن. دیاریکردنی ئەو دروشمانەی کە ڕیشەیان لە قووڵایی کۆمەڵگەدایە، دەتوانێت پەیوەندیی سۆسیالیستەکان لەگەڵ کۆمەڵگەدا قووڵتر بکاتەوە. بۆ نموونە دروشمی “نان، کار، ئازادی” کە لە هەناوی ڕاپەڕینی بێبەشانی کۆمەڵگەوە سەری هەڵداوە و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان بەیەکەوە گرێ دەدات، دەتوانێت یەکێک لەم دروشمە تاکتیکییانە بێت. یان دروشمەکانی وەک “زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت”، “سزای لەسێدارەدان دەبێ هەڵبوەشێتەوە”، ئەو دروشمە تاکتیکییانەن کە جەماوەریی بوونیان دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە پاشەکشەپێکردنی دەزگای سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامیدا بگێڕێت. یان جەختکردنەوە لەسەر داواکارییەکانی وەک تەندروستی و دەرمانی بێبەرامبەر، خوێندنی بێبەرامبەر و بیمەی بێکاری، پێویستە لە دروشمە تاکتیکییەکاندا ڕەنگ بدەنەوە. لە جەرگەی ئەو هەژاری و نەهامەتییەی کە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بەسەر زۆرینەی خەڵکی ئێرانیدا سەپاندووە، ئەم داواکارییانە جێگەی پەسەندی کۆمەڵگەن. هەروەها دروشمە ستراتیژییەکانی “ئازادی، یەکسانی، بەڕێوەبردنی شورایی” یان “نان، کار، ئازادی، بەڕێوەبردنی شورایی”، ئەو دروشمانەن کە لە هەمان کاتدا ئامانجگەلی شۆڕشگێڕانە و خەبات بۆ سۆسیالیزم بە کردەوەی سیاسیی ڕۆژانەوە گرێ دەدەن، و وێنایەکی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە قۆناغی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەخەنە ڕوو، هاوکات سنوورێکی یەکلاکەرەوەش لەگەڵ ئەو هێزە ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژوازییانە دادەنێن کە خوازیاری دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسین لە سەرووی سەری خەڵکەوە.
شەڕی چل ڕۆژە، هەموو حیزب و هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی خستە بەر مەحەکی تاقیکردنەوە. پاشایەتیخوازە فاشیستەکان، ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق، هەندێک لە ڕەوتە کۆماریخوازەکان، حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان کە ساتەژمێریان بۆ هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکرد، جارێکی دیکە بێگانەبوونی خۆیان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەمدیتەی ئێران نیشان دا. لە کاتێکدا بۆردومانی ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، کۆمەڵکوژیی منداڵان و خەڵکی بێدەرەتان، پەرەسەندنی بێکاری، هەڵاوسانی کۆنتڕۆڵنەکراو و قووڵبوونەوەی هەژاری و نائەمنی، کۆمەڵگەی گەیاندبووە لێواری داڕمان، ئەم بەشە لە ئۆپۆزیسیۆن هەروا دەهۆڵی بەردەوامبوونی شەڕیان دەکوتا، بەو هیوایەی لە ڕێگەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن و بە دەستبەسەرداگرتن و دابەشکردنی دەسەڵات لە سەرووی سەری خەڵکەوە، دیکتاتۆرییەکی سەرمایەداریی نائایینی بکەنە جێنشینی دیکتاتۆریی ئایینی. لەبەر ئەمە یەکێک لە ئەرکە تەوەرەییەکانی هەڵسووڕاوانی سۆسیالیست، دەرهێنانی خەڵکە لە ژێر هەژموونی ستراتیژی و سیاسەتەکانی ئەم بەشە لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی. هاوکات دەبێ ماهییەتی کۆنەپەرستانەی هەڵوێست و کارکردی هێزەکانی “چەپی میحوەری موقاوەمەت” ئاشکرا بکرێت، کە ستراتیژیی پێشگیرانە و شەڕخوازیی کۆماری ئیسلامی وەک بەشێک لە بەرگریکردن لە بەرامبەر هەژموونی سەرمایە و ئیمپریالیزمدا دەناسێنن. چەپی لایەنگری میحوەری موقاوەمەت، بە بەرگریکردن لە کارنامەی پڕ لە تاوانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی ئێران و پاڵپشتیکردن و پڕچەککردنی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی ناسراو بە “میحوەری موقاوەمەت”، لە ڕاستیدا گرێدراویی قووڵی خۆی بە ناسیۆنالیزم و پاوانخوازیی سەرشۆڕانەی سوپای پاسداران و لە هەمان کاتدا دژایەتیی خۆی لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێراندا سەلماندووە. دەبێ هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە سرووشتی ڕاستەقینەی هەڵوێست و سیاسەتەکانی ئەم دۆستە درۆیینانەی خەڵک، بکرێتە بەشێک لە یادەوەریی گشتی و بەشێک لە هۆشیاریی کرێکاران و زەحمەتکێشان.
بنەمایەکی دیکەی ئەم ستراتیژییە، سۆسیالیستەکانی بزووتنەوەی کرێکاری پابەند دەکات کە بۆ خۆڕێکخستنی کرێکاران، و لە قۆناغی یەکەمدا ڕێبەران، هەڵسووڕاوان و پێشەنگە ڕادیکاڵەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، لەناو حیزبی سیاسیی چینایەتی و کۆمۆنیستیی خۆیاندا نەخشە و پلانیان هەبێت. چونکە چینی کرێکار بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە تایبەتە چینایەتییەکانی خۆی لە مەیدانە جیاوازەکانی خەباتی ئابووری، سیاسی و تیۆریکدا، و بۆ ئامادەیی سەربەخۆ لە مەیدانی ململانێ و کێشمەکێشە سیاسی و چینایەتییەکاندا، هەروەها بۆ ڕێکخستنی شۆڕشی کرێکاری، پێویستی بە حیزبی سیاسیی کۆمۆنیستیی خۆی هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەڵسووڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری هەموو بژاردەکان بخەنە سەر مێزەکەیان. ئەگەر یەکێک لە بژاردەکان پەیوەستبوون بێت بە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران یان ئەڵتەرناتیڤەکانی دیکەی ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و بەشداریکردن بێت لە دیاریکردنی چارەنووسیان، ئەوا بژاردەیەکی دیکە دەتوانێت پێکهێنانی حیزبی چینایەتی و کۆمۆنیستی بێت بە پشتبەستن بەو ماتریالە مرۆییە و کادرە کۆمۆنیستانەی کە لە ناو بزووتنەوەی کرێکاریدا بوونیان هەیە. چینی کرێکاری ئێران بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەرفراوانییەی کە هەیەتی، مەرج نییە تەنیا لە یەک حیزبدا، بەڵکوو دەکرێ لە چەند حیزبێکی سیاسیدا ڕێکبخرێت؛ ئەو حیزبانەی کە بەپێی بنەما نابێت بەرژەوەندییەکی جیایان لە بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار هەبێت.
بزووتنەوەی کرێکاری بە پێشڕەوی کردن لەم بوارانەدایە کە دەتوانێت بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاران، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و بزووتنەوەی دژی لەسێدارەدان، بزووتنەوەی دادخوازی و… لەگەڵ خۆی هاوڕا بکات و ببێتە بڕبڕەی پشتی مانگرتنە گشتییە سیاسییەکان و ڕێکخستنی ڕاپەڕین بە مەبەستی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و سیستەمی چینایەتیی دەسەڵاتدار.
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە