
لە هەلومەرجێکدا کە بە واژۆکردنی لێکتێگەیشتنامەی ئەم دواییە، ئەگەری کۆتاییهاتنی یەکجاریی شەڕی نێوان حکوومەتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی زیاتر بووە، ڕژێمی ئیسلامی بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانی قووڵی ئابووری و ڕەهەندەکانی ئەو هەژاری و نەهامەتییەی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندوویەتی، خۆی لە بەردەم ڕەوتی حاشاهەڵنەگری پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و توێژە بێبەشەکان و تەنانەت تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا دەبینێتەوە. سەردەمدارانی ڕژێمی ئیسلامی پێشتریش لە قۆناغی وادا بۆ پاراستنی مانەوەی خۆیان و بە مەبەستی توندترکردنەوەی کەشی ترس و تۆقاندن لەنێو کۆمەڵگەدا، پەنایان بۆ سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان و لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی بردووە. خەڵکی ئێران لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا تاوانی لەم چەشنەیان ئەزموون کردووە. نموونەی ئەم دواییەی ئەو تاوانانە، ڕاپەڕینی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بوو کە ڕژێم لە ترسی تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، بە فەرمانی عەلی خامنەیی لە ماوەی تەنیا دوو ڕۆژدا، هەزاران کەس لەو خەڵکە وەزاڵەهاتووەی کە دژی هەژاری و گرانی و دیکتاتۆری ڕژابوونە سەر شەقامەکان، دایە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی گولـلە و خەڵتانی خوێنی کردن.
بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای ئەمساڵی ١٤٠٥ـەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٧٧ کەسی لەسێدارە داوە و هەزاران کەسی دیکەشی دەستبەسەر کردووە؛ دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمیش بە خێرایی سەرقاڵی دۆسیەسازی بۆ گیراوەکانن. دەزگای قەزایی ڕژێم لەسەر بنەمای ئەو دۆسیەسازییانە، خەریکی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای قورس و لەسێدارەدانە لە زیندانەکاندا. بەگوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوو، لانیکەم چوار زیندانیی سیاسی بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان گواستراونەتەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان و شەش کەسی دیکەش لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی بەفرانبار لە شاری شاڕوود، بە تۆمەتە سواوەکانی “موحارەبە” و “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” مەترسیی سێدارەیان لەسەرە.
وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە بەردەوامیی لەسێدارەدانەکان، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی جۆزەردان، “هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە”، لە ١٢٥ـەمین هەفتەی هەڵمەتەکەدا ڕایگەیاند کە ئێستا لە ٥٦ زیندانی سەرانسەری وڵاتدا زیندانییان دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن. ئەم کارزارە ڕایگەیاندووە: “ئێمە خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدانەکانین و داوا لە سەرجەم ویژدانە بێدارەکان و چالاکانی سیاسی، مەدەنی، پیشەیی و مافی مرۆڤ دەکەین کە بە هەر شێوەیەکی گونجاو لەسێدارەدان مەحکووم بکەن و بۆ تێکشکاندنی پێکهاتەی سەرکوتگەرانە و سووڕی لێسەندنەوەی ژیانی مرۆڤەکان، هاوپشت و یەکگرتووانە هەنگاو بنێن و بۆ ڕاگرتنی ئەم کردەوەیە دەست بدەنە هەنگاوی جدی”.
لەم پەیوەندییەدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ) ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی جۆزەردان سەبارەت بە پەرەسەندنی لەسێدارەدانەکان لە زیندانەکانی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هۆشداریی دا. ئانێس کالامار، سکرتێری گشتیی ئەم ڕێکخراوەیە، بە دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە بەردەوامیی سەرکوتی ناوخۆیی لە ئێران وتی: “مەترسیی ئەوە هەیە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا ناسراو بە «لێکتێگەیشتنامەی ئیسلامئاباد» یان هەر ڕێککەوتنێکی دیکە کە تەنیا تیشک بخاتە سەر بەرژەوەندییە ستراتیژی و سەربازییەکانی ئەمریکا و ئێران و مافەکانی مرۆڤ پشتگوێ بخات، ببێتە پەردەیەک بۆ بەردەوامیی پارێزبەندی لە سزادان، سەرکوتگەری و داگیرکاری”. ناوبراو وتیشی: “سەپاندنی چەندین مانگ ئازار و وێرانیی بەرفراوان بەسەر خەڵکی سڤیلدا لە ئێران، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و دەچێتە خانەی تاوانی جەنگییەوە”. کالامار هەروەها هۆشداریی دا کە: “کۆتاییهاتنی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران بە مانای کۆتاییهاتنی مەترسی نییە بۆ سەر هاووڵاتییانی ئێرانی؛ چونکە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی شەڕەکەشدا پەرەیان بە سەرکوتی ناوخۆیی داوە و دەستبەسەرکردنی بەرفراوان، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجە، مامەڵەی نامرۆڤانە، دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و لەسێدارەدانەکان هەموویان پاڵنەری سیاسییان لەپشت بووە.”
پەرەسەندنی سەرکوتگەری و هەڵکشانی ئاماری لەسێدارەدانەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی کە بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی کەشی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگە و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییەکان ئەنجام دەدرێت، لە کاتێکدایە کە قەیرانی ئابووریی ڕژێم گەیشتووەتە ئاستێکی تاقەتپڕووکێن؛ تا ئەو جێگەیەی کاربەدەستانی ڕژێمیش ناچار بوون دان بە بەشێکیدا بنێن. ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی جۆزەردان، جێگری وەزیری ناوخۆی ڕژێم دانی بەوەدا نا کە زیاتر لە ٦٠٪ی هاووڵاتییان لەمە زیاتر بەرگەی فشاری ئابووری ناگرن و هیچ هیوایەکیان بە باشتربوونی بارودۆخی ئابووری لە داهاتووشدا نییە. هەرچەندە تیمی ئابووریی حکوومەتی پزیشکیان هەوڵ دەدات قەیرانی بژێویی ئێستا بخاتە ئەستۆی هەلومەرجی شەڕ و توندبوونەوەی سزاکان، و بەم شێوەیە پاساو بۆ بێتوانایی خۆی لە وەڵامدانەوە بە داخوازییەکانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بهێنێتەوە، بەڵام تەنیا بەشێکی بچووکی پەرەسەندنی قەیرانە ئابوورییەکان دەرەنجامی شەڕە؛ بەڵکوو قەیرانی پێکهاتەیی سەرمایەداری و خەرجییە زەبەلاحە سەربازی و ئەمنییەکان لە تەنیشت دزی و گەندەڵی و ڕانتخۆریی کاربەدەستانی ڕژێمی ئیسلامی و دەستوپێوەندەکانیان لە چوار دەیەی ڕابردوودا، هۆکاری سەرەکیی هەڵاوسان، گرانی، دابەزینی بەهای تمەن و فەقیری و برسیەتین. بەپێی ئاماری ناوەندە داراییەکان لە ئێران، هەڵاوسانی گشتی لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا گەیشتووەتە سەرووی ٧٠٪ و نرخی کەلوپەلی خۆراکیش زیاتر لە ١٠٠٪ بەرز بووەتەوە. سەرۆکی ژووری پیشەسازییە کشتوکاڵییەکانیش دانی بەوەدا ناوە کە نرخی هەندێک کاڵا لە بازاڕدا تا ٥٠٠٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
ئاشکرایە کە لە هەلومەرجێکی وەهادا و بە کۆتاییهاتنی شەڕ، ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییەکان و چینی بێبەشی کۆمەڵگە دژی بارودۆخی کارەساتباری ژیان پەرە دەستێنێت. بەم ئاستە لە هەڵاوسان و تێچووی سەبەتەی بژێویی سەرووی ٧٠ ملیۆن تمەن و بە حەقدەستی ٢٠ ملیۆن تمەنییەوە، درێژەدان بە ژیان ئەستەمە. لەم ڕوانگەیەوە، بێگومان بە کۆتاییهاتنی هەلومەرجی شەڕ، ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕەهەندی بەرفراوانتردا سەرهەڵدەدەنەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرێکارانی ئەركانی سالیسی نەوت و گاز بە پێداگری لەسەر داخوازییەکانیان هۆشدارییان داوە کە لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕدا، دەبێت حکوومەت بیر لە بژێوی و ئاسایشی کاری زیاتر لە یەک ملیۆن کرێکاری کۆمپانیا پەیمانکارەکان بکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا کۆتایی بە دەستی پەیمانکاران بهێنێت. لە حەوتەی ڕابردووشدا خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی لە چەندین شاردا بە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی و دروشمدان دژی گرانی و هەڵاوسان، خوازیاری دابینکردنی مافە بژێوییەکانیان بوون.
بەڵام بێگومان دەستڕاگەیشتنی ئەگەریی ڕژێم بە سەرچاوە داراییەکان لە داهاتووشدا، تەنیا خەرجی نۆژەنکردنەوە و بەهێزکردنی دەزگا و ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکان دەکرێت بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی خۆی، و لە سەرکوت، دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان بەردەوام دەبێت. لە دۆخێکی وەهادا، بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە هیچ ڕێگەیەکیان لەبەردەمدا نییە جگە لە درێژەدان و پەرەپێدانی مانگرتن و ناڕەزایەتییە ڕێکخراو و سەرانسەرییەکان، بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەلامارەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کار و بژێوی و ژیانیان، و سەرەنجام هێنانەخوارەوە و ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە