فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: بەڵگەنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ڕژیمی ئیسلامی؛ بەرهەمی بنبەستی شەڕێکی کۆنەپەرستانە
سێشەممە ۰۲-۰۴-۱۴۰۵   |  23-06-2026

لێکتێگەیشتنامە چواردە خاڵییەکەی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا، لەسەر بەستێنی شەڕ، وێرانکاری، گەمارۆ، نائارامی و ڕەنج و ئازاری ملیۆنان مرۆڤ لە ئێران و سەرتاسەری ناوچەکەدا هاتۆتە ئاراوە. ئەم ڕێککەوتنە نە بەڵگەنامەی سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامییە و نە نیشاندەری بەدیهاتنی ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە. هیچ یەک لە لایەنەکان نەیانتوانی ئیرادەی خۆیان بەتەواوی بەسەر ئەوی تردا بسەپێنن. کۆماری ئیسلامی نەیانتوانی پرۆژە ئەتۆمی و ناوچەییەکەی بکاتە دەسکەوتێکی یەکلاکەرەوە؛ ئەمریکا و ئیسرائیلیش نەیانتوانی ڕژیم بە چۆک دابێنن یان پرۆژەی “ڕژیم چەینج” (گۆڕینی ڕژیم لە سەرەوە) بگەیەننە ئەنجام. ئەم لێکتێگەیشتنە دووقۆڵییە، پێش هەر شتێک بەرهەمی بنبەستی سیاسەتی شەڕ، میلیتاریزم، ناکۆکییەکانی سەرمایەداری و تیرۆریزمی دەوڵەتییە لە ناوچەکەدا.

ئێمەی کۆمۆنیستەکان هەر لە یەکەمین ڕۆژەکانی ئەم شەڕەوە ڕامانگەیاند کە ئەمە شەڕی خەڵکی ئێران نییە، بەڵکوو شەڕی بلۆک و دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانە کە خەڵکی ناوچەکەیان کردۆتە بارمتەی ئامانجە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکانی خۆیان. ئێمە جەختمان لەوە کردەوە کە، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کام لایەن باڵادەستی بەدەست دەهێنێت، درێژەکێشانی ئەم شەڕە تەنیا دەبێتە هۆی توندتربوونی کەشی ئەمنی، گورزلێدان لە مانگرتنەکان و خۆڕێکخستنی سەربەخۆ، لاوازکردنی خەباتی کرێکاران، ژنان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها پاشەکشەپێکردن بە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی ئالترناتیڤێکی ئازادیخوازانە و سۆسیالیستی. پێشهاتەکانی مانگەکانی ڕابردوو جارێکی تر سەلماندیان کە ئەم هەڵسەنگاندنە، هەڵسەنگاندنێکی واقيعبینانە و گونجاو بووە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی کرێکاران، زەحمەتکێشان و جەماوەری ئازادیخوازدا.

ئێمە هەر لە سەرەتاوە خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە و کۆتاییهێنان بە گەمارۆ ئابوورییەکان بووین. ئێمە هەمیشە پێداگریمان لەسەر ئەوە کردووە کە گەمارۆی ئابووری ئامرازی ڕزگاریی خەڵک نییە، بەڵکوو چەکێکە دژی ژیان و بژێویی کۆمەڵگا؛ هەژاری پەرە پێدەدات، نان و دەرمان گرانتر دەکات، بەها لە کرێ و حەقدەستەکان دەسێنێتەوە و هاوکات دەرفەت بە حکوومەتە سەرکوتگەرەکان دەدات کە بەرپرسیارێتیی کارەساتە ئابوورییەکان بخەنە ئەستۆی “دوژمنی دەرەکی” و دەزگای سەرکوتی خۆیان تۆکمەتر بکەن.

لەبەر ئەوەی ڕاگرتنی شەڕ و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی شەڕانگێزانەی کۆماری ئیسلامی، ئەمریکا و ئیسرائیل، داواکاریی کرێکاران، زەحمەتکێشان و بەشێکی بەرفراوانی کۆمەڵگای ئێران بوو؛ یەکێک لەو فاکتەرانەی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ناچار کرد ڕێڕەوی سازش لەگەڵ ئەمریکا بگرێتە بەر، ترس بوو لە مەترسیی تەقینەوەی تووڕەیی جەماوەر و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان. کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بێ ئەوەی هیچ وەهمێکیان بە سیاسەتەکان و لێکتێگەیشتنامەی نێوان دەوڵەتەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی هەبێت، کۆتاییهاتنی ئەم شەڕە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەیە، و کۆتاییهاتن بە کوشتار، وێرانکاری، ئاوارەیی و گەمارۆ ئابوورییەکان وەک دەرفەتێک دەبینن بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژیان و هاوپشتیی کۆمەڵایەتی، دەرفەتێک بۆ وانەوەرگرتن لە ئەزموونی ئەم شەڕە و دەستێوەردانی زلهێزە دەرەکییەکان، هەروەها هەلێک بۆ پەرەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆیان لە خەباتی دژی کۆماری ئیسلامیدا.

بێگومان ئێمە لە هەمان کاتدا پێمان وایە کە واژۆکردنی یەکجاریی ئەم لێکتێگەیشتنامەیە و گۆڕینی بۆ ڕێککەوتنێکی جێگیر لە نێوان لایەنەکانی شەڕدا، گرێ دراوە بە بەرەوپێشچوونی دانوستانە شەست ڕۆژییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی لایەنگرانی شەڕ لە هەر سێ لاوە – واتە دەوڵەتی ئیسرائیل، بەشێک لە باڵەکانی ڕژیمی ئێران و هەروەها ناوەندە زایۆنیست و شەڕخوازەکانی ئەمریکا. هەڵبەت ئەوەش لە ئارادایە کە سەرهەڵدانی بنبەست و ناکۆکیی قووڵ لە نێوان لایەنەکانی لێکتێگەیشتنامەکەدا، جارێکی تر ببێتە هۆی درێژەکێشانی گرژییەکان، شەڕ، گەمارۆدان و سزای ئابووری.

لەسەرێکی تریشەوە، ئەم لێکتێگەیشتنامەیە شکستێکی ئاشکرایە بۆ ئەو هێزانەی کە ڕووخانی کۆماری ئیسلامییان بە دەستێوەردانی سەربازی و شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە گرێ دابوو. پاشایەتیخوازە فاشیستەکان و ناسیۆنالیستە کوردەکان (“هاوپەیمانیی شەش لایەن”)، تەواوی ستراتیژیی خۆیان لەسەر ئەو گریمانەیە داڕشتبوو کە شەڕ، بۆردومان و گوشاری دەرەکی، کۆماری ئیسلامی دادەڕمێنێت و ئەوان لەسەر کەلاوەکانی کۆمەڵگا دەگەیەنێتە دەسەڵات. کۆتاییهاتنی شەڕ و دەستپێکی ئەم قۆناغە لە ڕێککەوتنەکان نیشانیدا کە ئەم پرۆژەیەش گەیشتۆتە بنبەست. ئەوان نەک هەر ڕۆڵیان نەبوو لە دیاریکردنی چارەنووسی پێشهاتەکاندا، بەڵکوو تەنانەت وەک لایەنێکیش لە هاوکێشە سیاسییەکاندا دانیان پێدا نەنرا. ستراتیژیی گەیشتن بە دەسەڵات لەسەر باڵی فڕۆکە بۆمباوێژە دەرەکییەکان، ستراتیژییەکی دژەخەڵکی و مەحکووم بە شکستە، کە ئێمە چەندین جار جەختمان لەسەر کردبووەوە.

ئەزموونی دوو شەڕی کۆنەپەرستانەی ١٢ ڕۆژە و ٤٠ ڕۆژە، جارێکی تر ئەوەی سەلماند کە نە سیاسەتی ڕیزبەستن لە پشتی کۆماری ئیسلامییەوە بەناوی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل ڕێگایەک بەرەو ئازادی دەکاتەوە؛ و نە سیاسەتی دڵبەستن بە فڕۆکە بۆمباوێژەکان و پرۆژەی “ڕژیم چەینج” لە سەرەوە. سیاسەتی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان کە هەر لە سەرەتاوە شەڕەکەیان بە شەڕێکی کۆنەپەرستانە و دژەگەلی هەڵسەنگاند، و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێیان کرد، و دژی گەمارۆ ئابوورییەکان وەستانەوە و پێداگرییان لەسەر پشتبەستنی کۆمەڵگا بە هەوڵەکانی بۆ خۆڕێکخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە بزووتنەوەی چینایەتیی کرێکاران کردەوە، ئەمڕۆ زیاتر لە ڕابردوو ئیعتیبار و حەقانیەتی خۆی سەلماندووە.

شەڕ و کەشی ئەمنی گورزی لە خەباتە کۆمەڵایەتییەکان، مانگرتنە کرێکارییەکان، بزووتنەوەی ژنان و هەوڵەکان بۆ ڕێکخستنی ئالترناتیڤێکی شۆڕشگێڕانە دا. بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک بە مانای شکستی کۆمەڵگا نییە. ململانێ و دژایەتییە بنچینەییەکانی کۆمەڵگای ئێران هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە. ئەو کرێکارەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژی، بە واژۆکردنی ئەم لێکتێگەیشتنامەیە لە هەژاری ڕزگاری نابێت. ئەو ژنانەی دژی هەڵاواردن خەبات دەکەن، بەم ڕێککەوتنە ناگەنە یەکسانی. ئەو گەنجانەی هیچ داهاتوویەک بۆ خۆیان نابینن، بە ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتە شەڕانگێزەکان، نابنە خاوەنی داهاتوو. کۆماری ئیسلامی لە پرۆژەی گۆڕینی ڕژیم لە سەرەوە خۆی دەرباز کردووە، بەڵام لە ڕووخان لە خوارەوە و لە شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەربازی نەبووە.

شەڕ وەستاوە، بەڵام خەباتە سەرەکییەکە تازە پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە چینی کرێکار، ژنان، لاوان، مامۆستایان، خانەنشینان، خوێندکاران، پەرستاران و سەرجەم مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان، هێزی خۆیان نوێ بکەنەوە، ڕێکخراوە سەربەخۆکانیان بەرفراوان بکەن، مانگرتن و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان دەست پێبکەنەوە و جارێکی تر ئاڵای ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بکەنە چەقی سیاسەت لە کۆمەڵگادا.

نابێت ڕێگە بدرێت ئەو هێزانەی کە دوێنێ خەڵکیان بانگەواز دەکرد بۆ مانەوە لە ژێر پێڵاوی کۆماری ئیسلامی بە ناوی “بەرگری لە نیشتمان”، یان ئەوانەی کە ڕووخانی ڕژیمیان گرێدابوو بە مووشەک و فڕۆکە بۆمباوێژەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، جارێکی تر خۆیان وەک ئالترناتیڤی کۆمەڵگا پێشان بدەن. دەبێت هەردوو جەمسەرە شەڕخوازەکە، چ پارێزەرانی کۆماری ئیسلامی و “میحوەری موقاوەمە”، چ پاشایەتیخوازان و ناسیۆنالیستە کوردەکانی “هاوپەیمانیی شەش لایەن” کە تێوەگلاوی پرۆژەی گۆڕینی ڕژیمن لە سەرەوە، پەراوێز بخرێن.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، بانگەوازی سەرجەم هێزە ئازادیخواز، یەکسانیخواز، کرێکاری و سۆسیالیستەکان دەکات کە بۆ ڕێکخستنی قۆناغێکی نوێ لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی و سیستەمی سەرمایەداریی حاکم، بۆ پەرەپێدانی شۆراکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، بۆ ڕێکخستنی مانگرتنە سەرتاسەرییەکان و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، و لە هەمووی گرنگتر بۆ گەیاندنە ئەنجامی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئێران، دەست بەکار بن.

چارەنووسی داهاتووی کۆمەڵگای ئێران، هەرگیز لە ژووری دانوستانی زلهێزە جیهانییەکان، لە سەربازگەکانی سوپای پاسداران و لە نووسینگەی بانگەشەکارانی پاشایەتی و ناسیۆنالیزمدا دیاری ناکرێت. ئەم داهاتووە تەنیا و تەنیا خەباتی ڕێکخراوی ملیۆنان مرۆڤی کرێکار و ئازادیخواز، بە ئاڵای ئازادی، یەکسانی، خۆشگوزەرانی، سۆسیالیزم و کۆتاییهێنان بە کۆماری ئیسلامی دێتەدی.

بڕووخێ نیزامی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

٢١ی ژوەنی ٢٠٢٦

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کارگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت