فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەپۆلی نوێی سەرکوت لە زانکۆکاندا
یەکشەممە ۰۷-۰۴-۱۴۰۵   |  28-06-2026

زانکۆ لە ئێراندا هەرگیز تەنیا دامەزراوەیەکی پەروەردەیی نەبووە، بەڵکوو هاوکات هەمیشە یەکێک بووە لە گۆڕەپانەکانی کێشمەکێشی نێوان ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان و کۆمەڵگا، کە تێیدا بەرهەمهێنانی هۆشیاری، خۆڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان و خەباتی سیاسیش بەڕێوە چووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، شەپۆلی نوێی بانگهێشتکردن، هەڵپەساردن و دەرکردنی خوێندکاران لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامییەوە، ناکرێت تەنیا وەک کۆمەڵێک بڕیاری کارگێڕی یان ئینزیباتی (لێژنەی دیسپلین) سەیر بکرێت. ئەوەی ئەمڕۆ لە زانکۆکاندا دەگوزەرێت، بەشێکە لە ستراتیژییەکی بەرفراوانتری ڕژێمی ئیسلامی بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا لە هەلومەرجی قووڵبوونەوەی قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەی لە زانکۆکانی ‘خاجەنەسیر’، ‘شەریف’، ‘عیلم و سەنعەت’، ‘سوورە’، ‘سەجادی مەشهەد’ و ‘تاران’ ڕوویان داوە، پێکەوە وێنەیەکی ڕوون لە یەک سیاسەتی هاوبەش دەخەنە ڕوو. لە خاجەنەسیر ژمارەی دۆسیە چالاکەکان لە ٢٢ دۆسیە تێپەڕیوە و بۆ هەندێک لە خوێندکاران هاوکات چەندین دۆسیە کراوەتەوە. لە زانکۆی شەریف لانی‌کەم حەوت خوێندکار ڕووبەڕووی سزای دەرکردن یان بێبەشبوون لە خوێندن بۆ ماوەی چەندین ساڵ بوونەتەوە. لە سوورە نزیکەی ٢٢ خوێندکار سزای قورسیان بەسەردا سەپاوە و لە عیلم و سەنعەتیش ژمارەیەک لە خوێندکاران بەبێ تێپەڕاندنی پرۆسەیەکی شەفاف لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش کراون.

ئامانجی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامی لە قۆناغی دوای شەڕدا، تەنیا کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکی کاتی نییە، بەڵکوو داڕشتنەوەی زانکۆیە وەک ژینگەیەکی گوێڕایەڵ، ناسیاسی و بێتوانا لە خۆڕێکخستندا. ئەم گۆڕانکارییە دەبێت لەنێو جەرگەی ئەو قەیرانانەدا تێبگەین کە بەرۆکی ڕژێمی کۆماری ئیسلامییان گرتووە. کۆمەڵگایەک کە ڕووبەڕووی هەڵاوسانی بێسنوور، پەرەسەندنی هەژاری، نائارامیی پیشەیی، داڕمانی هیوای کۆمەڵایەتی و قووڵبوونەوەی کەلێنە چینایەتییەکان بووەتەوە، بێگومان زانکۆش دەکاتە بەشێک لە مەیدانی ململانێکان. خوێندکار تەنیا لەگەڵ پرسی پەروەردەدا بەرەوڕوو نییە؛ بەڵکوو ئەو لەگەڵ داهاتوویەکی نادیار، بازاڕێکی کاری داخراو، هەڵاواردن و نایەکسانیی پێکهاتەیی و بەرتەسککردنەوەی سیاسی دەژی. هەر لەبەر ئەمەشە، ناڕەزایەتیی خوێندکاران، ڕەنگدانەوەی ناکۆکییە بەرفراوانەکانی نێو کۆمەڵگایە. لە هەلومەرجێکی لەم چەشنەدا، کۆمیتە ئینزیباتییەکانی زانکۆ بەکردەوە بوونەتە بەشێک لە دەزگای سەرکوت و ئەمنییەتیی حکومەتی ئیسلامی. لێرەدا ئیتر ناکرێت باس لە میکانیزمی یاسایی بکرێت؛ ئەوەی هەیە، کەڵکوەرگرتنە لە ڕواڵەتی یاسا بۆ ڕەواییدان بە بڕیارێکی سیاسی. زانکۆ لەژێر حاکمییەتی سەرمایەداریی ئیسلامیدا، لە لایەکەوە دەبێت هێزی کاری پسپۆڕی پێویست بۆ بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییە باڵادەستەکان دابین بکات، لە لایەکی دیکەشەوە ڕەنگدانەوەی دژایەتییەکانی نێو کۆمەڵگایە و هەمیشە توانای بەرهەمهێنانی هۆشیاری و بەرخۆدان لە خۆیدا دەپارێزێت. ڕێک هەر ئەم ناکۆکییەشە کە زانکۆی کردووەتە یەکێک لە هەستیارترین گۆڕەپانەکانی ململانێی سیاسی. هەر کاتێک قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان لە کۆمەڵگادا توندتر دەبنەوە و زەمینە بۆ پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەبار دەبێت، توانای ناڕەزایەتیی زانکۆش بۆ حاکمییەت دەبێتە پرسێکی ئەمنی. بەم هۆکارە، دۆسیەسازی، هەڵپەساردن و دەرکردنی خوێندکارانی ناڕازی، دەبێت وەک بەشێک لە سیاسەتی بەرهەمهێنانەوەی نەزمی سیاسیی باڵادەست چاوی لێ بکرێت.

لە هەندێک لە دۆسیەکانی زانکۆی شەریفدا، چالاکیی خوێندکاران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کراوەتە بنەمای دەرکردنی سزاکان. ئەمەش دەریدەخات کە سنووری نێوان زانکۆ و کۆمەڵگا، یان نێوان چالاکیی مەیدانی و چالاکیی ئۆنلاین، بەکردەوە سڕاوەتەوە. ئەوەی خراوەتە ژێر چاودێرییەوە، هەر جۆرە شێوازێک لە چالاکی و دەربڕینی ناڕەزایەتیی سیاسییە. بە واتایەکی دیکە، ئامانجی دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێم، لەناوبردنی هەر چەشنە نیشانەیەکە لە ئازادیی ڕادەربڕین و خۆڕێکخستن. هاوکات، کەڵکوەرگرتن لە ئامرازە ئینزیباتییە نەرمەکانیش پەرەی سەندووە. ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە کەمکردنەوەی سزاکان لە بەرامبەر هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان یان مەرجدارکردنی سووککردنی سزاکان بە دەربڕینی پەشیمانی دەکەن، ئەوە دەسەلمێنن کە پرسەکە تەنیا سڕینەوەی ناڕازییان نییە. ئامانجەکە، بەرهەمهێنانی «سوژە»یەکی گوێڕایەڵە؛ خوێندکارێک کە نەک تەنیا بێدەنگ بێت، بەڵکوو زمانە فەرمییەکەی دەسەڵاتیش بەرهەم بهێنێتەوە. لێرەدا سزادان، میکانیزمێکە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی پاوانخوازی و باڵادەستی. لە زانکۆی تارانیش بەکارهێنانی ئەو وێنانەی لە کەناڵەکانی سەر بە بەسیج بڵاوکراونەتەوە وەک بەڵگەی دۆسیە ئینزیباتییەکان، باس لە تێکەڵاوبوون و پەیوەندیی نهادە فەرمییەکان و تۆڕە نافەرمییەکانی کۆنترۆڵکردن دەکات.

لە ڕاستیدا خوێندکاران، ڕووبەڕووی تۆڕێک لە دامەزراوەی ئەمنی، حەراسەتی و نیمچەفەرمی بوونەتەوە کە شانبەشانی یەکتر کار دەکەن. دەرەنجامەکەشی، گۆڕینی زانکۆیە بۆ فەزایەک کە لەسەر بنەمای چاودێریی بەردەوام، خۆسەنسۆرکردن و تۆقاندن دامەزراوە. بەڵام هەر ئەم ڕەوتە، دیوێکی دیکەشی هەیە. پەرەسەندنی سەرکوت، زیاتر لەوەی نیشانەی ئیقتیدار و هێز بێت، دەرخەری قووڵبوونەوەی قەیرانی ڕەوایی (مەشرووعییەت)ی ڕژێمی ئیسلامییە. دۆسیەسازی بۆ خوێندکارانی خەباتکار، نە قەیرانەکە لەناو دەبات و نە کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان دەهێنێت؛ بەڵکوو دەیگوازێتەوە بۆ توێژە قووڵەکانی نێو کۆمەڵگا. بنەماڵەکان، مامۆستایان، خوێندکارە بێبەشکراوەکان لە خوێندن و ڕای گشتی، هەموویان تێکەڵی ئەم پرۆسەیە دەبن و بازنەی قەیرانەکە بەرفراوانتر دەبێت. ئەزموونی مێژووییش سەلماندوویەتی کە داخستنی ڕێڕەوەکانی ناڕەزایەتی، مەرج نییە ببێتە هۆی کپبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان. تا دەرفەتی دەربڕینی ناڕەزایەتی و داواکارییەکان بەرتەسکتر بێتەوە، زەمینە بۆ شێوازە ڕادیکاڵەکانی خەبات خۆشتر دەبێت. کاتێک میکانیزمە ئەمنییەکان وەک ئامرازێکی سڕینەوەی سیاسی کار دەکەن، زەمینە بۆ گرێدرانەوەی ناڕەزایەتییە پەرش‌وبڵاوەکان و پێکهاتنی هاوپشتییەکی بەرفراوانتر لەبار دەبێت. لەم ڕوانگەیەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە زانکۆکاندا دەگوزەرێت، تەنیا پرسی خوێندکاران نییە. بزووتنەوەی خوێندکاری یەکێک لەو بزووتنەوانەیە کە هێشتا توانای خۆڕێکخستن و پێکەوەگرێدانی ئەزموونە جیاوازەکانی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی لە خۆیدا پاراستووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بزووتنەوەی خوێندکاری دەبێت وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی پوتانسێلە ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگا سەیر بکرێت. بەڵام ئەزموون دەریخستووە کە پەرەسەندنی میکانیزمەکانی سەرکوت، زیاتر لەوەی ببێتە هۆی چەسپاندنی دەسەڵات، دەرخەری لاوازی و لەرزۆکییەتی. تا گوشارەکان بۆ سەر زانکۆ زیاتر دەبن، ڕوونتر دەبێتەوە کە کێشە سەرەکییەکە، ترس لە شکڵگرتنی هۆشیاریی چینایەتی و پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان و پێکەوەگرێدرانی ئەم بزووتنەوانەیە. بزووتنەوەی خوێندکاریش تەنیا لە ڕێڕەوی ستراتیژیی یەکگرتن و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەوەیە کە دەتوانێت پێشڕەویی خۆی مسۆگەر بکات.