فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

سەد و بیست و حەوتەمین هەفتەی هەڵمەتی «سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە» لە ٥٧ زینداندا؛ با بزووتنەوەی نا بۆ سێدارە پەرەپێبدەین
چوارشەممە ۱۰-۰۴-۱۴۰۵   |  01-07-2026

ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بێ‌ وچان و بەردەوام، لەژێر پاساوی پاراستنی ئاسایشی گشتی لە بەرامبەر دزەکردنی دوژمنانی دەرەکی، درێژە بە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی دەدات. هەروەها لەژێر پەردەی ڕێگریکردن لە تاوان و دەستەبەرکردنی مافی هاووڵاتییاندا، زیندانیان و تاوانبارانی ئاسایی لە سێدارە دەدات. زیندان و ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی نەیارانی سیاسی هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات‌گەیشتنی حکوومەتی ئیسلامییەوە تا ئێستا، یەکێک بووە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەسەڵاتداریی ئەم ڕژێمە جینایەتکارە. بەڵام ئەمڕۆ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا کە لەژێر باری قورسی قەیرانی ئابووری و بێتوانایی لە درێژەدان بە شەڕ، ڕێگەی سازشکردنی لەگەڵ ئەمریکا گرتووەتە بەر، ڕوو بە کرێکاران و جەماوەری ناڕازیی ئێران چەکی کێشاوە و زیندان و ئەشکەنجە و لەسێدارەدانی کردووەتە ڕەمزی مانەوەی خۆی. ئەم ڕژێمە تاوانکارە تەنانەت کاتێک تاوانبارانی ئاسایی لە سێدارە دەدات، ئامانجی ترساندن و تۆقاندنی کۆمەڵگە و نەیارانی سیاسییە. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو دڕندەیی و وەحشیگەرییەی کە ڕژێم لە خۆی نیشانی دەدات، ئەوەی کە ئاشکرایە ئەم حەقیقەتەیە کە شەپۆلی لەسێدارەدان و سەرکوت نەیتوانیوە کۆمەڵگە چاوترسێن بکات و خەبات دژی سزای لەسێدارەدان و بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسی هەروا بەردەوامە. ژنان و پیاوانی زیندانیی سیاسی، ئەم مرۆڤە ئازا و ئازادیخوازانە، بە ڕێکخستنی هەڵمەتی «سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە» لەپشت شیشە و دیوارەکانی زیندانەوە، دەمێکە ئاڵای خەبات دژی سزای لەسێدارەدانیان شەکاندووەتەوە.

هەڵمەتی «سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە» کە لە ٥٧ زیندانی ئێراندا بەردەوامە، لە سەد و بیست و حەوتەمین هەفتەی مانگرتن لە خواردن، لە ڕێگەی بەیاننامەیەکەوە لە ڕێکەوتی سێشەممە ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٥ ڕایگەیاندووە کە ماشێنی لەسێدارەدان و سەرکوتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەروا بەردەوامە و ڕۆژانە شایەتحاڵی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی و زیندانیانی تاوانە گشتییەکانین لە سەرتاسەری وڵاتدا. لەم بەیاننامەیەدا هاتووە:

“دەزگای قەزایی حکوومەت ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای ئەم شەڕەی دواییەوە تا ئێستا، ٣ هەزار و ٢٩٢ کەسی بە تۆمەتی «هاوکاریکردن لەگەڵ دوژمن» دەستبەسەر کردووە. ئەم ئامارە لە هەلومەرجێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە دوای سەرکوتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لەلایەن هێزە سەربازی و ئەمنییەکانەوە، ڕەوتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ناڕازییان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و بەشێکی زۆر لە دەستبەسەرکراوان لەبەردەم مەترسیی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان یان زیندانیی درێژخایەندان.” لەم بەیاننامەیەدا وێڕای ئاماژەدان بە ئاماری نزیکەی ١٤٠ زیندانیی لەسێدارەدراو لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا، جەخت کراوەتەوە کە:

“کارنامەی ئەم حکوومەتە پڕە لە پێشێلکاریی بەرفراوان و ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و کەڵک‌وەرگرتن لە لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوت و تۆقاندن. هەزاران بنەماڵە لە ئێراندا داخداری ئازیزانێکن کە لە پرۆسەیەکی نامرۆڤانەدا بوونەتە قوربانیی ئیرادەی سەرکوتگەرانەی حکوومەت. لەم نێوەندەشدا دەنگی باوکێک کە دەپرسێت: «گۆڕی کوڕەکەم لە کوێیە؟» دەنگێکە کە لە قووڵایی ڕەنج و نادادپەروەرییەوە هەڵدەقوڵێت؛ پرسیاری باوکی وەحید بەنی‌عامریان، ئەو زیندانییە سیاسییەی کە لەگەڵ پێنج زیندانیی سیاسیی تر لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە زیندانی قزڵحەسار لەسێدارە درا، و ئەو بنەماڵانەی تریش کە تەرمی ڕۆڵەکانیان پێ نەدرایەوە، تەنیا داخوازییەکی کەسی نییە، بەڵکوو هاواری زۆرێک لە دادخوازانە کە تەنانەت لە مافی سەرەتایی زانینی شوێنی ناشتنی ئازیزەکانیشیان بێبەش کراون. ئەم بێبەشکردنە، درێژەدانە بە سزادان لە دوای مەرگ و پێشێلکردنی ئاشکرای کەرامەتی مرۆڤە. شوێنێک کە ڕەنجەکان نەک هەر کۆتاییان نایەت، بەڵکوو تەنانەت مۆڵەتی پرسەگێڕانیشیان پێ نادرێت.” هەڵمەتی «سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە» لە کۆتایی ئەم بەیاننامەیەدا جارێکی تر لەسەر ئیرادە و پێداگریی خۆیان بۆ درێژەدان بە خەبات دژی سزای سێدارە و تێکۆشان لە پێناو وەدیهێنانی ئازادی و یەکسانیدا جەختیان کردووەتەوە.

لە هەلومەرجی ئێستادا کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ڕێگەی سازشی لەگەڵ ئەمریکا گرتووەتە بەر، پەرەسەندنی سەرکوت و لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییە دەبێت لە پەیوەندی لەگەڵ قووڵبوونەوەی قەیرانی مەشرووعییەتی سیاسی، کەلێن و فرەباڵی لە نێوخۆی دەسەڵات، بێتوانایی ئایدیۆلۆژیک لە پاساوهێنانەوە و مەشرووعیەت‌دان بە دۆخی هەنووکەیی، و هەروەها ترس و دڵەڕاوکێ لە پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لێک بدرێتەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا، توندکردنەوەی سەرکوت هەم وەک ستراتیژیی مانەوە و هەم وەک تاکتیک، بووەتە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان. ئەم لەسێدارەدانە بەرنامەبۆداڕێژراوانە زیاتر لەوەی نیشانەی هێز و دەسەڵات بن، دەربڕی لوتکەی قەیرانی مەشرووعیەتی ڕژێمی ئیسلامی و داماوی لە وەڵامدانەوە بە داخوازییەکانی کۆمەڵگەن. ئێستا و لە کاتێکدا کە زیندانیان لەگەڵ کەمبوونی جێگا، خۆراک و پێداویستییە ژیانی و تەندروستییەکاندا بەرەوڕوون، هێشتا هەزاران کەس لە دەستبەسەرکراوانی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی بەفرانباری ١٤٠٤ لە زیندانەکاندان. ڕژێمی جینایەتکاری ئیسلامی بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگە، ئەم زیندانیانەی بە بارمتە گرتووە، داسی مەرگی بەسەر سەریاندا هەڵواسیوە و هەموو هەفتەیەک ژمارەیەکیان لە سێدارە دەدات.

لە بارودۆخی ئێستادا، پەرەپێدان بە بزووتنەوەی هاودڵی و هاوپشتی لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی لە ناوخۆی ئێران و پشتیوانی و هاوپشتی لەگەڵ «هەڵمەتی نا بۆ سێدارە» کە ئاڵاکەی لەپشت شیشەی زیندانەکانەوە هەڵدراوە، زیاتر لە جاران زەروورەتی پەیدا کردووە. لە دەرەوەی وڵاتیش پێویستە هەموو هێزەکان و مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان، دەست لەناو دەستی یەکتر و بە ڕێکخستن و وەڕێخستنی کەمپەین و هەڵمەتە سیاسییەکان، گوشار بخەنە سەر ڕژێمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی کۆتایی بە لەسێدارەدانەکان بهێنێت و زیندانیانی سیاسی ئازاد بکات.