فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بۆ مەحکوومکردنی قەتڵی “سیاوەش ئەلەک”، لاوی ١٩ ساڵەی مەهاباد، بە دەستی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی
هەینی ۱۲-۰۴-۱۴۰۵   |  03-07-2026

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥، بەرامبەر بە ١ی جوولای ٢٠٢٦، بەدوای پەلاماری گرووپێک لە هێزەکانی بەسیج و بەکرێگیراوە ناوچەییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە مەهاباد، لاوێکی ١٩ ساڵە بە ناوی “سیاوەش ئەلەک”، کەوتە بەر زەبری چەقۆی ئەو بەکرێگیراوانە و بە سەختی بریندار کرا، کە بەداخەوە پاش چەند کاتژمێرێک بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا. لەم پەلامارە دڕندانەیەدا چوار لاوی تریش بە سەختی بریندار بوون. بەکرێگیراوانی بەسیجیی ڕژیمی ئیسلامی بەدوای ئەم جینایەتە، بە مەبەستی دروستکردنی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن لە شەقامەکاندا، دەستیان دایە ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلەکان و هەراسانکردنی خەڵک. بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم تاوانە، شەپۆلێک لە تووڕەیی و بێزاریی خەڵکی مەهابادی بەرامبەر بە حکوومەتی ئیسلامی لێ کەوتەوە. جەماوەری ناڕازی لە ئێوارەی ئەو ڕۆژەدا لە بەردەم نەخۆشخانەی شاردا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێک هێنا و بە دروشمدان دژی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بەم جینایەتە دەربڕی.

هێرشی هێزە ئەمنییەکان و یەکەی دژە خۆپیشاندانی ڕژیم، کۆبوونەوەی جەماوەری بەرەو توندوتیژی برد. ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی پووشپەڕ بە خۆبواردنی ڕژیم لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی سیاوەش بە بنەماڵەکەی، کەشی شار زیاتر ئاڵۆز بوو و بەشێکی زۆر لە بازاڕیان و کاسبکاران وەک ناڕەزایەتییەک دژی جینایەتێکی لەم چەشنە، دوکان و بازاڕی خۆیان داخست و دەستیان دایە مانگرتن. ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە ترسی تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، باوکی جەرگسووتاوی ئەو لاوەی بانگهێشت کرد و بە هەڕەشە و وەرگرتنی بەڵێننامە لێی بۆ ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی خەڵک و بەڕێوەنەبردنی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردن و پرسە، تەرمە بێگیانەکەیان ڕادەستی بنەماڵەکەی کرد. سەرەڕای ئەمانەش و لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی حکوومەت گۆڕەپانە سەرەکییەکانی شاریان داخستبوو، ڕێوڕەسمی بەڕێکردن و بەخاکسپاردنی تەرمی سیاوەش بە ئامادەبوون و ڕێپێوانی بەرفراوانی خەڵکی خەباتکاری مەهاباد و بە دروشمدان دژی ڕژیم بەڕێوە چوو.

ئەگەرچی فەرماندار و فەرماندەی هێزی ئینتیزامیی ڕژیم لە مەهاباد بۆ دامرکاندنەوەی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی جەماوەر ڕایانگەیاند کە “بکوژەکە خۆی ڕادەست کردووە”، بەڵام خەڵک باش دەزانن کە لە حکوومەتی ئیسلامیدا کاربەدەستان و بەکرێگیراوانی سەرکوتگەر و لات و لووتەکانی بەسیج، یان هەمان هێزە ئاتەش بە ئیختیارەکانی ڕژیمی ئیسلامی، لە پارێزبەندیی قەزایی بەهرەمەندن و لە بەرامبەر زۆرداری و دەستدرێژیکردنە سەر گیان و ماڵی خەڵکدا وەڵامدەر نین و سزا نادرێن؛ چونکە ئەوان بەشێکن لە ماشێنی سەرکوت. خەڵکی کوردستان چەندین جار، لەوانەش بەدوای قەتڵی “شوانە سەیدقادری” لە هاوینی ساڵی ١٣٨٤ لە مەهاباد، بە دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەڕێوەبردنی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان، بە ڕژیمی ئیسلامییان نیشان داوە کە جینایەتی لەم چەشنە بێ وەڵام ناهێڵنەوە. ناڕەزایەتیی خەڵک و مانگرتنی بازاڕیانی مەهاباد ئەم جارەش نیشانی دا کە کۆمەڵگە لە بەرامبەر کوشتار و سەرکوتی حکوومەتی ئیسلامیدا چاوترسێن نابێت و بە پشتبەستن بە هێزی ناڕەزایەتیی یەکگرتوو و هاوپشتیی خۆی، ئەو هێز و توانایەی هەیە کە ڕژیم و بەکرێگیراوەکانی ناچار بە پاشەکشە بکات.

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، قەتڵی سیاوەش ئەلەک و سەرکوتگەریی بەکرێگیراوانی حکوومەتی ئیسلامی بە توندی مەحکووم دەکات و وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەی داغداری “سیاوەش ئەلەک” و خەڵکی مەهاباد، پشتیوانی لە داواکاریی ڕەوای بنەماڵەی ئەم گیانبەختکردووە و جەماوەری مەهاباد بۆ سزادانی بکوژەکە و هاودەستەکانی تری دەکات. بێگومان خەڵکی تێکۆشەری مەهاباد، بەو ئەزموون و دەسکەوتە بەنرخە خەباتکارانەی کە هەیانە، تەنیا بە پتەوکردنی یەکڕیزی و هاوپشتی و درێژەدان و پەرەپێدانی ناڕەزایەتییەکان دژی کردەوەی سەرکوتگەرانەی هێزەکانی ڕژیم، دەتوانن ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە دەستدرێژیکردنە سەر گیان و ماڵی خەڵک پاشەکشە پێ بکەن و ئەم خواستە ڕەوایە بەسەر کاربەدەستانی ڕژیمدا بسەپێنن.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

١١ی پووشپەڕی ١٤٠٥

٢ی جوولای ٢٠٢٦