فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕەهەندە کارەساتبارەکانی مەرگی بێدەنگی کرێکاران لە ژینگەکانی کاردا
یەکشەممە ۱۴-۰۴-۱۴۰۵   |  05-07-2026

ئامارەکانی پەیوەست بە ڕووداوەکانی کار لە ئێران لە ماوەی ساڵانی ١٤٠٤ تا ١٤٠٥، ڕەهەند و توندیی چەوسانەوەی هێزی کار لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سەرمایەداریی ئیسلامیشدا ئاشکرا دەکەن. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پزیشکیی دادوەری لە ئێران، لە ١١ مانگی ساڵی ١٤٠٤دا، بەگشتی ١,٨٧٩ کرێکار لە ڕووداوەکانی ناو ژینگەی کاردا گیانیان لەدەست داوە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پێشوو بە ڕێژەی ٠.٩ لەسەدا زیادی کردووە. لە هەمان ئەو ماوەیەدا، ٢٤,٢٣٨ کەسیش بەهۆی ڕووداوەکانی کارەوە بریندار و کەمئەندام بوون. هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا، کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی بە تۆمارکردنی ٩٣١ حاڵەت، وەک هۆکاری سەرەکیی مەرگی کرێکاران لە ژینگەی کاردا دەستنیشان کراوە و پارێزگای تاران بە تۆمارکردنی ٣٦٥ حاڵەت، بەرزترین ڕێژەی قوربانییەکانی بەرکەوتووە. بەرکەوتنی شتی ڕەق، ئاگرکەوتنەوە، ڕووداوی کانەکان، پێکدادانی ئۆتۆمبێل و کارەباگرتن، هۆکاری بەشێکی زۆری قوربانییەکانیان پێکهێناوە. بێگومان ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی مەرگی بێدەنگی کرێکاران لە ژینگەکانی کاردا زۆر لەم ئامارانە گەورەتر و کارەساتبارترن.

بەپێی ڕاگەیاندنی عەلیڕەزا ڕەئیسی، جێگری ئەوکاتی وەزیری تەندروستیی ڕژێمی ئیسلامی لە گوڵانی ١٤٠٤دا، ساڵانە نزیکەی ١٠ هەزار کرێکار لە ئێران بەهۆی ڕووداو و هەلومەرجەکانی پەیوەست بە کارەوە گیان لەدەست دەدەن. ئەم ئامارە سامناکە بریتییە لە زیاتر لە ٨٠٠ مەرگ لە مانگێکدا و نزیکەی ٢٧ کوژراو لە ڕۆژێکدا. ئەو ئامارەی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە خراوەتە ڕوو، جیاوازییەکی ٥ هێندەیی لەگەڵ ئامارە فەرمییەکانی ڕێکخراوی پزیشکیی دادوەریدا هەیە، کە بەگشتی تەنیا قوربانییانی گیانی لە کارگە فەرمییەکان و لەنێو کرێکارانی بیمەکراودا تۆمار دەکات. هۆکاری سەرەکیی ئەم جیاوازییە زەقە، چالاکیی بەشێکی گەورەی هێزی کارە، بەتایبەت کرێکارانی بیناسازی و کانەکان لە کارگە نافەرمییەکان و بێبەش لە بیمە کە مەرگی ئەوان لە ئامارە دەوڵەتییەکاندا حیسابی بۆ ناکرێت. کەلێنێکی لەم شێوەیە ناکرێت تەنیا بخرێتە پاڵ جیاوازی لە شێوازی تۆمارکردنی زانیارییەکاندا؛ بەڵکوو ئەم جیاوازییە گوزارشتە لە سڕینەوەی سیستماتیکی بەشێکی گەورە لە چینی کرێکار لەناو سیستەمی ئاماریی فەرمیدا. ئەم سڕینەوە ئامارییە بەشێکە لە میکانیزمی بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان. ئەو کرێکارانەی لە کەرتی نافەرمی، پرۆژەیی یان بە بێ بیمە خەریکی کارن، نەک هەر لە سەرەتاییترین پێوەرەکانی سەلامەتی بێبەشن، بەڵکوو مەرگ و برینداربوونیشیان زۆرجار لە ئامارە فەرمییەکاندا ڕەنگ ناداتەوە. سەرمایە تەنیا بە چەوساندنەوەی هێزی کار لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا قایل نابێت؛ بەڵکوو تێچووە مرۆییەکانی ئەم چەوساندنەوەیەش تا ئەو جێگەیەی بکرێت لە مەودای بینینی گشتی دەشارێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە کرێکارانی بیناسازی، کانەکان، کشتوکاڵ و کەرتە نافەرمییەکانی تر، لە هەموان زیاتر ڕووبەڕووی ئەم ونکردن و شاردنەوەیە دەبنەوە.

ئەم کەلێنە ئامارییە دەریدەخات کە ئەوەی لە سیستەمی ئاماری فەرمیدا تۆمار دەکرێت، بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بەو کرێکارانەوە کە لەژێر چەتری بیمە، گرێبەستە فەرمییەکان و چاودێریی دەوڵەتیدان. لە بەرامبەردا، بەشێکی گەورەی هێزی کار، لە کرێکارانی ڕۆژموزدی بیناسازی و کرێکارانی کۆچبەرەوە بگرە تا دەگاتە کرێکارانی وەرزیی کشتوکاڵ و کرێکارانی کانە بچووکەکان، لە دەرەوەی ئەم میکانیزمانە کار دەکەن. مەرگی ئەوان، لە زۆر حاڵەتدا تەنانەت وەک داتایەکی ئاماریش بە فەرمی ناناسرێت.

جیاوازییە بنەڕەتییەکە لە پێگەی ئێران لە دابەشکاریی جیهانیی کاری سەرمایەداریدا شاراوەتەوە. لە وڵاتە سەرمایەدارییە پێشکەوتووەکاندا، هەرچەندە چەوسانەوە هێشتا بنەمای بەرهەمهێنان پێکدەهێنێت، بەڵام خەباتە مێژووییەکانی چینی کرێکار، بوونی سەندیکاکان و پێداویستییە یاساییەکان، تا ڕادەیەک تێچووی پشتگوێخستنی سەلامەتییان بۆ سەرمایە بەرز کردووەتەوە. لە وڵاتانی باشووری جیهانی، لەوانە ئێران، تایبەتکاری، پەرەسەندنی کەرتی پەیمانکاری، لابردنی کۆتوبەندە یاساییەکان و سەرکوتکردنی خۆڕێکخستنی سەربەخۆی کرێکاران، هەلومەرجێکیان هێناوەتە ئاراوە کە تێیدا تێچووەکانی سەلامەتی دەبنە یەکەمین قوربانیی کێبڕکێ لەپێناو قازانجی زیاتردا. لەم پێکهاتەیەدا، هەر ڕیاڵێک کە بۆ پاراستنی گیانی کرێکار خەرج بکرێت، لە ڕوانگەی سەرمایەوە بە واتای کەمبوونەوەی ڕێژەی قازانجە. لە ساڵانی دواییدا، قەیرانی ئاووهەواش بووەتە هۆکارێکی دیاریکەر لە توندتربوونەوەی مەترسییە پیشەییەکاندا. ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار مەزەندە دەکات کە تا ساڵی ٢٠٣٠ زیاتر لە سەدا دووی کۆی کاتژمێرەکانی کاری جیهان بەهۆی فشاری گەرماوە لەناو دەچێت؛ ژمارەیەک کە یەکسانە بە زیاتر لە ٨٠ ملیۆن هەلی کاری تەواوکات. کرێکارانی ژینگە کراوەکان، بەتایبەتی لە کەرتی بیناسازی، کشتوکاڵ و خزمەتگوزارییە شارەوانییەکاندا، زۆرترین زیان لەم ڕەوتە دەبینن. گەرماژۆیی، نەخۆشییەکانی دڵ و زیادبوونی ئەگەری ڕوودانی کارەساتەکان، تەنیا بەشێکن لە دەرئەنجامەکانی ئەم هەلومەرجە. لە ئێراندا، ئەم ڕەوتە بە تایبەتمەندییەکانی ئابووریی سەرمایەوە تێکئاڵاوە. پارێزگاکانی وەکوو خوزستان و بوشەهر کە ڕووبەڕووی گەرمای توند، تەپوتۆز و پیسبوونی هەوا بوونەتەوە، هاوکات خاوەنی بەرزترین ئاستی چڕبوونەوەی کرێکارانی نافەرمی و بێبەش لە پاڵپشتییەکانی بیمەن. بەم جۆرە لەژێر حوکمڕانیی سیستەمی سەرمایەداریدا، وێرانکردنی ژینگە و داڕمانی هێزی کار یەکتری بەهێزتر دەکەن. باری قورسی نەهامەتییەکانیش دەکەوێتە سەر شانی کرێکاران لەو وڵاتانەی کە چاودێری بەسەر ژینگەکانی کاردا لاوازترە، حەقدەستەکان کەمترن و بەهۆی نەبوونی ڕێکخراوە کرێکارییەکانەوە، هێزی مامەڵە و چانەزەنیی هێزی کار سنووردارترە.

لەم ڕوانگەیەوە، ڕووداوەکانی کار ناکرێت کورت بکرێنەوە بۆ بێباکی و بێ‌ئیحتیاتیی تاکەکەسی، هەڵەی مرۆیی یان کەموکوڕی لە کەلوپەلەکاندا. لەوانەیە هۆکاری لەم شێوەیە لە ڕوودانی کارەساتێکدا ڕۆڵیان هەبێت، بەڵام هۆکارە بنەڕەتییەکە ڕوون ناکەنەوە. تا ئەو کاتەی قازانج پێوەری سەرەکیی ڕێکخستنی بەرهەمهێنان بێت، کەمکردنەوەی تێچووەکانی سەلامەتیش زەروورەتێکی ئابووری دەبێت بۆ سەرمایە. مەرگ و کەمئەندامبوونی کرێکاران، بەشێکە لە لۆژیکی توندکردنەوەی چەوسانەوە و کەڵەکەبوونی سەرمایە. ئەوەی کە ئەم ئامارانە دەیخەنە بەردەممان، سیمای کۆمەڵگەیەکە کە تێیدا بەهای گیانی مرۆڤ بە لۆژیکی قازانج دەپێورێت. تا ئەو کاتەی ئەم لۆژیکە زاڵ بێت بەسەر ڕێکخستنی بەرهەمهێناندا، هەر ڕاپۆرتێکی نوێی ڕووداوەکانی کار، تەنها تۆمارکردنی بەشێکی تری هەمان تراژیدیای بێبڕانەوە دەبێت.

بەڵام تا ئەو کاتەی سەرمایەداری باڵادەست بێت و لۆژیکی سەرمایە حوکم بکات، تەنیا ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی نائەمنیی ژینگەی کار لە هەر شوێنێک، خودی یەکڕیزی و هێزی چینایەتیی ڕێکخراو و هۆشیاریی ئەو چینی کرێکارەیە کە دەیەوێت ئەم سیستەمە دژەمرۆییە لە گۆڕ بنێت. بۆیە ئەوە خودی کرێکارانن کە دەبێت خەمی خۆیان بخۆن و بە پشتبەستن بە خەباتی ڕێکخراو و بەرنامەبۆداڕێژراوی خۆیان، خاوەنکاران و دەوڵەت ناچار بکەن کە ئاسایشی ژینگەی کاریان بۆ دابین بکەن. یەکڕیزی و هێزی چینایەتیی کرێکاران تاکە ئامرازی بەرەنگاربوونەوەیە لە دژی سەپاندنەکانی سیستەمی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان. لە بواری کەمکردنەوەی مەترسی و زیانەکان و قوربانییانی کار و بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، هەروەها دەستەبەرکردنی سەلامەتی و تەندروستیی ژینگەی کار و قەرەبووکردنەوەی ئەو کرێکارانەی کە بەهۆی ئەم کارەساتانەوە زیانیان پێدەگات، دەبێت هێزی یەکگرتوو و ڕێکخراوی کرێکاران بخرێتە گەڕ و داواکارییە هەنووکەیی و دەستبەجێیەکانی چینی کرێکار بەسەر خاوەنکاران و دەوڵەتی پارێزەریاندا بسەپێنرێت. دابینکردنی سەلامەتیی ژینگەی کاریش وەک هەر داواکارییەکی تری کرێکاران، تەنیا بە زەبری خەبات و هاوپشتیی چینایەتیی کرێکاران بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیاندا دەسەپێنرێت!