
گرانی و هەڵاوسانی بێسنوور لە ئێراندا بێداد دەکات، تازەترین داتا و ئامارەکانی ناوەندی ئاماری کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخەکان و شەپۆلی هەڵاوسان نەک هەر هیچ دابەزینێک نیشان نادات، بەڵکوو بە خێراییەکی زیاترەوە بەرەو پێش دەچێت. بەپێی ئەم ئامارانە، ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ کە لە مانگی دیسەمبەری ٢٠٢٥دا نزیکەی ٥٢.٦ لەسەد بووە، ئێستا گەیشتووەتە ٨٨.٦ لەسەد. درێژەکێشانی گرژییە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا لە چەند مانگی ڕابردوودا لە ناوچەکە و بەردەوامیی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانیش، قەیرانی ئابووریی ڕژێمی کۆماری ئیسلامییان قووڵتر کردووەتەوە. لە هەلومەرجێکی ئاوادا، تێچووە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی شەڕ لەپاڵ خەرجییە زێدە و پڕوپاگەندەییەکانی دیکەی ڕژێم، لەوانە تەرخانکردنی بڕی نزیکەی یەک ملیار دۆلار بۆ ناشتن و بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی، پانتایی ئەم قەیرانە فراوانتر دەکات و کورتهێنانی بودجەی حکوومەتیش کە زیاتر لە یەک تریلیۆن تمەن بووە، دیسانەوە بەرزتر دەکاتەوە. بێگومان دەرهاوێشتەکانی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، ژیان و بژێویی کرێکاران و توێژە هەژارەکانی دیکەی کۆمەڵگای زیاتر لە جاران خستووەتە ژێر گوشارەوە و ژمارەیەکی زیاتر لە پێداویستییە خۆراکییەکانی لەسەر سفرەکانیان سڕیوەتەوە. جێگەی باسە کە قەیرانی ئابووریی ئێستا تەنیا بەرهەمی دۆخی شەڕ نییە، بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەی لە زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداریی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و ڕانتخۆری و گەندەڵیی دامەزراوەیی لە تەواوی جومگەکانی حکوومەتی ئیسلامیدایە.
کاریگەرییەکانی قەیرانێکی لەم چەشنە لەسەر ڕەوتی بەرهەمهێنان لە زۆرێک لە کارگە و ناوەندە بەرهەمهێنەرەکانی کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کە دوای شەڕ بەپێوە ماون، ڕەنگی داوەتەوە و دۆخی بژێویی کرێکارانی قەیراناویتریش کردووە. بێگومان لە بارودۆخێکی وەهادا، لە پلەی یەکەمدا ئەوە کرێکارانن کە لەلایەن سەرمایەدارانەوە بە بیانووی جۆراوجۆر بێکار دەکرێن یان دەردەکرێن؛ پێدانی حەقدەست و دەرماڵەکانیان دوا دەخرێت؛ مافی بیمەیان پێنادرێت و سەرمایەدار و خاوەنکار لە هەندێک حاڵەتدا بەکردەوە ناچاریان دەکەن بە حەقدەستێکی کەمترەوە کار بکەن.
سەرەڕای ئەمانەش و سەرباری درێژەکێشانی دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتی و سیستەمی سەرکوتی سیستماتیکی ڕژێمی ئیسلامی، کرێکاران لە بەرامبەر ئەم پەلامارە بێسنوورەدا دەستەوسان نەوەستاون و لە کەرتە جۆراوجۆرەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزاریدا دەستیان داوەتە مانگرتن و ناڕەزایەتی. لەوانە کرێکارانی کارگەی پەشم بافیی “ئێران بەرگ” لە ڕەشت، لە زنجیرە ناڕەزایەتییەکی ٦ ڕۆژەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان وەڕێ خست. ئەوان لە بەردەم دەرگای ئەم کارگەیەدا بە بەرزکردنەوەی پلاکاردێکی گەورە ڕایانگەیاند کە خوازیاری پێدانی حەقدەستی دواخراوی ١٩ مانگ، ٤٢ مانگ بیمەی نەدراو و کۆتاییهێنان بە چارەنووسی نادیار و گەڕانەوە بۆ سەر کارن. ئەوان ڕایانگەیاند کە دەستەی بەڕێوەبەری و خاوەن پشکەکان دەبێ وەڵامدەرەوەی ئێمە بن. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، هێشتا هیچ وەڵامێک بە کرێکاران نەدراوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە کارگەکە دانەخراوە و بەرهەمەکانی فرۆشراون و داهاتیشی هەبووە، بەڵام داواکاری و مافەکانی کرێکاران نەدراوە.
هەروەها کرێکارانی گرووپی پیشەسازیی “کیش چووپ” هەواڵی پێنەدانی پێنج مانگ حەقدەست و سێ مانگ مافی بیمەی کرێکارانیان بڵاو کردەوە، کە کێشەی بژێویی زۆری بۆ دروست کردوون. کرێکارانی کارگەی “پوویا نەخ”ی ئیلامیش لە شارۆچکەی پیشەسازیی شەشدار کە بە بیانووی کەمیی کەرەستەی خاو و سستبوونی بازاڕەوە لە یەکی مانگی خاکەلێوەوە داخراوە، دژی دواخرانی حەقدەست و ناڕوونیی چارەنووسیان و ڕێگری لە چوونە ناوەوەیان بۆ کارگەکە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان پێک هێنا. لە لایەکی دیکەوە، کارمەندانی بنکەکانی تەندروستی و پەرستاران و ستافی دەرمانی لە تاران و تەورێز، بە سازدانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە بەردەم زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تەورێز و ڕێکخراوی کارگێڕی و دامەزراندن لە تاران، خوازیاری وەڵامدانەوەی بەرپرسانی حکوومەت بوون بە داواکاری و مافەکانیان، لەوانە باشترکردنی دۆخی بژێوی و کۆتاییهێنان بە هەڵاواردن لە پێدانی مووچەکانیاندا. کرێکارانی کارگەکانی موخابەراتی (پەیوەندییەکان) شیرازیش ناڕازین لە پێنەدانی حەقدەست و بیمەکەیان. لە چەندین کارگە و ناوەندی کار و بەرهەمهێنانی دیکە لە شارەکانی دیکەی ئێران، کرێکاران مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ساز داوە. سەرباری ئەم نموونانە، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا پەرستاران و ستافی دەرمانی لە تەورێز و تاران؛ ژمارەیەکی زۆر لە خانەنشینانی موخابەرات لە تاران، ئەسفەهان، سنە، کرماشان، ڕەشت و شارەکانی دیکە، لە بەردەم باڵەخانەی فەرمانگەی موخابەراتی ئەم شارانەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان وەڕێ خست و بە دروشمدان خوازیاری بەدیهاتنی ماف و خواستەکانیان بوون.
لە گۆڕەپانی بزووتنەوەی خوێندکاریشدا، شایەدی هەڵسووڕانی ڕێکخراوی “خوێندکارانی پێشڕەو” بووین لەژێر ناوی “بانگەوازی گشتی بۆ هەنگاونان لە ئاستی سەرتاسەری و نێونەتەوەیی”، کە ئەوەش وەک پشتیوانییەک لەو خوێندکارانەی لەژێر سەرکوتی ڕژێمی ئیسلامیدان بەڕێوەچوو. ئەم ڕێکخراوەیە داوای لە هەموو ناوەند، کۆڕ و کۆمەڵ و چالاکانی خوێندکاری کرد کە لە هەنگاوێکی دەستبەجێدا بۆ ڕاکێشانی سەرنجەکان بەرەو سەرکوتی بەربڵاوی بزووتنەوەی خوێندکاری لەلایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە، دەست بدەنە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی ناڕەزایەتی و کۆکردنەوە و بەبەڵگەنامەکردن و بڵاوکردنەوەی ئاماری سەرکوتی خوێندکاران. ئەم ڕێکخراوە خوێندکارییە بانگەوازەکەی وەکوو هاواری تووڕەیی دژی ئەو حکوومەتە ناو بردووە کە ناڕەزایەتییەکانی خوێندکاران و کۆمەڵگای ئێرانی بە دڕندانەترین شێوەی مومکین سەرکوت کردووە.
مانگرتنی کرێکاران و ناڕەزایەتیی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە کاتێکدا بەڕێوە دەچن، کە کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ئەمریکا بە تێچوویەکی قورسەوە درێژە بە گرژییەکانیان لە ناوچەی هەستیار و ستراتیژیی کەنداو دەدەن. کۆماری ئیسلامی بارگرانیی دارایی شەڕ و ئاڵۆزییەکان دەخاتە سەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێران، کە خۆیان موحتاجی نانی شەون. لە کاتێکدا کە تێچووی سەبەتەی بژێویی خێزانێکی سێ کەسی گەیشتووەتە سەرووی ٧٠ ملیۆن تمەن لە مانگێکدا، کرێکاران هیچ هیوایەکیان نییە کە لەژێر سایەی حوکمڕانیی ڕژێمی مایەپووچ و گەندەڵی کۆماری ئیسلامیدا هیچ باشبوونێک لە دۆخی بژێوییاندا بێتە ئاراوە. بەڵام کلیلی ڕزگاری لەم بارودۆخە کارەساتبارە و لە دەستی ڕژێمی تاوانکاری ئیسلامی، تەنیا لە دەستی خودی کرێکاراندایە. چالاکان و پێشڕەوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری بە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری لەسەر بەستێنی خەباتی ئێستایان، و تێکۆشان بۆ خۆڕێکخستنی کرێکاران و هاوڕێکردنی چالاکانی دیکەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانن ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ڕووخانی یەکجاریی کۆماری ئیسلامی و ڕزگاربوون لێی و جێگیرکردنی دەسەڵاتێکی شۆرایی بخەنە بەردەم کرێکاران و توێژە هەژارەکانی دیکەی کۆمەڵگا.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە