
ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕ، ساڵوەگەڕی ڕووداوێکی مێژووییە لە بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێراندا. ٢٧ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕ و ڕۆژانی دواتر تا ٢٣ی پووشپەڕ، خوێندکارانی خەباتکار و ناڕازی لە شەقامەکانی دەوروبەری زانکۆدا هاتنە مەیدانەوە و تووڕەیی و بێزاریی خۆیان لە کۆماری ئیسلامی نیشان دا. ڕۆژی ١٦ی پووشپەڕی ١٣٧٨، مەجلیسی شۆرای ئیسلامی گەڵاڵەی گشتیی چاکسازیی یاسایەکی پەسەند کرد کە بەپێی ئەو یاسایە، ئاستەنگ و کۆتوبەندێکی یەکجار بەرفراوانتر دەخرایە سەر ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکان.
“ڕۆژنامەی سەلام” بە بڵاوکردنەوەی بەڵگەیەک ئاشکرای کرد کە “سەعید ئیمامی” جێگری ئەوکاتی وەزارەتی ئیتلاعات پێشنووسی ئەم یاسایەی ئامادە کردووە. سەعید ئیمامی بڕیاردەر و بەڕێوەبەری قەتڵە زنجیرەییەکان بوو کە تێیدا “محەممەد جەعفەر پویەندە، محەممەد موختاری، پەروانە ئیسکەندەری، داریوش فروهەر، پیروز دوانی” و زیاتر لە ٧٠ کەسی تر کوژران. سەرانی ڕژێم بۆ سەرپۆش دانان لەسەر ئەو کارەساتانەی کە بە فەرمانی ئەوان و بە دەستی وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕەوتی قەتڵە زنجیرەییەکاندا ئەنجامیان دابوو، پێشتر لە زینداندا سەعیدی ئیمامیان کوشتبوو. تەنها یەک ڕۆژ دوای پەسەندکردنی ئەم یاسایە، ڕۆژی ١٧ی مانگی پووشپەڕ بە حوکمی دادستان، ڕۆژنامەی سەلام داخرا. ئەم کردەوەی ڕژێم ناڕەزایەتیی خوێندکارانی لێکەوتەوە و هەمان شەو ژمارەیەک لە خوێندکارانی کوی دانشگاهی تاران لە شەقامی کارگەری شوماڵی کۆبوونەوە و خوازیاری دەستبەکارکردنەوەی ئەم ڕۆژنامەیە و پەسەندنەکردنی “گەڵاڵەی چاکسازیی یاسایی بواری چاپەمەنی” لە مەجلیس بوون. ناڕەزایەتییەکان لە چوارچێوەی کوی دانشگاهەوە بۆ شەقامەکان پەرەی سەند. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بەم ناڕەزایەتییانە، هێزی سەرکوتی لە گیانی خۆپیشاندەران بەردا و هەوڵی دا تا بزووتنەوەی خوێندکاران تێکبشکێنێت. بەڵام هێزە سەرکوتگەرەکان کە نەیانتوانی بەخێرایی پاشەکشە بە خوێندکاران و خەڵکی هاوڕێیان بکەن، هێرشی شەوانە بۆ سەر کوی دانشگاهیان خستە دەستووری کارەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٨ی مانگی پووشپەڕ هێزەکانی حیزبوڵڵا، پاسدار و لیباس شەخسییەکان پەلاماری کوی دانشگاهی تارانیان دا. سەرکوتگەرانی ڕژێم لە ئەنجامدانی هیچ کردەوەیەکی دژەئینسانی دەستیان نەپاراست و هەموو توانای خۆیان بەکارهێنا تا بە هێرشێکی وەحشیانە، ئەو سەرشۆڕییەی کە ڕۆژی پێشتر بەنەسیبیان ببوو، قەرەبوو بکەنەوە و بە پێکهێنانی فەزای ترس و وەحشەت، خوێندکاران و خەڵک چاوترسێن بکەن. ئەوان دەرگای ژوورەکانیان بە تەور شکاند و بە ئامانجی کوشتن هێرشیان کردە سەر خوێندکاران. ژمارەیەک لە خوێندکارانیان بە دروشمی “یا حسێن” و “یا زەهرا” لە تەبەقەکانی سەرەوەی ساختمانی کوی دانشگاهەوە بەردایە خوارێ. کەلوپەلی بەشەناوخۆییەکانیان تێکشکاند و سامانەکانیان تاڵان کرد و گیانی چەند کەسێکیشیان سەند. لە دەرەنجامی ئەم هێرشە دڕندانەیەی ڕژێم بۆ سەر کوی دانشگاه لە ساڵی ١٣٧٨ (١٩٩٩)، لانی کەم سێ کەس بە ناوەکانی “عیزەتوڵڵا ئیبراهیمنژاد”، “فریشتە عەلیزادە” و “تامی حامیفەڕ” گیانیان بەخت کرد. لەم ڕووداوەدا خوێندکارێک چاوی لەدەست دا و دەست و قاچی دەیان کەسیش شکا.
هەواڵی هێرشی هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکانی ڕژێم لە هەموو شوێنێک بڵاوبووەوە. ڕۆژی هەینی ١٨ی مانگی پووشپەڕ، خوێندکارانی زانکۆکانی تاران و شارستانەکان وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بەم تاوانانە هاتنە سەر شەقام و لە هەموو شوێنێک ئەم ناڕەزایەتییانە لەلایەن خەڵکەوە بەشێوەی بەرین پشتیوانی لێکرا. خۆپیشاندان و شەڕ و پێکدادان لەسەر شەقامەکان هەتا ڕۆژی ٢٣ی مانگی پووشپەڕ درێژەی کێشا. لەم ڕۆژانەدا هێلیکۆپتێڕەکان بەسەر سەری خەڵکدا دەسووڕانەوە و شاری تاران سیمای ڕۆژانی ڕاپەڕینی بەخۆوە گرتبوو. ئەم ڕۆژە بەناوی ڕۆژی تەهاجومی وەحشیانەی کۆماری ئیسلامی و ڕۆژی خەبات و خۆڕاگریی خوێندکاران و هاوپشتی و هاوڕەزمیی جەماوەری خەڵک لە مێژووی خەباتی بزووتنەوەی خوێندکاریدا تۆمارکراوە. لەو کاتەوە هەموو ساڵێک ئەم ڕۆژە بەیادی خوێندکارانی گیانبەختکردوو و بەیادی هاوڕەزمی و هاوپشتیی خەڵک لەگەڵ خوێندکارانی خەباتکار بەرز ڕادەگیرێت. ١٨ی پووشپەڕ بۆ خوێندکارانی ئێران کە زۆربەیان ڕۆڵەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کۆمەڵگان، وەبیرهێنەرەوەی ئەو حەقیقەتەیە کە لە بەرانبەر ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرەدا کە ئازادی و نانیانی زەوت کردووە، حورمەت و کەرامەتیانی بە حیجاب و هەڵاواردنی ڕەگەزی لە ناوەندەکانی پەروەردەدا خستووەتە ژێر پێ، شادی و خۆشیی لێ قەدەغە کردوون و دەرگای زیندانەکانی بەرەوڕوویان کردووەتەوە، بۆ هەر داخوازییەکی سینفی و سیاسی، چارەیەکی تریان نییە بێجگە لە تێکۆشان و گرێدانی خەباتیان بە خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان.
لە ڕۆژانی ١٨ تا ٢٣ی پووشپەڕی ٧٨دا، خەڵک بە دروشمە ڕوونە دژە-دیکتاتۆرییەکانیان، خواستی ڕەتکردنەوە و ڕووخاندنی ئەم ڕژێمەیان لە ئاستێکی جەماوەریدا دەربڕی. بەڵام ئەم خەباتە ڕێکخراو نەبوو و بێبەش بوو لە ڕێبەرایەتی. جەماوەری وەگیانهاتوو ئەوەی کە نەیاندەویست هاواریان دەکرد، بەڵام هێشتا ئەوەی کە دەیانویست، بە ڕوونی بەیانیان نەدەکرد. خەباتی مەزن و ئازایانەی ڕۆژانی ١٨ تا ٢٣ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٨ بەبێ ڕێکخستن و ڕێبەرایەتی و بەبێ ئاسۆیەکی ڕوونی سیاسی، کرایە ئامانجی هێرشە ڕێکخراوەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و لەو قۆناغەدا سەرکوت کرا. بەڵام ئەم نەبەردە لە فۆرمی جۆراوجۆری دیکە و لە گۆڕەپانە جیاوازە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا تا هەر ئێستاش بەردەوامە. ئەم نەبەردە هەرچەندە لەم ماوەیەدا هەوراز و نشێوی زۆری بڕیوە و لە ڕابردووی خۆی دەرس و ئەزموونی بەنرخی وەرگرتووە، بەڵام هێشتا بەدەست ئەو کەموکوڕییانەوە دەناڵێنێت کە بوونە هۆی سەرکوتی خەباتەکانی پووشپەڕی ٧٨، و داهاتووی ئەم بزووتنەوەیەش گرێ دراوە بە چارەسەرکردن و تێپەڕاندنی ئەو کەموکوڕییانەوە.
ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکانی نۆ ساڵی ڕابردوو و ئەو دروشم و خواست و داواکارییانەی کە لە ڕەوتی ئەم ڕاپەڕینانەدا هاتنە ئاراوە، ئەوەیان سەلماند کە پێویستە بزووتنەوەی خوێندکاری وەک یەکێک لە کۆڵەکە قایمەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ئێران، بە شێلگیرترین و ڕادیکاڵترین شێوە نوێنەرایەتیی داخوازییە دیموکراتیکەکانی نێو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بکات و پشتیوانییان لێ بکات. باڵی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی خوێندکاری لە بەرانبەر ڕەوتە ڕەنگاوڕەنگەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوایی کە دەیانەوێت ئەم بزووتنەوەیە بەلاڕێدا ببەن، تەنیا بە هێنانەگۆڕێی ئەم داواکارییانە لە گۆشەنیگای بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار و بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان و بزووتنەوە پێشڕەوکانی دیکەی کۆمەڵگاوە دەتوانێت ئەم ئەرکە مێژووییە بە ئەنجام بگەیەنێت و پەیوەندییەکی قووڵتر لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا پێک بهێنێت. پێشڕەویی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵکی ئێران گرێ دراوە بە ئامادەبوونی بزووتنەوەی سۆسیالیستیی چینی کرێکار و لکاندنی ئەم بزووتنەوەیە بە بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و بزووتنەوە پێشڕەوکانی دیکەی کۆمەڵگاوە، بە ئاسۆی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژێمی ئیسلامی و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی سەرمایەدارییەوە. ئەمە ئەو دەرسە مێژووییەیە کە دەبێ لە ئەزموونی پووشپەڕی ١٣٧٨ و ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەکانی ساڵانی ڕابردووەوە فێری ببین.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە