فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لێکتێگەیشتننامە ١٤ خاڵییەکە لە ژێر سێبەری گرژییە سەربازییەکاندا
یەکشەممە ۲۱-۰۴-۱۴۰۵   |  12-07-2026

لە کاتێکدا زیاتر لە سێ هەفتە بەسەر واژۆکردنی لێکتێگەیشتننامەی نێوان دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا تێدەپەڕێت، نەک هەر هیچ پێشڕەوییەکی بەرچاو لە جێبەجێکردنیدا نەهاتووەتە ئاراوە، بەڵکوو تا ئێستا چەندین جار ئاگربەستی پەسەندکراوی نێو لێکتێگەیشتننامەکە لەلایەن هەردوولاوە پێشێل کراوە و گەیشتن بە ڕێککەوتنی گشتی لە ماوەی دیاریکراوی ٦٠ ڕۆژەدا ڕووبەڕووی لێڵی و گومانێکی زۆر کردووەتەوە. توندترین ئاڵوگۆڕی تەقە و پێکدادان لە نێوانیاندا لە ڕۆژانی سێشەممە و پێنجشەممە، ١٦ و ١٨ی پووشپەڕ ڕوویدا. ڕۆژی سێشەممە، سوپای پاسداران بە ئاراستەکردنی مووشەک بۆ سەر سێ کەشتیی سەر بە قەتەر و عەرەبستان کە لە ڕێڕەوی باشووری گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕین، گرژییەکی سەربازیی نوێی خولقاند. لە بەرامبەر ئەم پەلامارانەی سوپای پاسداراندا، سێنتکام (فەرماندەیی ناوەندیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە)، بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ٨٠ خاڵی ستراتیژیی سەربازی، ئابووری و ژێرخانی لە شارە لێواراوییەکانی ئێران و ناوچەکانی دەوروبەری، وەڵامی دایەوە. هێرشە پێچەوانەکانی کۆماری ئیسلامیش بە هاویشتنی مووشەک بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوێت، بەحرەین و ئوردن، سەرباری ئەوەی کە بە پەلاماری زۆر توندتری ئەمریکا بۆ سەر ٩٠ ئامانج لە ناوخۆی ئێران لە ئێوارەی چوارشەممە و بەرەبەیانی پێنجشەممەدا وەڵام درایەوە، لە هەمان کاتدا بەرەوڕووی ئیدانەکردنی دەوڵەتانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداویش بووەوە و ناکۆکییەکانی نێوان ئەوان و کۆماری ئیسلامیی قووڵتر کردەوە. ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا دژ بە کۆماری ئیسلامی لە ئێوارەی پێنجشەممە ١٨ی پووشپەڕیشدا، بۆ سێیەمین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوام بوو و دەنگی تەقینەوەی گەورە و سامناک لە هەندێک لە شارەکانی باشووری ئێران، لەوانە بووشێهر، بەندەرعەباس، عەسەلوویە و کرمان بیسترا.

ئەم پەلامارانە لەلایەن ڕژێمی کۆماری ئیسلامییەوە ڕێک لە کاتێکدا دەستیان پێکردەوە کە سی و شەشەمین کۆبوونەوەی سەرانی دەوڵەتانی ئەندام لە ناتۆ، بە ئامادەبوونی ٣٢ کەس لە سەرانی دەوڵەتانی ئەندام، لەوانەش ترامپ، لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە (١٦ و ١٧ی پووشپەڕ) لە ئانکارا بەڕێوە دەچوو. یەکێک لەو بابەتانەی کە دوای شەڕی ئۆکراین کەوتە سەرووی ئەولەوییەتەکانی کاری ئەم کۆبوونەوەیە، دۆسیەی کۆماری ئیسلامی و ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و دەستتێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لەو گەرووەدا بوو. لە لایەکی دیکەوە، ئەم گرژییە سەربازییانە هاوکات بوو لەگەڵ گێڕانی تابووتی تەرمی عەلی خامنەیی لە نەجەف و کەربەلا؛ شانۆگەرییەک کە چوار مانگ دوای کوژرانی، بە ئامانجی چەواشەکردنی ڕای گشتی، ڕازیکردنی ڕەوتە ئوسوولگەرا کۆنەپەرستەکان و پێشگرتن بە داڕمانی ڕیزەکانیان بەڕێوە دەچوو. ئەوان ناڕەزایەتی و تووڕەیی خۆیان لە سەرکردایەتیی دەسەڵاتداری سوپای پاسداران، بەهۆی دانیشتنیان لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، لە میانەی ئەم تابووت‌گێڕانەدا بە دروشمی تۆڵەسەندنەوە و کوشتنی ترامپ و دیاریکردنی خەڵاتی سەد ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو کارە، دەردەبڕی.

بەڵام ئامانجی سەرەکیی سوپای پاسداران لە هاویشتنی چەند مووشەکێک بەرەو ڕووی سێ کەشتیی نەوتهەڵگر، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی لوتکەی ناتۆ، ناردنی پەیامی ناڕەزایەتی بوو بەرامبەر بەو لوتکەیە لە چوارچێوەی بەناو “نمایشی هێز”دا. ئەردۆغان وەک سەرۆکی ئەم لوتکەیە لە وتاری کردنەوەیدا، بەرگریی لە مافی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بۆ هەموان کرد و لە بەرامبەر هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ خستنەژێر کۆنترۆڵی گەرووی هورمز لە ڕێگەی مینڕێژکردن و تەقەکردن لە کەشتییەکان، ئامادەیی تورکیای بۆ بەشداریکردن لە هەڵگرتنەوەی مینەکانی ئەو گەرووەدا ڕاگەیاند. هەروەها سوپاسی “هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی” ترامپی کرد لەپێناو هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی. لە بەشێکی بەیاننامەی کۆتایی لوتکەی ناتۆشدا هاتووە: “ئێران نابێت هەرگیز دەستی بە چەکی ناوکی بگات و دەبێت بەتەواوی ڕێز لە ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بگرێت.”

وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە دەقی ئەو بەیاننامەیە، باڵیۆزخانەی ڕژێم لە ئانکارا ڕایگەیاند کە سەرچاوەی سەرەکیی نائارامیی ناوچەکە دەستتێوەردانە سەربازییەکان و سیاسەتە تێکدەرانەکانی ئەمریکا و ئەکتەرەکانی دیکەی ناوچەکەیە و ناتۆ سەڵاحییەتی لێدواندانی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەی نییە. ئەمە لە کاتێکدایە کە زلهێزە سەرمایەدارییەکانی ئەورووپا، لەوانە فەڕانسە، بریتانیا و ئاڵمان، بە چاوپۆشی لە هەندێک هەڵوێستی جیاواز لەسەر پرسەکانی دیکە، هاوڕان لەسەر پاراستنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بەبێ پێدانی هیچ باج و سەرانەیەک و گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش شەڕ و بەبێ دەستتێوەردانی کۆماری ئیسلامی. لەم پێناوەشدا و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، هێز و کەرەستەی سەربازییان لە دەوروبەری ئەم گەرووەدا جێگیر کردووە.

ئامانجی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لە نانەوەی ئاڵۆزی و مووشەکبارانکردنی گەرووی هورمز بەرەو ڕووی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، هەوڵدانە بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز لە ئەمریکا بۆ ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان و هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان. لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە، ترامپ کە ئێستا لە ناوخۆ و دەرەوەشدا بۆ درێژەدان بە شەڕی کۆنەپەرستانە و تاوانکارانەی لەگەڵ ڕژێمی ئیسلامی ڕووبەڕووی دژایەتی و ئاستەنگ و گرفت بووەتەوە و هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران و پارێزگارەکانیشی لەپێشە، ئارەزووی درێژەدان بە شەڕی نییە و لە دۆخێکی وەهادا لە بەرامبەر گرژییە سەربازییەکان و زێدەخوازییەکانی کۆماری ئیسلامیدا نەرمی دەنوێنێت، یان تەنیا بە ئۆپەراسیۆنی کورتخایەن و بچڕبچڕ قەناعەت دەکات. بەڵام پێگەی ستراتیژیی گەرووی هورمز، هەروەک چۆن لوتکەی ناتۆش سەلماندی، نەک تەنیا بۆ ئەمریکا، بەڵکوو بۆ زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکانی دیکەش گرنگییەکی یەکجار زۆری هەیە و ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی نادەن گەرووی هورمز بخاتە ژێر هەژموون و دەسەڵاتی خۆیەوە. دژایەتیی دەسەڵاتی پاشایەتیی عومان لەگەڵ پێشنیارە ڕیاکارانەکەی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی هاوبەشی ئەو گەرووەش، نموونەیەکی دیکەی ئەم ڕاستییەیە.

مووشەکبارانکردنی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز یان بەرەو وڵاتانی ناوچەی کەنداو لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە مەبەستی نانەوەی ئاڵۆزی لەگەڵیاندا، نەک هەر خەونی فەرماندەکانی سوپا و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنترۆڵکردن و گرتنەدەستی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز ناهێنێتە دی، بەڵکوو دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ڕق و بێزاری لە کۆماری ئیسلامی؛ چ لە ناوخۆی ئێراندا لە نێو ڕیزەکانی کرێکاران و توێژە هەژار و بێبەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا، و چ لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا. درێژەدان بە سیاسەتی شەڕخوازانەی ڕژێم لە هەلومەرجێکی وەهادا، زەمینەی ڕەخساندنی دۆخی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانیش زیاتر دوا دەخات. بەڵام درێژەکێشانی دۆخی “نە شەڕ و نە ئاشتی”، ئەگەرچی بۆ دەسەڵاتداران و فەرماندە گەندەڵەکان و مافیای سوپای پاسداران دەرفەتێک بۆ دزی و تاڵانچێتیی زیاتر دەڕەخسێنێت، بەڵام بۆ کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش -کە ساڵانێکە لە ژێر باری گرانی، بێکاری، هەژاری و برسیەتیدا ژیان و گوزەرانیان کەوتووەتە مەترسییەوە- نەهامەتی و ماڵوێرانیی زۆر زیاتری لێ دەکەوێتەوە.