فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: هاوسەنگیی هێزی نوێ و ئەرکەکانی بزووتنەوەی کرێکاری! قەیرانە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە چارەسەر نەکراون!
یەکشەممە ۲۱-۰۴-۱۴۰۵   |  12-07-2026

دوو شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هاوسەنگیی هێزی سیاسیی لە ئێراندا گۆڕی، بەڵام هیچ یەک لە ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی چارەسەر نەکرد. ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤ نیشانی دا کە زۆرینەی خەڵکی ئێران خوازیاری کۆتایهێنانن بە تەمەنی کۆماری ئیسلامی. ڕێوڕەسمی چلەی گیانبەختکردووان و هەروەها سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوەی خوێندکاری، شاهێدی ئەو ڕاستییە بوون کە سەرکوتی خوێناوییش نەیتوانیوە جەماوەر لەو ڕێگەیەی کە لە بەفرانباری ٩٦ـەوە دەستیان پێکردووە پاشگەز بکاتەوە و، ئەو کەلێنەی کەوتووەتە نێوان جەماوەر و دەسەڵات، نەک کەلێنێکی کاتی و تێپەڕ، بەڵکوو قەڵەشتێکی مێژوویی، فەرهەنگی و پێکهاتەییە.

هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕەوتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ڕاگرت، بەڵام لەناوی نەبرد. شەڕ و پشتیوانیی ڕەزا پەهلەوی و سەڵتەنەتخوازان لە هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل، کەشی سیاسیی بە قازانجی کۆماری ئیسلامی گۆڕی، ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانی دواخست و ئەو دەرفەتەی بە دەسەڵات دا تاوەکوو بە بیانووی نوێی “بەکرێگیراوانی ئیسرائیل” درێژە بە کۆمەڵکوژی و لەسێدارەدانەکان بدات. سەرەڕای هەموو ئەمانە، شەڕ نەیتوانی پێگەی کۆماری ئیسلامی لەلای خەڵکی ئێران باشتر بکات. پڕۆژەی “گۆڕینی ڕژێم لە دەرەوە” تووشی شکست هات. هێرشی سەربازیی ئیسرائیل و ئەمریکا کۆماری ئیسلامیی نەڕووخاند. سەڵتەنەتخوازان کە بوونی سیاسیی خۆیان گرێ دابوو بە دەستتێوەردانی سوپای ئیسرائیل و ئەمریکاوە، زیاتر لە هەر ڕەوتێکی دیکە زیانیان بەرکەوت. ئەزموونی ئەم دواییە سەلماندی کە ئازادیی خەڵکی ئێران، نەک لە ڕێگەی شەڕ و بۆردومانەوە، بەڵکوو تەنیا لە ڕێڕەوی خەباتی وشیارانە و سەربەخۆی یەکگرتوویی بزووتنەوە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکانەوە بە ڕابەرایەتیی بزووتنەوەی کرێکاری، بەدەست دێت.

لەوانەیە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دانوستانەوە بەشێک لە گوشارە دەرەکییەکان کەم بکاتەوە، هەناردەی نەوت بەرز بکاتەوە یان بەشێک لە سەرچاوە داراییە دەستبەسەرداگیراوەکانی ئازاد بکات، بەڵام هیچ یەک لەم پێشهاتانە، نە کەلێنی نێوان جەماوەر و ڕژێم پڕ دەکەنەوە و نە قەیرانە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێران چارەسەر دەکەن. بارودۆخی نالەبار و تاقەتپڕووکێنی ئێستا، تەنیا بەرهەمی گەمارۆ یان شەڕ نییە؛ بەڵکوو دەرئەنجامی زیاتر لە چوار دەیە لە دەسەڵاتێکی نیزامییە کە لەسەر بنەمای ئیستبدادی سیاسی، سەرمایەداریی دڕندە و بێسنوور، گەندەڵیی پێکهاتەیی، سەرکوتی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان و سەپاندنی باری قەیرانی ئابووری بەسەر شانی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان، دامەزراوە. هەر لەبەر ئەمەش، دیکتاتۆری، ئاپارتایدی ڕەگەزی دژ بە ژنان، ستەمی نەتەوەیی، دابەزینی بەردەوامی حەقدەستە ڕاستەقینەکان، دابەزینی بەهای ڕیاڵ، گرانی، بێکاری، پەرەسەندنی هەژاری، قەیرانی نیشتەجێبوون و وێرانکردنی ژینگە، هەروا وەک خۆیان دەمێننەوە. ئەم حەقیقەتەش، زەمینەی ماددی بۆ قۆناغێکی نوێ لە خەباتە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکان خۆش دەکات.

قۆناغی داهاتوو، قۆناغی دیاریکردنی جێگەوپێگەی هێزە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکانە لە هاوسەنگیی هێزە نوێیەکەدا. ڕەزا پەهلەوی و فاشیستە سەڵتەنەتخوازەکان نیشانیان دا کە بێبەشن لەو پێگە کۆمەڵایەتییەی بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە پێویستە، هەروەها شکستهێنانی پشتبەستنیان بە سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا، چانسی ئەوانی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات لەگۆڕ نا. ئیسڵاحخوازانیش هەروا بەدوای چارەسەرە شکستخواردووەکەی چاکسازی یان نۆژەنکردنەوەی کۆماری ئیسلامییەوەن. لە بەرامبەردا، بزووتنەوە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکان ــ کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، بزووتنەوەی ڕزگاری لە ستەمی نەتەوەیی، مامۆستایان و خانەنشینان، هێشتاش گەورەترین هێزن بۆ گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگەی ئێراندا. لە نێو ئەم هێزانەشدا، چینی کرێکار خاوەنی پێگەیەکی تایبەتە. ئەم پێگەیەش نەک لە باڵادەستییەکی ئەخلاقییەوە، بەڵکوو سەرچاوەگرتوو لە شوێنی ئەم چینەیە لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا. چینی کرێکار تاکە هێزە کە بە ڕێکخستنی مانگرتنە سەرتاسەرییەکان دەتوانێت سووڕی بەرهەمهێنان، گواستنەوە، وزە، خزمەتگوزاری و بەڕێوەبردنی وڵات پەک بخات و هاوسەنگیی هێز بە قازانجی جەماوەر بگۆڕێت. بەڵام ئەم توانایە تەنیا کاتێک دەبێتە ئەمری واقیع کە بزووتنەوەی کرێکاری لە بازنەی داواکارییە تایبەتەکانی چینی خۆی پێ بنێتە دەرەوە و خۆی بە ئاڵاهەڵگری خەباتی سەرجەم چەوساوەکانی کۆمەڵگە بزانێت. بەرگریکردن لە ئازادییە سیاسییەکان، مافی ڕێکخراوبوون، مافی مانگرتن، پەروەردە و دەرمانی بێبەرامبەر، یەکسانیی تەواوەتیی ژنان، کۆتایهێنان بە ستەمی نەتەوەیی و پاراستنی ژینگە، هەموویان پێکهاتەی جیانەکراوەی بەرنامەی بزووتنەوەیەکی کرێکارین کە بانگەشەی دەسەڵات دەکات.

بە کۆتایهاتنی شەڕ، خەباتی خەڵکی ئێران پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە. قۆناغێک کە تێیدا نە چاوەڕوانی ئاکامی دانوستانەکان دەبن و نە هیوایان بە سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت؛ بەڵکوو قۆناغی ڕێکخستنی هێزە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکانە بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی زۆرینەی جەماوەر. بزووتنەوەی کرێکاری تا چەندە ڕێکخراوتر، یەکگرتووتر و گرێدراوییەکەی بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەوە قووڵتر بێت، ئەگەری تێپەڕین لە ئیستبداد و گەیشتن بە ئازادی، یەکسانی و دەسەڵاتی شۆرایی زیاتر دەبێت. داهاتووی چینی کرێکاری ئێران، نە لە واشینگتۆن و تێلاڤیڤ دیاری دەکرێت و نە لە ژوورە داخراوەکانی دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامیدا. داهاتووی کرێکاران بە ڕێکخراوبوون، هاوپشتی و خەباتی سەربەخۆی وشیارانە و لە یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا بنیاد دەنرێت.

لە وەها هەلومەرجێکدا، چالاکانی چەپ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری ئەرکێکی یەکلاکەرەوەیان لەسەر شانە. ئەوان بە هاوکاریی حیزبە کۆمۆنیستەکان و لەوانەش شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، دەبێت لەمپەرە تیۆری و ڕێکخراوەییەکانی بەردەم هاوکاری و یەکگرتوویی خۆیان لابەرن و ببنە هێزێکی یەکگرتوو و ڕێکخراو. تۆڕێکی سەرتاسەری لە ڕابەرانی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان پێکبهێنن، تاوەکوو هەم پێکهێنانی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان لە شوێنی کاردا بکەنە چەقی خەباتەکانیان، و هەم زەمینە خۆش بکەن بۆ ڕێکخستنی هاوئاهەنگی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان بە جۆرێک کە لە ئاستی یەک کارخانە تێپەڕێت. لەم قۆناغەدا بە بەرجەستەکردنەوەی داواکاری و دروشمی یەکگرتووانە دژ بە هەژاری، بێکاری، سەرکوت، لەسێدارەدان و خەبات لەپێناو ئازادیی زیندانیانی سیاسی، زۆرترین یەکگرتوویی و هاوهەنگاوی لە نێوان بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی جەماوەریدا دروست بکەن. سەرکەوتنی خەبات دژ بە ڕژێمی ئیسلامی، گرێدراوە بە پەرەپێدانی هاوپشتی و یەکگرتوویی بزووتنەوەی کرێکاری لەگەڵ بزووتنەوەکانی ژنان، خوێندکاران، خەباتی دژ بە ستەمی نەتەوەیی، مامۆستایان، خانەنشینان و بزووتنەوەی ژینگەپارێزی. دروستکردنی پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی لە نێوان چالاکان و ڕێکخراوەکانی بزووتنەوەی کرێکاری لەگەڵ ئەم بزووتنەوانەدا، مەرجی زەروورییە بۆ ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و مانگرتنە سەرتاسەرییەکان بە مەبەستی دامەزراندنی سیستەمێک کە داواکاریی سەرجەم ئەم بزووتنەوانە دەستەبەر بکات.

بژی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان

بڕووخێ ڕژێمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم!

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥ – ٨ی جوولای ٢٠٢٦

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حیکمەتیست، سازمانی ڕاهی کارگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت