فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆماری ئیسلامی، هاوکات لەگەڵ پەلاماردانی سفرەی بەتاڵی کرێکاران، دەهۆڵی تۆڵە و شەڕانگێزی دەکوتێ
سێشەممە ۲۳-۰۴-۱۴۰۵   |  14-07-2026

ڕۆژی شەممە ٢٠ی پووشپەڕ، لە پەیامێکدا کە دەدرێتە پاڵ «موجتەبا خامنەیی» بەبۆنەی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردن و ناشتنی عەلی خامنەییەوە کە لە تەلەڤیزیۆنە دەوڵەتییەکانەوە بڵاوکرایەوە، جەخت لەسەر خوێنبایی و تۆڵەسەندنەوەی حەتمیی خوێنی باوکی و کوژراوانی تری دوو شەڕەکەی ئەم دواییە کراوەتەوە. موجتەبا خامنەیی جێبەجێکردنی ئەم ئەرکەی نەک هەر بە ئەرکی خەڵکی ئێران، بەڵکوو بە مەئمووریەتی کەسانێک لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان زانی کە بەمزوانە جێبەجێی دەکەن. ناوبراو کە کوژرانی خۆیشی بە ئەگەرێکی بەهێز دەزانێت، لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم تۆڵەسەندنەوەیە تەنانەت بە لەناوبردنی خۆی و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی ئیسلامیش ناوەستێت.

هەڵبەت ئەمە تەنیا موجتەبا خامنەیی نییە کە باس لە تۆڵە و خوێنبایی دەکات، بەڵکوو زۆرێک لە ڕێبەران و سەرانی تری حکوومەتی ئیسلامی، بەتایبەت ئاخوندەکان، پێشنوێژانی هەینی، دارودەستەی باڵی ئوسوولگەرا توندڕەوەکان و هەندێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران کە بەرژەوەندیی خۆیان لە درێژەدان بە شەڕانگێزیدا دەبیننەوە، دەهۆڵی شەڕ و تۆڵە دەکوتن. عەلی خومەینی، نەوەی ڕوحوڵڵا خومەینی لە ڕێوڕەسمی پرسەی خامنەیی لە قوم ڕایگەیاند: “هەر بەرپرسێک لە بیری تۆڵەی خوێنی ڕێبەری شەهیددا نەبێت، دەبێت شک لە ویژدانی خۆی بکات. شوناسی ئێمە سازشنەکردنە لەگەڵ ئیستکبار، و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بۆ گەیشتن بە ئاشتی، خیانەتە”. بۆ وەها کەسانێکی مفتەخۆر کە خاوەنی ژیانێکی پڕ لە ڕەفاهیەت و ڕازاوەن و هیچ کێشەیەکیان بۆ دابینکردنی بژێویی ژیان نییە، درێژەدان بە شەڕانگێزی و دانی دروشمی لەم چەشنە هیچ باجێکی بۆیان نییە. بەڵام ئەوە کرێکاران و توێژە دەستکورتەکانی کۆمەڵگان کە لێکەوتە و دووکەڵی شەڕ و گەمارۆ و قەیرانی ئابووری، ژیان و گوزەرانیانی خستووەتە مەترسییەکی جدییەوە.

درێژەدان بە سیاسەتی شەڕانگێزانەی عەلی خامنەیی و ئەڵقەی نزیکانی لە یارمەتیدانی ترەمپ و نەتانیاهۆی فاشیست بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ١٢ ڕۆژەی جۆزەردانی ١٤٠٤، گەڕاندنەوەی میکانیزمی ماشە لە ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو، شەڕی ٤٠ ڕۆژە و گەمارۆی ئابووریی سەر کۆماری ئیسلامی و ڕێگریکردن لە هەناردەی نەوت، قەیرانی ئابووریی بە شێوەیەکی بێ‌وێنە قووڵتر کردووەتەوە. تێچووە قورسەکانی ئەم شەڕانە و ئەو زیانە گەورانەی بەر ژێرخانە پیشەسازی، ئابووری و خزمەتگوزارییەکان کەوتوون، هۆکاری سەرەکین بۆ خولقاندنی وەها بارودۆخێکی نالەبار لە ئێراندا. بۆ نموونە، بە دانپێدانانی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای “تەوانیر”، قەبارەی زیانەکانی شەڕ تەنیا لە پیشەسازیی کارەبادا تا ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە ٦٠ هەزار ملیار تومەن؛ زیاتر لە ٢ هەزار خاڵی تۆڕی سەرتاسەریی کارەبا زیانی جدییان بەرکەوتووە و ئاستی بەرهەمهێنانی کارەباش ٤٢٠٠ مێگاوات کەمیکردووە. بەهۆی دابەزینێکی لەم چەشنەوە، لە کاتێکدا کە بەرهەمهێنان لە زۆرێک لە کارگە و ناوەندە پیشەسازییەکاندا وەستاوە یان کەمی کردووە، بووەتە هۆی دەرکردنی بەکۆمەڵی هێزی کار و هەڵکشانی ڕێژەی بێکاری، هەروەها لە گەرمای سوتێنەری هاویندا ژیان و تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی بنەماڵەی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی خستووەتە مەترسییەوە. دەوڵەتی گەندەڵ و مایەپووچی کۆماری ئیسلامی کە توانای ئەوەی نییە بودجەیەک بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی تۆڕی کارەبا و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان تەرخان بکات، بەتەمایە تێچووەکەشی بەسەر سفرەی بەتاڵی خەڵکدا بسەپێنێت. بارودۆخەکە لە بەشەکانی تری ژێرخان، پیشەسازی و خزمەتگوزاریشدا هەر بەم جۆرەیە.

ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجێکدا دەهۆڵی شەڕ و تۆڵە دەکوتێ، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەڕێکی نابەرامبەری لەگەڵ هێزە پڕچەککراوەکانی ئەمریکا دەستپێکردووەتەوە. ئەوان بە تەقاندنی چەند موشەکێک بەرەو دوو کەشتی یان بەرەو وڵاتانی ناوچەی کەنداو، بوونەتە هۆی ئەوەی کە لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران ژێرخانە ئابووری، سەربازی و پیشەسازی و خزمەتگوزارییەکان بە بۆردومان و موشەکبارانی ئەرتەشی ئەمریکا خاپوور ببن. میدیاکانی حکوومەت و بەرپرسە ناوچەییەکانی ڕژێم ڕایانگەیاند کە لە ئێوارەی یەکشەممەوە تا بەیانیی دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، گەلێک ناوچە لە ١١ پارێزگای ئێران کەوتوونەتە بەر هێرشی سەربازیی سوپای ئەمریکا.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدان کە ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان لە ڕێڕەوی ئاویی باشووری گەرووی هورمزەوە بەردەوامە، سوپای پاسدارانیش بە خەیاڵی سەپاندنی دەسەڵات بەسەر تەواوی گەرووی هورمزدا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە: “گەرووی هورمزیان تا کاتێکی نادیار داخستووە و کەشتییەکان تەنیا دەبێت بەو ڕێڕەوەدا تێپەڕ بن کە کۆماری ئیسلامی بۆی دیاری کردوون.” لەو بەیاننامەیەدا هۆشداری بە ئەمریکا دراوە کە هەر هەنگاوێکی سەربازیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرەوڕووی “وەڵامی توندی سەربازی” دەبێتەوە. جێگەی ئاماژەیە کە دەوڵەتی ئەمریکا لە هەوڵدایە بە دروستکردنی ڕێڕەوێکی ئاویی باشوور لە ئاوەکانی عوماندا، کارتی گەرووی هورمز بۆ باجگیری لە دەستی کۆماری ئیسلامی دەربهێنێت.

فەرماندە دەسەڵاتدارەکانی سوپای پاسداران لە کاتێکدا خەریکی پەرەپێدانی گرژییە سەربازییەکانن لەگەڵ ئەمریکا و دەوڵەتانی کەنداو و هاوبەشەکانیان، کە قەیرانی ئابووری لە ئێران بە شێوەیەکی بێ‌وێنە قووڵ بووەتەوە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پانتایی و قووڵاییەکەی زیاتر دەبێت. بەپێی ئامارەکانی ناوەندە داراییەکانی ڕژێم، هەڵکشانی ڕێژەی هەڵاوسانی مانگانە لە ئێران تەنانەت لە ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی زۆرێک لە وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش تێپەڕی کردووە. بەتایبەتی هەڵاوسانی ماددە خۆراکییەکان کە گەیشتووەتە سەرووی ١٣٤ لەسەد، توانای کڕینی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگای لە جاران زیاتر دابەزاندووە. بەهۆی درێژەکێشان و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری لە ماوەی چەندین ساڵدا، ئابووریی ئێران نەک هەر گەشەی بەخۆوە نەبینیوە، بەڵکوو بەشێوەیەکی بێوێنە ٨ تا ١٠ لەسەد کەمی کردووە. بەم جۆرە، بەهۆی داخران یان کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە بەشێکی گەورەی پیشەسازییەکاندا، نەک هەر هەلی کاری نوێ نەڕەخساوە، بەڵکوو دەرفەتەکانی ئێستاش لەناو چوون و بێکارکردنی بەکۆمەڵ و دەرکردنی هێزی کار بووەتە کێشەی سەرەکیی کرێکاران. ئەم ڕەوتە بووەتە هۆی پەرەسەندنی هەژاری لە کۆمەڵگادا و هۆکاری سەرەکیی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی شەڕانگێزانەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، کە ژیان و بژێویی کرێکاران و توێژە زەحمەتکێشەکانی دیکەیان لە سەرتاسەری ئێراندا بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی خۆیان بە بارمتە گرتووە. بێگومان کرێکاران، کە لەژێر گوشاری بێکاری و هەژاری و فەلاکەتی ئابووریدا هیچ ڕێگەیەک بۆ پاشەکشەیان نەماوەتەوە، دەستەوسان دانانیشن و لەسەر بنەمای درێژەدان بە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانیان، بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانی خۆیان و پێکهێنانی ڕێبەرایەتییەکی سەرتاسەری تێدەکۆشن، و لە درێژەی هەمان ڕێگەدا کەرەستە و پێداویستییەکانی ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران دابین دەکەن.