
لە کاتێکدا کە درێژەکێشان و توندبوونەوەی کەشوهەوای سەرکوت، هەژاری و بێکاریی پێکهاتەیی و بێوێنە و نیگەرانی لە دەرهاویشتە و کاریگەرییەکانی مانگرتن لەسەر ژیانی بنەماڵە کرێکارییەکان، هەروەها پەرەسەندنی شیرکەتە پەیمانکارییەکان و گرێبەستە کاتی و سپیواژووەکان و نائەمنیی پیشەیی و هەڕەشەی دەرکردن لە کار، وەک ئاستەنگ و لەمپەری سەرەکی لە بەردەم هەڵسووڕاوان و ڕابەرانی کرێکاری بۆ ڕێکخستنی مانگرتن و هاتنە مەیدانی کرێکاران دێنە ئەژمار، لەم هەلومەرجەدا و بە لەبەرچاوگرتنی ڕەهەندەکانی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، کاتێک کرێکاران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین و خەبات دژی ئەم دۆخە دەست دەدەنە مانگرتن، کێشە و گرفتە داراییەکانیان وەک ئامرازێک بۆ گوشار خستنەسەریان بە مەبەستی ناچارکردنیان بە کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەیان کار دەکەن و بنەماڵەی ئەو کرێکارانەش کە لەم خەباتەدا دەستبەسەر دەکرێن، دەکەونە ژێر گوشارێکی توندی داراییەوە. هەر ئەم کێشانە لەو کاتانەشدا کە کرێکاران ڕووبەڕووی ڕووداوە چاوەڕواننەکراو و لەناوکاوەکان دەبنەوە، لە بەرامبەریاندا سەر هەڵدەدەن. لەم حاڵەتانەدا، یان لەم ڕۆژانەدا کە بنەماڵەی کرێکاری لەگەڵ مەترسیی دەرکرانی نانهێنەرەکەیان بەرەوڕوون، پێویستە کرێکاران بە هانای یەکترەوە بچن و یارمەتیی یەکتر بدەن؛ تەنانەت لەوەش زیاتر، پێویستە پرۆسەی یارمەتیدانی دارایی یەکتر لە ڕێگەی پێکهێنانی سندووقە داراییە کرێکارییەکانەوە ڕێک بخەن و سازمان بدەن.
ئەم سندووقە داراییانە دەتوانرێت بە هیممەت و تێکۆشان و پێداگریی خودی کرێکاران پێک بهێنرێن و لە لایەن خودی خۆیانەوە بەڕێوە ببرێن؛ بەرپرسانی ئەم سندووقانە بە دەخالەتی ڕاستەوخۆی ئەندامانی سندووق هەڵبژێردرێن و سەرجەم کرێکارانیش بتوانن تێیاندا ببنە ئەندام. ئەم سندووقانە سەربەخۆن لە بەڕێوەبەرایەتی، خاوەنکار و دامەزراوە دەوڵەتییەکان و سەرچاوەی داراییەکانیشیان لە ڕێگەی کۆکردنەوەی مافی ئەندامێتیی ئەندامانەوە دابین دەکرێت. ئەم سندووقانە بە شێوەیەکی ئاسایی و بەپێی سەرە، قەرز دەدەنە ئەندامەکانیان و لە کاتی ڕوودانی پێشهاتە چاوەڕواننەکراو و لەناوکاوەکانی وەکوو نەخۆشی و ڕووداوەکانی شوێنی کار یان دەستبەسەرکران لە ڕەوتی مانگرتندا، دەستبەجێ قەرزی پێویست و زەروورییان پێ دەدەن. ئەوەی کە قەرزی زەرووری دەدرێتە چ حاڵەتێک و بڕی ئەم قەرزانە چەندە، هەروەها چۆنێتیی دانەوەی قەرزەکان بە قیست و شێوازی بەڕێوەبردنی سندووقەکە، لە ئەساسنامە (پەیڕەوی ناوخۆ)ی سندووقەکەدا پێناسە دەکرێن و ڕەنگ دەدەنەوە.
پێویستە سندووقە کرێکارییە ئاشکراکان (عەلەنییەکان) پێداویستییە داراییەکانی ئەندامان لە چوارچێوەی ئیمکانات و ڕێساکانی خۆیاندا دابین بکەن، کە لە بنەڕەتدا هۆکاری سەرەکیی ئەندامبوونی جەماوەری کرێکاران لەم سندووقانەدا هەر ئەمەیە. جەماوەری کرێکار لە ڕێگەی ئەندامبوون لەم سندووقانەدا دەتوانن کێشەکانیان لە ڕێگەی کاری هەرەوەزی و هاوکاری لەگەڵ هاوچینەکانی خۆیاندا چارەسەر بکەن. کرێکاران فێر دەبن کە ئەو کێشانەی کە بە شێوەی تاکەکەسی بۆیان چارەسەر نابێت، دەتوانن بە یەکگرتوویی و هاوپشتی چارەسەری بکەن. پێکهێنانی ئەم سندووقە عەلەنییانە دەتوانێت ببێتە هۆی بەهێزبوونی ڕوحیەی ڕێکخستن لەناو کرێکاراندا و شێوازی دیمۆکراتیکی بەڕێوەبردنی ڕێکخراو فێری کرێکاران بکات و بێگومان هەمووی ئەوانەش لە گرەوی چالاکیی بەردەوامی کرێکارانی پێشڕەو و خەباتکاری ئەو سندووقانەدایە. چالاکانی پێشڕەوی بزووتنەوەی کرێکاری پێویستە بە چالاکیی خۆیان لەناو ئەندامانی ئەو سندووقانەدا، ڕوحیەی ڕێکخستن، هاوپشتیی چینایەتی و مایەدانان لە بەرژەوەندیی تاکەکەسی لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی، بەهێز بکەن. پێویستە یارمەتیدەری پرۆسەی پەروەردەی کرێکاران بن؛ بە جۆرێک کە کرێکاران بە ئەندامبوون لەم سندووقانەدا – کە جۆرێکە لە ڕێکخراوێکی سادە – فێر ببن کە چۆن دەبێت لە دیاریکردنی سیاسەت، چارەنووس و بەڕێوەبردنی ڕێکخراوێکدا بەشداری و دەخالەت بکەن. لەگەڵ چەمکگەلێکی وەک ئەساسنامە، پێوەرەکانی ئەندامێتی، مافی ئەندامان، دابەشکردنی کار، پێگە و مەقامی کۆبوونەوەی گشتی (مەجمەعی عوموومی) و هتد ئاشنا ببن، بە ئامادەبوونی چالاکانە لە کۆبوونەوەی گشتیدا دەخالەت لە دیاریکردنی چارەنووسی ڕێکخراوەکەدا بکەن، لێپرسینەوە لە بەرپرسان بکەن و خۆیشیان بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.
سەرچاوە داراییەکانی ئەم سندووقە کرێکارییانە دەتوانێت و دەبێت ڕاستەوخۆ لە پێناو یارمەتیدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی کرێکاران و لە خزمەت خەباتی کرێکاران و بزووتنەوەی چینی کرێکار بەگشتی سەرف بکرێت. بۆ نموونە یارمەتیی دارایی پێشکەشی بنەماڵەی کرێکارانی زیندانی، سندووقی مانگرتنی کارگەی خۆیان یان کارگەکانی دیکە بکەن. بەڵام دەبێت ئەو سەرنجە بدرێت کە دامەزراوەکانی سەر بە ڕژێمی ئیسلامی لە بەرامبەر پێکهێنانی ئەم سندووقانە لە لایەن کرێکارانەوە، بە شێوازی جۆراوجۆر کۆسپ و لەمپەر دروست دەکەن. لەو جێگایەی کە ئەم سندووقانە بە هیممەت و بەدواداچوونی خودی کرێکاران و بەپێچەوانەی ویست و ئیرادەی ڕژێمی ئیسلامییەوە پێک هاتوون، ڕژێمی ئیسلامی هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بەکرێگیراو و دارودەستەکانی خۆیەوە ڕێگری لە چالاکییەکانی سندووقەکە بکات. هەر بۆیە لە لایەکەوە نەبوونی ئاستی هۆشیاریی ئەندامانی ئەم سندووقانە لە ئاست بەرزکردنەوەی ئامانجەکانی سندووقەکە بۆ یارمەتیدانی خەباتی چینی کرێکار و، لە لایەکی دیکەشەوە گوشارەکانی ڕژێمی ئیسلامی بۆ سەر سندووقەکان، لەمپەرێکن لە بەردەم گەشەکردنی سندووقە کرێکارییەکان. پێویستە بە چالاکیی پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری، لەپێناو بردنەسەرەوەی هۆشیاریی ئەندامانی ئەم سندووقانە، بە هەوڵدان بۆ هێنانەمەیدانی هەرچی زیاتری کرێکاران بۆ ئەندامبوون لەناو ئەم سندووقانە و هەروەها بە جێخستنی سندووقی دارایی وەک سوننەتێکی پایەدار لەناو چینی کرێکار، ئەم کۆسپ و بەربەستانە لاببرێن و تێپەڕێندرێن. لە هەلومەرجی ئێستادا و بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگیی هێز لە نێوان ڕژێمی ئیسلامی و بزووتنەوەی کرێکاری و هەروەها بە سەرنجدان بە لێهاتوویی و ئەزموونی ڕابەران، هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی کرێکاری لە بواری بەرەوپێشبردنی چالاکیی ئاشکرادا، ئەو دەرفەتە هەیە کە سندووقەکانی هاوپشتیی کرێکاری بە شێوەیەکی ئاشکرا و عەلەنی پێک بهێنرێن و بە پشتبەستن بە هێزی یەکگرتوویی کرێکاران، عەمەلەن بەسەر ڕژێمدا بسەپێنرێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە