فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی قزڵحەسار، ناڕەزایەتییەک دژی ماشێنی ئێعدام
یەکشەممە ۲۸-۰۴-۱۴۰۵   |  19-07-2026

مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی یەکەی دووی زیندانی قزڵحەساری کەرەج لە ناڕەزایەتی بە جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئێعدام، بۆ دووەمین جار لەم مانگانەی دواییدا، ئەوە دەردەخات کە دژایەتیکردنی کوشتارە حکوومەتییەکان لە ناوەوەی زیندان، بە شێوەیەکی نەپساوە بووەتە بەشێک لە بەرخۆدان و خۆڕاگریی بەکۆمەڵ. ئەم مانگرتنە کە پاش گواستنەوەی شەش زیندانی بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارە دەستی پێکردووە، ڕۆژی شەممە ٢٧ی پووشپەڕ بۆ شەشەمین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوام بووە. ئەم مانگرتنە ڕەنگدانەوەی تووڕەیی و ناڕەزایەتییەکی پەرەسەندووی کۆمەڵایەتییە دژی توندوتیژیی ڕێکخراوی دەوڵەتی. لە هەمان کاتدا، دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ دوازدە کەس لە خۆپیشاندەرانی دۆسیەی ئیسفەهان لە بەفرانباری ١٤٠٤، ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێمە لەگەڵ ڕەوتێکدا بەرەوڕووین کە ئێعدامی کردووەتە یەکێک لە ئامرازە سەرەکییەکانی سەرکوت و تۆقاندنی کۆمەڵگا. سزای ئێعدام لە ئێراندا تەنیا لە چوارچێوەی سیستەمی سزادان یان دەزگای دادوەریدا جێگەی شیکردنەوە نییە، بەڵکوو سزای مەرگ بەشێکە لە میکانیزمی حکوومەتی ئیسلامی بۆ زامنکردنی مانەوەی خۆی و سەپاندنی ئەو نەزمەی کە مەبەستیەتی. بەپێی ئەو ئامارانەی لە لایەن دامەزراوەکانی مافی مرۆڤەوە بڵاو کراونەتەوە، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوودا هەمیشە ڕیکۆردداری جێبەجێکردنی حوکمی ئێعدام بووە. بەشێکی گەورە لەم حوکمانە پەیوەندییان بە دۆسیەکانی ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێعدامی زیندانییە ئاساییەکانیش بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا و سەپاندنی نەزمە دڵخوازەکەی خۆی بەکار دەهێنێت.

هەر لە یەکەمین ڕۆژی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە، کارکردی ئێعدام لە بازنەی تاوانە گشتییەکان تێپەڕیوە و زیاتر لە جاران پەلیکێشاوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی. لە هەلومەرجی ئێستادا، سزای سێدارە هەم بووەتە ستراتیژیی مانەوەی کۆماری ئیسلامی و هەم تاکتیکێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان. دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ ناڕازییان، لەوانەش دوازدە تۆمەتباری دۆسیەی ئیسفەهان، دەری دەخات کە کۆماری ئیسلامی سزای ئێعدام وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنێت. پاش ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکان و قووڵبوونەوەی زیاتری درزی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا، نمایشی هێز لە ڕێگەی سزای مەرگەوە پێگەیەکی زەقتر و بەرچاوترى وەرگرتووە. لەم هەلومەرجەدا، ئێعدام نمایشی دەسەڵاتی حاکمیەت و زەنگێکی مەترسییە بۆ تەواوی کۆمەڵگا لە بەرامبەر ئەگەری خۆڕێکخستن و ڕاپەڕینی جەماوەری. لەسەر وەها بەستێنێک، مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی قزڵحەسار گرنگییەکی زۆر گەورەتر لە ناڕەزایەتییەکی ناو زیندان پەیدا دەکات. ئەم جووڵەیە دەبێت لە درێژەی چەکەرەکردنی فۆرمە نوێیەکانی خۆڕاگری دژی ئێعدام، لەوانەش هەڵمەتی «سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام» هەڵسەنگێندرێت؛ هەڵمەتێک کە توانیویەتی بنەماڵەی زیندانیان، چالاکانی مەدەنی و بەشێک لە ڕای گشتی لە دەوری داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی سزای مەرگ کۆ بکاتەوە. گرێدرانی خۆڕاگری و خەباتی ناو زیندان بە هاوپشتیی دەرەوەی زیندانەوە، نیشانەی چەکەرەکردنی بزووتنەوەیەکی فراوانترە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی ئێعدام.

خەسڵەتی بەرچاوی مانگرتنی ئەم دواییەی زیندانیان دژی سزای سێدارە، ماهییەتە بەکۆمەڵەکەیەتی. زیندانیان بە ڕەتکردنەوەی خواردن و بە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ساڵۆنی بەندەکەیاندا، تەواوی میکانیزمی دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمەکانی سێدارەیان خستووەتە ژێر پرسیارەوە. بەرزکردنەوەی دروشمە دەستنووسەکانی «نا بۆ ئێعدام» لە کاتی ئەم مانگرتنەدا، دەربڕینی ڕوونی ئەو هەڵوێستەیە کە نابێت حاکمیەت مافی لێسەندنەوەی ژیانی مرۆڤی لە قۆرخدا بێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەبێت هاوکات توانا و سنووردارێتییەکانی ئەم فۆرمە لە خەباتیش ببینرێت. مانگرتن لە خواردن، سەرەڕای گرنگییە سیاسییە بەرجەستەکەی، لە کۆتاییدا کردارێکە کە پشت بە جەستەی زیندانیان دەبەستێت و بە تەنیا توانای گۆڕینی هاوکێشە و پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی نییە. ئەزموونە مێژووییەکان سەلماندوویانە کە ناڕەزایەتیی لەم شێوەیە کاتێک دەتوانێت بگاتە ئامانجێکی پایدار و نەگۆڕ کە لەگەڵ فۆرمەکانی تری خەباتی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوە پێشڕەوەکان و ناڕەزایەتییەکانی دەرەوەی زیندان گرێ بخوات.

لەو ڕوانگەیەوە، مەسەلەی سەرەکی گۆڕینی ئەم ناڕەزایەتییانەیە بۆ بەشێک لە خەباتێکی کۆمەڵایەتیی گشتگیر. ڕەوتەکانی ئێستا دەری دەخەن کە هەر کاتێک قەیرانە ئابووری و سیاسییەکان قووڵتر بووبێتنەوە، پەنابردن بۆ سزای سێدارەش زیاتر بووە. تا ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان فراوانتر دەبن، پشتبەستنی حاکمیەتیش بە ئامرازەکانی تۆقاندن هەڵدەکشێت. کەواتە، خەبات دژی ئێعدام کاتێک دەگاتە ئاسۆیەکی کاریگەر کە ڕیشە ئابووری و سیاسییەکانی بەرهەمهێنانەوەشی بکاتە ئامانج. هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئەو ڕوانگانەی کە تەنیا مافی مرۆڤ لەبەرچاو دەگرن، سەرەڕای ڕۆڵی گرنگیان لە دۆکیۆمێنتکردن و ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتی، تووشی بەربەست و سنووردارێتی دەبن. تیشکخستنە سەر کەمکردنەوە یان چاکسازی لە سزای سێدارەدا، بەبێ ئاوڕدانەوە لەو پەیوەندییانەی کە ئەم توندوتیژییە بەرهەم دەهێننەوە، لە کۆتاییدا بازنەیەکی سنوورداری دەبێت. خەبات دژی ئێعدام کاتێک دەبێتە هێزێکی کاریگەر کە بە ڕەخنەگرتن لە پێکهاتە ئابووری و سیاسییەکانی خولقێنەری سەرکوت و نایەکسانی گرێ بخوات.

مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی قزڵحەسار، بەتایبەت لە درێژەی هەڵمەتی «سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام»، نیشانی دەدات کە پێکەوەگرێدانێکی لەم شێوەیە پوتانسیەل و زەرفیەتێکی واقیعییە. ئەم ناڕەزایەتییە، هەرچەندە لە ناو بەندێکی زیندانەوە سەری هەڵداوە، بەڵام دەتوانێت ببێتە خاڵێک بۆ یەکگرتنەوەی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان دژی سزای مەرگ؛ بەو مەرجەی تۆڕەکانی هاوپشتی فراوانتر ببن، هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ڕۆڵێکی چالاکتر بگێڕن و ئەم دەنگە لە پشتی دیوارەکانی زیندانەوە بگاتە ناو گۆڕەپانی گشتی. هەتا ئەو کاتەی پەیوەندییە نایەکسانەکانی دەسەڵات و پێکهاتە چینایەتییەکان خۆیان بەرهەم دەهێننەوە، فۆرمە جۆراوجۆرەکانی توندوتیژیی دەوڵەتیش بەردەوام دەبن. لەم ڕووەوە، خەبات دژی ئێعدام، لە ڕادیکاڵترین واتای خۆیدا، بەشێکی دانەبڕاوە لە خەبات بۆ گۆڕینی ئەو پەیوەندییانەی کە بواری جێبەجێکردنی توندوتیژییەکی وا دەڕەخسێنن. مانگرتنی زیندانیانی قزڵحەسار دژی ئێعدام، زۆر لەوە گەورەترە کە تەنیا ڕووداوێکی ناو زیندان بێت، بەڵکوو نیشانەی بەردەوامیی خۆڕاگری و خەباتە لە بەرامبەر سیاسەتێکدا کە مەرگ و کوشتنی ئەنقەستی دەوڵەتی کردووەتە ئامرازی حوکمڕانی. گرنگیی ئەم خۆڕاگرییە دەگەڕێتەوە بۆ خولقاندنی ئەو زەرفیەتەی کە دەتوانێت خەباتی دژی ئێعدام، بە بزووتنەوە پێشڕەو و ناڕەزایەتییەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگاوە گرێ بداتەوە.

­