
لە وڵاتێکدا کە هێشتا کتێب قەدەغە دەکرێت، زمان دەخرێتە کۆتوبەندەوە، ڕاستییەکان چەواشە دەکرێن و ئازادیی ڕادەربڕین کراوەتە تاوان، ئەوانەی لە سەنگەری ئازادیدا ڕاوەستاون لەناو ناچن؛ بەڵکوو لە یادەوەریی جەماوەردا، لە خۆڕاگریی وشەدا و لە هەر دەنگێکدا کە لە چنگ سانسۆر و سەرکوت گیان دەرباز دەکات، بە زیندوویی دەمێننەوە. ئەحمەد شاملوو لە ڕەچەڵەکی هەر ئەم خۆڕاگرییە بوو؛ لە ڕەگەزی ئەو وشانەی لەناو ئاگردا باڵا دەکەن و بەدەم بادا بڵاو دەبنەوە و هەرگیز خامۆش نابن.
«بامداد»ی شاعیر، هاوڕێی دێرینی ناوەندی نووسەرانی ئێران، ئازادیی بە ئاواتێکی دەستنەکەوتوو و ئامرازێک بۆ ڕازاندنەوەی قسە نەدەزانی؛ ئازادی بۆ ئەو، مافێکی بنەڕەتی و مەرجی حاشاهەڵنەگری ژیانی مرۆڤ بوو. هەر بۆیە لە تەواوی تەمەنیدا، سەری بۆ هیچ دەسەڵاتێک شۆڕ نەکرد و قەڵەمەکەی نەخستە خزمەت فەرمانی هیچ هەژموون و زۆردارییەکەوە؛ نە لە ئاست دیکتاتۆریی پاشایەتیدا چۆکی دادا و نە لە هەمبەر ستەمکاریی کۆماری ئیسلامیشدا ملی کەچ کرد، و تا دواساتەکانی تەمەنی، لە سەنگەری ئازادیی بێ شەرت و مەرجی بیر و ڕادەربڕیندا وەستا. شیعرەکەی، زمانی بێدەنگان، پەناگەی چەوساوەکان و ڕەتکردنەوەی سەرتاپای زۆرداران و تاکڕەوان بوو.
ئەمڕۆ، پاش تێپەڕینی بیست و شەش ساڵ بەسەر خامۆشبوونیدا، هێشتا حوکمە لەڕادەبەدەرەکانی زیندان بەردەوامن و سەرکوتی دەنگە سەربەخۆکان درێژەی هەیە؛ سانسۆر هێشتا حوکم بەسەر هزر و بیردا دەکات و نووسەران، شاعیران، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، مامۆستایان، خوێندکاران، هەڵسوڕاوانی کۆمەڵایەتی و ئازادیخوازان بە تاوانی بیرکردنەوە، نووسین و قسەکردن، کەوتوونەتە ژێر گوشار، هەڕەشە، بێبەشکردن، زیندان، دوورخستنەوە و لەسێدارەدان. هاوکات، شەڕ، هەژاری، گرانی، داڕمانی بژێوی و هەڵاواردن، ژیانی ملیۆنان مرۆڤی پەراوێز خستووە و کەرامەتی مرۆڤی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر خستووەتە ژێر پێ. ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئازادانە بە ئینتەرنێت و پەرەپێدانی تاریکیی بێهەواڵی، بوونەتە ئامرازێک بۆ توندترکردنی کۆنترۆڵ و سەرکوت. ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر خەڵکدا دێت، تەنیا دەرەنجامی شەڕ نییە، بەڵکوو ئاکامی بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی سیستەمێکی دەسەڵاتدارە کە بەرگەی بینینی ئازادی ناگرێت.
ناوەندی نووسەرانی ئێران لە یەکەمین ڕۆژی دامەزراندنییەوە پێداگری لەسەر پرەنسیپێک کردووە کە ئەمڕۆش مافی بنەڕەتیی ئەم وڵاتەیە: «ئازادیی بیر، ڕادەربڕین و بڵاوکردنەوە، بێ هیچ کۆتوبەند و جیاوازییەک بۆ هەمووان». ئازادییەک کە نە لە سێبەری «شەڕ»دا هەڵدەپەسێردرێت، نە لە پەنای «ئەمنییەت»دا دەکرێتە قوربانی، و نە بە بیانووی هیچ بەرژەوەندییەک دەکرێت بۆ داهاتوویەکی نادیار دوا بخرێت. لە وەها هەلومەرجێکدا، ڕێزگرتن لە شاملوو، بەرخودانە لە بەرامبەر لەبیرچوونەوەدا. یادی ئەو، یادی سەرجەم ئەو ئازادیخوازانەیە کە لە بەرەی حەقیقەت و ڕاستیدا وەستان و باجەکەیان دا؛ ئەوانەی ویستیان مرۆڤ حاکم بێت بەسەر چارەنووسی خۆیدا، نەک ملکەچ و فەرمانبەری دیکتاتۆری.
ئەندامانی ناوەندی نووسەرانی ئێران، وەک نەریتی هەموو ساڵێک، ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥، کاتژمێر ٥ی سەرلەئێوارە لە ئیمامزادە تاهیری کەرەج گرد دەبنەوە و بە گوڵبارانکردنی گڵکۆکەی، یادی شاعیری ئازادی بەرز ڕادەگرن. شاعیرێک کە هێشتاکە وەبیرمان دەهێنێتەوە:
«تەواوی وشەکانی جیهانمان لەبەردەستدا بوو و
ئەوەمان نەگوت
کە بەکار بێت
چونکە تەنیا یەک وشە
یەک وشە لە ئارادا نەبوو:
ئازادی!»
ناوەندی نووسەرانی ئێران
٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٥
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە