فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەڕی کۆنەپەرستانە و زەروورەتی سازماندان
شەممە ۰۳-۰۵-۱۴۰۵   |  25-07-2026

پەرەسەندنی تێکهەڵچوونە نیزامییەکان لە ناوچەکەدا، لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە نیزامییەکان و ژێرخانەکان لە ئێرانەوە بگرە تا هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەی کەنداو و کوردستانی عێراق، جارێکی دیکە نیشانی دا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە گۆڕەپانی داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز لە نێوان دەوڵەتە سەرمایەدارییەکاندا. لەم نێوەندەدا، ئەوەی پەراوێز دەخرێت تەنیا قوربانییە گیانییەکان نییە، بەڵکوو ئەزموونی ژیاوی ملیۆنان مرۆڤە کە بێ ئەوەی هیچ ڕۆڵێکیان لە پێکهاتنی ئەم ململانێیانەدا هەبێت، باجەکەی دەدەن. گێڕانەوەی باڵادەستی شەڕ بەگشتی تیشک دەخاتە سەر جووڵە نیزامییەکان، حیساباتە ژیۆپۆلەتیکییەکان و ڕیزبەندیی هەردوو جەمسەری ئەم شەڕە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەیە، لە کاتێکدا ژیانی ڕۆژانەی ئەو جەماوەرەی بەرەوڕووی نائارامی، ناسەقامگیری و داڕمانی بەردەوام بووەتەوە، لە پەراوێزدا دەمێنێتەوە. ئەم دۆخە ناکرێت تەنیا وەک دەرەنجامی ناکارامەییی میدیاکان سەیر بکرێت. ونبوونی ئەزموونی کۆمەڵایەتیی شەڕ، خۆی بەشێکە لە میکانیزمی هەژموون و باڵادەستیی هێزە سەرمایەدارییەکان لە جیهانی هاوچەرخدا. ئازار و مەینەتی تەنیا کاتێک دەکەوێتە چەقی سەرنجەوە کە بتوانێت خزمەت بە گێڕانەوە فەرمییەکان بکات لەمەڕ ئاسایش، دەستتێوەردانی نیزامی، یان ململانێی نێوان زلهێزەکان. ئەو بەشەش لە توندوتیژی کە پەیوەستە بە ژیانی کرێکاران، چەوساوەکان و دانیشتووانی ناوچە شەڕلێدراوەکان، زۆرجار کورت دەکرێتەوە بۆ داتایەکی ئاماری یان هەواڵێکی پەراوێزخراو.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، کە لەسەر حیسابی بێکاری و هەژاری و نەهامەتیی گشتی، ئێرانی کردووەتە کۆگای بەرهەمهێنانی مووشەک و درۆن و خۆی بۆ ئەم شەڕە تەیار کردووە؛ لەگەڵ دەوڵەتی ئەمریکا کە ناوچەکە زیاتر لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە ژیۆپۆلەتیکییەکان، وزە، کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکان و کەڵەکەبوونی سەرمایەوە هەڵدەسەنگێنێت، هەردووکیان بەشێکن لە سووڕی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم شەڕ و قەیرانە. لەم نێوەندەشدا سیستەمی میدیایی بە ئەولەوییەت‌دان بە لۆژیکی هەواڵ و ململانێی سیاسی، دەرفەتێکی ئەوتۆ بۆ وێناکردن و ڕەنگدانەوەی ژیانی ڕۆژانەی ئەو مرۆڤانە ناهێڵێتەوە کە لەژێر قورساییی شەڕدا دەژین. لەم ڕوانگەیەوە، مەسەلەکە سڕینەوەی ئەزموونی کۆمەڵایەتییە لە گۆڕەپانی سیاسەتدا. کاتێک کە مەینەتییەکان نەگەنە ناو زمان و میدیا گشتییەکان، ئەگەری گۆڕینیان بۆ داخوازییەکی بەکۆمەڵیش کەم دەبێتەوە. هەر لەبەر ئەمەش، بێدەنگی بەرامبەر بە ژیانی جەماوەر و ڕەهەندەکانی ئەو کارەساتانەی ڕووبەڕووی خەڵک دەبنەوە، بەشێکە لەو پەیوەندییانەی کە بەردەوامیی نەزمی هەنووکەیی مسۆگەر دەکەن.

کۆماری ئیسلامی وەک پێگەیەکی سەرەکیی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە کە بەرەوڕووی قەیرانە هەمەلایەنەکان بووەتەوە، مانەوەی خۆی زیاتر لە جاران بە بەڕێوەبردنی شەڕ و قەیرانەوە گرێ داوە. پەرەسەندنی گرژییە ناوچەیییەکان و گواستنەوەی ململانێکان بۆ دەرەوەی سنوورەکان، ناکرێت دابڕاو لە پەرەسەندنی قەیرانی ڕەواییی سیاسی، داتەپینی ئابووری، کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو بێبەشییانە لێک بدرێتەوە کە لە ناوخۆی وڵاتدا بەسەر کرێکاران و توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵگەدا سەپاندوویەتی. لە دۆخێکی وەهادا، لۆژیکی پاراستنی دەسەڵات و هێشتنەوەی قەوارەی ڕێژیمی ئیسلامی دەکەوێتە سەرووی هەموو پرسەکانی دیکەوە. لە لایەکی دیکەوە، هێزە ئیمپریالیستییەکانیش ناوچەکە وەک بەشێک لە ڕیزبەندیی جیهانیی هێز هەڵدەسەنگێنن. لەم چوارچێوەیەدا، گرنگیی وڵاتێک یان ناوچەیەک، زیاتر لەوەی پەیوەست بێت بە بارودۆخی دانیشتووانەکەیەوە، گرێ دراوە بە پێگەکەیەوە لە تۆڕی وزە، بازرگانی و هاوسەنگیی هێز لە بلۆکبەندییە جیهانییەکاندا. کەواتە، سڕینەوەی ئازارەکانی خەڵک لە گێڕانەوە زاڵەکان، دەرەنجامی لۆژیکیی ئەو شێوازەیە کە سەرمایەداریی جیهانیی پێ ڕێک خراوە. لە هەلومەرجێکی وەهادا، داڕمانی کۆمەڵایەتی بەرهەمی ئەو پەیوەندییانەیە کە هاوکات ئاسایشی ماددی، دەرفەتی بەشداریی سیاسی و توانای چالاکیی بەکۆمەڵ لاواز دەکەن.

لەم چوارچێوەیەدا، بەبەڵگەنامەکردنی ئەزموونەکانی شەڕ، تۆمارکردنی گێڕانەوە جەماوەرییەکان و هەوڵدان بۆ بینرانیان هێشتا گرنگیی خۆی هەیە؛ بەڵام ئەم هەنگاوانە لەخۆیاندا بەس نین. ئەزموونە تۆمارکراوەکان تەنیا کاتێک لە ئاستی تاکەکەسی تێدەپەڕن کە بکەونە ناو تۆڕێک لە چالاکییەکی بەکۆمەڵەوە. ئەگەرنا، تەنانەت بەرفراوانترین ئەرشیڤەکانی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی جەنگ و ئازارەکانی خەڵکیش، لەوانەیە تەنیا بیرەوەریی شکستیان تێدا بپارێزرێت، بێ ئەوەی ببنە هێزێک بۆ گۆڕانکاری. هەر لەم خاڵەدایە کە پرسی ڕێکخراوبوون گرنگییەکی چارەنووسساز پەیدا دەکات. ڕێکخراوبوون بە واتای دروستکردنی زەرفییەتە پایدارییەکانە بۆ گرێدانی ئەزموونە پەرتەوازەکان، فۆرمولەکردنی داخوازییە هاوبەشەکان و گۆڕینیان بۆ هێزێکی کۆمەڵایەتی. تا چەندە پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان، مرۆڤەکان بەرەو کێبڕکێ، گۆشەگیری و پەرتەوازەیی پاڵ پێوەدەنێن، ڕێکخستن لە خوارەوە، هەوڵێکە بە ئاراستەی پێچەوانەی ئەم ڕەوتە؛ هەوڵێکە بۆ بنیادنانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و وشیاریی چینایەتی. چین، تەنیا کۆمەڵێک لە تاکەکان بە پێگەیەکی ئابووریی هاوشێوە نییە. چین تەنیا کاتێک دەبێتە هێزێکی مێژوویی کە بتوانێت ئەزموونە هاوبەشەکانی بۆ وشیاری، ئیرادە و کردەوەی هاوبەش بگۆڕێت. شەڕ، گەمارۆ، سەرکوت و قەیرانی ئابووری، هەرچەندە گوشارێکی بەرفراوان دەخەنە سەر چەوساوەکان، بەڵام خۆبەخۆ نابنە هۆی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی. بەبێ فۆرمە پایدارییەکانی ڕێکخستن، ئەم گوشارانە زیاتر دەبنە هۆی پەرتەوازەیی، ململانێ لەسەر سەرچاوە سنووردارەکان و داڕمانی توانای بەکۆمەڵ.

هەر بەم هۆکارە، کێشەی سەرەکی تەنیا مەحکوومکردنی سیاسەتە ئیمپریالیستی و میلیتاریستییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و شەڕەنگێزییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نییە. ڕەخنەگرتن لەم شەڕە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەیە کاتێک مانا پەیدا دەکات کە هاوڕێ بێت لەگەڵ ئاسۆیەک بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی. ئەگەرنا، ناڕەزایەتییش لەوانەیە گیرۆدەی هەمان ئەو بازنەیە ببێت کە هەر قەیرانێک بە قەیرانێکی نوێوە گرێ دەدات، بێ ئەوەی دەرفەتی دابڕانێکی ڕاستەقینەی لێ بڕەخسێت. کەواتە، دەبێت هەوڵ بدرێت گرێدانێک لە نێوان ئەزموونی زیندووی جەماوەر و پرسی ڕێکخراوبوون و چالاکیی ڕێکخەرانە دروست بکرێت. چونکە لە هەر کوێیەک ئەزموونە تاکەکەسییەکان لە قاڵبی یادەوەرییەکی بەکۆمەڵ و چالاکییەکی ڕێکخراودا بنیاد بنرێنەوە، توانستی کۆمەڵگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کارەساتانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە و هەروەها بەرەنگاربوونەوەی شەڕەنگێزییەکانیشی، بەهێزتر دەبێت. ئەلتەرناتیڤی ئەم دۆخە تەنیا لە ناخی بنیادنانەوەی فۆرمە ڕێکخراوەکانی هاوپشتیی کۆمەڵایەتییەوە هەڵدەقوڵێت؛ هاوپشتییەک کە بتوانێت ئەزموونە پەرتەوازەکانی شەڕ، نائارامی و بێبەشبوون، بە وشیاریی بەکۆمەڵ و چالاکیی سیاسییەوە گرێ بدات. لە وەها ئاسۆیەکدا، خۆڕاگری چیتر بە واتای بەرگەگرتن لە قووڵاییی قەیرانەکاندا نییە، بەڵکوو بە واتای خوڵقاندنی زەرفییەتگەلێکە بۆ کۆتاییهێنان بەو بارودۆخەی کە شەڕ، قەیران، هەژاری و نەهامەتیی ئابوورییان کردووەتە بەشێکی هەمیشەیی لە ژیانی کۆمەڵایەتی.