فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

جەماوەری عێراق لە نێوان دوو بەرداشدا
یەکشەممە ۰۴-۰۵-۱۴۰۵   |  26-07-2026

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی تازەپێگەیشتووی عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە یەکی گەلاوێژ لەسەر بانگهێشتی مەسعود پزیشکیان بۆ سەردانێکی یەک ڕۆژە گەیشتە تاران. بەپێچەوانەی پرۆتۆکۆلە دیپلۆماتیکە باوەکانەوە، وەزیری ئابووریی کابینەکەی پزیشکیان لە فڕۆکەخانە پێشوازیی لێ کرد. سەفەرەکەی عەلی زەیدی بۆ تاران تەنیا دوو ڕۆژ دوای ئەوە هاتە ئاراوە کە ناوبراو لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دیدار و وتووێژی کرد و پاشان بەرەو قەتەر بەڕێکەوت. ئەم دیدارانە تەنیا سێ مانگ پاش ئەوە ئەنجام دران کە عەلی زەیدی وەک سەرمایەدارێکی بانکیی عێراقی، لەلایەن گروپە شیعەکانەوە وەک کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری کرا و لەلایەن ئەمریکاشەوە پەسەند کرا.

ئەمە لە کاتێکدا بوو کە پێشتر ئەو گروپانە نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو و گەندەڵی عێراقیان کە جێگەی متمانە و پشتیوانیی تەواوی کۆماری ئیسلامییە، بۆ ئەو پۆستە کاندید کردبوو، بەڵام بەرەوڕووی دژایەتیی ترەمپ بووەوە و پاش خۆڕاگرییەکی زۆر، ناچار بوو کاندیدابوونەکەی بکێشێتەوە. چونکە ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر ناوبراو ببێتە سەرۆکوەزیران، ناردنی دۆلارەکانی عێراق لە بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بۆ ئەو وڵاتە ڕادەگرێت و کۆتایی بە هاوکارییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق دەهێنێت. جێگەی ئاماژەیە، بەپێی دەستووری عێراق لە دابەشکردنی پۆستە حکومییەکان لە نێوان حیزبە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەدا، پۆستی سەرۆکوەزیران کە بەرزترین پێگەی دەسەڵاتە و فەرماندەییی گشتیی هێزە چەکدارەکانیش لەخۆ دەگرێت، بۆ گروپە شیعەکان تەرخان کراوە.

عەلی زەیدی لە ماوەی مانەوەی پێنج ڕۆژەیدا لە ئەمریکا، ٤٨ ڕێککەوتننامەی ئابووریی بە بڕی زیاتر لە ٦٠ ملیار دۆلار لە بوارەکانی نەوت، گاز و هێڵەکانی گواستنەوەی وزە لەگەڵ ئەمریکادا واژۆ کرد. سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەردەم کامێرای ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی، وێڕای ستایش و مەدحکردنی ئەمریکا وەک زلهێزێکی گەورەی ئابووری، ڕایگەیاند کە ڕێککەوتوون تا مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵ هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق بچنە دەرەوە و لە جێگەی ئەواندا کۆمپانیا بازرگانی و بازاڕییەکانی ئەمریکا دێنە عێراقەوە. ناوبراو وتیشی کە دەبێت تا ئەو کاتە گروپە چەکدارەکانی عێراقیش چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن و هەبوونی چەک تەنیا لە قۆرغی دەوڵەتدا بێت. بێگومان داماڵینی چەکی گروپە شیعەکانی پاشکۆی کۆماری ئیسلامی لەژێر ناوی “حەشدی شەعبی”، تا ئێستا بەرەوڕووی دژایەتیی توندی هەندێک لەو گروپانە و بەتایبەتی خودی کۆماری ئیسلامی بووەتەوە. چونکە کۆماری ئیسلامی تا ئێستا لە ڕێگەی ئەم گروپانەوە “حکومەتی سێبەر”ی لە عێراقدا پێکهێناوە و تەنانەت لە دیاریکردنی بەرپرسانی حکومی و ئەمنیی عێراقیشدا دەستێوەردانی ئاشکرای دەکرد. کۆماری ئیسلامی لەم ڕێگەیەوە، سەرەڕای ئەوەی ملیارەها دۆلار لە سامانی جەماوەری عێراقی بە ڕێگەی جۆراوجۆر تاڵان کردووە، هاوکات بووەتە هۆی دامەزراوەییکردنی دزی و گەندەڵییەکی گەورە لە سەرانسەری عێراقدا؛ هەروەها لە ڕێگەی گروپە چەکدارە ئیسلامییەکانی وابەستە بە خۆیەوە لە عێراق، هەر جۆرە دەنگێکی ناڕەزایەتی و بەرەنگاریی دژ بە کۆماری ئیسلامیی لەو وڵاتەدا خەڵتانی خوێن کردووە.

گرێدانی گرێبەستی زەبەلاحی لەم چەشنە لەگەڵ ئەمریکادا لە سەفەرەکەی عەلی زەیدیدا و بەڵێنی چەک‌کردنی گروپە وابەستەکان، لە زیانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامییە و هەنگاوێکی دیکەیە بە ئاراستەی کورتکردنەوەی دەستی ئەم ڕژێمە لە وڵاتانی ناوچەکەدا. لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی تاوانکاری سەدامەوە، عێراق بووەتە تەراتێنگە و پێگەی نفووز و دەستێوەردانی سوپای پاسداران لە سەرجەم بوارەکان و دامەزراوەکانی حکومەتدا. کۆماری ئیسلامیش لەم ڕێگەیەوە، هەم بەشێک لە گەمارۆکانی تێپەڕاندووە و هەم بەشێک لە کورتهێنانی بودجەکەی خۆی لە ڕێگەی مامەڵە و ئاڵوگۆڕەکانی بانکی ناوەندی و بانکە تایبەتە دەستکردەکانی خۆیەوە لە عێراقدا قەرەبوو کردووەتەوە.

لەم سۆنگەیەوە، سەفەری عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا و مۆرکردنی گرێبەستە ئابوورییەکان، و بەڵێنی چەک‌کردنی گروپە ئیسلامییەکان، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەک وەرچەرخانی عێراق بەرەو باوەشی ئەمریکا لێک دراوەتەوە و ناڕەزایەتیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و باڵی ئوسوولگەرای لێ کەوتووەتەوە. ئاژانسی هەواڵنێریی فەرمیی کۆماری ئیسلامی (ئیرنا) لەم بارەیەوە نووسیویەتی: “ڕەخنەگرانی زەیدی بە هۆی پاشەکشە و ملکەچبوونی لە بەرامبەر داواکارییەکانی ئەمریکادا، ڕەخنەیان لێ گرتووە”. هەر لەم پەیوەندەدا، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ڕێبەری نادیاری ڕژێم لە کاروباری نێودەوڵەتیدا، تەنیا ڕۆژێک پاش گەیشتنی زەیدی بۆ ئەمریکا، ناوبراوی بە گەنجێکی کەم‌ئەزموون ناو برد و سەفەرەکەی بە جێگەی داخ زانی کە زیانی بە کەرامەت و ئابڕووی عێراق گەیاندووە. بێگومان چاودێرانی سیاسی ئامانجی سەفەرەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا و قەتەر، سەرەڕای مۆرکردنی گرێبەستە ئابوورییە گەورەکان، بە هەڵگری پەیامێکی سیاسیی ئەمریکا بۆ کۆماری ئیسلامی لە پەیوەند لەگەڵ بارودۆخە جەنگییەکەدا دەزانن. زەیدیش لەم بارەیەوە ڕۆژی پێنجشەممە لە پەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی کە “ئەمڕۆ لە سەفەرێکی فەرمیدا دەچمە تاران و لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دیدار دەکەم، تاوەکو سەبارەت بە پرسە گرنگە دووقۆڵییەکان و پرسەکانی ناوچەکە و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە وتووێژ بکەین”. سەفەری ڕاستەوخۆی ناوبراو بۆ قەتەر و لەوێشەوە بۆ تاران، ئەگەری جێگرتنەوەی قەتەر و عێراقی وەک نێوەندگیر لە جێگەی پاکستان بەدواوەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، عەباس عێراقچی لەم بارەیەوە ڕایگەیاند کە: “ئێمە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا پێویستیمان بە نێوەندگیر نییە و نێوەندگیر بە ڕادەی پێویست هەن”. ناوەندی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری ڕژێمیش لەم بارەیەوە تەنیا ڕایگەیاند کە پزیشکیان و زەیدی لە دیدارەکەیاندا جەختیان لەسەر قایمکردنی پەیوەندییەکان و کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێی هاوکاری لە نێوان تاران و بەغدادا کردووەتەوە.

بەڵام هەروەک ئەوەی عەلی زەیدی جەختی لێ کردووەتەوە، لەگەڵ چوونەدەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، کۆمپانیا نەوتی و گازییەکانی ئەمریکا بە مەبەستی تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکان پێ دەنێنە ناو عێراقەوە. ئەگەر چەک‌کردنی گروپەکانی حەشدی شەعبی کە تا ئێستا بەشێکی جێبەجێ کراوە بەتەواوی کۆتایی بێت، کۆماری ئیسلامی یەکێکی دیکە لەو هێزە چەکدارانەی کە پێیان دەڵێت “میحوەری موقاوەمەت” لەدەست دەدات و ئەمەش وەک هەنگاوێک لە ئاراستەی کۆتاییپێهێنان بە ستراتیژیی جەنگی پێشپێگرانەی کۆماری ئیسلامیدا ئەژمار دەکرێت. ئەزموونی چوار دەیەی ڕابردووش نیشانی داوە کە کرێکاران و جەماوەری ستەمدیدەی عێراق، نە بە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی و پاشکۆکانی و نە بە دەستێوەردانە ئیمپریالیستییەکانی ئەمریکا، ناتوانن لە ئاسایش و خۆشگوزەرانی بەهرەمەند ببن. دابینکردنی ڕەفاه و ئاسایشی کرێکاران و توێژە بێبەش و زەحمەتکێشەکانی دیکەی جەماوەری عێراق -وڵاتێک کە خاوەنی سەرچاوەی دەوڵەمەندی سروشتییە-، تەنیا لە گرەوی خۆڕێکخستن، یەکگرتوویی خەباتکارانە و بەدەستەوەگرتنی چارەنووسی خۆیاندا مسۆگەر دەبێت.