فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران: مانگرتن لە خواردنی زیندانییانی قزڵحەسار، هاوارێک بە دژی ماشێنی ئێعدامی کۆماری ئیسلامی
یەکشەممە ۰۴-۰۵-۱۴۰۵   |  26-07-2026

مانگرتن لە خواردنی زیندانییانی یەکەی دووی زیندانی قزڵحەسار کە لە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥ـەوە، وەک ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە گواستنەوەی شەش زیندانیی مەحکووم بە سێدارە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکان دەستی پێ کردبوو، سێزدەیەمین ڕۆژی خۆی تێپەڕاند. زیندانییان بە کۆبوونەوە و مانگرتن لە ساڵۆنی بەندیخانەکە و وەرنەگرتنی ژەمی خواردنی زیندان، ناڕەزایەتیی خۆیان دژی حوکمەکانی لەسێدارەدان، بەتایبەتی لە دۆسیەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکاندا ڕاگەیاند. ئەو ڕاپۆرتانەی لە ناوخۆی زیندانەوە بڵاو کراونەتەوە، باس لە تێکچوونی باری تەندروستیی مانگرتووان، بایەخنەدانی ئانقەستی بەرپرسانی زیندان و خۆبواردنی دەزگای قەزایی لە بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانیان دەکەن. ئەم ڕەفتارانە، بەشێکن لەو سیاسەتە ئاگاهانەیەی کە خستنەمەترسیی گیانی زیندانییانیشی کردووەتە ئامرازێک بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگا.

مانگرتن لە خواردنی زیندانییانی قزڵحەسار و “هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە” لە بارودۆخێکدا درێژەی هەیە کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، دەرکردنی یەک لەدوای یەکی حوکمەکانی سێدارە و جێبەجێکردنی ئەم سزایە دژەمرۆییەی، کردووەتە میکانیزم و کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەی دەسەڵاتە قەیراناوییەکەی. کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجێکدا کە بەرەوڕووی قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسی بووەتەوە و پەرەسەندنی بێکاری و هەڵاوسان و گرانیی بێ‌سنوور و ناڕەزایەتییە بەربڵاوە کۆمەڵایەتییەکان، قەیرانی ڕەواییە سیاسییەکەی پتر کردووە، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پەنای بردووەتە بەر توندوتیژیی ڕێکخراو، دەرکردنی حوکمەکانی مەرگ و سەرکوتی بێسنوور و ئاشکرا. پەرەپێدانی سەرکوت و لەسێدارەدان بۆ ئەم دەسەڵاتە، یەکێک لە کۆڵەکەکانی ستراتیژیی مانەوە و تاکتیکێکە بۆ تۆقاندن و بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتی دروستبوون و فراوانبوونی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان.

لە کاتێکدا کە کرێکاران و زەحمەتکێشان و زۆرینەی خەڵکی ئێران، دەستەویەخەی دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی شەڕێکی کۆنەپەرستانە و نەخوازراون کە کۆماری ئیسلامی لایەنێکیەتی، سەرانی ئەم ڕژێمە لە سێبەری ئەم شەڕەدا، سەرکوت و تۆقاندنیان چڕتر کردووەتەوە. ئەزموونی ڕابردووش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هەر کاتێک کۆمەڵگا کەوتبێتە ژێر گوشاری شەڕ، نائارامی و قەیرانەوە، کۆماری ئیسلامی بازنەی دەستبەسەرکردنەکان، دۆسیەسازییە ئەمنییەکان و جێبەجێکردنی حوکمەکانی سێدارەی فراوانتر کردووە. شەڕی کۆنەپەرستانە و سەرکوت، دوو دیوی یەک سیاسەتی هاوبەشن بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی و قوربانییە سەرەکییەکانیشی بریتین لە کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان، لاوان و سەرجەم هێزە ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگا. لە هەلومەرجی شەڕ و سەرکوتدایە کە ژیان و گوزەرانی چینە چەوساوەکانی کۆمەڵگا بەرەو لەناوچوون دەچێت و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەوانە کە پەراوێز دەخرێن.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆی بۆ خۆڕاگری و ڕاوەستانی زیندانییانی مانگرتووی قزڵحەسار وەک ناڕەزایەتییەک دژی سزای لەسێدارەدان و لە “هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە” ڕادەگەیەنێت و هاوکات لەگەڵ مەحکوومکردنی ئەو گوشار و بەربەستانەی خراونەتە سەر مانگرتووان، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و دامەزراوە ئەمنی و قەزاییەکانی بە بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی هەرچەشنە زیانێکی گیانی بۆ سەر زیندانییانی ناڕازی دەزانێت. لە ڕوانگەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانەوە، لەسێدارەدان شێوەیەکی ڕێکخراوی توندوتیژی و کوشتنی دەوڵەتییە دژی مرۆڤ. هیچ دەسەڵاتێک نابێت مافی سەندنەوەی ژیانی لە مرۆڤەکان هەبێت. خەبات دژی لەسێدارەدان، بەشێکی دانەبڕاوە لە خەبات لەپێناو ئازادی، یەکسانی و ڕزگاریی کۆمەڵگا لە چەوسانەوە، ستەم و سەرکوت. دەبێ هەوڵ بدرێت بەرەی سەرەکیی خەبات دژی سزای لەسێدارەدان و ئازادیی زیندانییانی سیاسی، بۆ دەرەوەی زیندانەکان بگوازرێتەوە. دەبێ هەوڵ بدرێت داواکاریی ئازادیی زیندانییانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، بکرێتە داواکاریی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری و سەرجەم بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان. تەنیا بە پەرەپێدان و جەماوەری‌کردنی بزووتنەوەی خەبات بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانە کە دەتوانرێت ماشێنی سەرکوت و ئێعدامی کۆماری ئیسلامی ڕابگیرێت.

لە دەرەوەی وڵاتیش پێویستە هەموو حیزب و ڕێکخراوە و دامەزراوە سیاسییە سۆسیالیست و چەپ و پێشڕەوەکان و مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان، دەست لەناو دەستی یەکتر و بە ڕێکخستن و وەڕێخستنی کەمپەینە سیاسییەکان، گوشار بخەنە سەر ڕژێمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی کۆتایی بە ئێعدامەکان بهێنێت و زیندانییانی سیاسی ئازاد بکات. پشتیوانیکردن لە زیندانییانی مانگرتووی قزڵحەسار و “هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە” و پارێزگاریکردن لە گیانی زیندانییان و بەرەنگاربوونەوەی ماشێنی ئێعدامی کۆماری ئیسلامی، بەشێکە لە خەباتی هاوبەش بۆ کۆتایی‌هێنان بە سیستەمێک کە مانەوەی خۆی لەسەر بنەمای هەژاری، شەڕ، سەرکوت و کۆمەڵکوژی بنیات ناوە.

زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت!

سزای ئێعدام دەبێ هەڵبوەشێتەوە!

بڕووخێ کۆماری ئیسلامی!

ئازادی، یەکسانی، حکوومەتی کرێکاری!

کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥

٢٦ی جوولای ٢٠٢٦