فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆتایی‌پێهێنان بە شیرکەتە پەیمانکارییەکان، خواستی سەرەکیی کرێکارانی پەیمانی
سێشەممە ۰۶-۰۵-۱۴۰۵   |  28-07-2026

لێکەوتەکانی شەڕی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، زیاتر لە هەر کاتێکی تر، کار و ژیان و بژێویی کرێکارانی خستووەتە ژێر گوشارێکی توندەوە و ڕژێم بە بیانووی بارودۆخی شەڕەوە، خواست و داواکارییەکانی کرێکارانی بە تەواوی پشتگوێ خستووە. ڕۆژی شەممە ٣ی گەلاوێژ، سەرۆکی ڕێکخراوی کارگێڕی و دامەزراندنی دەوڵەتی پزیشکیان ڕایگەیاند کە: “بەهۆی لەمپەرە یاساییەکانەوە، دەوڵەت توانای گۆڕینی دۆخی گرێبەستی ٧٠٠ هەزار کەس لە کرێکارانی سەر بە کۆمپانیاکانی نییە.” ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵانێکە کرێکارانی گرێبەست و چالاکان و ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان خوازیاری وەدەرنان و هەڵوەشاندنەوەی شیرکەتە پەیمانکارییە مفتەخۆرەکانن؛ ئەو کۆمپانیایانەی کە لەسەر حسابی چەوساندنەوەی هێزی کاری کرێکاران سەرمایەی خۆیان کەڵەکە دەکەن و بەشێک لە حەقدەست و ڕەنجی کرێکاران دەخەنە گیرفانی خۆیانەوە. خاوەنی ئەم کۆمپانیایانە زۆربەیان سەرمایەدارە ڕانتخۆرەکانن و لە دارودەستە و مۆرەکانی ڕێبەر و بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامین. لەم ڕوانگەیەشەوە، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ماوەیەکی زۆرە بە خۆدزینەوە لە خواستی کرێکاران بۆ هەڵوەشاندنەوەی شیرکەتە پەیمانکارییەکان، ئەم گەڵاڵەیە لە نێوان مەجلیسی ئیسلامی و ناوەندی دژەکرێکاریی “مەجمەعی تەشخیسی مەسلەحەتی نیزام”دا دەستاودەست پێ دەکات و یەکلایی ناکاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی کاری ئێران (ئیلنا) دوو هەفتە لەمەوبەر ڕاپۆرتی دابوو کە زیاتر لە ٨٠٠٠ کەس لە کرێکارانی پەیمانیی پیشەسازیی نەوت و گاز بە واژۆکردنی تۆمارێکی ئینتەرنێتی، دووبارە لە مەسعوود پزیشکیان، سەرکۆماری بێ‌دەسەڵاتی ڕژێم، داوایان کردووە کە هەرچی زووە ئەو فەرمانەی لە ١١ی گوڵاندا (ڕۆژی جیهانیی کرێکاران) سەبارەت بە سڕینەوەی شیرکەتە پەیمانکارییەکانی دابینکردنی هێزی کار دەریکردبوو، جێبەجێ بکات. ئەم کرێکارانە لە چوارچێوەی شیرکەتە پەیمانکارییەکان، ئەرکانی سالیس و گرێبەستە هاوشێوەکانی دیکەدا کار دەکەن و خوازیاری ئەوەن شیرکەتە پەیمانکارییەکان هەڵبوەشێنرێنەوە و دەوڵەت ڕاستەوخۆ و بێ نێوەندگیر گرێبەست لەگەڵ کرێکاراندا واژۆ بکات و حەقدەستەکانیان خۆی پێیان بدات. بێگومان کرێکارانی دیکەی گرێبەست، وەک کرێکارانی شارەوانییەکانیش، چەندین جار دژی شیرکەتە پەیمانکارییەکان مانیان گرتووە و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ڕێکخستووە و داوای وەدەرنانیان و بەستنی گرێبەستی ڕاستەوخۆی کاریان لەگەڵ دەوڵەتدا کردووە.

کاربەدەستانی حکوومەتی ئیسلامی بە پشتگوێخستن و خۆبواردن لە جێبەجێکردنی ئەم خواستە ڕەوایەی کرێکاران کە ساڵانێکە خەباتی بۆ دەکەن، گوتوویانە: “دەوڵەت توانای وەدەرنانی شیرکەتە پەیمانکارییەکانی دابینکردنی هێزی کاری نییە. بەڵام ڕەنگە بتوانێت لەگەڵ ١٠ لەسەدی کرێکارانی پەیمانی، گرێبەستی ڕاستەوخۆ واژۆ بکات، لەم حاڵەتەشدا ڕەنگە حەقدەستەکانیان کەمێک دابەزێت.” ئەم فێڵەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ناڕەزایەتیی کرێکارانی لێ کەوتووەتەوە، چونکە بۆ کرێکاران هیچ جیاوازییەکی نییە کە کام یەک لە پەیمانکارە ڕانتخۆرەکان یان دەوڵەتی سەرمایەداران بەشێک لە حەقدەستی کار و ڕەنجیان تاڵان دەکەن. کاربەدەستانی دەوڵەتی ئیسلامیی سەرمایەداران لە هەلومەرجێکدا بەوپەڕی بێشەرمییەوە چاوی تەماعیان بڕیوەتە کەمکردنەوەی ئەو حەقدەستە یەکجار کەمەی کرێکاران، کە لانی کەمی حەقدەستی کرێکاران چوار هێندە لە خوار هێڵی هەژارییەوەیە و مووچەکانیان تەنیا بەشی یەک هەفتەی بژێوییان دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنانەت بەپێی مادەی ٤١ی یاسای دژەکرێکاریی کاری حکوومەتی ئیسلامیش، لانی کەمی حەقدەستی مانگانەی کرێکاران دەبێت بەپێی ڕێژەی هەڵاوسان و تێچووی سەبەتەی بژێویی خێزانی کرێکاری دیاری بکرێت. سەرەڕای ئەوەش، لە دۆخێکدا کە تێچووی سەبەتەی بژێوی گەیشتووەتە ٩٠ ملیۆن تمەن، “شۆرای باڵای کار”ی دژەکرێکاریی ڕژێم، لانی کەمی حەقدەستی کرێکارانی بۆ ساڵی ١٤٠٥ بە نزیکەی ١٧ ملیۆن تمەن پەسەند کردووە کە بە هەژمارکردنی دەرماڵەکانی تریشەوە، دەگاتە کەمتر لە ٢٤ ملیۆن تمەن.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کە بەهۆی هێرشە نیزامییەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ژێرخانەکان و ناوچە نەوتییەکانی باشوور، بەندەر، لەنگەرگە، پرد، ڕێگاوبان و هێڵەکانی ئاسن و هتد وێران بوون و بەرهەمهێنان و فرۆشی نەوتیش گەیشتووەتە نزمترین ئاست، ژمارەیەکی زیاتر لە کرێکاران لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بێکار بوون و حەقدەستی زۆرێک لە کرێکارانی تریش دوا کەوتووە و پێیان نادرێت. خاوەنکار و بەڵێندەرە سەرمایەدارەکان لەگەڵ دەستپێکی شەڕ لە ٩ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا، گوشاریان خستە سەر دەوڵەت تاوەکوو بەم لانی کەمە یەکجار کەمەی حەقدەستیشدا بچێتەوە، یان ڕێگەیان پێ بدات بە بیانووی شەڕ و لەژێر ناوی “کرێی بەڕێککەوتن” (مزد توافقی)، حەقدەستێکی کەمتر بە کرێکاران بدەن و لە ئەگەری ڕازی‌نەبوونی کرێکاراندا دەریان بکەن و کەسانی تر بە حەقدەستێکی کەمترەوە دابمەزرێنن. هەرچەندە ئەم داواکارییە بە فەرمی لەلایەن دەوڵەتەوە پەسەند نەکراوە، بەڵام خاوەنکارەکان لە هەندێک شوێن بە کردەوە گەڵاڵەی “کرێی بەڕێککەوتن”یان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەم حەقدەستێکی کەمتر و ئەویش بە دواکەوتنەوە دەدەن بە کرێکاران، هەم بە گرێبەستی کورتخایەنی یەک مانگە و بەکاربردنی چەکی دەرکردن، زیاتر لە جاران کرێکاران دەچەوسێننەوە و سفرەی خێزانەکانیان لە جاران بەتاڵتر کردووە.

بەم جۆرە تا ئێستا بە بیانووی بارودۆخی شەڕەوە، زیاتر لە چوار ملیۆن کرێکار، بەتایبەتی لە کارە نافەرمی و ناوماڵەکاندا بێکار بوون، بەبێ ئەوەی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایە بۆ بژێوییان پارەیەک وەک بیمەی بێکاری پێیان بدات. کاربەدەستانی سەرمایە لە کەرتی تایبەت و گشتیدا، بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ناڕەزایەتییەکی کرێکاری بەرامبەر بە خراپتربوونی دۆخی ژیان و بژێوییان، لە پلەی یەکەمدا ئەو چالاکە کرێکارییانە دەردەکەن کە بەرگری لە مافی خۆیان و هاوچینەکانیان دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە قەیرانی ئابووریی ڕژێمی ئیسلامی ڕۆژ بە ڕۆژ توندتر و قووڵتر دەبێتەوە و توانایەک بۆ ژیان و بژێویی کرێکاران نەماوەتەوە و ناتوانن تەسلیمی دۆخێکی وا ببن. بێگومان ڕژێمی شەڕخواز و ئاژاوەگێڕی ئیسلامیش نە توانای باشترکردنی دۆخی ژیانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی هەژار و دەستکورتی کۆمەڵگای هەیە، نە دەشتوانێت بە پەرەپێدانی ترس و سەرکوت و دەرکردن، پێش بە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانیان بگرێت.

شووشەی تەمەنی ئەم ڕژێمە دژەکرێکارییەی سەرمایەداریی ئیسلامی لە دەستی چینی کرێکاردایە. کۆماری ئیسلامی، ئەگەر لەم هەلومەرجەی ئێستادا کە لەوپەڕی لاوازی و مایەپووچیدایە، دەتوانێت شان لە ئاست خواست و داواکارییەکانی کرێکاران هەڵتەکێنێت و دەزگا سەرکوتگەرە نیزامی و ئەمنییەکانیشی دەتوانن مانگرتن و ناڕەزایەتییە پەرتەوازەکانی کرێکاران سەرکوت بکەن، بەڵام لە بەرامبەر مانگرتن و ناڕەزایەتیی یەکگرتوو، ڕێکخراو و سەرتاسەریی کرێکاراندا توانای خۆڕاگرییان نییە. حکوومەتی دیکتاتۆریی پاشایەتیی پەهلەویش لە بەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقامدا دوو ساڵ خۆی ڕاگرت، بەڵام کاتێک کرێکارانی پیشەسازیی نەوت بە مانگرتنی یەکگرتوو و ڕێکخراو هاتنە مەیدانەوە و شادەماری ژیانی ئابووریی ڕژێمیان گرت، دەسەڵاتەکەی لە پێ کەوت و ڕووخا. بەخۆشییەوە بزووتنەوەی کرێکاری، بە بوونی ڕێبەران و پێشڕەوانی لێهاتوو کە لە ناو دڵی ڕێکخستنی ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییەکاندا پەروەردە بوون، خاوەنی ئەو توانا و زەرفییەتەیە کە لەسەر بنەمای بەردەوامیی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان، ئاستی ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوە چینایەتییە بەرز بکاتەوە و بە دروستکردنی تۆڕێکی پێکەوەبەستراو لە ڕێبەرانی کرێکاری، پێداویستییەکانی ڕێکخستنی مانگرتنی سەرتاسەریی کرێکاران لە ناوەندە کلیدییەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا دابین بکات. تەنیا لەم دۆخەدایە کە بزووتنەوەی کرێکاری بە مانگرتنەکانی خۆی، دەبێتە بڕبڕەی پشتی ناڕەزایەتییەکان و مانگرتنی سیاسیی جەماوەری بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی.