فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

لەسێدارەدان لەبەرچاوی جەماوەر و ناڕەزایەتییەکانی ئیسفەهان؛ ئەوپەڕی داماویی کۆماری ئیسلامی
پێنجشەممە ۰۸-۰۵-۱۴۰۵   |  30-07-2026

بەرەبەیانی سێشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥، ڕژێمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی، “ئەبولفەزل سوپاهی بادیجانی” و “ئەمیرحسێن سەفەری حوسێناباد”ی، دوو کەس لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤۰٤ لە دۆسیەی ناسراو بە “مەیدانی عەلیخانی”ی ئیسفەهان، هەر لەو مەیدانە و لەبەرچاوی خەڵکدا لەسێدارە دا. دەزگای قەزایی ئەم دوو لاوە تێکۆشەرەی بە تۆمەتگەلێکی وەک “محاربه”، “افساد فی‌الارض”، “بەغی” و بەشداریکردن لە کوشتنی چوار مۆرەی هێزە سەرکوتگەرەکان مەحکووم بە مەرگ کردبوو؛ تۆمەتگەلێک کە ڕەوتی پێڕاگەیشتن پێیان کەوتبووە بەر ناڕەزایەتی و گومانێکی جیدی؛ بەتایبەت بەهۆی نەبوونی دادگایەکی دادپەروەرانە، وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و بێبەشکردنی تۆمەتباران لە مافی هەبوونی پارێزەر. جیا لە گێڕانەوەی فەرمیی دەسەڵات، جێبەجێکردنی ئاشکرای ئەم حوکمانە دەبێت وەک بەشێک لە شانۆگەرییەکی سیاسیی هێزنمایی و پەرەپێدانی توندوتیژی سەیر بکرێت؛ شانۆگەرییەک کە ئامانج لێی دروستکردنی ترس و تۆقاندنی گشتی و نۆژەنکردنەوەی هەیمەنەی حاکمییەتە لە جەرگەی ئەو قەیرانەدا کە سەرانسەری کۆمەڵگەی تەنیوەتەوە. ئەم ئێعدامانە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە بەڕێوە چوون کە هەزاران کەس لە جەماوەری ئیسفەهان، سەرەڕای کەشوهەوای قورسی ئەمنییەتی و جێگیربوونی بەربڵاوی هێزەکانی سەرکوت، لە مەیدانی عەلیخانی کۆبوونەوە بۆ ئەوەی دژی ئەم تۆڵەسەندنەوە و کوشتارە دەوڵەتییانە ناڕەزایەتی دەرببڕن. دەسەڵات پێشوەختە بە هەڵدانی پەتی سێدارە لە مەیدانەکەدا، پەیامی خۆی بەئاشکرا ئاراستەی کۆمەڵگە کردبوو کە هەر جۆرە دەنگهەڵبڕینێک بە توندوتیژییەکی بێبەزەییانە وەڵام دەدرێتەوە. بەڵام هاتنەمەیدانی خەڵک نیشانی دا کە ئەم شانۆی مەرگە، نەک هەر کۆمەڵگە چاوترسێن ناکات، بگرە پێچەوانەی ویستی ڕژێم، تووڕەیی و بەرخۆدانیش دەخرۆشێنێت. بەکارهێنانی غازی فرمێسک‌ڕێژ، لەیزەر، هێرشی هێزە ئەمنییەکان و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، جارێکی تر سەلماندی کە کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی هەژموونی خۆی، هیچ ئامرازێکی جگە لە توندوتیژیی ڕێکخراو لەبەر دەستدا نییە.

دەوڵەت، لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، ئامرازی ڕێکخراوی زاڵبوونی چینێکە بەسەر چینێکی تردا. تا ئەو کاتەی ئەم دەسەڵاتە بتوانێت لانیکەم ڕەزامەندییەکی کۆمەڵگە دەستەبەر بکات، ئامرازە ئایدۆلۆژیک، میدیایی و یاساییەکان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن؛ بەڵام کاتێک قەیرانی مەشروعییەت قووڵتر و بەربڵاوتر دەبێتەوە و کەلێنی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە فراوانتر دەبێت، دەوڵەت زیاتر لە جاران پەنا بۆ داپڵۆساندن و زەبری ڕاستەوخۆ دەبات. کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ ڕێک لە دۆخێکی وەهادایە. مەترسیی داڕمانی ئابووری، هەڵاوسان و گرانیی بێسنوور، دابەزینی ئاستی بژێویی ژیان، گەندەڵیی پێکهاتەیی، درزەکانی ناوخۆی حاکمییەت و بەردەوامیی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، توانای دەسەڵاتیان بۆ پاراستنی نەزم لە ڕێگەی ڕەزامەندییەوە لەناوبردووە. لەم هەلومەرجەدا، لەسێدارەدان دەبێتە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی مانەوەی سیاسی. ڕژێم بە هەر لەسێدارەدانێک، ڕوو لە ملیۆنان کەس دەکات. پەیامەکە ڕوونە: هەر کەسێک ئاستەنگ بۆ نەزمی باو دروست بکات، بەرەوڕووی چارەنووسێکی لەم شێوەیە دەبێتەوە. هەر بەم هۆیەوە، لەسێدارەدان لە کۆماری ئیسلامیدا دەبێت وەک بەشێک لە میکانیزمی “بەرپەرچدانەوەی سیاسی” سەیر بکرێت؛ میکانیزمێک کە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی ترسەوە، دەرفەتی خۆرێکخستن و تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتییەکان بەرتەسک بکاتەوە.

دوای ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”، ئەم سیاسەتە لە هەر کاتێکی تر ئاشکراتر بووە. حاکمییەت بەباشی تێگەیشت کە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە ئیتر بە هەڕەشە باوەکان پاشەکشە ناکات. بۆیە، مەودای سەرکوتی فراوانتر کرد و لە چالاکانی سیاسی، خۆپیشاندەرانی سەرشەقام، ژنان، خوێندکاران و هەڵسوڕاوانی کرێکارییەوە بگرە لە تاران و کوردستانەوە تا بەلووچستان و خوزستان و ئازەربایجان و کۆچبەرانی ئەفغانستانی، خستە بەر توندترین سزاکان. خاڵی هاوبەشی ئەم دۆسیانە، پێویستیی دەسەڵاتە بە نۆژەنکردنەوەی هەیمەنەی خۆی لە ڕێگەی کوشتاری بەرنامەبۆداڕێژراو و توندوتیژییەوە. لەسێدارەدان لەبەرچاوی جەماوەریشدا پێگەیەکی تایبەتی لەم ستراتیژییەدا هەیە. حکوومەت هەوڵ دەدات توندوتیژی بکاتە شانۆیەکی گشتی، شانۆیەک کە تێیدا جەستەی مرۆڤ دەبێتە ئامرازێک بۆ گواستنەوەی پەیامی سیاسی. گۆڕەپانی شار دەبێتە مەیدانی نمایشکردنی هێزی دەسەڵات تا هاووڵاتیان نەک تەنیا لە هەواڵی لەسێدارەدانەکە، بەڵکوو لە بینینی ڕاستەوخۆیشی چاوترسێن ببن. بەڵام هەر ئەم شانۆیە، ناتەباییە بنەڕەتییەکەی کۆماری ئیسلامیش ئاشکرا دەکات. دەسەڵاتێک کە بۆ سەلماندنی هێزی خۆی ناچارە پەتی سێدارە لە مەیدانی شاردا هەڵبدات و هەزاران هێزی سەرکوتگەر بۆ پاراستنی بهێنێتە سەر شەقام، لە ڕاستیدا پەردە لەسەر لاوازیی خۆی لادەدات. دەسەڵاتێک کە بەبێ نمایشی بەردەوامی توندوتیژی توانای درێژەدانی نەبێت، پێش هەر شتێک بەرەوڕووی قەیرانی مەشروعییەت بووەتەوە.

ناڕەزایەتیی خەڵکی ئیسفەهان ڕێک لەم خاڵەدا گرنگیی پەیدا دەکات. ئەم کۆبوونەوەیە، تێکشکاندنی یەکێک لە گرنگترین میکانیزمەکانی ڕژێم بوو بۆ دروستکردنی ترس. ئەو خەڵکەی وشیارانە چوونە مەیدانێکەوە کە پێشوەختە کرابووە سەربازگە، نیشانیان دا کە هاوکێشەی نێوان ترس و بەرخۆدان لە کۆمەڵگەدا گۆڕاوە. دەسەڵات هێشتا هێزی سەرکوتی هەیە، بەڵام ئیتر ناتوانێت وەک ڕابردوو لە ڕێگەی ترسەوە، کۆمەڵگە دەستەوەستان و پاسیڤ بهێڵێتەوە. ئەم ڕاستییەی کە ناڕەزایەتیی جەماوەری تێکۆشەری ئیسفەهان نەیتوانی ڕێگە لە جێبەجێکردنی حوکمەکە بگرێت، هیچ لە گرنگییە سیاسییەکەی کەم ناکاتەوە. مێژووی خەباتە کۆمەڵایەتییەکان پڕە لەو نموونانەی کە تێیاندا شکستە کاتییەکان، زەمینەی سەرکەوتنە گەورەترەکانیان خۆش کردووە. گرنگیی ناڕەزایەتییەکەی ئیسفەهان لەوەدایە کە خەباتی دژی لەسێدارەدانی لە پرسێکی پەیوەست بە بنەماڵەی مەحکوومانەوە تێپەڕاند و کردی بە داخوازییەکی گشتیتر. هەر هەنگاوێک کە ئەم داخوازییە کۆمەڵایەتیتر بکاتەوە، بەشێک لە کارکردی سێدارە وەک ئامرازی تۆقاندن لەناودەبات. هاوکات، مانگرتن لە خواردن و ناڕەزایەتیی سەدان زیندانیی مەحکووم بە سێدارە لە یەکەی دووی زیندانی قزلحەسار و بەردەوامیی هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە”، دیمەنەکانی تری هەر ئەم بەرخۆدان و خەباتەن. ئەو زیندانیانەی لە سەختترین هەلومەرجدا، بە خستنەمەترسیی گیانی خۆیان، هەوڵ دەدەن بەرەنگاربوونەوەی ماشێنی ئێعدام بکەن بە پرسێکی گشتی. بەڵام ئەم خەباتە تەنیا کاتێک دەبێتە هێزێکی یەکلاکەرەوە کە گرێ بخوات بە ناڕەزایەتییەکانی دەرەوەی زیندان، مانگرتنە کرێکارییەکان، بزووتنەوەی ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان و خانەنشینان و دادخوازان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشڕەوەکانی ترەوە.

ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات مانەوەی خۆی بە پەتی سێدارە گرەنتی بکات، بەڵام هەر ئەم سیاسەتە دەتوانێت ببێتە یەکێک لە هۆکارەکانی قووڵبوونەوەی قەیرانەکەی. هەر لەسێدارەدانێک، ئەگەر ڕووبەڕووی بەرخۆدانی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی ببێتەوە، تووڕەییی پەنگخواردووی کۆمەڵگە دەکاتە هێزێکی وشیارتر و ڕێکخراوتر. ئەو دەوڵەتانەی کە تەنیا لە ڕێڕەوی توندوتیژییەوە هەوڵی پاراستنی دەسەڵاتەکەیان دەدەن، درەنگ یان زوو بەرەوڕووی ئەم ڕاستییە دەبنەوە کە توندوتیژی، هەرچەندە بتوانێت خەباتەکە بە شێوەیەکی کاتی پاشەکشە پێ بکات، بەڵام توانای ئەوەی نییە ئەو ناتەباییە ماددی و کۆمەڵایەتییانەی کە سەرچاوەی ناڕەزایەتین، لە ڕەگەوە هەڵکەنێت. لەم ڕووەوە، خەباتی دژی سێدارە تەنیا بۆ ڕزگارکردنی گیانی مەحکوومان نییە، هەرچەندە ئەوەش خۆی ئەرکێکی گرینگ و ئینسانییە. ئەم خەباتە، نەبەردێکە بۆ چەککردنی سیاسیی ڕژێمی تاوانکاری سەرمایەی ئیسلامی، کە گرنگترین ئامرازی مانەوەی خۆی لە دروستکردنی ترس و تۆقاندندا دۆزیوەتەوە. ئەگەر کۆمەڵگە بتوانێت ئەم ئامرازە پەک بخات و ماشێنی ئێعدام ڕابگرێت، یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەرەس دەهێنێت. لە هەلومەرجێکی وەهادا، دارەکانی سێدارە ئیتر هێمای دەسەڵات نابن، بەڵکوو دەبنە مۆنۆمێنتێک بۆ داماویی نیزامێک کە لەبەرامبەر کۆمەڵگەیەکی ناڕازی و ڕێکخراو و تینووی ئازادیدا، جگە لە مەرگ هیچی تری پێ نەبوو.