فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەرەنگاربوونەوەی “بزووتنەوەی ڕووت‌بوونەوە”، لە ئەولەوییەتی نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامیدا
دوشەممە ۱۲-۰۵-۱۴۰۵   |  03-08-2026

١٥٥ نوێنەری مەجلیس، ئەویش لە هەلومەرجی قەیرانی شەڕ و لە یەکێک لە قەیراناویترین و دژوارترین بارودۆخەکانی بژێوی کە بەسەر زۆرینەی خەڵکی ئێراندا سەپاندوویانە، لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕژێم، داوای جێبەجێکردنی یاسایان کردووە بۆ “پێشگرتن لە پەرەسەندنی بێ‌حیجابی” و ڕاگرتنی “بزووتنەوەی ڕووت‌بوونەوە”. هەنگاوێک کە جارێکی تر نیشانی دەدات نوێنەرانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە مەجلیسدا، جەستە و پۆششی ژنان لە ڕیزی بەپەلەترین بابەتەکانی دەستێوەردانی خۆیاندا دەبینن، بەڵام نان، دەرمان، خانووبەرە، کار و کەرامەتی ملیۆنان مرۆڤیان پەراوێز خستووە. ئەم نامەیە لە هەمان کاتدا داننانە بەو حەقیقەتەی کە دیواری حیجابی زۆرەملێ داڕماوە. ئەم ئەولەوییەتدانە، ڕەنگدانەوەی لۆژیکیی پێکهاتەیەکە کە لە لایەکەوە دەیەوێت بە کۆنترۆڵکردنی پۆششی ژنان قەیرانی ڕەوایی خۆی داپۆشێت و لە لایەکی تریشەوە، لە وەڵامدانەوە سەبارەت بە هەژاری، گرانی و میکانیزمەکانی کەڵەکەبوونی ڕانتی خۆی بدزێتەوە.

حەقیقەتە ئابوورییەکان وێنەیەکی ڕوون لە قووڵایی ئەم قەیرانە مەعیشەتییە دەخەنە ڕوو. ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵ‌بەخاڵ لە جۆزەردانی ١٤٠٥دا گەیشتە ٨٨.٦ لەسەد و هەڵاوسانی ساڵانەش ٦٢ لەسەد تۆمار کرا، لە پووشپەڕیشدا هەڵاوسانی خاڵ‌بەخاڵ ٨٧.٩ لەسەد و هەڵاوسانی ساڵانە ٦٦ لەسەد ڕاگەیەندرا. مانای ئەم ئامارانە ڕوونە؛ تێچووی دابینکردنی هەمان سەبەتەی کاڵا کە بنەماڵە کرێکارییەکان تا دوێنێ بە سەختی دابینیان دەکرد، لە ماوەیەکی کورتدا نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە. لە دۆخێکی وەهادا، تەرکیزی مەجلیس لەسەر پرسی “بێ‌حیجابی” زیاتر لەوەی دەربڕی خەمێکی گشتی بێت، هەوڵێکە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لەو قەیرانەی کە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتیی بەرەوڕووی ئاستەنگێکی جیدی کردووەتەوە. بازاڕی کاریش پەیڕەوی لە هەمان ڕەوت دەکات. لە ڕەوتی شەڕی چل ڕۆژەدا، کاربەدەستانی حکوومەتی دانیان بەوەدا نا کە نزیکەی سێ ملیۆن کەس بە لەشکری بێکاران پەیوەست بوون. پەرەسەندنی بێکاری، نائەمنیی پیشەیی، پەرەسەندنی هەژاری و دابەزینی هێزی مامەڵەکردنی کرێکارانی لێ دەکەوێتەوە و لە هەمان کاتیشدا ئامرازێکی کاریگەر دەخاتە بەردەست دەوڵەت و سەرمایە بۆ سەپاندنی دیسیپلینی حەقدەست و چڕکردنەوەی چەوساندنەوە. ئاکامی وەها دۆخێک بە مانای ئەوەیە کە دەوڵەت باری قورسی ئەم قەیرانەی لە ڕێگەی گرانیی بێسنوور، بێکارکردنی بەربڵاو و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە، خستووەتە سەر شانی کرێکاران و زەحمەتکێشان.

لە هەلومەرجێکی ئاوادا، زەقبوونەوەی لەناکاوی پرسی “بێ‌حیجابی” بەڕێکەوت نییە. لە ڕوانگەی باڵێکی حکوومەتەوە کە هێشتا شکستی خۆی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانە بە پێشەنگایەتیی ژنان لە بواری خەبات دژی حیجابی زۆرەملێ قبووڵ نەکردووە، و لە بەرەنگاربوونەوەی ڕەهەندەکانی ئەو هەژاری و نەگبەتییەی بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگادا سەپێنراوە داماوە، هەوڵ دەدات چەقی ململانێکان لە ناتەباییە مادی و چینایەتییەکانەوە بگوێزێتەوە بۆ گۆڕەپانی حیجابی زۆرەملێ، ئەخلاق، شێوازی ژیان و دیسیپلینی فەرهەنگی. بەڵام هەر ئەم جێگۆڕکێیە، پێش هەر شتێک باس لە لاوازیی پێکهاتەیی دەسەڵات دەکات. لە کاتێکدا هەڵاوسان گەیشتووەتە ئاستێکی بێ‌پێشینە، گەشەی ئابووری لەناو چەقبەستووییدا گیری کردووە و بێکاریی لاوانیش ڕەوتێکی ڕوو لە هەڵکشانی هەیە، حاکمییەت بۆ نۆژەنکردنەوەی هەژموونی خۆی پەنا دەباتە بەر مەیدانگەلێک کە لەو بوارانەدا هێشتا دانی بە شکستدا نەناوە.

ئەمڕۆ، ناتەبایی چینایەتی زۆر زیاتر لە جاران خۆی لە ژیانی ڕۆژانەدا نیشان دەدات. کاتێک هەڵاوسانی ساڵانە دەگاتە ٦٦ لەسەد، بەڵام حەقدەستەکان بەپێی ئەوە بەرز نابنەوە، کەلێنی نێوان تێچووی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار و داهاتی ڕاستەقینە، ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە. ئەم کەلێنە، جەوهەری چەوساندنەوەی سەرمایەداریی ئیسلامی ئاشکراتر دەکات؛ چونکە زێدەبەها هێشتا لە کاری زیندووەوە بەدەست دێت، لە کاتێکدا بەشێکی گەورەی تێچووەکانی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار، لە ڕێگەی هەڵاوسان، سەپاندنی ڕیازەتی ئابووری و کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە دەخرێتە سەر شانی خودی کرێکاران. لەم ڕوانگەیەوە، کێشمەکێش لەسەر حیجاب یان بێ‌حیجابی، بەشێکە لە میکانیزمی بەڕێوەبردنی سیاسیی قەیران لەوپەڕی داماوییدا.

لەم ڕووەوە، نامەی ١٥٥ نوێنەری مەجلیسی ئیسلامی دەبێت وەک بەشێک لە ستراتیژیی پاراستنی نەزمی زاڵ چاو لێ بکرێت؛ ستراتیژییەک کە بە تەرکیزکردن و سەرکوتکردنی بەشگەلێک لە کۆمەڵگا، هەوڵ دەدات تێکڕای قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە چەقی سەرنج دەربهێنێت. کاتێک هەڵاوسانی بێسنوور، داڕمانی هێزی کڕین، بێکاریی بەرین و کورتهێنانی بوودجە، ژیانی زۆرینەی کۆمەڵگای خستووەتە ژێر گوشارەوە، ڕاکێشانی سەرنج بەرەو پۆششی ژنان شتێک نییە جگە لە هەوڵێکی وشیارانە بۆ لێکدابڕانی مەیدانەکانی خەبات. لە بەرامبەر ئەم هەوڵانەدا، هەڵسوڕاوانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر، دەبێت بە ڕوونی نیشانی بدەن کە خەبات لە پێناو ڕزگاریی ژناندا، لە خەباتی چینی کرێکار دژی گرانی و هەژاری و فەلاکەتی گشتی و بێ‌مافییە کۆمەڵایەتییەکان جیاواز نییە. بە ڕووخاندنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و سیستەمی سەرمایەداری دەتوانرێت ڕێگای ڕزگاریی ڕاستەقینەی ژنان خۆش بکرێت. خەباتی ڕزگاریخوازانە، خەباتە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێوەندییانەی کە پێگەی مرۆڤ بۆ ئامرازێک لە پێناو کەڵەکەکردنی سەرمایە و پاراستنی هەژموونی چینایەتی دادەبەزێنێت.