
درێژەکێشانی داخرانی گەرووی هورمز و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، هێشتا ڕێگرە لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی کۆماری ئیسلامی لە بازاڕەکانی جیهاندا و قەیرانی ئابووریی ڕژێمی گەیاندووەتە لێواری داڕمان. سەرەڕای ئەمەش، کادری سەرکردایەتی و فەرماندەکانی سوپای پاسداران، هەوڵ دەدەن بە هاویشتنی مووشەک و درۆن بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز و بەرەو ژێرخانە ئابوورییەکانی وڵاتانی ناوچەکە و بنکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانەدا، گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی ئەمریکا تاوەکوو مل بە “سازشێکی ئابڕوومەندانە” بدات. بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵیان داوە تا پاشماوەی هێزەکانی ناسراو بە “میحوەری موقاوەمەت” بۆ ئامانجەکانی خۆیان بەکار بهێنن. لە یەک مانگی ڕابردوودا و بەدوای شانۆگەریی ئامانجدار بۆ تەرمی عەلی خامنەیی لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا لە عێراق، هەندێک لە گرووپە بەکرێگیراوەکانی حەشدی شەعبیشیان پڕچەک و چالاک کردووە تاوەکوو بە هاویشتنی مووشەک و درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و ناوەندە نەوتییەکانی بەحرەین، ئۆردون، عەرەبستانی سعوودی، هەرێمی کوردستان و تەنانەت قەتەریش، نیشانی بدەن کە دەتوانن ئاسایشی ئەوان بخەنە مەترسییەوە.
هاویشتنی مووشەک بەرەو ناوەندە نەوتییەکانی عەرەبستانی سعوودی لەلایەن ئەم گرووپانەوە لە عێراق و بە ڕێنوێنیی ڕاستەوخۆی فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە هەفتەی ڕابردوودا، بە هێرشی بەربڵاو و هاوبەشی ئەمریکا و عەرەبستانی سعوودی بۆ سەر ئەو گرووپانە وەڵام درایەوە. لە میانەی ئەم هێرشە هاوبەشانەدا، بنکەکانی گرووپەکانی حەشدی شەعبیی سەر بە کۆماری ئیسلامی و ناوەندەکانی فەرماندەییان لە شارەکانی حەوت پارێزگای عێراقدا خاپوور کران. حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماری سەرەتایی کوژراوانی ئەم هێرشانەی لانیکەم ٢٠ کەس و ژمارەی بریندارەکانیشی ٣٢ کەس ڕاگەیاند. سەرەڕای ئەوەش، کوژرانی ٥ کەس لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لەم ئۆپەراسیۆنانەدا و گواستنەوەی تەرمەکانیان بۆ ئێران، هیچ گومانێکی بۆ دەوڵەتانی دەرەکی و بیروڕای گشتی نەهێشتەوە کە کۆماری ئیسلامی دەستی هەبووە لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر عەرەبستانی سعوودی لەم قۆناغەدا. گرووپی “حەرەکەت حیزبوڵڵا ئەلنوجەبا”ی سەر بە کۆماری ئیسلامی، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە لە تۆڵەی ئەوەدا، بەرژەوەندی و ئاسایشی ئەمریکا و عەرەبستان لە ناوچەکەدا دەکەنە ئامانج.
ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە عەرەبستانی سعوودی بە بەڕێوەبردنی کۆنفرانسێک بە بەشداریی نوێنەرانی ٤٣ دەوڵەت لە ڕیازی پایتەختی ئەم وڵاتەدا، هاوپەیمانییەک بە بەشداریی ١٤ دەوڵەت لەوانە میسر، ئۆردون، تورکیا، پاکستان، یەمەن و دەوڵەتانی کەنداو، بۆ پاراستنی ڕێڕەوە کەشتیوانییە گرنگەکانی ناوچەکە پێک بهێنێت. هەر لەم پەیوەندییەدا، سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداو، هێرشە بەردەوامەکانی گرووپەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر عەرەبستان لە ڕۆژی سێشەممەدا مەحکووم کرد و جەختی لەسەر هاوپشتیی وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنەکە لەگەڵ عەرەبستان کردەوە. ئەم کاردانەوانە، کۆماری ئیسلامی دەخاتە پێگەیەکی لاوازترەوە بۆ دەستێوەردان لە گەرووی هورمزدا. لە هەنگاوێکی دیکەدا، ئەم دەوڵەتانە و ئەمریکا، گوشارێکی زیاتریان خستووەتە سەر عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، تاوەکوو هەرچی زووتر پاشماوەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی چەک بکات.
هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، بەتایبەتی لە ئۆردون لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوودا، وای کرد کە ترەمپ ڕایبگەیەنێت بە هەماهەنگی لەگەڵ ناتانیاهۆ فەرمانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەربڵاوی دژی ژێرخانەکانی وزەی کۆماری ئیسلامی دەرکردووە، بەڵام بە نێوەندگیریی هەندێک لە دەوڵەتان ڕایگرتووە و دەرفەتێکی دیکە دەداتە کۆماری ئیسلامی بۆ دانوستان و ڕێککەوتن. بەدوای ئەوەدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕژێمی ئیسلامی لە ڕۆژی یەکشەممە ١١ی گەلاوێژدا ڕایگەیاند کە دانوستانەکانی تاران و مەسقەت سەبارەت بە گەرووی هورمز لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕژێمیش وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند کە: “ڕەوتی دانوستانەکان بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و هاوکارییەکی باشمان لەگەڵ عومان هەیە لەپێناو کردنەوەی ڕێڕەوێکی نوێی دەریایی لە گەرووی هورمزدا”. سەرەڕای ئەمەش، هەواڵدەریی “فارس”ی سەر بە سوپای پاسدارانی ڕژێم، هەواڵی ڕێککەوتن بۆ کردنەوەی گەرووی هورمزی بەدرۆ خستەوە. بڕیارە لاسەنگەکانی ترەمپ لە ڕاگەیاندنی شەڕ و هەڵوەشاندنەوەیان تا ئێستا، نیشانی دەدات کە ئەو سەرەڕای لاف و گەزاف لێدان و شەڕانگێزییەکانی، لە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا نەگەیشتووەتە ئامانجەکانی خۆی و بۆ درێژەدان بە شەڕ، ڕووبەڕووی کێشە و گوشارێکی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بووەتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش جگە لە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی سەربازی، فەرمانی پاشەکشە و چۆڵکردنی بنکەکانی لە هەندێک خاڵی وڵاتانی ناوچەکە و لەوانەش لە هەولێری هەرێمی کوردستان دەرکرد و جێبەجێی کرد.
بەڵام شەڕی تا ئێستای کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکادا، جگە لەوەی کە زیانێکی زۆری بە ژێرخانە سەربازییەکان، بنکە مووشەکی و درۆنییەکان، ناوەندەکانی فەرماندەیی و کەرەستە لۆجستی و پەیوەندییەکانی ڕژێم گەیاندووە، دامەزراوەکانی ئاو، کارەبا، تۆڕەکانی پەیوەندیکردن، ڕێگاوبان، پرد، تونێل و ناوەندە بەرهەمهێنەرەکانیشی کاول کردووە، تا ئەو جێگەیەی کە نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەیان ساڵانێک کات و سەدان ملیار دۆلار تێچووی دەوێت کە ئەمەش بەسەر سفرە و بژێویی خەڵکی ئێراندا دەسەپێندرێت. ئاکامەکانی ئەم شەڕە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەیە، ئەگەر بۆ فەرماندە و ڕێبەرە دز و گەندەڵەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ گرنگییەکی نەبێت و ژیانی پڕلەنازوونیعمەت و وەبەرهێنانەکانیان لە دەرەوەی وڵات نەخاتە مەترسییەوە، بەڵام نەهامەتییەکانی ئەم شەڕە وێرانکەرە بە پەرەسەندنی بێکاری، گرانی، هەڵاوسان و هەژارییەکی بێوێنە، ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زۆرینەی خەڵکی ئێرانی بەتوندی خستووەتە ژێر گوشارەوە.
سەرەڕای ئەمەش، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی کە توانای دابینکردنی خواست و داواکارییەکانی کرێکاران و توێژە هەژار و زەحمەتکێشەکانی دیکەی کۆمەڵگای نییە، دەیەوێت بە پشتبەستن بە توندکردنەوەی سەرکوت و هەڕەشە و لەسێدارەدان لە زیندانەکان و لە شوێنە گشتییەکاندا، کۆمەڵگا چاوترسێن بکات و پێشگیری لە تەقینەوەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی بکات. بەڵام بێگومان توندکردنەوەی سەرکوتگەرییەکان ناتوانێت ڕێگر بێت لە بەردەوامی و پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ناتوانێت ڕەوتی داڕمان و ڕووخانی ڕژێمی ئیسلامی بوەستێنێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە