فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

شەڕ درێژەی سیاسەتی کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامی و پاوانخوازیی ئیمپریالیستیی دەوڵەتی ئەمریکایە
پێنجشەممە ۱۵-۰۵-۱۴۰۵   |  06-08-2026

هەر شەڕێک پێش ئەوەی لە مەیدانی نەبەردەوە دەست پێ بکات، لە گۆڕەپانی سیاسەت، ئابووری و ئایدۆلۆژیادا ئامادەکاریی بۆ دەکرێت. ئەو شەڕەی کە ئەمڕۆ بەسەر خەڵکی ئێران و ناوچەکەدا سەپێندراوە، ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەکی درێژ کە ئامانج لێی پێناسەکردنەوەی پێگەی کۆمەڵگایەکە لەنێو نەزمی جیهانیی سەرمایەداریدا. لەم هەلومەرجەدا، بۆ شیکردنەوەی ئەم شەڕە و خستنەڕووی وێنەیەکی ڕاستەقینە لەو پەیوەندییانەی کە ئەم کارەساتەیان بەرهەم هێناوە، دەبێت تیشک بخەینە سەر سروشتی ڕاستەقینەی سیاسەتی سەرمایەدارانە و کۆنەپەرستانەی هەم دەوڵەتی ئەمریکا و هەم ڕژێمی کۆماری ئیسلامی. لە ٢٨ی فێبرییەوە تا کاتی جێبەجێکردنی ئاگربەست لە ٨ی ئەپریلدا، بەپێی ئامارە بەردەستەکان، بۆمب و مووشەکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل نزیکەی ٢٣ هەزار جار بەر خاکی ئێران کەوتوون. ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنیا ناوەندە سەربازییەکانی نەکردە ئامانج، بەڵکوو پرد، نەخۆشخانە، خوێندنگە، ماڵەکان، ناوەندە بەرهەمهێنەرەکان و ژێرخانە مەدەنییەکانی دیکەشی وێران کرد. لانی‌کەم ٣٤٦٨ کەس گیانیان لەدەست دا کە لەنێویاندا حەوت کۆرپەلە و لانی‌کەم ٣٧٦ منداڵ بوونیان هەبوو. سەرباری ئەمەش، لانی‌کەم دوو ملیۆن کەس ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و پەیوەست ببن بە ڕیزی ئاوارەکانەوە.

ئەم ئامارانە تەنیا ڕەهەندە مرۆییەکانی کارەساتێک نیشان دەدەن. بەڵام بۆ تێگەیشتن لە مانا سیاسییەکەی، دەبێت بپرسین هێرشی لەم شێوەیە چ ئامانجێک دەپێکێت؟ وەڵامەکەی ناتوانرێت تەنیا لە ناکۆکییە دیپلۆماسییەکان یان ململانێ ناوچەییەکاندا بدۆزرێتەوە. ئەم شەڕە بەشێکە لە سیاسەتێکی بەرفراوانتر کە ئیمپریالیزم بۆ پاراستنی هەژموون و باڵادەستیی خۆی لە نەزمی جیهانیدا پەیڕەوی دەکات؛ سیاسەتێک کە تێیدا ئامرازە سەربازی، ئابووری و میدیاییەکان تەواوکەری یەکترن. ئیمپریالیزم قۆناغێکە لە گەشە و پێگەیشتوویی سەرمایەداری کە تێیدا مۆنۆپۆلە گەورەکان (قۆرخکارییە زەبەلاحەکان)، سەرمایەی دارایی و دەوڵەتە زلهێزەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکان، سەرچاوەکان، ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە و ناوچەکانی نفوزی سیاسی کێبڕکێی یەکتر دەکەن. لە نەزمێکی ئاوادا، سەربەخۆیی سیاسیی دەوڵەتەکان تا ئەو جێگەیە قبووڵ دەکرێت کە لەگەڵ بەرژەوەندیی زلهێزە باڵادەستەکاندا دژایەتیی نەبێت. هەرکاتێک ئەم دژایەتییە دروست دەبێت، کۆمەڵێک ئامراز، لە گەمارۆی ئابوورییەوە بگرە تا ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری و لە کۆتاییدا دەستێوەردانی نیزامی، دەخرێنە گەڕ. لە دەیەکانی ڕابردوودا، ئێران یەکێک لە ناوەندەکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوانە بووە. گوشارە ئابوورییەکان، گەمارۆی دارایی، هەڕەشە سەربازییەکان و ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان، هەموویان پێکهاتەی سیاسەتێکی یەکگرتوو بوون کە ئامانج لێی ڕام کردنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و ناچارکردنی بووە بە قبووڵکردنی پێگەیەک کە هەڕەشە نەبێت بۆ سەر بەرژەوەندیی زلهێزە ئیمپریالیستییەکانی ئەمریکا و ئەورووپا. کەواتە، هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییە ناکرێت وەک ڕووداوێکی دابڕاو لەم ڕەوتە مێژووییە سەیر بکرێت.

ڕژێمی کۆماری ئیسلامیش، وەک پایەیەکی دیکەی ئەم شەڕە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەیە، بەرهەمی هەلومەرجێکی مێژوویی دیاریکراوە کە هەر لە چوارچێوەی هەمان نەزمی جیهانیی سەرمایەداریدا سەری هەڵدا. ڕەوتی دژەشۆڕشی ئیسلامی، ئەگەر بە دروشمی “مەرگ بۆ شا” سواری شەپۆلی ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بوو، ئەوا دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات، بە دروشمی “مەرگ بۆ ئیسرائیل” و “مەرگ بۆ شەیتانی گەورە”، شۆڕشی جەماوەری خەڵکی خەڵتانی خوێن کرد. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لەو ڕۆژەوە کە گەیشتە دەسەڵات، هەوڵی دا لە ڕێگەی دامەزراندن و ڕێکخستنی ئەو هێزانەی پێیان دەوترێت “میحوەری موقاوەمەت”، بە دەستێوەردان لە چەقی قەیرانەکانی ناوچەکە و وەبەرهێنانی زەبەلاح لە پڕۆژە ئەتۆمییەکاندا و پەرەپێدانیان، پشکی باڵادەستی لە نەزمی ناوچەییی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدەست بهێنێت و مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات. ئەم حکومەتە، سەرباری هەموو دروشمە دژەئەمریکییەکانی، هەمیشە لە بازنەی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکان و چڕکردنەوەی چەوساندنەوەی چینی کرێکاری ئێران و سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی ئازادیخوازانەدا هەنگاوی هەڵگرتووە. پێکهاتەی ئابووریی ئەم ڕژێمە لەسەر بنەمای چەوساندنەوەی توندی هێزی کار، کەڵەکەبوونی سەرمایە، هەڵاواردن و توندوتیژیی ڕەگەزی، فراوانکردنی دامەزراوە ئابوورییە گرێدراوەکان بە دەسەڵاتی سیاسی و سەرکوتکردنی خۆڕێکخستنی سەربەخۆی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە دامەزراوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ناکۆکیی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئیمپریالیزم، ناکۆکیی نێوان دوو سیستەمی جیاوازی کۆمەڵایەتی نییە؛ بەڵکوو پێکدادانی نێوان هێزە کۆنەپەرستەکانە کە هەرکامەیان لە چوارچێوەی سەرمایەداریدا، بەدوای بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییە جیاوازەکانی خۆیانەوەن. لەبەر ئەمەش، کرێکاران و خەڵکی ستەمدیتەی ئێران هاوکات قوربانیی دوو فۆرم لە هەژموون و پاوانخوازین. لە لایەکەوە، سیاسەتگەلی سەرکوتگەرانە، گەندەڵیی پێکهاتەیی، هەڵاواردن و چەوساندنەوەی ڕژێم ژیانیانی خستووەتە ژێر گوشارەوە و لە لایەکی دیکەشەوە، گەمارۆ، هەڕەشە و هێرشە سەربازییە ئیمپریالیستییەکان هەمان کۆمەڵگایان کردووەتە مەیدانی پراکتیزەکردنی هێزی جیهانی. هیچ کام لەم دووانە ئەوی دیکەیان ڕەت ناکاتەوە؛ بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا، یەکتریش بەهێز دەکەن.

ئەگەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی دەرەکی وەک بیانوویەک بۆ توندترکردنی کۆنترۆڵی سیاسی و ئەمنی و چڕکردنەوەی سەرکوتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنێت، ئەوا سیاسەتی ئیمپریالیستیی ئەمریکاش، تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی و دەستێوەردانەکانی لە چەقی قەیرانەکانی ناوچەکەدا، دەکاتە بیانوویەک بۆ توندکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان و جێبەجێکردنی هەڕەشە سەربازییەکانی. هەرچەندە پڕوپاگەندەی میدیا ئیمپریالیستییەکان هەوڵ دەدات گەمارۆ ئابوورییەکان وەک ئامرازێک بۆ لاوازکردنی حکومەتی ئیسلامی نیشان بدات، بەڵام لە جیهانی واقیعدا و هەروەک ئەزموونی مێژوویی سەلماندوویەتی، گەمارۆکان پێش هەر شتێک ژیانی چینە ژێردەستەکان دەکەنە ئامانج، بەرهەمهێنان لەناو دەبەن، دەستی خەڵک بە دەرمان و پەروەردە و بژێوی ژیان کورت دەکەنەوە و زەمینەی پەرەسەندنی هەژاری و نایەکسانی خۆش دەکەن. دەسەڵات زۆرجار توانای زیاتری هەیە بۆ گونجاندنی خۆی لەگەڵ بارودۆخی گەمارۆدا، بەڵام ئەوە زۆرینەی خەڵکە کە باجەکەی دەدات. دەرەنجامی ئەم سووڕە، لاوازبوونی هەرچی زیاتری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشڕەوەکان و بەرتەسکبوونەوەی دەرفەتی پێکهاتنی بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری و ڕادیکاڵە. سیاسەتی ئیمپریالیستیی ئەمریکا دەیان ساڵە بە شەڕ و گەمارۆ و دەستێوەردان، ژیانی ملیۆنان مرۆڤی لە عێراق، ئەفغانستان، لیبیا، سووریا، فەلەستین و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لەناو بردووە. ئەزموونی ئەم وڵاتانە نیشانی دەدات کە بۆردومانی فڕۆکە جەنگییە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا، نە ئازادیی بەرهەم هێناوە نە یەکسانی؛ بەڵکوو وێرانی، داڕمانی پێکهاتە ئابوورییەکان، پەرەسەندنی هەژاری و پاشکۆیەتیی زیاتری بەدواوە بووە. کەواتە، ئەرکی چالاکانی سۆسیالیست و چەپ و ڕادیکاڵ ئەوەیە، کە هاوکات هەردوو فۆرمی ئەم پاوانخوازییە لەقاو بدەن. خەبات دژی ئیمپریالیزم لە خەبات دژی چەوساندنەوە و سەرکوتگەری و تاوانەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی جیا نابێتەوە. سەربەخۆیی سیاسیی چینی کرێکار و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشڕەوەکان ڕێک لەم زەروورەتەوە سەرچاوە دەگرێت.

بە پێچەوانەی هەڵوێست و سیاسەتی پاشایەتیخوازە فاشیستەکان و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژواییی شەڕخواز و ئەو چەپانەی لایەنگری “میحوەری موقاوەمەت” و ڕژێمی ئیسلامین، داهاتووی ئێران نە لە ناو ئاگری بۆمبهاوێژەکانی زلهێزە ئیمپریالیستەکانەوە دێتە دەرەوە و نە لە بەردەوامبوونی پێکهاتەی سەرکوتگەری سەرمایەی کۆماری ئیسلامییەوە. ڕزگاریی ڕاستەقینە تەنیا لە ڕێگەی خۆڕێکخستن، خەباتی چینایەتی، هاوپشتیی کرێکاران و زەحمەتکێشان و دابڕان لە سەرجەم فۆرمەکانی دەسەڵاتداری و چەوساندنەوە دەستەبەر دەبێت؛ ڕێگەیەک کە نە سەر بە ئۆردوگای ئیمپریالیزمە و نە سەر بە ڕژێمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامییە، بەڵکوو ئاسۆی ئەم ڕێگەیە، بونیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەرانە کە تێیدا مرۆڤ لە هەر جۆرە پاوانخوازی و ستەم و چەوساندنەوەیەکی سەرمایە ڕزگاری بووبێت.