
شەڕ و پێگەی کۆماری ئیسلامی
بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران بەتوندی کەوتووەتە ژێر کاریگەریی چەقبەستوویی دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەدان بە شەڕێکی گشتگیر و شکست و بێتواناییان لە جێگیرکردنی “ئاشتی“دا. دەوڵەتی ئەمریکا سەرەڕای شکستە ستراتیژییەکانی و بێتوانایی لە نۆژەنکردنەوەی هەژمۆنییە ڕوو لە لاوازبوونەکەی، بۆ درێژەدان بە شەڕ ڕووبەڕووی کەمبوونی مووشەکی بەرپەرچدەرەوە و تەقەمەنییە ئاراستەکراوەکان بووەتەوە، هەر ئەم ڕاستییەش بنکە سەربازییەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەی کەنداو لاواز و زیانپێگەیشتوو کردووە. لە هەمان کاتدا داخرانی گەرووی هورمز و هەڵکشانی نرخی نەوت و گاز لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، نیگەرانییەکان لە قەیران و داتەپینی ئابووریی جیهانی و ئاکامەکانی ئەم بارودۆخە لەسەر ڕێژەی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لەسەر بزووتنەوەی “ماگا” و هەڵبژاردنەکانی نێوانخولیی داهاتوو، دەوڵەتی ترامپی بۆ درێژەدان بە شەڕ ڕووبەڕووی کێشەی جدی کردووەتەوە.
کۆماری ئیسلامیش کە بە پشتبەستن بە کۆگای مووشەکی و درۆنیی خۆی توانیویەتی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و دامەزراوەکانی نەوت و گازی وڵاتانی ناوچەی کەنداو بکاتە ئامانج و هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا پەک بخات، بەڵام لە ڕووی توانست و بونیادی ئابوورییەوە توانای درێژەدان بە شەڕی نییە. ڕژیمی ئیسلامی بە داخستنی گەرووی هورمز توانی بازاڕی وزە و ئابووریی جیهان بخاتە ژێر کاریگەرییەوە و بیکاتە ئامرازێکی گوشاری سیاسی دژی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ. بەڵام لە درێژەدا و بە گەمارۆی دەریایی بەندەرەکانی باشووری ئێران و دابەزینی توندی هەناردەی نەوت، دەرکەوت کە هێزی بەرپەرچدانەوەی گەرووی هورمزیش سنووردارە و ناتوانێت ڕێگر بێت لە دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا. کۆماری ئیسلامی بە دابەزینی توند و پچڕانی هەناردەی نەوت، بۆ دابینکردنی تێچووە قورسەکانی درێژەدان بە شەڕ بەتوندی کەوتووەتە ژێر گوشارەوە، بەتایبەتی لە هەلومەرجێکدا کە بەهۆی ڕەهەندە بەربڵاوەکانی هەژاری و بێکاری، هەڵاوسان و گرانی و ئەو بارودۆخە کارەساتبارەی کە ئەم ڕژیمە بەسەر ژیان و گوزەرانی زۆرینەی خەڵکی ئێراندا سەپاندوویەتی، خۆی لە مەترسیی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا دەبینێتەوە.
لێکتێگەیشتننامە ١٤ خاڵییەکەی نێوان دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، دەرەنجامی هەر ئەم چەقبەستووییەیە لە درێژەدان بە شەڕ و شکست و بێتواناییە لە جێگیرکردنی “ئاشتی“دا. لە کاتێکدا لەم لێکتێگەیشتننامەیەدا جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکان و زەمانەتکردنی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی لوبنان و هاتوچۆی ئازادی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و کۆتاییپێهێنان بە هەڕەشە جەنگییەکان کراوەتەوە، بەڵام ئەم جەختکردنەوانە نەیانتوانی ڕێگر بن لە بەردەوامیی داگیرکردنی باشووری لوبنان لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە، درێژەی هێرشە مووشەکییەکانی سپای پاسداران بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز و هەڕەشە جەنگییەکانی ترامپ. ئەم دۆخە بەرهەمی هاوسەنگیی هێزی واقیعییە لە گۆڕەپانە جیاوازەکانی ئەم شەڕەدا. لەبەر ئەوە، تێکهەڵچوون و گرژییە سەربازییەکانی ئێستا زیاتر لەوەی نیشاندەری خواستی هەردوولا بێت بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕێکی گشتگیر، ڕەنگدانەوەی هەوڵی لایەنەکانە بۆ چەسپاندنی تێڕوانینی خۆیان لە دەرەنجامەکانی شەڕی چل ڕۆژە و بەرزکردنەوەی هێزی سەوداگەری و وەرگرتنی ئیمتیازە لە دانوستانەکاندا.
بە دەستپێکردنەوە و بەردەوامیی هێرشە سەربازییەکان، ئەگەرچی چارەنووسی لێکتێگەیشتننامەکە کەوتووەتە تەمومژەوە، بەڵام بەدەر لە چارەنووسەکەی، بەڵێنی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ هەڵپەساردنی گەمارۆکان و دامەزراندنی سندووقێکی ٣٠٠ ملیار دۆلاری بە هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئابووریی کۆماری ئیسلامی و پەیماندان بۆ دروستکردنی میکانیزمی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم پڕۆژەیە لەلایەن ئەمریکاوە و پێشوازیی کۆماری ئیسلامی لێی، بەو مانایەیە کە باڵگەلێک لەناو پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیدا، ستراتیژیی مانەوەی ڕژیمی ئیسلامی لە ڕێگەی سازش و بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکان لەگەڵ ئەمریکا و پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا پێوشوێن دەگرن. ئەم لێکتێگەیشتنە ئەگەر بەدواداچوونی بۆ بکرێت و جێبەجێ بکرێت، بە مانای گۆڕانکارییەکی گرنگی ژیۆپۆلیتیکییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمە بە مانای داڕشتنەوەی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی کەنداو و ئەمریکا دەبێت. واتە کۆتاییهاتنی یەکجاریی ستراتیژیی پەلاماردان و شەڕی بەرپەرچدەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ واتە ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئەمجارە لەبری ئەوەی بە پشتبەستن بە پڕۆژە ناوەکییەکان و ڕێکخستن و پڕچەککردنی هێزەکانی “میحوەری موقاوەمەت” و دەستێوەردانی سەربازی لە نێوەندە قەیراناوییەکانی ناوچەکەدا، ستراتیژیی مانەوەی خۆی پێوشوێن بگرێت، لە ڕێگەی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، وەبەرهێنانی وڵاتانی ناوچەکە لە پیشەسازیی نەوتی ئێران و بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە ناوچەکەدا، مانەوەی خۆی دەپارێزێت و ڕەوتێکی نوێ بۆ نۆژەنکردنەوەی ئابووریی قەیرانلێدراوی سەرمایەداریی ئێران دەست پێدەکات. بێگومان ئەم ستراتیژییە بە لەبەرچاوگرتنی پێداگریی باڵگەلێکی حکوومەت لەسەر تۆڵەسەندنەوە و ڕوانگەی “شەڕ شەڕ تا سەرکەوتن“، پێکهاتەی ڕانتی و هەژمۆنیی بەربڵاوی سپای پاسداران و دامەزراوەکانی سەر بە بەیتی ڕەهبەری لە ئابووریی وڵاتدا، ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە لەژێر گوشاری واقیعیی شەڕ و نەگونجانی بونیادی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی لەگەڵ درێژەدان بە سیاسەتی شەڕانگێزی، ناکۆکی لەسەر ئەم دوو ستراتیژییە جیاوازە بووەتە تەوەری سەرەکیی ململانێ و کێشمەکێشەکانی باڵ و باندەکانی ناو حکوومەت لەم قۆناغەدا. فەرماندەکان و کادری نوێی سەرکردایەتیی سپای پاسداران کە ڕۆڵی سەرەکییان لە بڕیاردانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا هەیە، لە هەمان کاتدا کە هێرشبەرانەتر بەرەنگاری ئەمریکا دەبنەوە، توانای دانوستانی ڕاستەوخۆ و سازشکردنیشیان لەگەڵ ئەمریکادا هەیە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە