
توندبوونەوەی سەرکوتگەری و ئاسۆی پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان
گۆڕانکاری لە ستراتیژیی مانەوەی کۆماری ئیسلامی و گەڕانەوە بۆ دانوستان و سازش لەگەڵ ئەمریکا لەژێر گوشاری چەقبەستوویی شەڕ و مەترسیی داڕمانی ئابووریدا، بە هیچ شێوەیەک بە مانای کرانەوەی فەزای سیاسی لە کۆمەڵگای ئێراندا نابێت. لەو کاتەشدا توندبوونەوەی سەرکوتگەری وەک پایەی سەرەکیی ستراتیژیی مانەوە و تاکتیکی سەرەکی ڕژیمی ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەشەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لە کۆمەڵگادا دەمێنێتەوە. درێژەی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان و بەتایبەتی پشتڕاستکردنەوەی سزای لەسێدارەدانی ناڕازییانی دۆسیەی “مەیدانی عەلیخانی“ی ئیسفەهان و جێبەجێکردنی هەندێک لەم سزایانە، و دەرکردنی سزای قورسی زیندان دژی چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و خوێندکاری و هونەرمەندان، دەرخەری درێژەکێشانی هەر ئەم ڕەوتەیە. بەڵام سەرەڕای توندبوونەوەی سەرکوتی سیاسی، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر دوو دیاردەی حیجابی ئیسلامی و زۆرەملێ و ئازادییە کولتوورییەکاندا بەناچاری و لە ڕووی داماوەییەوە پاشەکشە دەکات و چاوپۆشییان لێ دەکات. ئەم گۆڕانکارییە سەرچاوەی لەو ڕاستییەوە گرتووە کە کۆمەڵگای ئێران لەژێر پێستی سەرکوتی خوێناویی کۆماری ئیسلامیدا، گۆڕانکاری و وەرچەرخانە سیاسی و کۆمەڵایەتییە گرنگەکانی تێپەڕاندووە. ڕووکردنی بەربڵاوی ژنان بۆ خوێندنی باڵا و چوونیان بەرەو بازاڕی کاری نافەرمی، ئامادەبوونی پڕجۆش و بەرچاویان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکاندا و بەتایبەتی ڕۆڵگێڕانی ژنان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، تێڕوانینی چین و توێژە جیاوازەکانی سەبارەت بە پێگەی ژنان لە کۆمەڵگادا گۆڕیوە. کۆمەڵگا لە ڕووی کولتووریشەوە دەمێکە کولتوور و ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامیی بەرەوڕووی ئالنگاری کردووە و تێیپەڕاندووە. کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەی حیزبوڵڵاییەکان لە ژنانی بێحیجاب و دروستکردنی کۆتوبەند بۆ چالاکییە کولتوورییە پێشڕەوەکان، ناتوانێت مێژوو بەرەو دواوە بگەڕێنێتەوە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نە بە درێژەدان بە شەڕ و نە بە گرتنەبەری ڕێگەی سازش لەگەڵ ئەمریکا، ناتوانێت بە بەڵێنیی کۆتاییهاتنی گەمارۆکان، ئازادبوونی پارە بلۆکەکراوەکان و کرانەوە لە ژیانی ئابووریی خەڵکدا… دۆخی چاوەڕوانی و دەستەوەستانی لەناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکاندا پەرە پێبدات. کۆمەڵگا ناچێتە قۆناغێکی چاوەڕوانییەوە، ململانێ چینایەتییەکان توندتر دەبنەوە و درزە کۆمەڵایەتییەکان قووڵتر دەبنەوە. بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، بزووتنەوەی “نا بۆ لەسێدارەدان” و بزووتنەوەی دادخوازی و… لەم ساڵانەدا لە نەبەردێکی سەنگەر بە سەنگەردا دەستکەوتگەلێکیان بەدەستهێناوە کە شەڕ و سەرکوت نەیتوانیوە لەناویانببات. پەروەردەبوونی شەپۆلێکی تاڕادەیەک بەربڵاو لە ڕێبەرانی چەپ و ڕادیکاڵ لە ناخی ئەم خەباتانەدا و ئاستێک لە ڕێکخراوبوون، ئەو دەستکەوت و سەرمایە ستراتیژییانەن کە ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە بە پشتبەستن پێیان بەردەوامیی خۆیان دەپارێزن. بۆیە هەروەک چۆن ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و خانەنشینان و بزووتنەوەی “نا بۆ سێدارە” لەم هەلومەرجە جەنگییەدا نیشانیان داوە، بەردەوامی و پەرەسەندنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان بابەتێکی حاشاهەڵنەگر و حەتمییە.
شەڕ و ڕیزبەندیی هێزەکان
ئەزموونی شەڕی چل ڕۆژە و بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ئەم شەڕە لەسەر کار و ژیان و بژێوی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان، ئاڵتەرناتیڤ و ڕەوتە ڕاستڕەوە شەڕانگێزەکانی وەک پاشایەتیخوازەکان و ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقی بێئیعتیبار کرد و ماهییەتی هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزبە ناسیۆنالیستەکانی لە کوردستان کە بۆ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ساتژمێریان دەکرد، یان ئەو ڕەوتەی کە لەژێر ناوی چەپ و کرێکاردا هیوای بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی بەردەوامیی بۆردومانەکانەوە خواستبوو، زیاتر بۆ خەڵکی ئێران ڕوون کردەوە. بەپێچەوانەی هەڵوێست و سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازییەوە، ئەزموونی ئەم شەڕانە نیشانی دا کە وەهمی گەیشتن بە “ئازادی و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری” لە ڕێگەی دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستییەکانەوە تا چ ڕادەیەک پووچ و بێبنەمایە و بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران زیانبەخش و کوشندەیە.
ئەم شەڕە هەروەها سروشت و ماهییەتی کۆنەپەرستانەی هەڵوێست و کارکردی هێزەکانی چەپی “میحوەری موقاوەمەت“ی (کە بەداخەوە لە هەندێک حاڵەتدا هەندێک لە هێز و کۆڕ و کۆمەڵە چەپە ڕادیکاڵەکانیش لەژێر ناوی کۆمۆنیزمدا کەوتنە نێو تەڵەکەیەوە) زیاتر لە جاران ئاشکرا کرد. هێزەکانی چەپی میحوەری موقاوەمەت، ستراتیژیی بەرپەرچدانەوە و شەڕانگێزیی کۆماری ئیسلامی وەک بەشێک لە بەرخۆدان لە دژی دەسەڵاتی سەرمایە و ئیمپریالیزم دەناسێنن. چەپی میحوەری موقاوەمەت بە بەرگریکردن لە کارنامەی پڕ لە تاوانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی ئێران و لە پشتیوانیکردن و پڕچەککردنی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی ناسراو بە میحوەری موقاوەمەت، لە ڕاستیدا گرێدراویی قووڵی خۆیان بە ناسیۆنالیزم و مەزنخوازییە سووکایەتیپێکراوەکەی سپای پاسداران و لە هەمان کاتیشدا دژایەتیی خۆیان لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازی لە ئێراندا نیشان داوە.
لە بەرامبەر ئەم شەڕە ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەیە و بەرەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی شەڕانگێز و چەپی میحوەری موقاوەمەتی لایەنگری ڕژیمی ئیسلامیدا، ڕیزی حیزب، ڕێکخراو و هێزە کۆمۆنیست و چەپ و شۆڕشگێڕەکان و هێزێکی گەورەی چەپی کۆمەڵایەتیی ڕادیکاڵ قەراریان گرتووە، کە بە ئاشکراکردنی ماهییەتی سەرمایەدارانەی ئەم شەڕە و ئامانجەکانی هەردوولا و ئاکامە وێرانکەرەکانی لەسەر ئاسایش و کار و ژیان و خەباتی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران، جەختیان لەسەر زەروورەتی توندکردنەوەی خەبات بۆ ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کردەوە. کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وەک ئەندامێکی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان و لە ئاستی سەرتاسەریدا، لە بەرگریکارانی شێلگیری ئەم سیاسەتە کرێکاری و سۆسیالیستییەن لە بەرامبەر شەڕدا. بزووتنەوەی سۆسیالیستیی ئێران بە پشتبەستن بە هەر ئەو هەڵوێستەی کە لە گۆشەنیگای بەرگریکردن لە بەرژەوەندیی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە لە بەرامبەر ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەدا گرتییەبەر و ئەو کارنامە درەوشاوەیەی کە لە بواری کاری ڕۆشنگەری سەبارەت بە ماهییەتی ئەم شەڕە لەخۆی بەجێهێشت، دەبێت بەدەم ئەرکەکانییەوە بچێت لە قۆناغی داهاتوودا.
بە لەبەرچاوگرتنی هەڵسەنگاندنی سەرەوە و لەبەر ئەوەی بەهۆی ڕەهەندە بەربڵاوەکانی بێکاری، بەرزبوونەوەی سات بە ساتی نرخی کاڵا پێویستەکانی ڕۆژانەی خەڵک، قەیرانی کەمبوونی ئاو و وزە و توندیی ئەو هەژاری و نەهامەتییەی کە بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگادا سەپێندراوە و بێتوانایی دەوڵەت لە کۆتاییهێنان بەم بارودۆخە، زەمینە بابەتییەکانی بەردەوامیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان بەهێزیی خۆیان ماونەتەوە، لەم قۆناغەدا گرنگترین ئەرکی ئێمەی سۆسیالیست پەرەپێدانە بە بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییە پێشڕەوەکانی دیکە و یارمەتیدانە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕێکخراوبوونی ئەم بزووتنەوەگەلە و پێکهێنانی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری. هەر لەم پێناوەدا، دیاریکردنی وردی دروشمە تاکتیکییەکان خاوەنی گرنگییەکی یەکلاکەرەوەن، چونکە جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگا لە دەوری ئەو دروشمانە کۆدەبنەوە کە ڕەگیان لە پێداویستییەکان و ژیانی واقیعیی ئەواندا داکوتاوە. خواستی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ، پێداگری لەسەر خواستەکانی وەک تەندروستی و چارەسەریی بێبەرامبەر، خوێندنی بێبەرامبەر، بیمەی بێکاری لە جەرگەی شەڕ و ئەو هەژاری و نەهامەتییەدا کە حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بەسەر زۆرینەی خەڵکی ئێراندا سەپاندوویەتی، خاوەنی هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتین. یان دروشمەکانی وەک “زیندانیی سیاسی دەبێت ئازاد بکرێت“، “سزای لەسێدارەدان دەبێت هەڵبوەشێتەوە“، ئەو دروشمانەن کە جەماوەریبوونیان دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە پاشەکشەپێکردنی دەزگای سەرکوتی کۆماری ئیسلامیدا بگێڕێت. هەروەها دروشمە ستراتیژییەکانی “ئازادی، یەکسانی، بەڕێوەبردنی شۆرایی” یان “نان، کار، ئازادی، بەڕێوەبردنی شۆرایی“، ئەو دروشمانەن کە لە هەمان کاتدا ئامانجگەلی شۆڕشگێڕانە و خەبات بۆ سۆسیالیزم بە کردەوەی سیاسی و خەباتی ڕۆژانەوە گرێ دەدەن و وێنای چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لە قۆناغی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەخەنە ڕوو، و سنوورێکی لێبڕاوانەش لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کە خوازیاری دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسین لەسەرووی ئیرادەی جەماوەرەوە، دیاری دەکەن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە