فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی پلێنۆمی سێیەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی ئێستا، هەڵوێست و ئەرکەکان – بەشی سێیەم
شەممە ۱۷-۰۵-۱۴۰۵   |  08-08-2026

لە کوردستان، گرنگترین ئەرکی ئێمە یارمەتیدانی ئامادەکردنی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستییە هەنووکەییەکانی ئەم قۆناغە و خوڵقاندنی دەرفەت بۆ پێشڕەوی و پووچەڵکردنەوەی ئەو مەترسییانەی کە هەڕەشە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان دەکەن. ئەم دەرفەتانە نە بە هیوابەستن بە دەستێوەردانی زلهێزە ئیمپریالیستییەکان و نە لەو ڕێگا چەوتەی کە حیزبە ناسیۆنالیستە شەڕانگێزەکان لە کوردستان خستوویانەتە بەردەم خەڵکی کوردستان، بەڵکوو تەنها لە ڕێگەی هاندان و پەرەپێدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژی شەڕ و گرانی، بێکاری، کەمبوونی ئاو و کارەبا، دژی کوشتاری کۆڵبەران و سەرکوتگەرییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و هێنانەئارای دروشم و تاکتیکی گونجاو لەگەڵ پێداویستییە واقیعییەکانی ئەم قۆناغە دەخولقێنرێن. لەسەر بەستێنی ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییانەیە کە دەرفەت بۆ بەرزکردنەوەی ڕێکخراوبوونی ئەم بزووتنەوانە و پێکەوەگرێدانی تۆڕی چالاکان و ڕێکخەران لە ئاستی شارەکانی کوردستاندا دەڕەخسێت. چالاکانی کۆمەڵە و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکانی دیکە، تەنها بە ڕۆڵگێڕان لەم ڕێڕەوەدایە کە دەتوانن ئەرکە قورس و چارەنووسسازەکانی خۆیان لەم قۆناغەدا بە جێ بێنن.

تەنها بە وەڕێخستن و بەرفراوانکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان دژی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و ئەو بێمافییەی کە کۆماری ئیسلامی بەسەر زۆرینەی خەڵکدا سەپاندوویەتی، دەتوانرێت دەرفەت و هەلومەرجی گونجاو بۆ دروستکردنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە شوێنی کار و ژیانی کرێکاران، لە قوتابخانە و زانکۆکان، لە نەخۆشخانەکان، پێکهێنانی کۆمیتەکان، بنکەکان، شۆراکان و دامەزراوە جەماوەرییەکان لە گوندەکان و گەڕەکەکانی شارەکان و پێکهێنانی ئەنجومەن و ڕێکخراوەکانی ژنان لە گەڕەکەکاندا بڕەخسێندرێت. لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت هەر چەشنە بۆشاییەکی کارگێڕی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا کە لە ئەنجامی لاوازیی حکوومەتی ئیسلامی لە هەر هەلومەرجێکدا دروست دەبێت، بە بەڕێوەبەرایەتیی دامەزراوە جەماوەرییەکان پڕ بکرێتەوە. تەنها بە دروستکردنی ئەم ڕێکخراو و دامەزراوە جەماوەرییانەیە کە لەگەڵ باشتربوونی هاوسەنگیی هێزدا، کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی چەوساوەی کوردستان دەتوانن لە خوارەوە و بە پشتبەستن بەم دامەزراوانە، ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ڕاستەوخۆ بگرنە دەست.

لەم قۆناغەدا پەرەپێدانی ڕێکخستنە حیزبییەکانی کۆمەڵە نە لە ڕێگەی خشت لەسەر خشت دانان، بەڵکوو لە ڕێڕەوی ڕۆڵگێڕان لە وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و یارمەتیدان بە ڕێکخراوبوونی ئەم بزووتنەوانەوە تێدەپەڕێت.

لە پێناو هەر ئەم ئاراستە و ئەرکانەدا و بە پشتبەستن بە ئەزموونی شەڕی چل ڕۆژە، دەبێت زیانبەخشیی هەڵوێست و سیاسەتی شەڕانگێزانەی ناوەندی هاوپەیمانیی حیزبە ناسیۆنالیستەکانی شەڕخواز لە کوردستان و کۆڕ و کۆمەڵە لایەنگرەکانیان کە بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خوازیاری درێژەکێشانی شەڕ و بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکان، بۆ خەڵک ڕوون بکەینەوە. ئەم شەڕە بە ڕەهەندەکانی بێکاری، گرانی و هەژاری و نەهامەتییەک کە بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە و بە پەراوێزخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، گەورەترین زەبری لە بزووتنەوەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی داوە. سیاسەتی حیزبە ناسیۆنالیستەکان جگە لەوەی کە ڕیشەی لە بێباوەڕیی قووڵی ئەوان بە هێزی مێژووسازی خەباتی جەماوەردایە، خەڵکیش لە چاوەڕوانیی هێزی ڕزگاریدەری دەرەوەی سنوورەکاندا دەهێڵێتەوە. ئەم سیاسەتە زەربە لە هێزی هاوپشتیی بزووتنەوەی هەقخوازانەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەری دەدات، کە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیزیاتر لە هەر کاتێک قایمتر و پتەوتری کرد، ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشڕەوی و سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان گرێدراوی قایمکردنی هاوپشتیی ئەم بزووتنەوەیەیە لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازیی سەرتاسەری بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی. ئەزموونی شەڕی چل ڕۆژە، هەروەک ئەزموونەکانی پەلامار و دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریکا لە ئەفغانستان، عێراق، لیبیا وجارێکی دیکە نیشانی دا کە ئەم دەستێوەردانانە نە لە ئێران و نە لە هیچ شوێنێکی دیکەی دنیادا جگە لە کوشتار و کاولکاری و هەژاری و گرانی و پەراوێزخستنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، هیچ ئاکامێکی دیکەیان لێ نەکەوتووەتەوە.

پێویستە سەبارەت بە تاکتیکی ناردنی یەکەکانی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوخۆی ئێران لە هەلومەرجی ئێستادا، هۆشداری بدرێتە حیزبە ناسیۆنالیستەکان لە کوردستان. گرتنەبەری ئەم تاکتیکە لە هەلومەرجی میلیتاریزەکراوی کوردستاندا، دەرفەت بە کۆماری ئیسلامی دەدات کە بە لەداوخستن و کوشتاری پێشمەرگەکان، هێز و توانای پووشاڵیی خۆی بە چاوی خەڵکدا بداتەوە و حزووری پێشمەرگەکان بکاتە بیانوویەک بۆ توندکردنەوەی میلیتاریزم و ڕەشبگیرییە بەربڵاوەکان، توندکردنەوەی سەرکوت و ئەمنییەتیکردنی فەزای شارەکان بۆ چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم تاکتیکە لە هەلومەرجی ئێستادا خاوەنی هۆگرایەتیی جەماوەری نییە و بەتەواوی زیان بە ئیعتباری خەباتی چەکداری لە کوردستان دەگەیەنێت. مەشرووعییەتی بێ‌چەندوچۆنی خەباتی چەکداری لە خەبات دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا، کە نزیکەی نیو سەدەیە دژی خەڵکی کوردستان شەڕی ڕاگەیاندووە و کوردستانی میلیتاریزە کردووە، هەرگیز هەموو تاکتیکێکی نیزامی لە هەموو هەلومەرجێکدا پاساو ناکات.

لەبەر ئەوەی پێشبینی دەکرێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هێرشە مووشەکییەکان و هێرشە نیزامییەکانی دژی کەمپ و بنکەکانی حیزب و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و پەنابەرانی سیاسیی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان درێژە پێبدات، گرتنەبەری سیاسەتێکی چالاکانە و مەحکوومکردنی ئەم هێرش و تاوانانەی کۆماری ئیسلامی و بەرگریکردن لە گیان و ئاسایش و ئازادیی چالاکیی سیاسیی ئەم هێزانە، هەروا بەردەوام وەک بەشێک لە ئەرکەکانی کۆمەڵە دەمێنێتەوە.

کۆماری ئیسلامی بە چالاککردنی بەکرێگیراوە خۆجێییەکان لە کوردستان و ئەگەری بەکارهێنانی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان، توندکردنەوەی فەزای تیرۆر و دووبەرەکی‌نانەوەی نەتەوەیی و ئایینی کردووەتە مەترسییەکی جدی کە دەبێت بە هۆشیاریی تەواوەوە ڕووبەڕووی ببینەوە. بۆ نموونە، نابێت ڕێگە بدەین ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کۆنەپەرستانی خۆجێیی درز و دووبەرەکی بخەنە نێوان نەتەوەکانی کورد و تورک و ئەم درزانە بکەنە زەمینەی تێکهەڵچوون و پێکدادان. دەبێت هەر لەمڕۆوە بە پەرەپێدان و تەبلیغکردنی ڕۆحی یەکێتی و هاوپشتی لە نێوان خەڵکدا، لە هەر نەتەوە و ئایینێک بن، زەمینەی سەر‌هەڵدانی ئەم درز و دووبەرەکییانە لەناوببەین.

دەبێت بە تەبلیغی بەردەوام بۆ ئاڵتەرناتیڤی دەسەڵاتداریی شۆرایی، دڵنیایی بدرێتە خەڵکی کوردستان کە دەسەڵاتی شۆرایی و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی خەڵک لە پرۆسەی یاسادانان و کاروباری جێبەجێکردندا، بە باشترین شێوەی مومکین زەمینەسازی بۆ هێنانەدیی ئازادییە بێ‌مەرجە سیاسییەکان، یەکسانیی تەواوەتیی ژن و پیاو، و جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و لە پەروەردە و فێرکردن، دابینکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانو مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی کوردستان دەکات. تەنها لەژێر دەسەڵاتی شۆرایی و بە بەشداریی کرێکاران و زەحمەتکێشان و تەواوی تاکەکانی خەڵکی کوردستان لە ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووریی کۆمەڵگادایە، کە پرسی نەتەوەیی بە شێوەیەکی دیموکراسییانە و لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی چەوساوەی کوردستاندا چارەسەر دەکرێت و کۆتایی بە ستەمی نەتەوەیی دەهێنرێت.

چڕکردنەوەی چالاکییەکانی ڕێبەریی کۆمەڵە و چالاکانی کۆمەڵە لە ناوخۆ، بانگەشەی سیاسی و سەرجەم چالاکییە میدیاییەکان، تەلەڤیزیۆن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بڵاوکراوە و ماڵپەڕەکان، دەبێت بەپێی پێداویستییەکانی ئەم قۆناغە لە خزمەت بەرەوپێشبردنی ئەم ئاراستە و بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی سەرەوەدا بێت.