
لە کاتێکدا ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی گەلاوێژ، کۆماری ئیسلامی و پاشایەتیی عومان ڕایانگەیاند کە ڕێککەوتن لەسەر ڕێڕەوی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز لە قۆناغەکانی کۆتاییدایە و ئەمشەو یان سبەینێ دەقەکەی بڵاو دەکرێتەوە، تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڕێککەوتنە نییە. بەپێی ناوەرۆکی ئەو ڕێککەوتنە بڕیار بووە تا پاکسازیی تەواوەتیی گەرووی هورمز لە مین لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا ئەنجام بدرێت و ئەو کەشتییانەی دەچنە نێو گەرووی هورمزەوە لە ڕێڕەوی نزیکتر بە لێواراوەکانی ئێرانەوە تێپەڕ بن و ئەو کەشتییانەشی کە لە گەرووەکە دەچنە دەرەوە، ڕێڕەوی نزیک بە لێواراوەکانی عومان بگرنە بەر. ئێستا کە ٦ ڕۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە، نەک هەر هیچ دەقێک بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵکوو کاربەدەستانی ڕژێمی ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە تەنانەت گەیشتن بە ڕێککەوتن لەم بارەیەشەوە بە مانای کرانەوەی گەرووی هورمز نابێت و کردنەوەی، گرێدراوی قبووڵکردنی سەرجەم مەرجەکانمانە لە لایەن ئەمریکاوە.
لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی گەلاوێژ، عەباس عێراقچی ڕایگەیاند کە: “تا ئەو کاتەی ئەمریکا قەرەبووی پێشێلکارییەکانی لێکتێگەیشتننامەکە نەکاتەوە، ئیمکانی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا بوونی نابێت”. محەممەدباقر زولقەدریش لە پێگەی سکرتێری شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕژێم ڕۆژی شەممە ١٧ی گەلاوێژ، وتبووی: “تا ئەو کاتەی ئەمریکا ڕەفتاری خۆی چاک نەکات، گەرووی هورمز ناکرێتەوە و ئەم شۆرایە چ لە دانوستان و چ لە شەڕ لەگەڵ ئەمریکادا لەم هەڵوێستەی پاشەکشە ناکات”. زولقەدر پێش لەکارلادرانی لەو پۆستە، ٦ مەرجە نوێیەکەی کۆماری ئیسلامیی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز ڕاگەیاند کە بریتی بوون لە: ١- کۆتاییهێنان بە شەڕ و هەڕەشە و هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هاوپەیمانەکانی کۆماری ئیسلامی لە لوبنان، فەلەستین، یەمەن و عێراق. ٢- کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی لە لێواراوەکانی باشووری ئێران. ٣- کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری ئێران. ٤- قەرەبووکردنەوەی تەواوەتیی زیانەکانی شەڕ. ٥- هەڵوەشاندنەوەی گشت گەمارۆکان. ٦- ئازادکردنی داراییە بلۆکەکراوەکانی کۆماری ئیسلامی.
ئەم ڕوانگە و هەڵوێستەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و ڕاگەیاندنی مەرج و مەرجکاریی لەم چەشنە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، دەربڕی ئەو ڕاستییەیە کە ئەوان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە ئابوورییەکان و بەپێوەهێشتنەوەی ماشێنی شەڕەکەیان پێویستییەکی حەیاتییان بە پارە هەیە و دەیانەوێت لە ڕێگەی شەڕ و دانوستانەوە دەستی بخەن. هەڵوێستی لاواز و دەربڕینی ئارەزووی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و پیاهەڵدان بە دانوستانکارانی کۆماری ئیسلامی لە وتە نوێیەکانیدا، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی لە سووربوون لەسەر هەڵوێستەکانیان تا گەیشتن بە خواستەکانیان هارتر کردووە. ترەمپ ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی گەلاوێژ لە هەڵوێستێکی ناڕووندا ڕایگەیاند کە: “دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی نیوەچڵ دەبەینە پێشەوە، و لە ئێستادا فشاری ئابووری بە باشتر دەزانین لە هەڵگیرساندنەوەی شەڕ”.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە درێژخایەن بوونی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و تێچووە زەبەلاحەکەی، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و جەماوەری هەژار و نەداری ئەمریکاش و بووەتە هۆی ڕەخنە و ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە نێوانیاندا. ئەم مەسەلەیە بەتایبەتی لە هەلومەرجێکدا کە لە هەڵبژاردنەکانی نێوانخولیی مانگی نۆڤەمبەر نزیک دەبنەوە، کە تێیدا سەرجەم کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و یەک لەسەر سێی ئەنجومەنی پیران و پارێزگار و کاربەدەستە ناوچەییەکان هەڵدەبژێردرێن، ترەمپی بەتوندی لە لەدەستدانی دەنگدەری زیاتر نیگەران کردووە.
بەڵام بۆ کۆماری ئیسلامی کە بەدەست گەمارۆی دەریایی ئەمریکاوە گیرۆدەیە و ئیمکانی هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی نییە، تەحەمول و درێژەدان بە هەلومەرجێکی لەم چەشنە تا دێت مەحاڵتر دەبێت، چونکە کۆمەڵگە لە لێواری تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیدایە. پەرەسەندنی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزە دارەدەستەکانی وەک حەشدی شەعبی و حووسییەکان بۆ سەر وڵاتانی ناوچەی کەنداو سەرەڕای ئاگاداربوون لە لێکەوتە و ئاکامەکانی ئەم پەلامارانە، هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی قەیرانە گەورە ئابوورییەکان و دواخستنی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیی لەو چەشنە. بەم مانایە، کۆماری ئیسلامی دەیەوێت بە هاوێشتنی مووشەک و درۆن و نائارامکردنی ناوچەکە، ئەمریکا و وڵاتە نەوتخێزەکانی ناوچەکە ناچار بە پێدانی ئیمتیازی زیاتر بکات. بێگومان ڕەوتی ڕووداوەکان نیشانی داوە کە حکوومەتی ئیسلامی بەم ڕوانگەیەوە نەک هەر ناگاتە ئەنجام، بەڵکوو زیان و خەسارەت و کاردانەوەی زۆرتر بەسەر خۆیدا دەهێنێت.
ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی گەلاوێژ، جارێکی دیکە حووسییەکان هێرشی مووشەکییان کردە سەر پاڵاوگەی نەوتی “جیزان” سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆ لە باشووری ڕۆژئاوای عەرەبستان و بەرپرسیارێتییەکەشیان لە ئەستۆ گرت. ڕۆژی ٨ی گەلاوێژیش کۆماری ئیسلامی لە قاڵبی گرووپە تێرۆریستەکانی حەشدی شەعبیی سەر بە خۆی لە عێراق، مووشەکی ئاراستەی ناوەندە نەوتییەکانی عەرەبستان کرد کە بە هێرشی توندی هاوبەشی عەرەبستان و ئەمریکا وەڵام درایەوە و لەو نێوەندەدا زیاتر لە ٢٠ کەس و لەوانە ٥ فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران کوژران. لە لایەکی دیکەوە هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بووە هۆی پێکهێنانی دوو هاوپەیمانیی سەربازی لە نێوان حکوومەتەکانی ناوچەکە تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا؛ هاوپەیمانیی ١٤ وڵات بۆ پاراستنی ڕێڕەوی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لە کۆنفرانسێکدا لە ڕیاز و واژۆکردنی پەیمانێکی بەرگریی هاوبەش لە نێوان دەوڵەتانی عەرەبستانی سعوودی، پاکستان و تورکیا لە ڕۆژی هەینی ١٦ی گەلاوێژ، کە بەپێی ئەو پەیمانە هێرشکردنە سەر هەر یەک لەم سێ وڵاتە، بە واتا و حوکمی هێرشکردنە بۆ سەر هەموویان.
سیاسەتە ستراتیژییە شەڕخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی کە بە تێچووی گیانی و ماڵیی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی ئێران براونەتە پێشەوە، تا ئێستا سەرجەمیان تووشی شکست و دۆڕان بوون. بەپێی ئەو ئامارانەی لە لایەن خودی ڕژێمی ئیسلامییەوە ڕاگەیەندراون، لە کاتی دەستپێکی شەڕی ئەم دواییە لەگەڵ ئەمریکا لە ٩ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی جەنایەتکار و کۆمەڵێکی زۆر لە فەرماندەکانی سوپا و ئەرتەش، تا ئێستا لانیکەم ٣٤٠٠ کەس لە ئێران گیانیان لەدەست داوە و ڕێژەیەکی بەرزی ئیمکاناتی هێزە ئاسمانی، دەریایی و هەوافەزاکانی ڕژێم، بنکە مووشەکی و درۆنییەکان، دامەزراوە ئەتۆمییەکان و ژێرخانە پیشەسازی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانیش لەناو چوون.
بەهۆی لێکەوتە و ئاسەوارەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە و ئیمپریالیستییە، قەیرانی ئابووریی ڕژێم لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر قووڵ بووەتەوە و ڕژێمی ئیسلامی باری بژێویی کرێکاران و توێژە هەژارەکانی دیکەی کۆمەڵگەی بۆ خزمەتی شەڕ بە بارمتە گرتووە و کۆمەڵگەی بەرەو هەژاری و نەهامەتییەکی تاقەتپڕووکێن کێش کردووە. سەرەڕای ئەمانەش، ڕێبەران و کادری سەرکردایەتیی سوپای ئەم ڕژێمە دز و گەندەڵە لە قازانجی خۆیانی دەزانن کە هێشتاش دەهۆڵی شەڕ بکوتن و وەڵامی هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک دژ بەم بارودۆخە کارەساتبارەی ژیان لە نێوخۆدا، بە سەرکوت و گولـلە بدەنەوە. بێگومان حکوومەتێکی لەم چەشنە، تەنیا لە نەبوونی ڕێکخراوە چینایەتی و جەماوەرییەکانی کرێکاران و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و لە غیابی ڕابەراتییەکی سەرتاسەری بۆیان، توانیویەتی تا ئێستا خۆی ڕابگرێت. بۆ ڕزگاربوون لە چەنگ ئەم حکوومەتە جەنایەتکارە، هیچ ڕێگەیەکی دیکە جگە لە تێکۆشان بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانە و ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی ئەم ڕژێمە بوونی نییە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە