فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

توندبوونەوەی فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش
هەینی ۲۳-۰۵-۱۴۰۵   |  14-08-2026

لە بەهاری ١٤٠٥ەوە و لەژێر سێبەری هەلومەرجی جەنگیدا، فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە ئێران توندتر بوونەتەوە. بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، داڕمانی بەشداریی ئابووری، پەرەسەندنی کاری نافەرمی و گواستنەوەی ڕوو لە زیادبوونی تێچووەکانی ژیان و بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار بۆ سەر شانی ژنان، هەموویان پێکهاتەی یەک پرۆسەن. ئەوەی لە ئامارە فەرمییەکاندا لەژێر ناوی ڕێژەی بێکاری و «ناچالاکبوونی ئابووری»دا دەردەکەوێت، لە ڕاستیدا بەشێکە لە پرۆسەی سڕینەوە و وەدەرنانی ژنان لە بازاڕی کار و چڕکردنەوەی چەوساندنەوەیان لە بازاڕی فەرمی و نافەرمیدا؛ پرۆسەیەک کە ڕەگ و ڕیشەی لەنێو ئەو پەیوەندییە چینایەتی و ڕەگەزییانەدایە کە لە سەرمایەداریی ئیسلامیدا زاڵن. قەیرانی کارکردنی ژنان لە ئێراندا، پرۆسەیەکی پێکهاتەییە کە ژنان لە بازاڕی کاری فەرمی وەلا دەنێت، بەهای ئابووریی کارەکەیان دادەبەزێنێت و بەشێکی گەورەی تێچووی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار دەگوازێتەوە بۆ نێو ماڵ و ژینگەی خێزان. ئامارە حکومییەکانی بەهاری ١٤٠٥، کە تەنیا گۆشەیەکی بچووکی ڕاستییەکانی پەیوەست بە پێگەی ژنان لە بازاڕی کاردا دەردەخەن، ڕەهەندەکانی چڕبوونەوەی ئەم دۆخە نیشان دەدەن. بەپێی ئەم ئامارانە، ڕێژەی بێکاریی ژنان گەیشتووەتە ١٦.٧٪، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە بۆ پیاوان ٧.٥٪ـە؛ واتە بێکاریی ژنان زیاتر لە دوو هێندەی پیاوانە. لەم پێکهاتەیەدا، ژنان هاوکات لە دوو پێگەی ژێردەستەییدان. لە لایەکەوە وەک هێزێکی کاری هەرزان، کاتی و بێبەش لە ئاسایشی کار، و لە لایەکی دیکەشەوە وەک هێزێک کە بەشی هەرەزۆری بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی بەبێ بەرامبەر لە نێو ماڵدا ئەنجام دەدات. ڕێژەی بێکاریی ژنان لە بەهاری ١٤٠٥دا بەراورد بە بەهاری ساڵی ڕابردوو، ٣ پلە زیادی کردووە و لە ١٣.٧٪ـەوە بۆ ١٦.٧٪ هەڵکشاوە. لە هەمان ماوەدا، ڕێژەی بێکاریی پیاوان لە ٦٪ـەوە بۆ ٧.٥٪ بەرز بووەتەوە. کەواتە، نەک تەنیا بێکاریی ژنان گەشەی زیاتری کردووە، بەڵکوو کەلێنی نێوان دۆخی ژنان و پیاوان لە بازاڕی کاردا فراوانتر بووە.

بێگومان ئەم ئامار و ژمارانە وێنەیەکی تەواو و دروست لە دۆخی هەنووکەیی ناخەنە ڕوو. ڕێژەی بێکاری لەسەر بنەمای دانیشتووانی چالاکی ئابووری هەژمار دەکرێت؛ واتە ئەوانەی کە کار دەکەن یان بە شێوەی فەرمی بەدوای کاردا دەگەڕێن. بەپێی پێوەرە باوەکان، ئەو ژنانەی لە هەفتەیەکدا تەنیا چەند کاتژمێرێک کار دەکەن، ناچنە خانەی ئاماری بێکارانەوە. ئەو ژنەی پاش گەڕانێکی زۆر و بێ‌ئاکام، و ئەزموونکردنی هەڵاواردن، دەرکردن یان حەقدەستی زۆر کەم، دەستبەرداری گەڕان بەدوای کاردا دەبێت، ئیتر لە ئاماری بێکاراندا جێگەی نابێتەوە. ئەو دەگوازرێتەوە بۆ ڕیزی دانیشتووانی ناچالاکی ئابووری؛ دانیشتووانێک کە بەشێکی گەورەیان ژنان پێکدەهێنن.

لەم ڕوانگەیەوە، دەبێت ڕێژەی ١٦.٧٪ وەک ئەو بەشە لە بێکاریی ژنان کە لەبەرچاوە سەیر بکرێت، نەک لوتکەکەی. بەشێک لە هێزی کاری ژنان، پێش ئەوەی لە ئاماری بێکاراندا تۆمار بکرێت، لە بنەڕەتدا لە بازاڕی کاری فەرمی چووەتە دەرەوە.

بەپێی ئەو داتایانەی خراونەتە ڕوو، لە کۆی ٣٩ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ناچالاکی وڵات، ٢٩ ملیۆن کەسیان – واتە ٧٥٪یان – ژنن. بەرپرسیارێتییە خێزانییەکان، نەبوونی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی چاودێری، هەڵاواردن لە دامەزراندن و خراپیی هەلومەرجی کار، هەموویان ڕۆڵیان هەیە لە دروستبوونی ئەم دۆخەدا. کاری نێوماڵ لە ئامارە ئابوورییە فەرمییەکاندا هیچ پێگەیەکی بەرهەمهێنەرانەی نییە، بەڵام بەبێ ئەوەش بەشێکی گرنگی چالاکیی ئابووریی کۆمەڵگا ناتوانێت بەردەوام بێت. چێشتلێنان، پاکوخاوێنی، چاودێریکردنی منداڵان و بەساڵاچووان، و دابینکردنی پێداویستییە ڕۆژانەییەکانی خێزان، بەشێک لە هێزی کار ڕۆژانە بەرهەم دەهێنێتەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کارە زۆرجار بەبێ حەقدەست و لە دەرەوەی حیساباتە ئابوورییەکان ئەنجام دەدرێت. ناکۆکییەکە ڕوونە؛ سەرمایە لە ئەنجامەکانی ئەم کارە قازانج دەکات، بەڵام باج و تێچووەکەی دەخاتە سەر شانی خێزان و بەتایبەتیش ژنان. بۆ ئەو ژنانەش کە پێ دەنێنە نێو بازاڕی کارەوە، ئاسایش و سەربەخۆیی ئابووری دەستەبەر نەکراوە. بەشێکی بەرچاویان بەرەو کارە کاتی، بچووک و نافەرمییەکان پاڵیان پێوە دەنرێت؛ کارگەلێک کە تێیاندا گرێبەست، بیمە و پاراستنی یاسایی کاریگەر یان بوونیان نییە یان لە پراکتیکدا جێبەجێ ناکرێن. زیاتر لە ٥٠٪ی ئیشوکاری ژنان لە خزمەتگوزارییە بچووکەکان و لە کارگەکانی کەمتر لە دە کەس و پێنج کەس دایە، و لەو چالاکییانەشدا ئەنجام دەدرێت کە لە چوارچێوەی هەمان یاسای کاری دژەکرێکاریی ڕژێمی ئیسلامیش دەرچوون و بێبەشن لە بیمە و گرێبەست. لە بارودۆخێکی وەهادا، خاوەنکار دەتوانێت لە پێدانی حەقدەستەکان لە کاتی خۆیدا و پێدانی بیمە و دەرماڵەی کار خۆی بدزێتەوە و بەرپرسیارێتیی ڕووداوەکان، نەخۆشی و بێکاری بخاتە سەر شانی کرێکار. ژنی لەسەرکاریش لە بەرامبەر هەڵاوسان، دەرکردن و ناسەقامگیریی داهاتدا تا ڕادەیەکی زۆر هیچ پشتوپەنایەکی نییە. نموونەی ڕوونی ئەمە، ژنە کرێکارە وەرزییەکانی نێو کێڵگەکانن کە بە حەقدەستی ڕۆژانەی کەمتر لە ٨٠٠ هەزار تمەن کار دەکەن. ئەم حەقدەستە، بەبێ هەبوونی سەقامگیریی پیشەیی، بیمە، سەلامەتی و پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی، بە تەنیا نیشانەی باشبوونی باری ئابووری نییە. کارکردن لە هەلومەرجێکی لەم چەشنەدا دەتوانێت فۆرمێکی دیکە بێت لە نائەمنی و چەوساندنەوە؛ چونکە ژنی کرێکار سەرباری فرۆشتنی هێزی کاری خۆی، دەبێت باجی سووانەوەی جەستە، هەڵاواردنی حەقدەست و بەرپرسیارێتییە خێزانییەکانیش هەڵبگرێت.

ئابووریی نافەرمی ئەم دەرفەتە بۆ خاوەنکار دەڕەخسێنێت کە هێزی کار بەگوێرەی پێداویستیی خۆی بەکار بهێنێت و لە کاتی کەمبوونەوەی قازانجدا وەلای بنێت. ژنان، بەهۆی پێگە لاوازترەکەیان لە پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، بەشێکی گرنگی ئەم هێزی کارە نەرم و کەم‌تێچووە پێکدەهێنن. جیاوازیی پێوەری نەهامەتیی ژنان و پیاوان، کە ٥٨.٩‌ـە لە بەرامبەر ٥٠.٨، لە ژیانی ڕۆژانەدا خۆی لە کەمبوونەوەی بەکاربردن، کەڵەکەبوونی قەرز، سەختتربوونی دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی و پەروەردە، و قورستربوونی کاری چاودێریدا دەبینێتەوە. لە قۆناغەکانی هەڵاوساندا، فشاری ئابووری لەنێو خێزانیشدا بە شێوەیەکی یەکسان دابەش نابێت. زۆرجار ژنان یەکەم کەسن کە لە پێداویستییە کەسییەکانی خۆیان دەبڕن، چارەسەر یان خوێندن دوادەخەن و بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمبوونەوەی داهاتی خێزان، کاری نێوماڵی زیاتر ئەنجام دەدەن یان پەنا دەبەنە بەر کارە کەم‌حەقدەست و ناسەقامگیرەکان.

ئەم دۆخە دەرەنجامی کۆمەڵێک پەیوەندیی ئابووری و کۆمەڵایەتییە کە باج و تێچووی قەیرانەکە دەگوازێتەوە بۆ ئەو بەشانەی کۆمەڵگا کە هێزی مامەڵەکردن و دەستڕاگەیشتنیان بە سەرچاوەکان کەمترە. دۆخی ژنان لە بازاڕی کاردا دەکرێت لە سێ ئەڵقەی پەیوەست بەیەکدا کورت بکرێتەوە؛ سڕینەوەی ئاماری، پەراوێزخستنی ئابووری و چڕبوونەوەی چەوساندنەوە لە ئابووریی نافەرمیدا.

لە قۆناغی یەکەمدا، ژنانێکی زۆر لە بنەڕەتدا ناچنە ڕیزی هێزی کاری چالاکەوە و ئەمەش ڕەهەندە ڕاستەقینەکانی بێکاری پەردەپۆش دەکات. لە قۆناغی دووەمدا، دەستڕاگەیشتنیان بە کاری فەرمی، داهاتی سەربەخۆ و دابینکردنی کۆمەڵایەتی (تەئمینی ئیجتماعی) سنووردار دەبێت. پاشان ئابووریی نافەرمی، لەم هێزی کارە وەدەرنراوە، هێزێکی هەرزان، کاتی و بێ‌دەرەتان دروست دەکات. لەبەر ئەم هۆکارە، بەرگریکردن لە کارکردنی ژنان ناتوانێت تەنیا لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی بەشداریی ئابووریدا کورت بێتەوە. مەسەلەکە لەسەر جۆری کارکردن، بڕی حەقدەست، ئاسایشی کار و دەستڕاگەیشتن بە دابینکردنی کۆمەڵایەتیشە. کار و دامەزراندنی فەرمی و پایەدار، حەقدەستی یەکسان، بیمەی گشتگیر، مافی خۆڕێکخستن، دایەنگەی گشتی، مۆڵەتە پاڵپشتییەکان و بەکۆمەڵایەتیکردنی کاری نێوماڵ، داواکاریگەلێک نین کە لە خەباتی چینایەتی جیابن؛ بەڵکوو بەشێکن لە خودی ئەو خەباتە.

ڕزگاریی ئابووریی ژنان بە ئامۆژگارییەکانی وەک فێربوونی کارامەیی، کارسازیی تاکەکەسی یان خۆگونجاندن لەگەڵ بازاڕدا وەدی نایەت. تا ئەو کاتەی قازانج و کەڵەکەبوونی سەرمایە لە پێش پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بێت، باجی قەیرانەکان بەرەو ژێردەستەترین بەشەکانی کۆمەڵگا دەگوازرێتەوە. ژنانی کرێکار لە ڕیزی یەکەمی ئەو گرووپانەدان کە ئەم باجە دەدەن. وەڵامی ئەم دۆخە، خۆڕێکخستنی سەربەخۆ لە دەوڵەتە بۆ ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش، و گرێدانی خەباتی ئەوانە بە خەباتی بەشەکانی دیکەی چینی کرێکارەوە لە دژی هەژاری، چەوساندنەوە و ئەو پەیوەندییانەی کە هێزی کاریان کردووەتە کاڵایەکی هەرزان و ژیانی کۆمەڵایەتییان خستووەتە ژێر ڕکێفی قازانجی تایبەتەوە.