
لەسەر بنەمای گەڵاڵەیەک کە بڕیار بوو بە شێوەی تاقیکاری لە ٢٠٤ بەنزینخانەی پارێزگای “کرمان” جێبەجێ بکرێت، لە کارتەکانی سووتەمەنیدا سەرجەم ١٥٠ لیتر بەشەبەنزین بە سێ نرخ دیاری کرابوو: ٦٠ لیتر بە نرخی هەزار و ٥٠٠ تمەن، ٥٠ لیتر بە سێ هەزار تمەن و ٤٠ لیتر بە پێنج هەزار تمەن، وە بۆ بەکاربردنی زیاتر لەم بڕەش، بەنزین بە نرخی تێچووی پاڵاوگە، واتە ٨٧ هەزار و ٢٠٠ تمەن بەردەست بوو. بەنزینی ٨٧ هەزار و ٢٠٠ تمەنی لە کرمان، لە بەراورد لەگەڵ نرخی پێنج هەزار تمەنیی ئێستادا، بەرزبوونەوەیەکی زیاتر لە ١٧ هێندەیی لە نرخەکاندا نیشان دەدات. ئەمە لە کاتێکدایە کە نەک هەر هیچ باسێک لە هەڵکشانی حەقدەستەکان نییە، بگرە هیچ جۆرە زیادبوونێکیشیان بەخۆوە نەدیوە. پاساوهێنەرانی ئازادکردنی نرخی سووتەمەنی، بەردەوام باس لە زەروورەتی نزیکبوونەوەی نرخی بەنزین لە نرخە جیهانییەکان دەکەن؛ بەڵام ناتەباییەکی بنەڕەتی لەم پاساوهێنانەوەیەدا هەیە، ئەویش ئەوەیە کە کاڵا بە پێوەری جیهانی و بە دۆلار نرخی بۆ دادەنرێت، بەڵام هێزی کار هێشتاکە بە حەقدەستی ڕیاڵی و لەسەر بنەمای نزمترین ئاستی نێوخۆیی دیاری دەکرێت. بەرزبوونەوەی لەناکاو و لەڕادەبەدەری نرخی بەنزین لە هەلومەرجێکدا کە حەقدەستەکان هێشتا چەندین هێندە لەژێر هێڵی هەژاریدان، هیچ نییە جگە لە گواستنەوەی ڕاستەوخۆی گوشاری ئابووریی ڕژێم بۆ سەر بژێوی چینی کرێکار و زەحمەتکێش.
بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین بەپێی نرخی تێچووی پاڵاوگە کە لە ڕاگەیاندنی سەرەتایی دەوڵەتدا تا ئاستی ٨٧ هەزار و ٢٠٠ تمەن لە کرمان دیاری کراوە، ناکرێت تەنیا وەکوو بڕیارێکی ناوچەیی سەبارەت بە نرخی سووتەمەنی سەیر بکرێت. ئەم سیاسەتە دەبێت لەنێو جەرگەی قەیرانی پێکهاتەیی ئابووریی کۆماری ئیسلامی، هەڵاوسانی درێژخایەن، داڕمانی توانای کڕین و پەرەسەندنی هەژاریدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. قەیرانێک کە باجەکەی زیاتر لە جاران دەکەوێتە سەر شانی کرێکاران و چەوساوەکانی کۆمەڵگە. لە سیستەمێکدا کە داهاتی زۆرینەی حەقدەستبگیران سێ هێندە لە تێچووی سەبەتەی بژێوی خوارترە، “ڕاستەقینەکردنی نرخی سووتەمەنی” بەبێ ڕاستەقینەکردنی حەقدەستەکان، لە کرداردا هیچ نییە جگە لە ڕاستەقینەکردنی هەژاری.
لە ئێران و لە هەموو جێگەیەکی جیهاندا، تێچووی گواستنەوە، بەرهەمهێنان لە هەندێک لە کەرتە پیشەسازییەکاندا، هاتووچۆ بۆ شوێنی کار، دەستڕاگەیشتن بە قوتابخانە و زانکۆ، کڕینی پێداویستییە ڕۆژانەکان و هتد، هەموویان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە نرخی سووتەمەنییەوە هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، تێچووی “دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار”یش بەرز دەکاتەوە. هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەک لە تێچووی ژیاندا بەبێ گەشەی هاوتەریبی حەقدەستی ڕاستەقینە، گوشاری زیاتر دەخاتە سەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و توێژە کەمدەرامەت و هەژارەکانی دیکەی کۆمەڵگە. جێبەجێکردنی تاقیکاریی نرخی ٨٧ هەزار و ٢٠٠ تمەنی لە کرمان و چالاکبوونی ژێرخانەکەی لە دەیان بەنزینخانەدا، گرنگیی سیاسیی ئەم ڕەوتە زیاتر دەکات. دەبێت جیاوازی بخرێتە نێوان “چاکسازیی هەنگاو بە هەنگاو” و “ئەندازیاریی هەنگاو بە هەنگاوی شۆک”. کۆماری ئیسلامی ئەزموونی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی خەزەڵوەری ١٣٩٨ لە ئاکامی بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی سووتەمەنیدا هەیە. ئەم بابەتە دەتوانێت دیسانەوە ببێتە چەخماخەیەک بۆ هەڵگیرسانی ناڕەزایەتییە بەرفراوان و سەرتاسەرییەکانی کۆمەڵانی خەڵک دژ بە ڕژێم. لەبەر ئەوە، جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغ و جوگرافیایی ئەم فێڵەی ڕژێم، لەوانەیە ڕێگەیەک بێت بۆ پێوانەکردن و هەڵسەنگاندنی کاردانەوەی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی تێچووە سیاسییەکانی ئەم بڕیارە. بێگومان وەستان یان پاشەکشەی کاتی لە گەڵاڵەیەک بە تەنیا، نیشاندەری وازهێنان لە ئاراستە ئابوورییەکەی نییە. ڕەنگە کات، شێوازی جێبەجێکردن یان پانتایی ئەو سیاسەتە گۆڕانی بەسەردا بێت، بەڵام ئامانجی بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی بۆ ئاستی نرخە جیهانییەکان وەک خۆی پێداگری لەسەر دەکرێتەوە.
پرسی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینیش پەیوەستە بە پێکهاتەی دابەشکردنی سامان و دەسەڵات لە ئابووریی کۆماری ئیسلامیدا. ئەم ئابوورییە کۆمەڵێک لە کەرتەکانی دەوڵەتی، نیمچەدەوڵەتی، تایبەت و پەیوەندییە ڕانتییەکان لەخۆ دەگرێت و ئەو داهاتەشی لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە دەست دەکەوێت دەچێتە گیرفانی سەرمایەدارانی ئەو کەرتانەوە و باجەکەشی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگە دەیدەن. بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی دەتوانێت تێچووی گواستنەوەی گشتی و نێوشارەکان، بەرهەمهێنانی پیشەسازی و کشتوکاڵ، خزمەتگوزارییەکان، بەستەبەندی، عەمبارکردن و دابەشکردنی کاڵاش بەرز بکاتەوە. بەرهەمهێنەریش بۆ پاراستنی قازانجەکەی، بەشێک لە تێچووە نوێیەکان دەخاتە سەر نرخی بەرهەمەکەی. لە ئەنجامدا، شۆکی سووتەمەنی دەتوانێت لە کەرتێکی ئابوورییەوە بۆ کەرتەکانی دیکە تەشەنە بکات و لە کۆتاییدا باجەکەی بگەڕێتەوە بۆ سەر شانی بەکاربەر.
لە هەلومەرجێکی ئاوادا، کێشەی کرێکاران تەنیا تێچووی پڕکردنی باکی ئۆتۆمبێل نییە؛ بگرە دابینکردنی تێچووە قورسەکانی دیکەی وەک کرێ خانوو، خۆراک، چارەسەری پزیشکی، هاتووچۆ و پێداویستییە زەروورییەکانی دیکەی ژیانە کە ئەو حەقدەستە یەکجار کەمانە بەشی ناکەن. یەکێک لە پاساوە سەرەکییەکانی دەوڵەت بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین، بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی سووتەمەنییە، کە بێگومان لە ئاستە باڵا و گەورەکاندا لە لایەن “برادەرانی قاچاخچی”ـەوە ئەنجام دەدرێت. بەڵام گرانکردنی بەنزین بۆ بەکاربەری ناوخۆیی، بەبێ چاکسازی لە زەمینە پێکهاتەییەکاندا، ئەم کێشەیە چارەسەر ناکات. فرەنرخیبوونی دراو، لاوازیی چاودێری، تۆڕە ناڕوونەکان و پەیوەندییە ڕانتییەکان دەتوانن هەروا دەرفەتی بازرگانی و قازانجپەرستانە بۆ سەرمایەداران بڕەخسێنن. جیاوازیی نێوان نرخە جۆراوجۆرەکانی بەنزینیش، بۆ خۆی دەتوانێت زەمینە بۆ ڕانت و قۆستنەوە دروست بکات.
بەڵام نابێت تێچووی ڕێگریکردن لە قاچاخی سووتەمەنی لە گیرفانی بەکاربەرەوە دابین بکرێت. لە هەلومەرجێکدا کە هیچ باسێک لە چاکسازیی پێکهاتەکانی دراو، شەفافییەتی دارایی، چاودێری بەسەر ڕەوتە ئابوورییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تۆڕە گەورەکانی ڕانت نییە و گەندەڵی لە هەموو جومگەکانی ئەم سیستەمە حکومەتییەدا ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە، باجی بێتوانایی و پەیوەندییە ڕانتییەکان جارێکی تر بۆ سەر بژێوی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش دەگوازرێتەوە. بە هەر حاڵ، باجی قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابووریی سەرمایەداری هەمیشە دەکەوێتە سەر شانی کرێکاران و خەڵکی چەوساوەی کۆمەڵگە.
جێبەجێکردنی تاقیکاریی گەڵاڵەی بەنزینی ٨٧ هەزار تمەنی لە کرمان نیشانی دەدات کە کرێکاران، زەحمەتکێشان و چەوساوەکانی ئێران نابێت لە ئاست بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی بەنزیندا غافڵگیر ببن. خەبات دژی گرانیی بەنزین، بەشێکە لە خەباتێکی بەرفراوانتر لەپێناو مافی ژیانێکی شایستەی مرۆڤانە و دەستڕاگەیشتنی گشتی بە وزە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان. دەستڕاگەیشتن بە وزە، گواستنەوە، نیشتەجێبوونی گونجاو، تەندروستی و چارەسەری، پەروەردە و پێداویستییە بنەڕەتییەکانی دیکەی کۆمەڵگە، دەبێت پێش ئەوەی ببنە مەیدانی قازانج و “کەڵەکەکردنی سەرمایە”، وەکوو مافە کۆمەڵایەتی و گشتییەکانی مرۆڤ بە فەرمی بناسرێن. هەر ئاستێک لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و کاڵا پێویستەکانی دیکەی کرێکاران و خەڵکی هەژاری کۆمەڵگە، دەبێت لەگەڵ بەرزکردنەوەی حەقدەستەکان و بیمەی بێکاریدا هاوتەریب بێت، بە جۆرێک کە گونجاو بێت لەگەڵ دابینکردنی تێچووی ژیانێکی مرۆڤانە لە سەدەی بیستویەکەمدا.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە