
بەرەبەیانی پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥، جێگری هەماهەنگیی کاروباری ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای کرمان، هەواڵی دابەشکردنی بەنزینی بە نرخی تێچووی پاڵاوگە، واتە هەر لیترێک بە ٨٧ هەزار و ٢٠٠ تمەن لە ٢٠٤ بەنزینخانەی ئەو پارێزگایەدا ڕاگەیاند. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە لێدوانەکانی ڕەزا سپەهوەند، وتەبێژی کۆمیسیۆنی وزەی مەجلیسەوە دەست کەوتوون، بڕیار وابووە بۆ هەر کارتێکی سووتەمەنی، سەرجەم ١٥٠ لیتر بەنزین بە سێ نرخی جیاواز بەم شێوەیەی خوارەوە تەرخان بکرێت: ٦٠ لیتر بە نرخی ١٥٠٠ تمەن، ٥٠ لیتر بە ٣٠٠٠ تمەن، و ٤٠ لیتر بە نرخی ٥٠٠٠ تمەن. بەپێی ئەم ڕوونکردنەوەیە، بە گشتی ١٥٠ لیتر لە کارتەکاندا دەبێت و ئەگەر بەکاربەرێک لەو بڕە زیاتر سەرف بکات، دەبێت نرخی ئازادی بەنزین، واتە ٨٧ هەزار تمەن بدات.
بەنزینی ٨٧ هەزار تمەنی، لە ڕاستیدا تاقیکردنەوەیەکی نوێی دەوڵەت بوو لە کرمان. بڕیار بوو ئەم گەڵاڵەیە بە شێوەی تاقیکاری جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی دەربکەوێت چ کاریگەرییەکی لەسەر ڕای گشتی و تووڕەیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵک دەبێت. ڕژێمی ئیسلامی پێشتر لە خەزەڵوەری ١٣٩٨دا، ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییەی کە دوای ڕاگەیاندنی گرانبوونی نرخی بەنزین لە زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێران سەری هەڵدابوو، خەڵتانی خوێن کرد و ١٥٠٠ مرۆڤی ناڕازیی قەتڵوعام کرد. ڕژێمی ئیسلامی کە لە هەر لایەکەوە بەرەوڕووی قەیران بووەتەوە و خۆشی وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی قەیران لە ناوچەکەدا، بە شەڕانگێزی و ئاژاوەگێڕی درێژە بە تەمەنی نگریسی خۆی دەدات، بە جێبەجێکردنی تاقیکارییانەی ئەم گەڵاڵەیە، لە ڕاستیدا پێوانەی سەبر و ئارامیی جەماوەری کرد. تاقیکردنەوەیەک کە زۆر خێرا و پێش جێبەجێکردنی گەڵاڵەکە ڕاگیرا. هێشتا چەند کاتژمێرێک بەسەر ڕاگەیاندنی دابەشکردنی بەنزینی ٨٧ هەزار تمەنیدا تێنەپەڕیبوو کە محەممەدعەلی تاڵبی، پارێزگاری کرمان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: گەڵاڵەی دابەشکردنی بەنزین بە نرخی پاڵاوگە لە پارێزگاکەدا جێبەجێ نەکراوە و تا کاتێکی نادیار هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی بەنزیندا پێک نایەت. ئەمە پاشەکشەیەکی ئاشکرا و شەوانە بوو کە کۆماری ئیسلامی ناچار بوو پێش ڕۆژبوونەوە، لە زاری بەرزترین بەرپرسی ئەمنیی ئەو پارێزگایەی بۆ تاقیکردنەوەکە هەڵیبژاردبوو، ڕایبگەیەنێت.
لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بەم مانۆڕانە، پێی ناوەتە نێو یارییەکی مەترسیدارەوە و دەیەوێت ئارامی و سەبری جەماوەر تاقی بکاتەوە. سەرمایەدارانی دەسەڵاتدار لە ئێران، کە لە ماوەی زیاتر لە ٤٧ ساڵ حوکمڕانی و تاڵانکردنی سامانی ئەم کۆمەڵگەیەدا، ژیانێکی شاهانە و خەیاڵییان بۆ خۆیان پێک هێناوە، ئەمڕۆ بەردەوامیی دەسەڵاتی خۆیان لەوەدا دەبیننەوە کە زیاتر قورگی جەماوەر بگوشن و نانی سەر سفرەی زەحمەتکێشان بدزن، تاوەکوو کورتهێنانی بودجەی دەوڵەت قەرەبوو بکەنەوە. بەڵام باش دەزانن کە سیاسەتی چەوسێنەرانە باجی هەیە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی دەیەی ڕابردوو، بێ هەڵسەنگاندن و بیرکردنەوە هەنگاو نانێن.
بێگومان گێڕانەوەی فەرمیی دەسەڵات و دەزگاکانی چەواشەکاری، بابەتەکە بە جۆرێکی دیکە نیشان دەدەن. گوایە ئەم گەڵاڵەیە بۆ پێشگرتن لە قاچاخی سووتەمەنی و ڕاستکردنەوەی شێوازی بەکاربردنی خەڵک داڕێژراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە گەورەترین قاچاخچیی وڵاتی ئێران، سوپای پاسدارانە و هەر جۆرە قاچاخێکی گەورە و گەندەڵییەکی پڕداهات، دەبێت بە فیلتەر و ڕێڕەوی سوپای پاسداراندا تێپەڕێت. سوپا تەنیا بە باجسەندن لە خەڵکی ئێران قایل نابێت و لە بەرنامەیدایە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، وڵاتانی ناوچەکەش ناچار بە باجدان بکات.
گوایە بەرزبوونەوەی نرخ دەتوانێت هەڵسوکەوتی بەکاربەر بگۆڕێت. بەڵام دەبێت بپرسین: ئەگەر بەنزین گرانتر بێت، ئایا شۆفێر دەتوانێت کەمتر شۆفێری بکات؟ شێوازی هاتوچۆکەی بگۆڕێت؟ ئۆتۆمبێلێکی کەممەسرەفتر بکڕێت؟ ئایا هیچ ڕێگەیەکی جێگرەوە بەبێ پێویستی بە بەکارهێنانی سووتەمەنی، بۆ گواستنەوەی کاڵا و پێداویستییەکانی خەڵک بۆ هەموو شار و گوندەکان بوونی هەیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە نەخێرە؛ کەواتە بەشێکی گەورەی ئەم گرانبوونە، لەبری گۆڕینی هەڵسوکەوت، ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر خەرجی و بودجەی خێزانەکان و باری سەر شانیان قورستر دەکات. خەڵکی ئێران لە ڕاستیدا چ هەڵبژاردەیەکیان لە بەردەمدایە؟ هەموو بەکارهێنانێکی بەنزین ئارەزوومەندانە نییە. چوون بۆ سەرکار، گەیاندنی منداڵ بۆ قوتابخانە، سەفەرە زەرووری و پزیشکییەکان و هاتوچۆی گشتی، نە سنووردار دەکرێن و نە دەسڕدرێنەوە. هەر بۆیە، تاقیکردنەوەی ئەم گەڵاڵەیە، نە بە ئامانجی بڕینی کەناڵە سەرەکییەکانی قاچاخە کە لە دەستی سوپای پاسداراندایە، و نە بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی بەنزینە کە لە ئێستاشدا زۆر سنووردار و کۆنترۆڵکراوە؛ بەڵکوو ئامانجی سەرەکی، قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی دەوڵەت و کۆنترۆڵکردنی ئەم قەیرانە ئابوورییەیە کە یەخەی پێ گرتوون.
بەڵام یاریکردن بە سەبری کۆمەڵانی خەڵک، یارییەکی مەترسیدارە. کۆماری ئیسلامی ناتوانێت درێژە بەم یارییە بدات و ناتوانێت بۆ هەمیشە کۆنترۆڵی ئەم بارودۆخە نالەبارە لە دەستدا بهێڵێتەوە. جەماوەر ناتوانن بینەری مەرگی بەشێنەیی خۆیان بن و لە بەرانبەر ئەم ڕەوتە حاشاهەڵنەگرەی وێرانکاری و لەناوچوونی کۆمەڵایەتیدا، سەرهەڵدەدەن و ڕادەپەڕن. شووشەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی، لە نێو دەستە بەهێزەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدایە. بەڵام بۆ تێکشکاندنی شووشەی تەمەنی ئەم دێوەزمەیە، دەبێت تووڕەیی جەماوەر لە ڕاپەڕینە خۆڕسکەکانەوە، بۆ ڕێکخستنی جەماوەری و چینایەتیی ڕاپەڕینەکان بەرز بکرێتەوە. ئەم ئەرکە گرنگەش لە گرەوی ئەوەدایە کە شەپۆلێکی بەرین لە پێشڕەوانی سۆسیالیست، پێوەندییەکی ئۆرگانیکیان لەگەڵ جەماوەری ژنان و کرێکاران و زەحمەتکێشاندا هەبێت و ڕابەرایەتیی ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بکەن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە