
پێنج ساڵ بەسەر گەڕانەوەی تاڵەبان بۆ دەسەڵاتدا تێپەڕ دەبێت؛ ڕووداوێک کە داڕمانی ئەو پڕۆژەیە بوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی لە ماوەی دوو دەیەدا بە داگیرکاریی سەربازی، ئەندازیاریی سیاسی و تەرخانکردنی سەرچاوەیەکی دارایی زەبەلاح لە ئەفغانستاندا بردیانە پێشەوە. ڕووخانی کابول نیشانی دا کە دروشمەکانی «بنیاتنانی دەوڵەت»، «بنیاتنانی دیموکراسی»، «بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ» و «خەبات دژی تیرۆریزم» لە چوارچێوەی سیاسەتی زلهێزە ئیمپریالیستییەکاندا، ناتوانێت لە بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیک و میلیتاریستییەکانیان تێپەڕێت. ئەوەی لە هاوینی ٢٠٢١دا داڕما، دەسەڵاتێکی پشتئەستوور بە بناغەیەکی کۆمەڵایەتیی پتەو نەبوو؛ بەڵکوو پێکهاتەیەک بوو کە مانەوەی گرێ درابوو بە ئامادەییی سەربازیی دەرەکی، هاوکارییە داراییەکان و تۆڕێک لە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییە وابەستە و پاشکۆکانەوە. بەڵام شکستی ئەمریکا بە واتای سەرکەوتنی خەڵکی ئەفغانستان نەبوو. ئەو بۆشاییەی لە ئەنجامی پاشەکشەی هێزە دەرەکییەکان دروست بوو، لەلایەن هێزێکی هەڵقوڵاوی نێو بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازانەی جەماوەرییەوە پڕ نەکرایەوە. تاڵەبان جارێکی تر دەسەڵاتی گرتە دەست؛ هێزێک کە ڕەگ و ڕیشەی لە نێو بناژۆخوازیی ئیسلامی سیاسیدایە و بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی پشت بە سەرکوتگەریی سیاسی، هەڵاواردنی ڕەگەزی و پەیوەندیی کۆنەپەرستانە و باوک/پیاوسالاری دەبەستێت. لەم ڕوانگەیەوە، خەڵکی ئەفغانستان دوای دوو دەیە لە داگیرکاری و شەڕ، نەگەیشتنە هیچ بژاردەیەکی ڕزگاریخوازانە. نەزمێکی وابەستە و گەندەڵ جێگەی خۆی دا بە دەسەڵاتێکی سەرمایەداریی ئایینیی کۆنەپەرست و سەرکوتگەر، بێ ئەوەی بچووکترین درزێک بخاتە نێو ئەو پەیوەندییانەی کە هەژاری، هەڵاواردن، نایەکسانی و بێمافیی زۆرینەی کۆمەڵگا دووبارە بەرهەم دەهێننەوە.
دەستتێوەردانی دەوڵەتی ئەمریکا لە ئەفغانستان ناتوانرێت بە دابڕاوی لە پێگەی ئەو وڵاتە لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا لێک بدرێتەوە. دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١، ئەفغانستان بوو بە یەکێک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی نمایشکردنی هێزی سەربازیی ئەمریکا. ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاڵەبان، پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ و جێگیرکردنی هێزەکانی ناتۆ، لەژێر پەردەی خەبات دژی تیرۆریزمی قاعیدە، لە چوارچێوەی سیاسەتێکی بەرفراوانتردا بۆ چەسپاندنی هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە و پاراستنی پێگەی خۆی لە بەرامبەر ڕکابەرە جیهانی و ناوچەییەکانیدا گیرایە بەر. ئەمریکا کە هێزە ئابوورییەکەی بەرەو داکشان دەچوو، دەیویست بە لەشکرکێشی و پەلاماری سەربازی بۆ سەر ئەفغانستان و دواتر عێراق و بە زەبری هێزی سەربازی، هێژمۆنیی خۆی بەسەر جیهاندا بسەپێنێت. لە هەمان کاتیشدا ئەفغانستان هاوسنوورە لەگەڵ چین، ڕووسیا، ئێران و ئاسیای ناوەڕاست، و هەر ئەم پێگەیەش گرنگییە جیۆپۆلەتیکییەکەی بۆ زلهێزەکان زیاتر دەکرد. لە پرۆسەی داگیرکردنی ئەفغانستاندا سەدان ملیار دۆلار ڕژایە نێو ئابووریی ئەفغانستانەوە، بەڵام بەشێکی بەرچاوی ئەم سەرچاوانە لە خزمەتی بەپێوە هێشتنەوەی پێکهاتەیەکی حکوومیی گەندەڵ و دەوڵەمەندکردنی کاربەدەستە گەندەڵەکانی حکوومەت و تۆڕی بەڵێندەرە بیانییەکاندا بەکار هێنرا.
ئەرتەشی ئەفغانستانیش نموونەی ڕوونی هەر ئەم ناتەباییە بوو. هێزێکی گەورە کە بە تێچوویەکی خەیاڵیی ئەمریکا و ناتۆ پڕچەک کرابوو و مەشقی پێکرابوو، لەو ساتەی کە پشتیوانییە دەرەکییەکان کشانەوە، لە زۆربەی ناوچەکاندا بێ هیچ بەرگرییەکی جیددی داڕما. بەڵام تاڵەبان ئەم داڕمانەی وەک سەلماندنی ڕەواییبوونی خۆی قۆستەوە. ئەوان خۆیان وەک هێزێک ناساند کە ئەفغانستانی لە گەندەڵی، داگیرکاری و نائەمنی ڕزگار کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێنج ساڵ دەسەڵاتداریی تاڵەبان نیشانی داوە کە کۆتاییهاتنی حزووری نیزامیی ئەمریکا بە واتای کۆتاییهاتنی ئەو پەیوەندییانە نییە کە ژیانی زۆرینەی خەڵکی بەرەو تیاچوون و وێرانی بردووە. تاڵەبان بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا هیچ ڕێگەیەکی جگە لە سەپاندنی سیستەمێکی ملهوڕانەی ئایینی، سەرکوتی توندی ئازادییە سیاسییەکان و کۆنترۆڵی بەرفراوانی سەر ژیانی کۆمەڵایەتی نەخستووەتە ڕوو.
بێبەشکردنی ژنان و کچان لە پەروەردە و کارکردن و سڕینەوەیان لە گۆڕەپانە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، یەکێکە لە ڕوونترین نموونەکانی ئەم سیاسەتە. سڕینەوەی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی، بەشێکە لەو میکانیزمەی کە گوێڕایەڵی و پلەبەندیی باوک/پیاوسالارانە جێگیر و قایم دەکات. هەمان لۆژیک لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەیارانی سیاسی، سەرکوتکردن و بەرتەسککردنەوەی میدیاکان، سەرکوتی ڕێکخراوە سەربەخۆکان و گوشار خستنە سەر گرووپە نەتەوەیی و ئایینییەکانیشدا دەبینرێت. دەسەڵاتێکی کۆنەپەرست کە نیوەی دانیشتووان لە مافی خوێندن، کار و بەشداریی کۆمەڵایەتی بێبەش دەکات، ناتوانێت تەنیا بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی حزووری سەربازیی ڕۆژئاواوە، خۆی وەک نوێنەری سەربەخۆیی و ڕزگاریی نەتەوەیی پێناسە بکات.
دەسەڵاتی تاڵەبان بە سەپاندنی سیستەمی هەڵاواردنی ڕەگەزی و لە ڕووی بەهرەمەندبوون لە ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییەکانەوە، کۆمەڵگای ئەفغانستانی چەندین هەنگاو بەرەو دواوە بردووە. بۆ ئەو کچ و ژنانەی کە لە چوونە قوتابخانە و زانکۆ و کارکردن لە دەرەوەی ژینگەی خێزان بێبەش کراون، وە بۆ ئەو گەنجانەی کە دەستیان بە میدیا، هونەر و پەیوەندییە بەرفراوانەکان لەگەڵ جیهاندا ڕاناگات، گەڕانەوەی تاڵەبان تەنیا دەستاودەستکردنێکی دەسەڵات لە سەرەوە نەبوو، بەڵکوو پاشەکشەیەکی هەستپێکراوە لە بوارە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا.
لە وەها هەلومەرجێکدا تەنیا بە هێزی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سیاسەتی دژەژن و بەرامبەر بەو هەڵاواردن و بێمافییەی بەسەر ژنانی ئەفغانستاندا سەپێنراوە، تەنیا بە هێزی ناڕەزایەتی دژی بێمافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کە زۆرینەی کۆمەڵگای خستووەتە ژێر گوشارەوە و هەروەها بە هێزی ناڕەزایەتی و خەبات دژی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری کە کرێکاران و زەحمەتکێشان و چەوساوەکانی ئەم کۆمەڵگایەی خستووەتە مەنگەنەوە، دەتوانرێت هیوای گۆڕانکاری لەم کۆمەڵگایەدا بە زیندوویی بهێڵرێتەوە. کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنان، لاوان، جووتیارانی بێبەش، هەژارانی شار و ئەو گرووپانەی کەوتوونەتە ژێر گوشاری هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینییەوە، هەر کامیان بەشێک لە پوتانسیێل و توانای وەها هێزێکیان لەبەردەستدایە. بۆ وەگەڕخستن و هاتنەمەیدانی ئەم هێزە کۆمەڵایەتییانە، پێویستە تووڕەیی و ناڕەزایەتی دژی ئەم هەموو نەهامەتی و بێبەشییانە بگۆڕدرێت بۆ کردەوەیەکی ناڕەزاییانە، وە هەر لە دڵی ئەم بزووتنەوە ناڕەزایەتییانەدایە کە ئیرادەی هاوبەش بۆ خۆڕێکخستن و ڕێکخراوبوون، بە ئاسۆی ڕوونەوە گرێ دەخوات. پێویستە ڕووبارەکانی ناڕەزایەتی و خەبات یەکبگرن و تێکەڵ بە یەک ببن. ئەو ژنانەی لە بەرامبەر بێبەشبوون لە خوێندن، بێبەشبوون لە مافی کارکردن و لە بەرامبەر سیاسەتی دژەژندا خۆڕاگری دەکەن، یەکێک لە گرنگترین کەلێنەکانی نێو نەزمی تاڵەبان ئاشکرا دەکەن. بەڵام پێویستە ئەم خۆڕاگری و خەباتە گرێ بخوات بە خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە دژی هەژاری و بێکاری، بە خەبات دژی هەڵاواردن و نایەکسانی و دژی سەرکوتکردنی ئازادییە سیاسییەکان.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە