فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان بەبۆنەی ٢٨ی گەلاوێژ؛ وەبیرهێنەرەوەی دەستپێکی پەلاماری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان
چوارشەممە ۲۸-۰۵-۱۴۰۵   |  19-08-2026

٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ ناکرێت لە مێژووی شۆڕشی خەڵکی ئێران جیا بکرێتەوە. کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەمین مانگەکانی دامەزراندنیدا تێگەیشت کە کوردستان، بە کەشێکی کراوەی سیاسی، ئامادەیی بەرفراوانی خەڵک لە مەیدان و گەشەی ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکانەوە، لەگەڵ ئەو نەزمە ئیستبدادی و مەزهەبییەی کە ئەو حکوومەتە دەیەوێت، یەک ناگرێتەوە. هەر لەبەر ئەمەش، پەلاماردانی کوردستان بەشێک بوو لە پڕۆژەی سەرتاسەریی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆتاییهێنان بە شۆڕش و گەڕاندنەوەی کۆمەڵگا بۆ ژێردەستەیی سیاسی، چینایەتی و مەزهەبی.

خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر حکوومەتی ناوەندیدا، داواکاریی ڕوون و دیاریکراویان هەبوو: بەڕەسمی ناسینی مافە نەتەوەییەکان، دەستەبەرکردنی ئازادییە سیاسییەکان، بەشداریکردنی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگا و کۆتاییهێنان بە هەڵاواردن و نایەکسانی. ئەم خواست و ویستانە لە ڕێگەی وتووێژ و خەباتی سیاسییەوە پێوشوێنیان گیرا، بەڵام حکوومەتی ئیسلامی ئامادە نەبوو قبووڵیان بکات. فەرمانی جیهادی خومەینی، دەستپێکی لەشکرکێشی بۆ سەر شار و گوندەکانی کوردستان و بەکارهێنانی ئەرتەش، سپا و هێزە چەکدارەکانی حکوومەت، ئەوەی دەرخست کە کۆماری ئیسلامی کێشەی کوردستان نەک تەنیا وەک کێشەیەکی سیاسی، بەڵکوو وەک پرسێکی ئەمنی و سەربازی دەبینێت.

پەلاماری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئێعدامە مەیدانییەکان، گەمارۆدانی شارەکان، هێرشکردنە سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون و دروستکردنی کەشێکی تۆقێنەردا ئاوێتە بوو. لە پاوە، سەقز، مەریوان، سنە و گوندەکانی وەک قاڕنێ، قەڵاتان و ئیندێرقاش، خەڵک ڕووبەڕووی تاوانگەلێک بوونەوە کە ئامانج لێیان تەنیا لەناوبردنی کەسانی خەباتکار نەبوو؛ بەڵکوو حکوومەت دەیویست ئیرادەی بەکۆمەڵی خەڵک تێک بشکێنێت و بە هەمووانی نیشان بدات کە هەر چەشنە خۆڕێکخستنێکی سەربەخۆ، بە توندوتیژی وەڵام دەدرێتەوە.

بەڵام کۆمەڵگای کوردستان تەسلیم نەبوو. خۆڕاگریی خەڵک لە شارەکان، مانگرتن و ناڕەزایەتییە شەقامییەکان، چالاکیی ڕێکخراوە سیاسییەکان و هەڵمەتی پێشمەرگەکان، دەرفەتی جێگیرکردنی خێرای هەژموونی حکوومەتی لەبار برد. کۆماری ئیسلامی ناچار بوو لە هەندێک قۆناغدا ئاگربەست قبووڵ بکات و بێتە سەر مێزی گفتوگۆ. ئەم پاشەکشەیە دەرەنجامی لوتف یان نەرمی‌نواندنی حکوومەت نەبوو، بەڵکوو بەرهەمی گوشاری خۆڕاگریی ڕێکخراوەیی خەڵک بوو.

خەباتی خەڵکی کوردستان لەو سەردەمەدا تەنیا بەرگریکردن لە خۆ لە بەرامبەر پەلاماری سەربازیدا نەبوو. لە نێوان ئەو دوو هێرشەدا، خەڵک هەوڵیان دا کاروباری کۆمەڵگا لەسەر بنەمای داهێنان و بەشداریی ڕاستەوخۆی خۆیان بەڕێوە ببەن. شوراکان، دامەزراوە خۆجێییەکان، ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازە جۆراوجۆرەکانی هاوکاریی بەکۆمەڵ سەریان هەڵدا. ژنان بەشدارییەکی چالاکانتریان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا پەیدا کرد، پەیوەندییە نەریتی و دەرەبەگایەتییەکان خرانە ژێر پرسیارەوە و زەمینە بۆ پەروەردەی پێشکەوتوو و بەشداریی گشتی ڕەخسا.

ئەم ئەزموونە، هەرچەندە کورتخایەن و نایەکسان و لە بارودۆخێکی جەنگیشدا بوو، بەڵام گرنگییەکی مێژوویی هەبوو. خەڵک بۆ یەکەمین جار لە ڕەهەندێکی بەرفراواندا دیتیان کە مەرج نییە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا تەنیا لە دەستی دەوڵەت، ئەرتەش، زەویدارەکان یان نوخبە سیاسییەکاندا بێت. بەرگریکردنەکانی دواتری کوردستان، بەرگریکردن بوو لە دەرفەتی ئازادی، یەکسانی و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا.

حکوومەتی ئیسلامی لە بەهاری ١٣٥٩ بە ڕێکخستنی هێرشێکی بەرفراوانتر، دەستی بە پەلاماردانی کوردستان کردەوە. شاری سنە و زۆرێک لە ناوچەکانی دیکە، چەندین هەفتە لە بەرامبەر چەکە قورسەکان و هێزە سەربازییەکانی حکوومەتدا خۆڕاگرییان کرد. ڕژیم سەرەنجام بە پشتبەستن بە باڵادەستیی سەربازیی خۆی توانی بەشگەلێک لە ناوچەکە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، بەڵام ئەم سەرکەوتنە سەربازییە هەرگیز بە مانای کۆتاییهاتنی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردستان نەبوو.

خەڵکی کوردستان لە دەیەکانی دواتردا، لە فۆرم و چوارچێوەی جۆراوجۆردا درێژەیان بە خەبات دا: لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و مانگرتنە گشتییەکانەوە بگرە تا خۆڕاگری لە بەرامبەر ئێعدام، سەرکوت، هەڵاواردنی نەتەوەیی و کوشتاری کۆڵبەران. بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»ش دەرخەری ئەوە بوو کە خواستی ئازادی لە کوردستاندا، لە خەباتی سەرتاسەریی خەڵکی ئێران جیاواز نییە. دروشم و خەباتی خەڵکی کوردستان، جارێکی تر گرێدراویی نێوان ئازادیی ژن، یەکسانیی کۆمەڵایەتی، نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی و خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی هێنایەوە ناو دڵی کۆمەڵگا.

ئێستا لە ساڵوەگەڕی ٢٨ی گەلاوێژدا، کۆمەڵگای ئێران ڕووبەڕووی قەیرانگەلێکی تێکئاڵاو بووەتەوە: شەڕ، گەمارۆ، هەژاری، بێکاری، هەڵاوسان، وێرانکردنی ژینگە، کەمیی ئاو و وزە و توندتربوونەوەی سەرکوتی سیاسی. کۆماری ئیسلامی کەڵک لە کەشی شەڕانگێزیی وەردەگرێت بۆ ئەمنییەتیکردنی کۆمەڵگا، کپکردنی ناڕەزایەتییەکان و پاساوهێنانەوە بۆ گوشاری ئابووری. لە هەمان کاتیشدا، دەوڵەتی ئەمریکا و زلهێزە ناوچەییەکانی دیکەش نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی خەڵک ناکەن؛ ئەوان بەدوای پەرەپێدانی پانتایی هەژموونی خۆیان، دابینکردنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان و سەپاندنی نەزمی سیاسیی دڵخوازی خۆیانن.

کۆتاییهێنان بە شەڕ نابێت بسپێردرێتە بڕیاری دەوڵەتان، دانوستانەکانی پشت دەرگا داخراوەکان، یان مامەڵەی نێوان زلهێزە سەربازییەکان. خەڵکی ئێران و کوردستان دەبێت داواکاری ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ، کۆتاییهێنان بە پەلامارە سەربازییەکان و وەلانانی ئەو سیاسەتانە بن کە ژیانی ملیۆنان مرۆڤیان کردووەتە گۆڕەپانی ململانێی دەوڵەتان. دژایەتیکردنی شەڕی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی بە مانای بەرگریکردن نییە لە کۆماری ئیسلامی؛ هەروەک چۆن دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامیش نابێت ببێتە هۆی پشتیوانیکردن لە بۆردومان و دەستێوەردانی زلهێزە دەرەکییەکان.

هەڵوێستی سەربەخۆ و چینایەتیی خەڵک، ڕەتکردنەوەی هەردوو جەمسەرە کۆنەپەرستەکەی ئەم شەڕەیە: ڕەتکردنەوەی کۆماری ئیسلامی و ڕەتکردنەوەی دەستێوەردانی ئیمپریالیستی. ڕێگای ڕزگاریی کۆمەڵگا بە خەباتی سەربەخۆی کرێکاران، ژنان، لاوان و سەرجەم چەوساوەکاندا تێدەپەڕێت، نەک بە مووشەکی دەوڵەتان و بەڵێنی زلهێزە دەرەکییەکان.

هەلومەرجی ئێستا، زیاتر لە هەر شتێک، زەروورەتی پەرەپێدانی ڕێکخراوە سەربەخۆکان و گرێدانی خەباتە پەرتەوازەکان زەق دەکاتەوە. ناڕەزایەتیی کرێکاران و خانەنشینان، خەباتی ژنان، خۆڕاگریی خوێندکاران، کەمپەینی دژ بە ئێعدام، خەباتی دادخوازانە و بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان، پێکهاتەی لەیەکترجیاواز نین. هەر کام لەم خەباتانە، بەشێکن لە خەباتی گشتیی کۆمەڵگا دژی چەوسانەوە، هەڵاواردن و ئیستبداد.

بۆ هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە ئەم ناڕەزایەتییانە ببنە هێزێکی ڕێکخراو و بەردەوام. پێکهێنانی کۆبوونەوە گشتییەکان، شورای کرێکاران، ڕێکخراوە سەربەخۆکانی ژنان، کۆمیتەی گەڕەکەکان، دامەزراوە خوێندکارییەکان و تۆڕەکانی هاوپشتی لە شار و گوندەکاندا، مەرجی ئەوەیە کە خەڵک لە دۆخی ناڕەزایەتییە پەرتەوازەکان تێپەڕن و لە دیاریکردنی ڕێڕەوی خەباتدا ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان هەبێت.

لە کوردستاندا دەبێت دژی گرانی، بێکاری، بێ‌ئاوی، پچڕانی کارەبا، سەرکوتی کۆڵبەران، ئێعدام و هەڵاواردنی نەتەوەیی و هەڵاواردن دژی ژنان خەبات بکرێت. ئەم داواکارییانە دەبێت گرێ بدرێنەوە بە خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە سەرتاسەری ئێراندا. هێزی گۆڕانکاری نەک لە چاوەڕوانی بۆ دەستێوەردانی دەرەکی، بەڵکوو لە خۆڕێکخستنی خەڵک و لە یەکگرتوویی خەباتکارانەی ئەواندا شاراوەیە.

ئێمە دەسەڵاتی شورایی وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ دەوڵەتە ئیستبدادی، مەزهەبی، سەرمایەدار و پاشکۆکان دەزانین. لە سیستەمێکی وەهادا، بڕیاردان لەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە پاوانکاریی دەوڵەت و حیزبە دەسەڵاتدارەکان دەردەچێت و دەسپێردرێتە ئەو دامەزراوانەی کە خەڵک خۆیان لە شوێنی کار و ژیانیاندا پێکەوەی دەنێن. چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی لە کوردستان، لە خەباتی چینایەتی و خەبات بۆ ئازادییە گشتییەکان جیاواز نییە. خەڵکی کوردستان دەبێت خۆیان بڕیار لەسەر داهاتووی سیاسی و کۆمەڵایەتییان بدەن؛ بەڵام ئەم بڕیارە دەبێت لەسەر بنەمای بەشداریی سەرجەم خەڵک، یەکسانیی ژن و پیاو، بەرژەوەندییەکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی سەرتاسەریی خەڵکی ئێراندا فۆرم بگرێت، نەک لەسەر بنەمای ململانێی حیزبە چەکدارەکان یان پشتبەستن بە دەوڵەتانی دەرەکی.

شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی گیانبەختکردووان و تێکۆشەرانی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت کە لەپاڵ کرێکاران، ژنان، لاوان و تەواوی خەڵکی ئازادیخوازدا، بۆ پەرەپێدانی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی، بۆ دژایەتیکردنی شەڕ و دەستێوەردانی دەرەکی، بۆ بەهێزکردنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و بۆ گرێدانی خەباتی کوردستان بە بزووتنەوە سەرتاسەرییەکانەوە تێبکۆشێت.

٢٨ی گەلاوێژ بۆ ئێمە تەنیا وەبیرهێنەرەوەی تاوانێکی مێژوویی نییە؛ بەڵکوو نیشانەی ئەو ڕاستییەشە کە ئازادی ناکرێت لە سەرەوە وەک دیارییەک وەربگیرێت و ناکرێت لە دەرەوەش هاوردە بکرێت. ئازادی ئەو کاتە جێگیر دەبێت کە خەڵک بۆخۆیان ڕێکخەر بن، بڕیار بدەن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بگرنە دەست.

مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتی شورایی خەڵک

بژی سۆسیالیزم

شورای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

٢٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥ ــ ١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٦

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv