
لە کاتێکدا قەیرانە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ڕژیمی ئیسلامی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر و بەربڵاوتر دەبنەوە؛ لە بارودۆخێکدا کە ململانێ و کێشمەکێشی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا بە کردەوە پێی ناوەتە قۆناغێکی درێژخایەنەوە و، گوشارێکی ئابووریی یەکجار قورس کەوتووەتە سەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و توێژە زەحمەتکێش و بەشمەینەتەکان و کۆمەڵگای خستووەتە لێواری تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، ترس و دڵەڕاوکێی دەسەڵاتی ئیسلامیش لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان پەرەی سەندووە. لەم سۆنگەیەوە، دەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن لە خرۆشانێکی جەماوەری، لەبری چارەسەری ئابووری و سیاسی، بە مەبەستی دروستکردنی ترس و تۆقاندن لەنێو کۆمەڵگادا و مسۆگەرکردنی مانەوەی نیزامە ئیسلامییەکەیان، کەوتوونەتە گیانی کۆمەڵگا و هەوڵی چڕکردنەوەی سەرکوت و فراوانکردنی شەپۆلی لەسێدارەدانەکان دەدەن. هەر لەم پێناوەشدا، مەجلیسی شورای ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، بە پەسەندکردنی گەڵاڵەیەکی ئەمنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوەی کە ناویان ناوە “دزەکردنی دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتان و دامەزراوە بیانییەکان لە وڵاتدا”، هەوڵ دەدات حەریمی ژیانی تایبەت و سەرجەم ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەزگا ئەمنییەکانەوە.
لەم پەیوەندەدا، عەباس گودەرزی، وتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتیی مەجلیس وتی: “بەپێی ئەم گەڵاڵەیە هەر جۆرە چالاکی و پەیوەندییەکی کەسانی حەقیقی و حقوقی لەگەڵ کەسایەتی و کارگێڕانی بیانی لە ڕەهەندەکانی ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیدا دەبێت لە چوارچێوەی ئەم گەڵاڵەیەدا بێت و سەرپێچیکردن لە هەر یەک لە بڕگەکانی تاوانە و سزای بەدواوەیە”. سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسیش لە ڕوونکردنەوەی ئەم گەڵاڵە ئەمنییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دزەکردنی بێگانە وتی نابێت ڕێگە بدەین ئەم گەڵاڵەیە دوا بکەوێت، چونکە بەرەنگاربوونەوەی دزەکردنی دەرەکی پرسێکی چارەنووسسازە بۆ “وڵات”. بێگومان گەڵاڵەیەکی لەم شێوەیەش قەت دوا نەکەوتووە؛ دەزگا ئەمنییەکان و دەزگای دادوەریی ڕژیمی ئیسلامی دەمێکە بە دروستکردنی دۆسیەی ساختە و لەژێر ئەشکەنجەدا، چالاکانی سیاسی و مەدەنیی نەیاری ڕژیم بە تۆمەتی ئەوەی کە گوایە بریکار و دەستوپێوەندی ئیسرائیل و ئەمریکان دادگایی دەکات و سزای لەسێدارەدان و زیندانیی درێژخایەنیان بەسەردا دەسەپێنێت. بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا کە حکومەتی ئیسلامی لەوپەڕی لاوازی و زەبوونیدایە، تەنیا بە ئامانجی زاڵکردنی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن بەسەر کۆمەڵگادا، گەڵاڵەیەکی لەم چەشنە لە مەجلیسی کۆنەپەرستیی ئیسلامیدا پەسەند دەکات.
پەسەندکردنی ئەم گەڵاڵەیە لە کاتێکدایە کە ڕژیمی ئیسلامی بە هەمان ئامانجەوە ئاماری لەسێدارەدانەکانیشی بە شێوەیەکی بێوێنە بەرز کردووەتەوە و تەنیا لە حەوت مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٦٠ زیندانیی دیکەی لەسێدارە داوە، کە ١٣ حاڵەتیان بە شێوەیەکی دڕندانە و لەبەرچاوی خەڵک (مەیدانی) جێبەجێ کراون، هاوکات سزای لەسێدارەدانیشی بۆ زیاتر لە ١٣٠ کەسی دیکە دەرکردووە. ئەم لەسێدارەدانانە گومانی لای کەس نەهێشتووەتەوە کە ئامانجی ڕژیم تەنیا تۆقاندنی کۆمەڵگا و بێدەنگکردنی جەماوەرە لە بەرامبەر هەژاری، برسیەتی و بەردەوامبوونی شەڕدا، تا بەڵکوو لەو ڕێگەیەوە بتوانێت ماوەیەکی دیکەش درێژە بە دەسەڵاتە نگریسەکەی بدات. بەڵام کردەوەی قێزەونی لەسێدارەدان لەبەرچاوی خەڵک، لەبری بەرهەمهێنانی ترس و بێدەنگی، ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی جەماوەر و مەحکوومکردنی ئەو تاوانە لەلایەن خەڵکەوە بووەتەوە.
ڕەوتی پەرەسەندنی لەسێدارەدانەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، ناڕەزایەتیی ناوەندە کرێکارییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و، لەم دواییانەشدا بەشێک لە دەوڵەتەکانیشی لێ کەوتووەتەوە. هەر لەم پێناوەدا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژ، سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحدی ئوتوبووسڕانی تاران و دەوروبەری، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، وێڕای مەحکوومکردنی لەسێدارەدانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەم تاوانەی وەک چەکێکی پێکهاتەیی و ڕێکخراو بۆ دروستکردنی ترس و تۆقاندن، ئیفلیجکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و سەرکوتکردنی ڕێکخراوە سەربەخۆ و جەماوەرییەکان وەسف کردووە. ئەم بەیاننامەیە بە ئاماژەدان بە قەیرانە ئابوورییە کەمەرشکێنەکان و بەردەوامیی شەڕ و گەمارۆ ئابوورییەکان، جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەسەڵاتی ئیسلامی هێشتاکە وەڵامی داخوازییەکانی خەڵک بۆ نان، کار و ئازادی، بە توندوتیژترین ئامرازی ترس و تۆقاندن، واتە پەتی سێدارە دەداتەوە. بەیاننامەکە وێڕای مەحکوومکردنی لەسێدارەدانە سیاسییەکان و دادگا فەرمایشی و بەپەلەکان، لەژێر هەر ناوێک و بە هەر تۆمەتێک و بەبێ هیچ جیاوازییەک، لە ڕێکخراوە سەربەخۆکان و سەندیکا و فیدراسیۆنە جیهانییەکانی کرێکاران داوا دەکات ببنە دەنگی ناڕەزایەتییان، هاوکات خوازیاری کۆتاییهێنان بە شەڕ و ڕاگرتنی دەستبەجێی سەرجەم سێدارەکان لە ئێران و، ئازادکردنی بێمەرجی هەموو چالاکانی سنفی و سیاسیی زیندانیکراو و هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی سزای لەسێدارەدان بووە.
سەرەڕای ئەوەش و لەژێر کاریگەریی فراوانبوونی بزووتنەوەی “نا بۆ سێدارە”، ڕۆژی ٢١ی گەلاوێژ، زیاتر لە ٣٢ وڵاتی ئەندام و نائەندامی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەم یەکێتییە، بۆ یەکەمین جار بە واژۆکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش، لەسێدارەدانی ناڕازییان و کەڵکوەرگرتنی کۆماری ئیسلامی لە سزای سێدارە بە مەبەستی سەرکوتکردنی نەیارانی سیاسییان مەحکووم کرد و لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییان داوا کرد کە لەبری لەسێدارەدانی خەڵک، وەڵامی خواست و داواکارییەکانیان بدەنەوە. ئەم وڵاتانە خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی جێبەجێکردن و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی زیندانییە ناڕازییەکان بوون. ئەم بەیاننامە هاوبەشە لە ڕاستیدا ئەو پەیامە بە کۆماری ئیسلامی دەدات کە لەسێدارەدانەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تەنیا پرسێکی ناوخۆیی نییە و باج و لێکەوتەی قورسی بۆ ڕژیم بەدواوە دەبێت.
بێگومان، کۆماری ئیسلامی زیاتر لە چوار دەیەیە لەپێش چاوی ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی بانگەشەکەری “دیموکراسی و مافی مرۆڤ”، بە سەرکوت، لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژی وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی کرێکاران و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەداتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەی ئەم دەوڵەتانە درێژەیان بە سەودا و مامەڵە و سازشکاری لەگەڵ ئەم ڕژیمە جینایەتکارە داوە و، تەنانەت لە هەندێک کاتدا بۆ ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکان لە دەرەوەی وڵات و دەربازکردنی تیرۆریستەکانیشی، هاوکاریی ڕژیمیان کردووە. دەوڵەتانی ئەوروپایی لە بەرامبەر سەدان کردەوەی تیرۆریستیی حکومەتی ئیسلامی کە هەندێکیان تەنانەت لە دادگاکانی وڵاتەکانی خۆشیاندا سەلمێنراون، هیچ هەنگاوێکی جدییان بۆ خستنەژێر گوشاری ئەم ڕژیمە هەڵنەگرتووە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، خەبات دژی لەسێدارەدان و مەحکوومکردنی ئەم تاوانە لە ناوخۆدا، چ لەلایەن بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و لە ناڕەزایەتییە ڕۆژانەکانیاندا، و چ لە زیندانەکاندا لە ڕێگەی پەرەسەندنی کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە” کە لە ئێستادا لە ٦٠ زیندانی سەرانسەری وڵاتدا بەڕێوە دەچێت، هەروا بەردەوامە. لەم پەیوەندەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، زیندانییانی زیندانی گەچساران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای پەیوەستبوونیان بەم کەمپەینەوە، ڕایانگەیاند کە لە ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی گەلاوێژەوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە شەپۆلی لەسێدارەدانەکان، مانگرتن لە خواردن دەست پێدەکەن. بەم حاڵەشەوە، لەبەر ئەوەی ڕژیمی داماو و مایەپووچی کۆماری ئیسلامی توانای وەڵامدانەوەی بە خواست و داواکارییەکانی جەماوەری لە نێو کۆمەڵگادا نییە و سەرکوت و لەسێدارەدان وەک بەشێک لە میکانیزمی بەردەوامیی دەسەڵاتەکەی بەکار دەهێنێت، بێگومان درێژە بەم جینایەتانە دەدات. بەڵام نابێت ڕێگە بدرێت گیانی زیندانییان، ببێتە قوربانیی ستراتیژی مانەوەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و جینایەتکارە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە