
تەنیا لە دوو هەفتەی یەکەمی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٥دا، لانی کەم ١٨ کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەست داوە. ئەم ژمارانە تەنیا گۆشەیەکی بچووک لەو حەقیقەتە تاڵە نیشان دەدەن. لە پشتی هەر یەک لەم مەرگانەوە کرێکارێک وەستاوە کە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی، ناچار بووە هێزی کاری خۆی بفرۆشێت، هەروەها بنەماڵەیەک هەیە کە دوای گیانلەدەستدان یان پەککەوتنی ئەو کرێکارە، بەرەوڕووی دابەزینی داهات، قەرزداری و نائەمنیی ئابووری بووەتەوە. بەڵام دووپاتبوونەوەی ئەم مەرگانە لە ستوونی ڕووداوی ڕۆژنامەکاندا تەنیا لە چەند دێڕێکدا کورت دەکرێنەوە و دواتر جێگەی خۆیان دەدەن بە ڕووداوی داهاتوو. بەم جۆرە، مەرگ لە ژینگەی کاردا وردە وردە لە کارەسات و دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییەوە دەبێتە «هەواڵ»ێکی ئاسایی. لە ئەدەبیاتی کرێکاریدا، لەبەر ئەم هۆکارەیە کە بە گیانلەدەستدانی کرێکاران بەهۆی نائەمنیی شوێنی کارەوە دەوترێت “مەرگی بێدەنگ”، چونکە ئەم کارەساتانە بەبێ هەرای میدیایی، دوور لە سەرنجی ڕای گشتی و لەناو بێدەنگییەکی پێکهاتەییدا ڕوو دەدەن.
مەرگی کرێکار لە شوێنی کاردا نە ڕێکەوتە و نە باجێکی حاشاهەڵنەگری پڕۆسەی بەرهەمهێنانە. ئەو نەهامەتییەی لە گەلاوێژی ١٤٠٥دا بەسەر کرێکارانی ئێراندا هاتووە، سەرچاوەی لەو بارودۆخەوە گرتووە کە تێیدا هێزی کار بە هەرزانی، بێپشتیوان و بێدەسەڵاتیی سەوداکردن دەهێڵرێتەوە؛ لە لایەکی تریشەوە، تێچووی سەلامەتی، چارەسەریی پزیشکی و بژێویی ژیانیان تا ئەوپەڕی توانا دەخرێتە سەر شانی خودی کرێکار و بنەماڵەکەی. گەرمای لەڕادەبەدەریش ئەم نابەرابەرییەی قووڵتر کردووەتەوە؛ هەمان ئەو هەلومەرجەی بۆ بەشێک لە کرێگرتەکان دەبێتە هۆی پشوو و کارکردن لە ماڵەوە، بۆ کرێکاری بیناسازی، پیشەسازی، خزمەتگوزاری و وەرزی، دەبێتە درێژەدان بە کار لە ژینگە مەترسیدارەکان و هەڕەشەی لەدەستدانی حەقدەست و بیمە.
بەپێی ڕاگەیاندنی عەلیڕەزا ڕەئیسی، جێگری ئەوکاتی وەزیری تەندروستیی ڕژێمی ئیسلامی لە گوڵانی ١٤٠٤دا، ساڵانە نزیکەی ١٠ هەزار کرێکار لە ئێران بەهۆی ڕووداوەکان و هەلومەرجی سەپێنراوی کارەوە گیانیان لەدەست دەدەن. ئەم ئامارە سامناکە زیاتر لە ٨٠٠ مەرگ لە مانگێکدا و نزیکەی ٢٧ کوژراو لە ڕۆژێکدا لەخۆ دەگرێت. ئەو ئامارەی کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە خراوەتە ڕوو، جیاوازییەکی ٥ هێندەیی هەیە لەگەڵ ئامارە فەرمییەکانی ڕێکخراوی پزیشکیی دادوەریدا، کە زۆربەی کات تەنیا قوربانیانی ناو کارگە فەرمییەکان و کرێکارە بیمەکراوەکان تۆمار دەکەن. هۆکاری سەرەکیی ئەم جیاوازییە زەقەش، دەگەڕێتەوە بۆ کارکردنی بەشێکی گەورە لە هێزەکانی کار، بەتایبەتی کرێکارانی بیناسازی و کانەکان، لەو کارگە و شوێنانەی کە نافەرمین و هیچ پارێزبەندییەکی بیمەییان نییە، بەمەش مەرگی ئەوان لە ئامارە دەوڵەتییەکاندا جێی نابێتەوە. درز و کەلێنێکی لەم شێوەیە ناکرێت تەنیا بخرێتە پاڵ جیاوازیی شێوازی تۆمارکردنی زانیارییەکانەوە؛ بەڵکوو ئەم جیاوازییە گوزارشتە لە سڕینەوەی سیستماتیکی بەشێکی گەورەی چینی کرێکار لە سیستەمی ئاماری فەرمیدا.
هەڵسووراوان و چالاکانی کرێکاری، لاوازیی پشکنین و چاودێری، هەروەها دەرئەنجامەکانی تایبەتسازی و پەرەسەندنی گرێبەستە پەیمانکارییەکان، بە هۆکاری کاریگەر دەزانن لە نائەمنیی ژینگەکانی کاردا. لە پڕاکتیکدا، تایبەتسازی و سیستەمی پەیمانکاری تەنیا گۆڕینی فۆڕمی خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردن نەبوون؛ بەڵکوو لە زۆربەی شوێنەکانی کاردا، بوونەتە هۆی پرشوبڵاوبوونەوەی بەرپرسیارێتی و گواستنەوەی مەترسییەکان بۆ نزمترین ئەڵقەی زنجیرەی بەرهەمهێنان. خاوەنکاری سەرەکی بەرپرسیارێتییەکە دەخاتە ئەستۆی پەیمانکار، پەیمانکاریش دەیداتە دەست پەیمانکاری لاوەکی و لە کۆتاییدا ئەوەی دەمێنێتەوە کرێکاری ڕۆژمزد، کاتی، کۆچبەر یان بێبیمەیە، بەم جۆرەش ئەو بەرپرسیارێتییەی کە دەبێ ڕووی لە ساختاری بەرهەمهێنان بێت، کورت دەکرێتەوە بۆ “بێئیحتیاتیی کرێکار”.
سەرەڕای پەرەسەندنی چەوساندنەوە و نەبوونی کەرەستەی خۆپارێزی کە شوێنەکانی کاری کردووەتە قەسابخانەی کرێکاران، گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاوین، بەتایبەتی لە ناوچەکانی وەک خوزستان، تەندروستیی گشتی و بەشێوەیەکی تایبەت تەندروستیی کرێکارانی خستووەتە ژێر مەترسییەکی جدییەوە. لە گەلاوێژی ئەمساڵدا، لە کاتێکدا خوزستان ڕۆژانێکی گەرمای بێوێنەی ئەزموون دەکرد، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی پارێزگاکە بە پێشبینیکردنی پلەی گەرمای ٤٩ و ٥٠ پلە و تەنانەت بەرزتریش، چەندین جار زەنگی مەترسیی لە ئاستی سووردا لێدا. ئەم هۆشدارییە وەک زەنگێکی مەترسیی جدی بۆ سەر تەندروستیی گشتی دێتە ئەژمار و زەروورەتی گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلەی وەک پشووی فەرمانگەکان و کارکردن لە ماڵەوەی دوو هێندە کرد. بەدوای ئەم هۆشدارییانەدا، زۆربەی فەرمانگەکان داخران یان سیستەمی کاریان گۆڕدرا بۆ کارکردن لە ماڵەوە. ناتەبایی و پارادۆکسەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە هەمان ئەم مەترسییە، کاتێک دەگاتە ژینگەی کار و بەتایبەتی شوێنی کاری کرێکارانی دەستی، دەبێتە پرسێکی پلە دوو. کارمەندی ئیداری دەتوانێت لەم هەلومەرجەدا لە ماڵەوە کارەکەی بکات، بەڵام کرێکاری بیناسازی ناتوانێت لە دوورەوە و لەناو ماڵەکەیەوە بیناکە دروست بکات. شۆفێر، کرێکاری شارەوانی، کرێکاری کشتوکاڵ، یان ئەو کرێکارەی لە تەنیشت کوورە و ئامێرەکانەوە کار دەکات، بە ڕاگرتنی کارەکەی، ڕاستەوخۆ دەکەوێتە بەر هەڕەشەی کەمبوونەوەی داهات یان لەدەستدانی کارەکەی. لێرەدا قەیرانی ژینگەیی لە دیاردەیەکی سروشتییەوە دەبێتە پرسێکی چینایەتی. گەرما بۆ هەمووان وەک یەک نییە؛ توانای هەڵاتن لە گەرما، کەمکردنەوەی کاتەکانی کارکردن و بەرگەگرتنی تێچووی ڕاگرتنی کار، بە یەک ئەندازە لەنێوان چینە کۆمەڵایەتییەکاندا دابەش نەکراوە.
لە پلەی گەرمای سەرووی ٥٠ پلەدا، ژمارەیەک لە کرێکارانی بیناسازی بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی گەرماژۆیی ڕوویان کردووەتە کاری شەوانە. سەرەڕای ئەمەش، سەرۆکی ناوەندی ئەنجومەنەکانی کرێکارانی بیناسازی لە خوزستان ڕایگەیاندووە کە پشکنەرانی کار بەیانیان بۆ پشکنین سەردان دەکەن و هەر لەبەر ئەم گۆڕینی کاتی کارکردنەش، بیمەی هەندێک لە کرێکاران دەبڕدرێت. بەپێی هەمان ڕاپۆرت، لە هەر ١٠ کرێکار، بیمەی ٩ کەسیان بە ناحەق بڕدراوە. ئەگەر ئەم ژمارەیە بخەینە چوارچێوەی هەلومەرجی کرێکارانی بیناسازییەوە، کێشەکە ڕوونتر دەبێتەوە؛ ئەو کرێکارەی بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی مەرگ ناچارە کاتەکانی کاری خۆی بگۆڕێت، نابێت لە دەرئەنجامی هەمان هەنگاودا لە بیمە و پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی بێبەش بکرێت. بیمە لێرەدا کێشەیەکی ئیداری و لاوەکی نییە. بڕینی بیمە دەتوانێت دەستڕاگەیشتنی کرێکار بە چارەسەریی پزیشکی، پێشینەی خانەنشینی و پاڵپشتییە سنووردارە یاساییەکان بەرتەسکتر بکاتەوە، و لە ئەگەری ڕوودانی هەر کارەساتێکدا، خۆی و بنەماڵەکەی دەخاتە دۆخێکی نالەبارتر و بێدەرەتانترەوە.
لە هەلومەرجێکی ئاوادا، سەلامەتی کاتێک مانای دەبێت کە کرێکار دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت کاری مەترسیدار ڕابگرێت، بەبێ ئەوەی حەقدەست و کارەکەی لەدەست بدات. ڕاگرتنی کار لە پلە گەرما مەترسیدارەکاندا، دەبێ هاوڕێ بێت لەگەڵ پێدانی تەواوەتیی حەقدەست؛ گۆڕینی کاتەکانی کار نابێ ببێتە هۆی بڕینی بیمە؛ پشکنین دەبێ سەربەخۆ لە خاوەنکار و پەیمانکار و بە بەشداریی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی کرێکاران ئەنجام بدرێت؛ وە بەرپرسیارێتیی دابینکردنی سەلامەتی ناکرێت لەنێوان چەندین چینی پەیمانکاریدا ون ببێت. تۆمارکردنی شەفافانەی ڕووداوەکان و نەخۆشییە پیشەییەکان، دەبێ دەرفەتی شاردنەوەی ڕاستییەکانی پەیوەست بە ژینگەی کار لە ڕەگەوە هەڵکەنێت. بەڵام تەنانەت ئەم هەنگاوانەش، بەبێ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە شوێنی کاردا، بە سنوورداری دەمێننەوە. ئەو کرێکارەی لە ترسی دەرکردن، بڕینی بیمە یان لەدەستدانی حەقدەستەکەی ناتوانێت سەبارەت بە سەلامەتیی کارەکەی ناڕەزایەتی دەرببڕێت، بەکردەوە لەبەرانبەر مەترسیدا بێدەرەتان و بێبەرگرییە. کەواتە کێشە سەرەکییەکە تەنیا زیادکردنی پشکنین یان توندوتۆڵکردنی یاسا و ڕێساکان نییە؛ بەڵکوو مەسەلەکە ئەوەیە کە کرێکاران بتوانن سەربەخۆ لە دەوڵەت و سەرمایەدار و خاوەنکارەکان خۆیان ڕێکبخەن، چاودێریی بەسەر هەلومەرجی کاردا بکەن و لەو بڕیارانەی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سەلامەتی و گیانیانەوە هەیە، خاوەنی هێز و دەسەڵاتی ڕاستەقینە بن. ڕێکخراوە سەربەخۆکان، کۆمیتەکانی سەلامەتیی هەڵبژێردراوی کرێکاران و یەکگرتنی نێوان کرێکارانی کەرتە جیاوازەکان، دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە ژینگەی کاردا بگۆڕێت و بە قازانجی چینی کرێکار وەرچەرخان دروست بکات.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە