
بەردەوامیی گەمارۆی گەرووی هورمز و سەپاندنی گەمارۆی دەریایی و سزاکانی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکا دژ بە کۆماری ئیسلامی، و پەرەسەندنی ڕەهەندەکانی گرانی و هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، کۆمەڵگەی ئێرانی تا لێواری تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی بردووە. هەلومەرجێکی لەم چەشنە، ناوەندە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی لە پێکهاتەی ڕژێمدا بەرەو گرتنەبەری بڕیار و ڕێوشوێنی بەرفراوانی ئەمنیی پاڵ پێوە ناوە؛ ئەو ڕێوشوێنانەی کە نیشاندەری ئاستێکی بەرزی ترس و دڵەڕاوکێی ڕژێمی ئیسلامییە بۆ ئاسایش و مانەوەی خۆی. هەندێک لەم هەنگاوانە بریتی بوون لە: گەڵاڵەی ئەمنیی بەناو “دزەکردنی دەزگا هەواڵگرییەکانی دەوڵەتان و ناوەندە بێگانەکان لە وڵاتدا” لە مەجلیسی شورای ئیسلامیدا لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، و سێ ڕۆژ دواتر، ڕاگەیاندنی بڕیاری دەزگای دادوەریی ڕژێم بۆ دوورخستنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و بەڕێوەبەرانی ئەم دەزگایەی سەرکوتی ڕژێمی ئیسلامی و دەستنیشانکردنی کەسانی نوێ لە جێگەیان. ئەم دوورخستنەوە هاوکاتانە، ٩ کەس لە بەرپرسانی باڵای ئەو دەزگایە و سەرۆکی ڕێکخراوی زیندانەکان، سەرۆکی ڕێکخراوی پشکنینی گشتیی وڵات و بەرپرسانی بەشەکانی دیکەی پێکهاتەی ئەمنی و چاودێریی دەگرتەوە. سەرەڕای ئەمانە، لە ئاستی باڵای سپای پاسداران و بەسیجیشدا گۆڕانکاری ئەنجام دراوە. دوورخستنەوەی زولقەدر و دانانی موحسین ڕەزایی لە جێگەکەی لە “ئەنجومەنی باڵای ئاسایش”ی ڕژێم و دانانی حوسێن تائیب، مۆرەیەکی قێزەون و سەرکوتگەری دیکەی ڕژێم بە سەرۆکی ڕێکخراوی بەسیج، هەر لەو گۆڕانکارییانە بوون.
موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی جەلادی دەزگای دادوەریی ڕژێمی ئیسلامی، باسی لە دوورخستنەوەی سەرۆکی دیوانی باڵای وڵات و سەرۆکە گشتییەکانی دادگستریی ١٤ پارێزگای دیکەش کرد لە ڕۆژانی داهاتوودا. ناوبراو ئامانج لەم دوورخستنەوە و جێگۆڕکێیانەی بە “چاکسازی، نۆژەنکردنەوە و بەرزکردنەوەی کارایی” لە دەزگای دادوەریدا ناو بردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەو کەسانەی کە ئەم دواییانە دانراون، بە مۆرەگەلێک دەناسێنن کە لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی جەماوەر و دەرکردن و جێبەجێکردنی حوکمەکانی لەسێدارەدان و زیندانیی درێژخایەن و هەڵسوکەوتی دژەمرۆیی لەگەڵ زیندانیان، خاوەنی پێشینەیەکی تاوانکارانەن. لەم ڕووەوە دەرکەوت کە مەبەستی ئێژەیی لە “چاکسازی و بەرزکردنەوەی کارایی لە دەزگای دادوەری”، دانانی ئەم مۆرە تاوانکارانەیە بەمەبەستی ئامادەیی زیاتری ڕژێمی ئیسلامی بۆ توندترکردنەوەی سەرکوت و لە پێناو دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان و زیندانیی درێژخایەن بۆ زیندانیان.
هەنگاوە تاڕادەیەک هاوکاتەکانی مەجلیس و دەزگای دادوەری و سپا و بەسیج لە جێگۆڕکێی مۆرەکانی سەرکوت، لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێن کە شەڕی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی هێشتا نەگەیشتووەتە کۆتاییەکی یەکلاکەرەوە و گەمارۆی دەریایی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەمریکاوە هەروا بەردەوامە و بەرپرسانی دەوڵەتی ئەمریکاش جەخت لەسەر توندترکردنی گەمارۆکان دەکەنەوە. ئەمریکا تا ئێستا نەک هەر ڕێگری لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت و بازرگانیی کۆماری ئیسلامی لە گەرووی هورمز کردووە، بەڵکوو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، بە ڕاگەیاندنی گەڵاڵەی توندترکردنی سزاکان دژ بە کۆماری ئیسلامی، بە “کەموێنەترین ئۆپەراسیۆنی ئابووریی ئەمریکا” ناوی برد و هەڕەشەی کرد کە: “هەر وڵاتێک یارمەتیی کۆماری ئیسلامی بدات بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان، یان پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵدا هەبێت، ڕووبەڕووی سزا و پێبژاردنی قورس دەبێتەوە”.
بە جێبەجێکردنی گەڵاڵەیەکی لەم شێوەیە لەلایەن ئەمریکاوە، بارودۆخی ئابووریی ڕژێمی ئیسلامی زۆر قەیراناویتر لە ڕابردوو دەبێت. لە یەکەمین کاردانەوە بەم گەڵاڵەیە، ڕۆژی یەکشەممە یەکی خەرمانان، نرخی دۆلار لە بازاڕی تاران بە بازدانێکی حەوت هەزار تمەنی، گەیشتە سەرووی ١٩٩ هەزار تمەن، کە ئەمەش بۆ هەندێک لە سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی جێگەی دڵەڕاوکێیە. لەم پەیوەندییەدا، قالیباف سەرۆکی مەجلیس، ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی گەلاوێژ، بە دەربڕینی نیگەرانی لە پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری و ڕاپەڕینی برسییەکان دژ بە ڕژێمی ئیسلامی گوتی: “ئێمە هەرچەندە هێزی سەربازیمان هەبێت، بەڵام بێ سووڕانەوەی پارە، گەشەی ئابووری و بەرهەمهێنانی نیشتمانی، لە بەرامبەر جەماوەری برسیدا خۆ ناگرین و نامێنینەوە”.
ڕۆژی هەینی ٣٠ی گەلاوێژ، مەسعوود پزیشکیانیش بە ئاماژەکردن بە سزاکان و بوونی کێشە لە هەناردە و هاوردەدا، دۆخی ئێستای بە شەڕێکی گشتگیری ئابووری، سەربازی و ئەمنی وەسف کرد. ناوبراو دانی بەوەدا نا کە: “جیا لە بەربەستە داراییەکان و گەمارۆی دەریایی، کاری هەناردە و هاوردەمان تووشی کێشە بووەتەوە و بۆ زیادکردنی پسوولەی خۆراک (کالابەرگ)، پابەندییە داراییەکانی گەنمکاران، بیمەی بژێویی کرێکاران، خانەنشینان و فەرمانبەران، ڕووبەڕووی ئەو بەربەستە داراییانە بووینەتەوە کە بەرهەمی گەمارۆی دوژمنە”. لە لایەکی دیکەوە، پزیشکیان بە دەربڕینی هەندێ دانپێدانانی وەک: “ئێمە زۆرجار پابەندی ئەو لێکتێگەیشتن و پەیمانە نەبووین کە لەگەڵ ئەمریکادا بەستمان و پشتگوێمان خست، و باشتر وایە هەر ئەمڕۆ کۆتایی بە شەڕ بهێنین”، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کادری ڕێبەریی سپای پاسدارانی وەک بڕیاردەری سیاسەتە ستراتیژییەکانی ڕژێمی ئیسلامی، بە هۆکاری بەردەوامبوونی شەڕ و قووڵکردنەوەی قەیرانە ئابوورییەکان تاوانبار کرد.
بێگومان باڵی ‘پایداری’ و ئوسوولگەرا توندڕەوەکان و هەندێک لە مۆرەکانی کادری ڕێبەریی سپا کە لە پێکهاتەی دەسەڵات و لەناو دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکاندا بوونیان هەیە، ئەوانیش نیگەرانی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان و پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاران و بەشە هەژار و زەحمەتکێشەکانی دیکەی کۆمەڵگەن. بەڵام پێیان وایە کە بە توندترکردنی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان و جێگۆڕکێ پێکردن لە پۆست و بەرپرسیارێتییە سەربازی و ئەمنییەکان لەناو سپا، بەسیج و دەزگای دادوەری و پەسەندکردنی گەڵاڵەی پێویست بۆ توندترکردنەوەی سەرکوت و لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژیی سەر شەقامەکان (هەروەک چۆن لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا ئەنجامیان دا)، دەتوانن ڕێگری لە تەقینەوەی کۆمەڵایەتیی دەرهاویشتەی هەژاری و برسیەتیی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگە بکەن.
بەڵام شوێنەوار و لێکەوتەکانی شەڕی کۆنەپەرستانە و ئیمپریالیستیی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی لەسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و چین و توێژە چەوساوەکانی دیکەی کۆمەڵگە، بە درێژخایەنبوونی شەڕ و گەمارۆی ئابووری و توندتربوون و بەردەوامیی سزاکان، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەهەندی بەرفراوانتری بەخۆیەوە بینیوە. تا ئەو جێگەیەی کە گرانی و بێبەهابوونی ڕۆژانەی دراوی باوی کۆماری ئیسلامی، هیچ توانایەکی کڕینی بۆ جەماوەر نەهێشتووەتەوە. لەم سۆنگەیەوە، سەرەڕای دانانی بەرپرسانی تاوانکارتر لە دەزگای دادوەری و خۆئامادەکردن بۆ توندکردنی سەرکوت و زیادکردنی لەسێدارەدانەکان، کرێکاران و توێژە چەوساوەکانی دیکەی کۆمەڵگە ناتوانن لەوە زیاتر بەرگەی ئەم هەژاری و برسیەتییە بگرن. بە دانپێدانانی خودی بەرپرسانی دەوڵەتییش، توانای بەرگەگرتنی جەماوەر لە ئاست بێکاری، گرانی، هەژاری و برسیەتیدا گەیشتووەتە کۆتایی.
لەگەڵ درێژە و قووڵبوونەوەی قەیرانگەلێکی لەم چەشنە، سەرهەڵدانی مانگرتنە کرێکارییەکان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتی و سەرتاسەرییە جەماوەرییەکان، شتێکی حاشاهەڵنەگرە. زەویی ژێرپێی کۆماری ئیسلامی داغتر دەبێت. ئەگەر ڕێبەران و بەرپرسان و دامودەزگاکانی ڕژێمی ئیسلامی بۆ مانەوەی خۆیان خەریکی خۆئامادەکردن بۆ سەرکوت و تاوانی زیاترن، پێویستە ڕێبەران و چالاکانی پێشڕەو و شۆڕشگێڕی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەش، لە هەوڵی ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژێمە دژەمرۆییەدا بن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە