فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

تووڕەیی و ناڕەزایەتیی گشتی بەرەو پەرەپێدانی هۆشیارانە و ڕێکخراوانەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان ئاراستە بکەین
سێشەممە ۱۰-۰۶-۱۴۰۵   |  01-09-2026

لە کاتێکدا ٦ مانگ بەسەر دەستپێکی شەڕی دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا تێدەپەڕێت و دانوستانەکانی نێوانیان گەیشتووەتە بنبەست، ترەمپ ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەرمانان، بە مەبەستی سەپاندنی گوشاری زیاتر بەسەر ڕژێمی ئیسلامیدا، فەرمانی جێبەجێکردنی گەڵاڵەی “تەریکخستنەوەی ئابووریی کۆماری ئیسلامی” دەرکرد. بەپێی ئەم گەڵاڵەیە کە پێشتر بە هەڕەشە و هەراوهوریای ترەمپەوە ڕاگەیەندرابوو، هەر دەوڵەتێک پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەبێت، ڕووبەڕووی سزای دارایی، گەمارۆ و دەرهاوێشتە ئابوورییەکانی ئەمریکا دەبێتەوە. بە جێبەجێکردنی ئەم گەڵاڵەیە و توندتربوونەوەی گەمارۆکان، قەیرانی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی پێی ناوەتە قۆناغێکی دیکەوە. لەوانە، نرخی دۆلار کە تا پێش ئەوە لە دەوروبەری ١٩٨ هەزار تمەندا سەرووخواری دەکرد، لە ماوەی چوار ڕۆژدا گەیشتە ٢٠٨ هەزار تمەن. چونکە ئەگەر پێشتر کۆماری ئیسلامی گەمارۆ دەریاییەکانی تێدەپەڕاند و لە ڕێگەی دیکەوە بڕێک لە نەوتەکەی بە نرخی هەرزان دەفرۆشت، بە جێبەجێکردنی ئەو گەڵاڵەیە، هەناردەی نەوتی ڕژێمی ئیسلامی بە توندی دابەزیوە و هەندێک لە بەرپرسانی ڕژێم ئاستەکەی بە سفر دەخەمڵێنن. لە دۆخێکی وەهادا، دەستڕاگەیشتنی ڕژێم بە دۆلار بۆ دابینکردنی دراوی پێویست بە مەبەستی هاوردەکردنی کاڵاش ڕووبەڕووی کێشە و گرفتی زیاتر بووەتەوە. شارەزایانی ئابووری، گوشاری دارایی ئەمریکا بۆ سەر ئەو دەوڵەت و هاوبەشە بازرگانییانەی کە مامەڵەیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دەکرد، بە هۆکاری سەرەکیی ئەم هەڵکشانە بێوێنەیەی نرخی دۆلار دەزانن.

سەرباری ئەمانە، ناسر هیممەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی ئیدیعای ئەوەی کرد کە کورتهێنانی دراویان نییە و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەرەنجامی شەڕی دەروونی، هێرشی پڕوپاگەندەیی و کەشسازیی ئەمریکایە و کاتییە. ناوبراو وەک هەنگاوێکی بەرگریکارانە لەبەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاردا، ڕۆژی سێشەممە ٣ی خەرمانان پاکێجێکی ٥٠٠ ملیۆن دۆلاریشی خستە بازاڕەوە. بەڵام ئەم کارەش بێئاکام مایەوە و نرخی دۆلار هەروا بەردەوام بوو لە ڕەوتی هەڵکشانەکەی. بازدانی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییە ڕۆژانەکانی خەڵک، ڕێبەران و کاربەدەستانی ڕژێمی لە تەقینەوە و هەڵچوونی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی وەزاڵەهاتوو یەکجار نیگەران کردووە و ململانێی باڵەکانی نێوخۆی ڕژێمیشی پەرە پێداوە.

لەم پەیوەندییەدا، مەسعوود پزیشکیان کە ڕزگاربوونی ڕژێم لە کرانەوەی ئابووری و لە ڕێگەی سازشکردن لەگەڵ ئەمریکادا دەبینێتەوە، ڕۆژی هەینی ٦ی خەرمانان لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا، هێرشی کردە سەر باڵی ئوسوولگەری توندڕەو و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران کە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بە خیانەت ناو دەبەن و خوازیاری درێژەدان بە شەڕن لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل. پزیشکیان هۆشداریی دا کە بە بەردەوامیی ئەم دۆخە، نرخی دۆلار و کاڵا پێویستەکانی خەڵک لەوەش بەرزتر دەبێتەوە. ئەو بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە بەهۆی سزاکان و گەمارۆی دەریایی بەندەرەکان لەلایەن ئەمریکاوە، هەناردە و هاوردەی کۆماری ئیسلامی تا ئاستی ٣٥٪ دابەزیوە، دانی بەوەدا نا کە: “ئێمە پارەمان نییە، داهاتمان نییە، دراومان کەمە و ئەگەر گەمارۆکانیش بەردەوام بن، گرانی زیاتریش دەبێت”.

لە کاردانەوە بە لێدوانەکانی پزیشکیان و قوڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان باڵەکان و مۆرەکانی ڕژێم، ڕۆژی شەممە ٧ی خەرمانان، بەیاننامەیەک کە دەدرێتە پاڵ موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نادیاری کۆماری ئیسلامی، بە بیانووی هەفتەی دەوڵەتەوە بڵاوکرایەوە کە تێیدا ئەنجامدانی هەر کارێک کە زیان بە یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی بگەیەنێت، قەدەغە کرابوو. لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا، تەنانەت دەربڕینی ڕاستگۆیانەی خاڵە لاوازەکانی حکوومەت لەلایەن گەورەبەرپرسانی دەوڵەتەوە، بە یارمەتییەکی گەورە بۆ دوژمن ئەژمار کرابوو و داوای کردبوو کە خاڵە بەهێزەکان و خاڵە ئەرێنییەکانی حکوومەتی ئیسلامی زەق بکرێنەوە. پەیامە دراوەپاڵەکەی موجتەبا خامنەیی، هەڕەشەی لە گەورەبەرپرسانی دەوڵەت، لەوانە مەسعوود پزیشکیان کرد کە ئەگەر دژی سیاسەتە شەڕخوازانەکانی باڵی ئوسوولگەری توندڕەو و کادیرانی سەرکردایەتیی سوپای پاسداران پڕوپاگەندە بکەن، ئەوا لە ڕیزی دوژمن هەژمار دەکرێن. ناوەڕۆکی ئەم بەیاننامەیە لە ڕاستیدا بەرپرسان و مۆرەکانی حکوومەتی ناچار کردووە کە ڕاستییەکان و خاڵە لاوازەکانی ستراتیژی و سیاسەتەکانی پەیوەست بە مانەوەی حکوومەتی ئیسلامی پەردەپۆش بکەن.

بەدوای ئەوەدا پزیشکیان و بەرپرسانی دیکەی دەوڵەت کە نیگەرانی ئاسایشی خۆیان بوون، دەستیان کرد بە تاریفکردن و پێداهەڵگوتن بە ڕێبەر و باڵی ڕکابەر. پزیشکیان لە پەیامێکی پڕ لە درۆ و ڕیادا کە ئاراستەی ڕێبەری ڕژێم و “میللەت”ی کردبوو، لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند: “لەوپەڕی یەکگرتوویی و تەباییدا لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دیکە، لە پێناو بەرەوپێشچوون و گەشەسەندندا، پارێزەری دەسەڵات و هێزی وڵات دەبین”. بەدوای ئەودا، محەممەدڕەزا عارف جێگری سەرکۆمار و وەزیری ناوخۆش ڕایانگەیاند کە: “نابێت بەرپرسانی دەوڵەتی پێچەوانەی ستراتیژیی دەوڵەت قسە بکەن و لە ڕاگەیاندنەکاندا شەڕ لەگەڵ یەکتر بکەن یان ئاماری دژبەیەک بخەنە ڕوو، تاوەکوو خەڵک هەست نەکەن کە لە نێوان بەرپرسانی دەوڵەتدا ناکۆکی هەیە”. هاوکات بە ناوی دەستەی دەوڵەتیشەوە بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند کە لەبەرامبەر گەمارۆکانی ئەمریکادا خۆڕاگری دەکەن و پارێزەری ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی وڵات دەبن.

بەیاننامەکەی دەستەی دەوڵەت بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک ڕایدەگەیەنێت کە هەڵاوسان کۆنتڕۆڵ دەکەن و بە ڕەخساندنی هەلی کار و پشتیوانی لە بەرهەمهێنانی نێوخۆیی، تەرکیز دەخەنە سەر کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دۆلار. بێگومان لە دۆخی مایەپووچیی ئابووریی حکوومەتی ئیسلامی و ئەو دزی و گەندەڵییە دامەزراوەییەی تێیدا ڕەگی داکوتاوە، کەس بەم بەڵێنە پووچ و بێبنەمایانەی حکوومەتی ئیسلامی هەڵناخەڵەتێت و هەموو کەس دەزانێت کە ئەنجامدانی هەنگاوی لەم چەشنە نەک هەر لە توانای حکوومەتی ئیسلامیدا نییە، بەڵکوو دەوڵەت لە هەوڵی بەرزکردنەوەی سەد لە سەدی نرخی بەنزیندایە بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی کارمەندەکانیشی لەسەر حسابی بژێوی کرێکاران و چین و توێژە چەوساوەکانی دیکەی ئێران دابین بکات.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، حکوومەتی ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو لە هەوڵی ئامادەکارییەدایە بۆ بەهێزکردنی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان و توندکردنەوەی سەرکوتگەری، تاوەکوو بتوانێت لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکانی دوژمندا، هەر جۆرە تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی خەڵتانی خوێن بکات. لەم پەیوەندییەدا، ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەرمانان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هەڕەشەی ئەوەی کرد کە “ئەنجامدانی کۆمەڵێک کار لە نێوخۆدا وەک گەورەکردنەوە و قۆستنەوەی خاڵە لاوازەکان، کەموکوڕییەکان و بەربەستە نێوخۆییەکان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و هاندانی خەڵک بۆ پەلکێشکردنی ناڕەزایەتییەکان بۆ نێو شەقامەکان، بەشێکە لە بەرنامەکانی دوژمن”. سەرباری ئەوەش، هەڵاوسان و گرانیی بێسنوور و گوشاری وێرانکەری ئابووری بۆ سەر ژیان و بژێویی کرێکاران و توێژە چەوساوەکانی دیکە و کەڵەکەبوونی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵک، ڕوودانی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیی کردووەتە ئەگەرێکی حاشاهەڵنەگر. ئەم دۆخە لە چالاکانی سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دەخوازێت کە بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دەزگای سەرکوتی حکوومەتی ئیسلامی، ئەم تووڕەیی و ناڕەزایەتییە گشتییە هیدایەت و ئاراستە بکەن بەرەو پەرەپێدانی هۆشیارانە و ڕێکخراوانەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان.