
یازدەی خەرمانان ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانە. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە ١١ی خەرمانانی ١٣٦٢، لە کونگرەیەکی موئەسسدا دامەزرا و بەڕەسمی موجودیەتی خۆی ڕاگەیاند. لە ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا یاد و بیرەوەری فیداکاریی هاوڕێیان و هاوسەنگەرانێک رێز لێدەگرین کە لە ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا، چ لە زیندان و لەژێر دڕندانەترین ئەشکەنجەکان، یان لە بەردەم داری ئیعدام و لە بەرانبەر جوخەی ئیعدامی جمهوری ئیسلامیدا و چ لە سەنگەری شەڕی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و خەباتی چەکدارانە لە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا، بۆ ڕزگاری ئینسانەکان لە دەست ستەم و چەوسانەوە گیانیان فیدا کرد. هەروەها سڵاو و دروود دەنێرین بۆ بنەماڵەی خۆڕاگر و سەربەرزی ئەم ئازیزانە.
دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە رۆژی یازدەی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٢ ئەگەرچی کارێکی دەستبەجێ بۆ وەڵام دانەوە لە هەلومەرجێکی سیاسی ئەو دەورەیە لە لایەن کۆمۆنیستەکانەوە بوو کە کەوتە دەستوری کاریانەوە، بەڵام بە هیچ جۆرێک کردەوەیەکی لەناکاو نەبوو و لە ژوورێکی داخراودا و بە دوور لەچاوی کۆمەڵگا و بزووتنەوە، زەمینەسازی و تەدارەکی بۆ نەبیندرابوو. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە درێژەی خەباتی مارکسیزمی شۆڕشگێڕ لە دژی بیرورای وردەبورژوازی کە بزووتنەوەی چەپی ئێرانی خستبووە ژێر تەئسیری خۆی، پێک هات. مارکسیزمی شۆڕشگێڕ لەماوەی چەند ساڵ سوسیالیزمی وردەبورژوازی، پوپولیزمی مودەعی مارکسیزمی لە بوارەکانی نەزەری، مێتۆدۆلۆژیک، سیاسی و شێوەکاری، دایە بەر رەخنە و جارێکی تر ئاڵای سەربەخۆیی کۆمۆنیزمی شەکاوە ڕاگرت. شکڵگرتن و گەشەی بە خێرای مارکسیزمی شۆڕشگێڕ لە ئێران ڕەنگدانەوەی سیاسی و ڕێکخراوەیی حوزوری بەرچاوی چینی کرێکاری ئیران لە مەیدانی ئینقلابدا بوو. چینێک کە بۆ بەرەو پێش چوون و ڕزگاری خۆی پێویستی بە تیۆری شۆڕشگێرانە و سازمانی خۆی هەبوو. چینێک کە لە عەینی حاڵدا بە حوزوری خۆی لە مەیدانی خەباتی شۆڕشگێڕانەدا زەمینەی مادی و هەلومەرجێکی لەباری بۆ گۆڕینی ئەم تیۆری شۆڕشگێرانەیە بە هێزێکی واقعی و کۆمەڵایەتی ئامادە کردبوو و هەروەها باروودۆخێکی گونجاوی بۆ بەهێزکردنی سیاسی و ڕێکخراوەیی سازمانە پێشڕەوەکانی خۆی خولقاندبوو. لە واقعدا حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەرهەمی حوزور و دەوری چینی کرێکار لە ئاڵوگۆڕەکانی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و هەوڵ و تەقالای شۆڕشگێڕانی کۆمۆنیستە، کە نەتەنیا لە ڕیزەکانی کۆمەڵە و ئیتحادی موبارزانی کۆمۆنیستدا کە ئاڵای مارکسیزمی شۆڕشگێڕانەیان بەرز کردبوەوە و مەبانی فیکریەکەیان لە هەڵوێستە رەسمیەکانی خۆیاندا نوێنەرایەتی دەکرد، بەڵکوو لەناو سازمانەکانی پەیکار، ڕەزمەندەگان، وەحدەتی ئینقلابی، ڕەزمی ئینقلابی و چریکە فیداییەکانی خەڵک، بۆ هێنانە دەری مارکسیزم لە ژێر ئاواری بەلاڕیدابردنەکانی بورژوایی و وردەبورژوایی بە شێوەیەکی هەڵسووڕاوانە خەباتیان دەکرد.
ئەم حیزبە لە هەلومەرجێکدا پێک هات کە شۆڕشی ئێران کەوتبووە ژێر زەبری حکومەتی دژی شۆڕشی ئیسلامی و دوایین هەناسەکانی خۆی دەکێشا. سەرکوتە خوێناوییەکان، دەستگیرییە بەربڵاوەکان و ئیعدامە بەرینەکان، بەشێک لە سازمانە چەپەکانی بە کردەوە هەڵوەشاندبوەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە دەستی بەشێک لە هێزەکانی چەپی ئێران، وەڵامێکی شۆڕشگێڕانە و کارامە و لە ڕادەی خۆیدا، بەو بارودۆخە نابەسامانە بوو. لە حاڵێکدا حکومەتی جمهوری ئیسلامی لە هەموو شوێن هەڵوەشاندنەوەی سازمانە سیاسیەکانی تەبلیغ دەکرد، حیزبێکی سیاسی تازە و بە شوور و شەوق، بە ڕۆحیە و هومێدەوار لە حاڵی شکڵگرتندا بوو. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەر لە سەرەتای پێک هاتنیەوە، لە تاران و شارە گەورەکانی ئێران و لە شوێنە کرێکاریەکان تەشکیلات و هەڵسووڕاوانی کرێکاری لەگەڵ خۆی هێنا و ژمارەیەکی بە نیسبەت زۆر لە هەڵسووڕاوانی سیاسی و کۆمۆنیستی ئێرانی لەگەڵ بوو. لە کوردستانیش پشتی بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی گەورە بەستبوو کە بەرژەوەندێکی سیاسی و بەرنامەیەکی ڕۆشنی هەبوو. وجوودی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئاسۆیەکی تازەی بە رووی کۆمەڵەدا کردەوە. ڕەزمەندەگی و شور و شەوقی شۆڕشگێڕانەی لە ریزەکانی کۆمەڵەدا بردە سەرێ و ڕێگای نەدا پاشەکشەی چەکدارانەی بزووتنەوەی کوردستان ئاسۆی سیاسی پێشمەرگەکان لێڵ و تاریک بکات و یارمەتیدەری کۆمەڵە بوو بۆ ئەوەی ئەو دەورانە سەخت و گرینگە بە باشی وەپشت سەر بنێ.
بەڵام لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا هەلومەرجێک کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی تێدا پێکهات یەکجار گۆڕاوە. چ لەئاستی ئێران و چ لەئاستی جیهاندا ئاڵوگۆڕی بەرین ڕوویداوە. ڕووخانی بەرەی شۆڕەوی و ئەو مۆدێلە سەرمایەدارییە دەوڵەتییەی کە بەناوی سۆسیالیسم پێناسەدەکرا، کۆتایی شەڕی سارد، هەڵکشان و داکشانی نیئولیبرالیسم، لاوازبوونی دەسەڵاتی ئابووری و نیزامیی ئەمریکا و هاتنە مەیدانی چین و بلۆکە ئابوورییە تازەکان، شەڕی ئیمپریالیستی لە ئۆکراین، کۆمەڵکوژیی دەوڵەتی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی فەلەستین لە غەززە بە پشتیوانیی ئەمریکا و ڕەوتی سەقامگیربوونی جیهانی چەندجەمسەری و هیتر، چەند نموونە لەو ئاڵوگۆڕانەن. لەلایەکی دیکەوە ئەولەوییەتی نیزامی کاپیتالیستی بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج لە کورتترین ماوەدا، گۆی زەویی بەرەو نابوودی دەبات و کۆمەڵگای بەشەری بەرەوڕووی کارەساتێکی ژینگەیی کردووەتەوە. ئەگەرچی پێشکەوتنی خێرای تێکنۆلۆژی، ڕۆبات و زیرەکیی دەستکرد، زیاتر لە هەموو کاتێک ئیمکانی کەمکردنەوەی سەعاتی کار و بردنەسەری ئاستی فەراغەت و پشکوتنی تواناکانی مرۆڤی فەراهەم کردووە، بەڵام ئەم پێشکەوتنە مەزنانە بەخاتری پاوانخوازیی کۆمپانیاکان و دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری بوونەتە ئامرازی پەرەپێدانی ترس و نیگەرانی لەناو کرێکاراندا.
لە ئاستی ئێرانیشدا هەلومەرجی کاری ئێمە زۆر گۆڕدراوە و ئاڵوگۆڕێکی گەورەی تێدا پێک هاتووە. لە ماوەی ئەم چەند دەیەیەدا جەمعیەتی ئێران بۆتە زیاتر لە دوو هێندە، جەمعیەتی کرێکارانی سەنعەتی بە چەندین قات زیادی کردوە و رەنگ دانەوەی ئەم ئاڵوگۆڕە، خۆی لە داخوازیەکان و بەرین بوونەوەی ئیعترازاتی کرێکاردا نیشان دەدات. لە سێ، چوار ساڵی دوایی و پێش دەستپێکردنی شەڕی ئیمپریالیستی و کۆنەپەرستانەی دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژێمی کۆماری ئیسلامی چینی کرێکاری ئێران ساڵانە بەشێوەی مامناوەند دوو تا سێ هەزار ناڕەزایەتی و مانگرتنی تەجروبە کردووە. نەسلێک لە هەڵسووڕاوان و ڕابەرانی کرێکاری لە رەوتی خەباتی کرێکاریدا پەروەردە بوون و هاتوونەتە مەیدان کە توانایی و پوتانسیەلی خۆیان لە سازماندان و رابەری دەیان ئیعتراز و مانگرتنی کرێکاریدا نیشان داوە. ژنان بە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی خۆڕاگری گەورە لە دژی یاساکانی دژە ژنی ئیسلامی و بە حوزوری بەرچاوی خۆیان لە بزووتنەوە ئیعترازیەکاندا نیشانیان داوە کە پێیەکی ئەسڵی هەر ئاڵوگۆڕێکن لە داهاتوودا. ئاخێزە جەماوەری و سەرانسەرییەکان بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی کە بەناوی ڕەمزی ژن، ژیان، ئازادییەوە دەستپێکرد، و هەروەها ئاخێزی سەرتاسەریی بەفرانباری ١٤٠٤ ئاڵوگۆڕێکی گەورەیان لە وشیاریی کۆمەڵانی خەڵکدا پێکهێناوە. قەیرانەکانی ژینگە و ئاکامەکانی، خەبات لە دژی ویران کردنی ژینگەی کردۆتە ئەمرێکی دەستبەجێ بۆ کۆمۆنیستەکان. مەسەلە کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانی ئەمڕۆ، بە بەراورد لەگەڵ سێ یان چوار دەیە لەمەوبەر بە تەواوی تازەن. شەپۆلی کۆچکردنی گوندنشینان بەرەو شارەکان و پەرەئەستاندنی شارنشینی و هاوکات زۆربوونی حاشیەنشینی، و سەرجەم ئەم ئاڵوگۆڕانە، ئێمە و بارودۆخی کار و هەڵسووڕانی ئەمڕۆی ئێمەی لەچاو ساڵانی سەرەتای چالاکیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، خستووەتە بارودۆخێکی بەتەواوی جیاوازەوە. ئەوانەی کە ئەم واقعیەتە بەرچاوە نابینن و نەخشەی هەڵوەشاندنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان کێشابوو، نەک هەر نەخشەکانیان بەرەوڕووی شکست بووەوە و دەبێت، بەڵکوو لە حەقیقەتدا بە ڕاگەیاندنی عەجز و بێ توانایی خۆیان لە تێگەیشتن لە بارودۆخی ئێستا و ئەرکە گەورەکانی ئەم دەورەیە، بە کردەوە کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکانی هەژاری کۆمەڵگا لە مەیدانی خەباتەوە دەنێرنە قوربانگای سات و سەودا لەگەڵ حیزبە بورژوایەکان.
هەموو ئەم ئاڵوگۆڕانە لەبارودۆخێکدایە کە چینی کرێکار بەتایبەت لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووە. بەپێچەوانەی ئەو تەبلیغاتەی کە سەبارەت بە کەمڕەنگبوونەوەی چینی کرێکار و پڕڕەنگبوونی ڕۆڵی چینی مامناوەند دەکرێ، هیچکات چینی کرێکار بەقەد ئێستا دەسەڵاتی ئابووریی نەبووە و هیچکات بەئەندازەی ئێستا لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا دەورونەخشی نەبووە. خەباتی ئەم چینە لە سەردەمی سەرمایەداریدا هەروا مۆتۆری ئاڵۆگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە مێژوو و کۆمەڵگادایە و ئەم ئەسڵە کە لە ناوەندی سەرنجی مارکسدا بووە هەروا بەهێزەوە ئیعتباری مێژوویی و عەینیی خۆی پاراستووە. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەم قۆناغەدا پێویستە ئەم ئاڵۆگۆڕانە و بابەتی سەرەکیی چالاکیی خۆی بەباشی بناسێت. ئەم حیزبە تەنها بە ئاوێتەبوون لەگەڵ بزووتنەوەی ئابووریی چینی کرێکار و بە پشت بەستن بە ڕۆڵی ڕێبەران و پێشڕەوان و بەشی وشیاری چینی کرێکارە کە دەتوانێت ڕۆڵی خۆی لە ڕێکخستنی شۆڕشی کرێکاریدا بگێڕێت.
لە کوردستانیش ئەگەر لە زاویەی قازانج و بەرژەوەندی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی هەژارەوە چاو لە مەسەلەکانی کۆمەڵگا بکەین، هەرچی زیاتر کردنی هەڵسووڕانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە وەک بەشێکی جیا نەکراوەی ئەم حیزبە پێویست و حەیاتیە. لە زەمانێکدا کە ناسیونالیزم بە یارمەتی هەموو پاشەکەوتەکانی فەرهەنگی و سیاسی و بەرنامەیی خۆی، تەفرەقە و جیایی لە نێو رێزەکانی کرێکارانی سەر بە نەتەوە جۆراوجۆرەکان پەرە پێدەدات و ئێمە هەموو ڕۆژێک شاهیدی ئەو کارەساتانەین کە بەپێی بەرنامە و سیاسەتە ناسیونالیستیەکانیان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی دونیا دەیخوڵقێنن، لێرەش لە کوردستان پشت بەستن بە حیزب و سازمانێکی سەرتاسەری و کۆمۆنیستی، بە شێوەیەکی کارامە یارمەتیدەری بەهێز کردنی هاوبەستەگی چینایەتی کرێکارانی کوردستان لەگەڵ باقی کرێکاران و زەحمەتکێشانی بەشەکانی دیکەی ئێرانە.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی لە قەیراناویترین قۆناغەکانی تەمەنیدایە، لە زەلکاوی شەڕێکی تاقەتپڕووکێندا گیری کردووە، ستراتێژی ناوچەییەکەی بۆ بوون بە دەسەڵاتی باڵادەست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ زەمانەتکردنی مانەوەی خۆی تووشی شکست بووە، بناغەی ئیدئولۆژیکی دەسەڵاتەکەی داڕماوە، توانای دابین کردنی ئاو و بەرق و هەوای سالمی نییە، لەژێر فشاری بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکاندا ناکۆکییە ناوخۆییەکانی توندتر بوونەوە، پایەکانی دەسەڵاتەکەی لاواز بووە و یەک لە دوای یەک دادەڕمێت، لە کاتێکدا کە حیزبە ناسیونالیستەکان لە کوردستان تێدەکۆشن بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان بکەنە هاوپەیمان و هێزی زەخیرەی ئوپوزیسیونی بورژوایی لە سەتحی سەرتاسەریدا و بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بە دەخاڵەتی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان ئومێدیان بەستووە، کۆمەڵە وەک ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران تێدەکۆشێ پەیوەند و هاوبەستەگی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی خوێندکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەتحی سەرتاسەریدا بەهێز بکات. کۆمەڵە لە ڕێگەی پەرەپێدان بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمەک بە سازماندانی ئەم بزووتنەوانە، هێز و توانا دەبەخشێ بە خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و هەڵسووڕانی سەرتاسەری بۆ شکڵ پێدان بە بەدیلی سوسیالیستی و ئاسۆی سەرکەوتن و دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی دەخاتە بەردەم خەڵکی کوردستان. لە ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا بۆ جارێکی تر هەموو کۆمۆنیستەکان و کرێکارانی وشیاری ئێران بۆ پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی ئەم حیزبە و کۆمەڵە و خەبات لەپێناو ئەم ئەرکە مێژوویی و پڕ لە شانازییە بانگەشە دەکەین.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە