
لە کۆماری ئیسلامیدا، چەندنرخی کردنی سەرچاوە ژیانییەکان، لە بەنزین و کارەباوە بگرە تا دەگاتە ئینتەرنێت و ئاو، ڕێکارێک نییە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی کەمیی سەرچاوەکان، بەڵکوو ئەم سیاسەتە گۆڕاوە بۆ میکانیزمێک بۆ ڕێکخستنی نایەکسانیی دەستڕاگەیشتن بەم سەرچاوانە. کێشە بنەڕەتییەکە لێرەدایە کە کێ، بە چ پێوەرێک و لەسەر بنەمای کامە پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە، پشکی زیاتر لەم سەرچاوانە دەبات. لە بارودۆخێکی وەهادا، ئەوەی پێی دەگوترێت مافی هاووڵاتیبوون، لە کردەوەدا لە مافێکی گشتییەوە دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵێک ئیمتیازی پلەبەندیکراو. لە دیاریکردنی پێوەری دابەشکردنیشدا، پێگەی دامەزراوەیی و ڕادەی نزیکیی تاکەکان لە پێکهاتەی دەسەڵاتەوە، ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت.
لە مۆدێلی وڵاتە پێشکەوتووەکانی سەرمایەداریدا، نایەکسانیی ڕاستەقینە لە داهات و ڕێژەی دانی باج، لانیکەم لە ئاستی داڕشتنی سیاسەتدا، دەکرێت هاوتەریب بێت لەگەڵ دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان. بەڵام لە سەرمایەداریی ئیسلامیی گیرخواردوو بەدەست قەیرانی پێکهاتەیی، گەمارۆ، هەڵاوسانی لەکۆنترۆڵدەرچوو و قەیرانی شەڕەوە، نایەکسانیی چینایەتی ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ گۆڕەپانی دەستڕاگەیشتن بە مافی بەهرەمەندبوون لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان؛ وەک: ئینتەرنێتی فلتەرکراو لە بەرامبەر دەستڕاگەیشتنی ئازاد، فشاری جیاوازی ئاو لە ناوچە جۆراوجۆرەکان و نرخە جیاوازەکانی بەنزین.
پاساوی فەرمیی ڕژێم، بریتییە لە کەمیی سەرچاوەکان و زەروورەتی بەڕێوەبردنی بەکارهێنان. ئەگەر جیرەبەندی بابەتێکی چارەهەڵنەگرە، بۆچی پێوەری تەرخانکردن دەبێ سیاسی و دامەزراوەیی بێت، نەک لەسەر بنەمای پێداویستی و توانای ئابووری؟ ڕێک لەم خاڵەدایە کە سیاسەتی ئابووری دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی. لە سەرماوەزی ١٤٠٤ەوە، سیستەمی سێنرخیی بەنزین خرایە بواری جێبەجێکردنەوە؛ بەپێی ئەم گەڵاڵەیە بڕیار وابوو کە بۆ هەر کارتێکی سووتەمەنی، سەرجەم ١٥٠ لیتر بەنزین بە سێ نرخی بەردەست بەم شێوەیە تەرخان بکرێت: ٦٠ لیتر بە نرخی ١٥٠٠ تمەن، ٥٠ لیتر بە نرخی ٣٠٠٠ تمەن و ٤٠ لیتر بە نرخی ٥٠٠٠ تمەن. هاوکات، پشکی یارانەی ئۆتۆمبێلە دەوڵەتییەکان، هاوردەکراوەکان و لوکسەکان هەڵوەشێندرایەوە. بەم جۆرە، سیستەمێکی فرەچین فۆرم دەگرێت کە تێیدا چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بۆ دەستڕاگەیشتن بە کاڵایەکی پێویست، ڕووبەڕووی تێچووی جیاواز دەبنەوە.
دەکرێت ئەم دۆخە لە چوارچێوەی سێ ئاستدا ببینرێت: ئەو دامەزراوە و گرووپانەی کە بەهرەمەندن لە سەرچاوە گشتییەکان و بودجە؛ ئەو گرووپانەی کە گرێدراوی داهات و پشتیوانییەکانی دەوڵەتن، لەوانە بەشێک لە کارمەندانی دەوڵەت و شۆفێرانی تەکسییە ئینتەرنێتییەکان؛ وە لە کۆتاییدا زۆرینەی کرێگرتەکان کە ناچارن زیادبوونی تێچووی بەکاربردن لە داهاتی ڕاستەقینەی خۆیان قەرەبوو بکەنەوە. ئەو پێشنیارەی مانگی ڕابردوو بۆ گواستنەوەی پشکی بەنزین لە ئۆتۆمبێلەوە بۆ سەر کۆدی میللی خرایە ڕوو – کە بەپێی ئەوە ٣٠ لیتر بە هەر هاووڵاتییەک دەدرێت – ڕەهەندێکی دیکەی هەمان کێشە ئاشکرا دەکات. تەنانەت ئەگەر فۆرمی تەرخانکردنەکەش بگۆڕێت، تا ئەو کاتەی دەوڵەت دەسەڵاتی دیاریکردن، گواستنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی پشکەکانی بەدەستەوە بێت، “یارانە” زیاتر لەوەی مافێکی جێگیری هاووڵاتیبوون بێت، وەک ئیمتیازێکی ئیداری و شیاوی دەستکاریکردن دەمێنێتەوە.
هەمان لۆژیک لە بواری ئینتەرنێتیشدا دەبینرێت. لە چەند مانگی ڕابردوودا، ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە پێدانی ئینتەرنێتی بێفلتەر بەو کەسانەی کە پەیوەندیی نزیکتریان بە بەرپرسان و دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەتەوە هەیە، بڵاو بووەتەوە. سەبارەت بە ئاویش، جیاوازی لە فشاری ئاو و کاتەکانی دابینکردنی لە ناوچە جیاوازەکاندا، پرسیار لەسەر پێوەری ڕاستەقینەی دابەشکردن دەهێنێتە ئاراوە. لە هەلومەرجی قەیراناویدا، ڕەنگە سنوورداربوونی سەرچاوەکان بابەتێکی چارەهەڵنەگر بێت؛ بەڵام نادیاربوونی پێوەری ئەولەوییەتبەندی، ئەگەری گۆڕانی کەمیی سروشتی یان ئابووری بۆ هەڵاواردن و جیاکاریی سیاسی زیاد دەکات. بەم شێوەیە، خەڵک دەبن بە سێ بەشەوە؛ بەشێکیان دەستیان کراوەیە و کێشەیان نییە، بەشێکیان تەنیا بڕێکی دیاریکراویان پێ دەدرێت، بەشەکەی تریش یان دەبێت پارەی زیاتر بدەن یان بێبەش دەبن. کەواتە ناکرێت ئەم کێشەیە تەنیا لە «گرانی» یان «خراپبەڕێوەبردن»دا کورت بکرێتەوە. پرسیارە بنەڕەتییەکە، پەیوەندیی نێوان پێکهاتەی دەسەڵات و شێوازی دابەشکردنی سەرچاوەکانە.
بەم پێیە، لە پێکهاتەی سیاسیی حکوومەتی ئیسلامیدا، بەشگەلێک لە بورۆکراسیی دەوڵەتی و ئەمنی، لە ئیمتیازی تایبەت بۆ دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە گشتییەکان، پێشینەی دارایی، مۆڵەتەکان و تۆڕەکانی دابەشکردنی سەرچاوەکان بەهرەمەندن. چەندنرخی کردن لە پێکهاتەیەکی وەهادا، دەتوانێت قەیرانی کەمیی سەرچاوەکان بکاتە ئامرازێک بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی جیاوازییە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکان. لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، پێگەی دامەزراوەیی، نزیکیی سیاسی لەگەڵ دەسەڵات و دەستڕاگەیشتن بە تۆڕەکانی ڕانت، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە دیاریکردنی پشکی تاکەکان لە سەرچاوە گشتییەکاندا. هەر بۆیە مەسەلەی سەرەکی تەنیا بەرزبوونەوەی نرخ یان کەمکردنەوەی چەند لیترێک لە پشکی سووتەمەنی نییە. مەسەلەکە ئەوەیە کە کێ مافی بڕیاردانی لەسەر سەرچاوە گشتییەکان هەیە و ئەم بڕیارانە لەسەر بنەمای چ پێوەرێک دەدرێن.
گەمارۆ، شەڕ و کەمیی سەرچاوەکان حەقیقەتی ماددین و ناکرێت نادیدە بگیرێن. بەڵام کاتێک کە باری قورسی قەیرانەکان بە شێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە سەر شانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، لە کاتێکدا کە دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە و ئیمتیازە گشتییەکان شەفاف و یەکسان نییە، قەیرانی ئابووری دەگۆڕێت بۆ قەیرانێکی کۆمەڵایەتی. بۆیە، مەسەلە بنەڕەتییەکە چەندنرخی کردن نییە؛ مەسەلەکە ئەو سیستەمەیە کە تێیدا جیاوازی لە پێگەی چینایەتی و نزیکبوونەوە لە دامەزراوەکانی حکوومەت، خۆی لە ڕادەی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە گشتییەکاندا نیشان دەدات. تا ئەو کاتەی «ئیمتیازی نزیکبوونەوە لە دەسەڵاتداران و دامەزراوەکانی حکوومەت» جێگەی «ماف» بگرێتەوە، هەر جۆرە چاکسازییەک لە نرخەکاندا دەبێتە هۆی پەرەپێدانی زیاتری درز و کەلێنی نێوان چینەکان. گۆڕانکاریی بنەڕەتی تەنیا ئەو کاتە مسۆگەر دەبێت کە بڕیاردان لەسەر سەرچاوە ژیانییەکان لە قۆرخی پێکهاتەکانی دەسەڵاتی چینی فەرمانڕەوا بێتە دەرەوە و لەسەر بنەمای پێداویستیی کۆمەڵایەتی، یەکسانی و بەشداریی جەماوەری ڕێک بخرێتەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە